31 ى ئاب و 25 ى تەمووز، دوو ڕۆژى ڕەش لە مێژووى پڕ خیانەتى پارتیدا

Monday, 31/08/2009, 12:00

1982 بینراوە


پارتى دیموكراتى كوردستان لە سەرەتاى دروست بوونیەوە لە سالى 1946 تا ئەمڕۆ لە پاڵ مێژووى خەباتى چەكدارى و دیبلوماسیدا مێژوویەكى دیكەى بۆ خۆى تۆمار كردوە كە دەكرێت ناوى لێ بنرێت(مێژووى خیانەتەكانى پارتى) ئەو خیانەتانەى كە لەهەموو جارەكاندا لە زیانى میللەت و قازانجى پارتیدا بووە.پارتى لە ساڵانى ڕابردوودا هەر كاتێك هەستى بە لاوازى خۆى كردبێت پەناى بۆ دەستێكى دەرەكى بردوە بۆ مانەوەى خۆى وەك تاكە حیزب لەسەر گۆڕەپانى سیاسى كوردستاندا،چەندین جار پەناى بۆ ڕژێمە یەك لە دوا یەكەكانى عێراق بردوە بۆ ئەوەى یارمەتى بدات لە كاتى ڕوبەڕوبونەوەى ئەو هێزانەى كە دروست دەبوون لە ناوچەكەدا وە چەندین جار هاناى بۆ حوكمەتى ئەو كاتى ئێران بردوە بۆ كپ كردنەوەى ئەو دەنگانەى كە ئەو كات لە كوردستاندا سەریان هەڵدەدا. بە بڕواى من دیارترین خیانەتێك كە پارتى لە خەڵكى خۆى و كوردستانى كردبێت خیانەتى(31 ى ئاب و 25ى تەمووزە)، چونكە ئەو دوڕۆژە تیایدا پارتى دوبارە دەسڵاتى گەندەڵى خۆى سەپاندەوە بە سەر خەڵكى كوردستاندا وە سەلماندى لە پێناو مانەوەى لەسەر كورسى دەسڵات هەرچى بوێت دەیكات بێ گوێدانە هەست و نەستى خەڵكى كوردستان،بەڵام من جیاوازییەك دەبینم لە نێوان(31ى ئاب و 25ى تەمووزدا) ئەویش ئەوەیە پارتى بۆ ڕۆژى (31 ى ئاب) دەستێكى دەرەكى ڕاكێشایە ناو كوردستان ئەویش ڕژێمى بەعسى دیكتاتۆر بوو بۆ ئەوەى دوبارە دەست بگرێتەوە بەسەر هەولێر و ناوچەكانى دەوروبەریدا كە ماوەیەك لە ژێر دەسڵاتى یەكێتیدا بوو بە هۆى شەڕى شومى ناوخۆ وە كە دوو زلحیزبەكەى كوردستان هەریەكیان بۆ ڕازى كردنى دڵى ئاغاكانیان هەڵیانگرساندو جگە لە شەهید هەزارەها ڕۆڵەى كوردیان بێ سەرو شوێن كرد،ڕۆژى 31 ى ئاب دواى ماوەیەكى زۆر لە نەمانى تۆپ وتانك و زرێپوشى ڕژێمى ڕووخاو لە كوردستاندا بەڵام پارتى دوبارە هەموو ئەوانەى بە تاكى كوردى و كومەڵگەى كوردى ئاشنا كردەوە هەموان ئەو ڕۆژەمان لە یادە كە چۆن ڕۆڵەى كورد دەكەوتە بەر دەستڕێژى گوللەى سەربازى حوكمەتى بەعسى ئەوكات تەنها لە پێناو ڕازى كردنى دڵى مەسعود بەرزانى و سەرانى بنەماڵەدا. لە دواى 31ى ئابەوە پارتى بە جۆرێكى تر خیانەتى دەستپێكرد كە ئەویش دزینى پارە و پول و داهاتى خەڵكى كوردستان بوو كە بە ڕاى من ئەویش هیچى كەمتر نیە لە خیانەتەكانى دیكەى پارتى كەلە ماوەى تەمەنى خۆیدا كردونى، خیانەتێكى دیكەى پارتى كە ناكرێت لە مێژووى پڕ خیانەتى پارتیدا لە بیر بكرێت ئەویش ڕۆژى (25ى تەمووزى 2009یە) ئەو ڕۆژەى پارتى و سەرانى بنەماڵە بە دەستێكى ناوخۆى كە هێزى پێشمەرگەو زێڕەڤانى پارتی بوو ئەوەى ویستیان كردیان بۆ مانەوەى دەسڵاتى دزو گەندەڵیان كە ساڵانێكە لە سەر لاشەى ئەنفال و كیمیاباران كراوى ئەم میللەتە پارەو پولى كوردستان دەدزن و ڕەوانەى بانقەكانى ئەوروپاو ئەمریكاى دەكەن. هەمووان ڕۆژى 25ى تەمووزمان بینى ئەو ڕۆژەى كە خەڵكى كوردستان دەنگیاندا بۆ نەمانى ئەم دەسڵاتە مافیایە بەڵام تەزویر كردن و ساختەكارى لە ئەنجامى هەڵبژاردنەكاندا لە لایەن پارتییەوە سەلماندى كە ئەو پارتە لە پێناوى مانەوەى دەسڵاتى پڕ زوڵم وستەمى خۆى هەموو ڕێگەیەك دەگرێتە بەر گەرچى لە زیانى دۆزى ڕەواى كوردیشدا بێت .لە دوا نیوەڕۆى ڕۆژى 25 تەمووز پارتى لەوە ئاگادار بوو كە ئەنجامەكان لە قازانجى ئەو نیە هەستا بە بڵاو كردنەوەى هێزێكى بێشومار لە پێشمەرگەو زێڕەڤانى بەسەر ناوەندەكانى دەنگدان لە شارى هەولێرو دەوروبەرى بە بیانوى ئەوەى ئەم هێزانە ڕۆژى 23ى تەمووز دەنگیان نەداوە لە دەنگدانى تایبەتدا،وە ڕایانگەیاند كە ئەو هێزانە ناویان لە لیستى دەنگدەراندا نیەو فۆڕمێكى ساختەیان بۆ دروست كرابوو ناویان لێ نابوو فۆرمى 111لە لایەن كۆمیسیۆنى باڵاوە ئەو كۆمیسیۆنەى كە تاكە ئەندامێكى بێلایەنى تێدا نیە چونكە هەموو بەرپرسەكانى كۆمیسیۆن لە هەموو شارەكاندا لە لایەن لق و مەڵبەندەكانەوە دادەنرێن بۆ ئەوەى لە ئەگەرى شكستى ئەو دوو زلحیزبەى كوردستان لە هەڵبژاردنەكاندا كۆمیسیۆن هەموو ئاسان كارییەكیان بۆ بكات بۆ مانەوەى دەسڵاتى دزو گەندەڵى ئەو دوو حیزبە.بۆیە دەكرێت خەڵكى كوردستان بە هەموو چین و تویژەكانەوە ڕۆژى 31ى ئاب و25ى تەمووز ئیدانەو مەحكوم بكەین وە بیكەینە پەڵەیەكى ڕەش بە نێو چاوانى دەسڵاتى بنەماڵەوە هەروەها بۆ ئاسودە كردنى دڵى هەموو شەهیدەكانمان كە بەدەستى پارتى و سەرانى بنەماڵەوە لە ناوبران لە پێش هەمووشیانەوە شەهیدى قەڵەم (سۆران مامە حەمە ومەلا ستار) وهەموو شەهیدەكانى دیكەى كوردستان.



بیلال حاجى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە