پارەكە چووە گیرفانی حكومەتەوە ؟!!

Friday, 03/05/2013, 12:00

1528 بینراوە








ئاشكرایە سەروەت وسامانی ئەم وڵاتە هەمووی بۆ گیرفانی حكومەتە ڕوونتر بڵێم بۆگیرفانی بەشێك لە دەسەڵاتدارانی ناوحكومەتە، گلەیی و گازندەو توڕەبون و ناڕازیبونی خەڵكیش هۆكارەكەی ئەو نادادی و گەندەڵیە زۆرەیە كە لە بواری بەرێوەبردندا هەیە، خەڵك لەوە ڕاهاتووە گوێبیستی هەواڵی بڕەپارەی خەیاڵی بێت فڵان بەرپرس لەوێ و فڵانی تر لێرە بون بەخاوەنی سەروەت و سامان وكۆشك و تەلارو ڤێلاو باخ وشتی وا كەبە خەیاڵی كەسدا نەیات، هەڵبەتە ئەمە نەك هەرلەناخۆی وڵات بەڵكو بەشێك لە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەی كوردستان لە دەرەوەی وڵاتیش بوون بەخاوەنی ئەو نازو نیعمەتە، هەرچەندە مژاری نوسینەكەی ئێمە شەن كردنی ئەو خەرمانەخەمەنییە بەڵام مرۆڤ لە خەمێكی بچوكەوە خەمەگەورەكەش دێتەوە یادی و ناچاردەبێت دەردە دڵی خۆی باس بكات، ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم پەیوەندی بە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانییەوە هەیە هەموو لایەك دەزانین ماوەكە بەباشی كۆنترۆڵی ڕێگاوبان دەكرێت و كامێرای چاودێری دانراوە بۆئەوەی شۆفێر نەتوانێت لەو خێرایە زیاتر ئوتمبێلەكەی لێبخوڕێت كە بە پێی شوێن و رێگاكان بۆی دیاری كراوە، هەڵبەتە ئەوكارە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانەو جێی دەست خۆشییە هەرچەندە شێوازی بەكارهێنانەكەی كامێراكان سەرەنج و تێبینی لە سەرە بەڵام بەگشتی كارێكی باشەو بەڕادەیەكی زۆر سەرپێچی كەمكردۆتەوە ، بیگومان ئەگەر سەرپێچیەكان كەم بێتەوە رووداوی هاتووچۆی دڵتەزێنێش كەم دەبێتەوە، پرسیاری گەرنگ ئەوەیە ئایا دانانی كامێرای كۆنترۆڵكردنی هاتوچۆ ئامانجە سەرەكیەكەی چییە؟ دیارە وڵامەكەی ئەوەیە كە بە مەبەستی پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیانە، بەڵام ئەم كارە گرنگە لە ڕێڕەوی خۆی بەلاڕێدا ببرێت و وەك ئامرازی كۆكردنەوەی پارە بەكار بهێنرێت كارێكی زۆر نەشیاوە هیوادارم كە هەرگیز ئەوە روو نەدات، جێی ئاماژە پێكردنە بڕی سی" 30" هەزاردیناروەك سزای سەرپێچی لە هاوڵاتیەك وەرگیراوە بەبێ ئەوەی هێچ سەرپێچیەكی كردبێت كەبایی ئەو بڕەپارەیەبێت كە لەسەر ئوتمبێلەكەی تۆماركراوە، دیارە بەڵگەی ڕاست و دروستیش هەیە بۆئەوەی ئەو سی هەزاردینارە وەك دەڵێن بەخوتو خۆڕایی لێی سندراوە، هەرچەندە پارەكە كەمیش بێت بەڵام ناهەقی كردن بەرامبەر هەركەسێك زیان پێگەیاندنی ئەگەر بە یەك دیناریش بێت كارێكی ناڕەوایەو كاریگەری دەرونی دبێت، بەپێی ئەو پێگە ئەلیكترونییەی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ دایناوە هەموو سەرپێچیەكانی ئوتمبێل تۆماردەكرێت و مرۆڤ دەتوانێت لەوسایتەوە ئاگاداری سەرپێچیەكانی خۆی بیت، ئەو هاوڵاتییەی ئاماژەم پێكرد كە بڕە پارەكەی لێوەرگیراوە خاوەنی ئوتمبێلێكی تایبەتە مۆدیلی ساڵی " 2008" تە بەڵام مێژوی سەرپێچیەكە كە تۆماركراوە 11\12\2003 یە؟!! ئەوەی جێی سەر سوڕمانە ئەوەیە كە پێنج ساڵ دوای ئەو مێژووە ئوتمبێلەكە لە یابان دروستكراوە كەچی لە سلێمانی پێشوەخت سەرپێچی بۆ تۆماركراوە!! ئەو رۆژو مانگ و ساڵەی ئاماژەی پێكراوە نە ئوتمبێلەكەو نە ئەم دراوەی ئێستا و نەكامێرای چاودێری هاتووچۆ بونیان نەبووە، لە دوای بەدووادا چونی كەسی سزادراو بۆ ئەوكارە لەبەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ، لە ژوری وەسڵ بڕەوە بۆ ژوری كۆمپیوتەرو لەویشەوە بۆ لای بەرێوەبەر سەرئەنجام دانیان بەوەداناوە كە ئەوە بەهەڵە روویداوە بەهیچ شێوەیەك ئەو پارەیە ناگەڕێتەوە چونكە(تازە چووە گیرفانی حكومەتەوە گیرفانی حكومەتیش زۆر قۆلە بەكەس دەرناهێنرێتەوە)بەم شێوەیە وڵامدراوەتەوە، سەیرە كەلەوەدایە ئەونوسراوەی لەژوری كۆمپیتەرەوە بۆ ژوری پارەوەرگرتن ڕەوانەكراوە هەمان ئەو مێژووەی 2003 تۆماركراوە بەڵام لەوەسڵی پارەوەرگرتنەكەدا كراوەبە 2012 ؟!! خستەنەرووی ئەم بابەتە تەنها لەبەر خاتری ئەو سی هەزاردینارە نییە بەڵام ئایا ئەبێ چەند كەس رۆژانە بەناهەق پارەی لێوەربگیرێت؟! لەكاتێكدا رۆژانە دیان كەس بەرێز وەستاون پارەی سەرپێچی دەكەنە گیرفانی حكومەتەوە تۆبڵێی هەموویان سەرپێچیان كردبێت ؟!! زۆر پێویستە هەڵوەستەی جدی لەسەر ئەوكارە بكرێت بەجۆرێك كە زیان بەهیچ كەسێك نەگەیەنرێت، چونكە كاری كونترۆڵكردنی هاتوچۆ كارێكی پیرۆزەو بۆبەرژەوەندی گشتییەوئامانجی پاراستنی ماڵ و ژیانە، خەراپ بەكارهێنانی ئامرازی چاودێریكرنەكە وەك خراپ بەكارهێنانی ئوتمبێل و رێگاو بانەكە زیان بەخشە هەریەكەو بەشێوازی خۆی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە