شەڕی لەیلاكان لەئامەد

Tuesday, 04/06/2013, 12:00

1699 بینراوە






بەدەستپێشخەری تەڤگەری ژنانی ئازادو دیموكراتی لەژێر دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) یەكەمین كۆنفرانسی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئامەد بە بەشداری (250) ئەندام كە لە (26) وڵاتەوە بەشداریانكردبوو ئەنجامدرا ، كۆن...فرانسەكە كرابوو بە دیاری سێ ژنە سیاسەتمەدار و تێكۆشەری كورد (ساكینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز) كە لەپاریس كۆمەڵكوژ كرابوون، لە دووای سێ رۆژ گفتوگۆ كۆتایی بە كارەكانی كۆنفرانسی ژنان هات، لەهەر چواربەشی كوردستان، ئەوروپاو رۆژهەڵاتی ناوین ژنانی سیاسەتمەدار، ئاكادمسین‌و چالاكوان تێدا ئامادە بوون.

لەكۆنفرانسەكەدا لەسەر مژارەكانی چالاكی و خەباتی ئازادی بزووتنەوەی ژنان، ئەزمون و رۆڵی ژنان لەگۆڕانكاریە سیاسیەكان لەرۆژهەڵاتی ناوین ، گفتوگۆ كرا، لەیلا زانا ژنە سیاسەتوانی ناوداری كوردو خاوەنی خەڵاتی ساخارۆفی ئەوروپا لەكۆنفرانسەكەدا وتەی خۆی پێشكەش كرد، وتەكانی لەیلا زانا لەبارەی‌ داهاتووی فەڵەستین‌و ئیسرائیلەوە، بووە ‌هۆی توڕەیی لەیلا خالید كە ژنە سیاسەتمەدارێكی‌ عەرەبەو بەڕەچەڵەك فەڵەستینیە.

لەكۆنفرانسی ئامەد لەیلا زانا نوێنەری شاری ئامەد لە پەرلەمانی توركیا سەبارەت بەخەباتی ژنانی فەڵەستینی وتی "خۆشحاڵم كە ژنە خەباتكاری وەك لەیلا خالید فەڵەستینی ئەمڕۆ لەو كۆنفرانسەدایە، وتیشی "من بەردەوام پشتیوانیم لەگەلی فەڵەستین كردووەو دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینیش لەئاواتەكانی منە، بەڵام پێموایە كە هەردوو دەوڵەتی ئیسرائیل‌و فەڵەستین دەتوانن پێكەوە بژین".

لەدرێژەی گفتوگۆكاندا كاتێك كە لەیلا خالید ژنە چالاكی فەڵەستینی دەستیكرد بەقسەكردن بەتوڕەییەوە وەڵامی لەیلا زانای دایەوەو ڕایگەیاند، كە" فەلەستینییەكان بەهیچ شێوەیەك نەك نایانەوێت لەگەڵ‌ ئیسرائیل بژین، هاوكات ناشیانەوێت ئیسرائیل بوونی هەبێت".

لەیلا خالید دوای تەواوبوونی وتەكانی لەبەردەم لەیلا زانا وەستاوەوبەزمانی بەعەرەبی دژی لەیلا زانا قسەیكردووە، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە لەیلا خالیدی عەرەبی فەلەستینی سەرەڕای ئەوەی لە شاری ئامەدی كوردستاندا میوانداری لێكرابوو هەروەها كۆنفراسەكە بە دەسپێشخەری و ئامادەكاری ژنانی كورد ڕێكخرابوو بەڵام ئەو ژنە چالاكە عەربە بەیەك وشە باسی نەهامەتییەكانی گەلی كوردوژنانی ئازارچەشتووی كوردستانی نەكردووە، كە هەر ئەو كاتەی لەیلا خالید توڕەیی دەردەبڕی لە بەرمبەر قسەكانی لەیلا زانا كە داوای تەبایی و پێكەوژیانی گەلانی كردبوو، سەدان ژنی چالاكی سیاسی ومەدەنی كورد لە زیندانەكانی ڕژێمی توركیادایە، ئەو توركیایە ئێستا خۆی كردووە بە پارێزەرو فریادڕەسی گەلانی ڕاپەریوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە ئیستادا سوریاو لە ڕابردووشدا فەلەستینەكەی لەیلاخالید، بێگومان لەیلا خالید و هاوشێوەكانی نەك ڕەخنەی سیاسەتە چەوتەكانی دەسەڵاتدارانی توركیا ناكەن كە لەهەمبە گەلی كورد پەیڕەوی دەكات بەڵكو ستایشی دەكەن، لە ڕاستیدا دەبوو لەیلا خالید قسەكانی لەیلازانای بكردایە بۆگەلی كوردهیوای سەربەخۆی بخواستایە بەهۆی ئەو هەموو ستەمەی لەسەردەستی عەرەب و تورك و فارس بەسەری هاتووە، یاخود دەبوو هیچ نەبێت لە سەرتەبایی و ئاشتی و پێكەوەژیان قسەی بكردایە چونكە ئێستا لە توركیاو باكوری كوردستان پێواژۆی ئاشتی و چارەسەركردنی كێشەكە بە شێوازی دیموكراسی دەستی پێكردووە، نەك توڕەیی و هەڵچون و نەتەوە پەرستی دەربڕێت لە بەرامبەر قسەی ژنە چالاكێكی سیاسی كورد كە زیاتر لە دەساڵ لەسەرقسەكردن بەزمانی كوردی و دركاندنی وشەی ئاشتی و پێكەوەژیان نەك شەڕو نكوڵی كردن لە گەلانی دیكە زیندانی كراوە، ئەوەی لەیلا خالید دەریبڕ لە كۆنفرانسەكەی ئامەد مشتێكە لەخەرواری ئەو ئەقڵێتە چەقبەستووەی چواردەوری گەلی كوردی تەنیوە، شەڕی لەیلاكان لە ئامەد شەڕی نێوان هەزرو ئاوەزی ئاشتی و دیموكراسی و پێكەوە ژیانە لە بەرامەر ئەو تێڕوانین و بۆچونەی تەنها خۆپەرستی و نەتەوەپەرستی پاكتاوكردن و نكوڵیكردن لە ناخیدا پەرە دەسێنێ، ئەوە ڕاستیەكەو لەبەرچاوە، بەڵام ئایا ئەو زمانە گوڵ ئاساییەی كورد ئاخاوتنی پێدەكات بەگوێی بەرددا دەچێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە