باكور و ڕۆژهەڵات نایانەوێت هەرێم تێكبچێت

Sunday, 27/02/2011, 12:00

1414 بینراوە


ئەگەرچى لەبابەتى پێشووتردا ئاماژەم بۆ ئەوە كرد كە(عبدوڵا ئۆجەلان) ڕێبەرى بزوتنەوەى ئازادیخوازى گەلى كورد لەگەڵ ئارامیدایە، بەڵام تاهەنوكەش پەنجەى تۆمەت و نەزانى بۆ پەكەكە و پەژاك و سەرۆكەكەیان ڕادەكێشن و بەوە تۆمەتباریان دەكەن كەگوایە پشتیوانى لایەنێكى سیاسى هەرێمى كوردستانیان كردووە بۆ تێكدانى بارودۆخى ئێستاى هەرێمى كوردستان.
ئەگەرچى من ووتەبێژى فەرمى هیچ یەكێك لەم پارتە كوردیانە نیم بەڵام بەهۆى شارەزاییم لەمامەڵەیان لەگەڵ بارودۆخى هەرێم كوردستان بەپێویستى دەزانم بۆ بەرچاو ڕوونى گشت لایەك جارێكى تر تەئكید لەسەر ئەوە بكەمەوە نە بەڕێز(ئۆجەلان و نەپەكەكە و نەپەژاكیش)پشتگیرى تێكدانى بارودۆخى هەرێمى كوردستان ناكەن ، بەڵكو وەك هەمیشە لەلێدوانەكانیان جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كەهەرێمى كوردستان موڵكى هەمووانە و هەمیشەش گەریلایان بەپاسەوانى هەموو دەستكەوتەكانى هەرێمى كوردستان زانیوە و دەزانن لەبەرئەوە درێژكردنى پەنجەى تۆمەت بۆ ئەم دوو پارتە سیاسیە و سەرۆكەكەیان نیشانەى تێنەگەیشتنە لەبەرنامەى سیاسى و نیشتیمانى .
بەتیشك خستنە سەر ئەو بابەتە جارێكى تر بەكورتى هەڵوێستى بەڕێز ئۆجەلان بۆ هەموو لایەك لەخاڵێكدا ڕوون دەكەمەوە كەتەئكیدى لەوە كردۆتەوە كەپێویستە بەپەلە دەسەڵات گوێ لەداخوازیەكانى هاوڵاتیان بگرێت ، ڕێگە بگرێت لەوەى كەووڵاتانى دەرەوە دەست بخەنە ناو بارودۆخى سیاسى هەرێم و خۆپیشاندانەكە لەبەرژەوەندى خۆیان ئاراستە بكەن.
پارتى ژیانى ئازادى كوردستان هەمیشە جەختى لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە گەورەو بچوكیان خۆیان بەپاسەوانى دەستكەوتەكانى هەرێم دەزانن بۆ ئەوەى ئەم بارودۆخەى ئێستا هەیە لەدەست نەچێت من نازانم بەچ بیركردنەوەیەك (PJAK) تۆمەتبار دەكرێت بەوەى پشتگیرى لەلایەنێكى سیاسى ئەم هەرێمە دەكات لەكاتێكدا ئەوان باس لەوە دەكەن كەبۆ پاراستنى ئەم هەرێمە دەیان شەهیدیان داوە لەمڕۆژانەدا ئاسایشى ڕاپەڕین باسى لەوە كرد كە دوو كەس بۆ ئەنجامدانى كارى تیرۆریستى هاتونەتە ناو خاكى هەرێمەوە جێگەى خۆیەتى بپرسین ئەم دوو كەسە بەچ ناوچەیەكدا سنورى هەرێمیان بەزاندووە؟ لەوەڵامدا دەڵێم لەشوێنێكەوە هاتوون كەگەریلاكانى پەژاكى لێنیە، چونكە ئەو كەسانەى دەیانەوێت كارى تیرۆریستى بكەن و ئەوانەشى پاڵپشتیان دەكەن باش لەوە تێگەیشتوون كە(PJAK) ڕێگە نادات بەكارى لەمجۆرە و هەركاتێكیش هەركەسێك لەدەرەوەى سنورەوە بێت بەمەبەستى كارى لەمشێوەیە من دڵنیام گەریلاكانى (PJAK) دەرسێكى پێدەڵێنەوە كەلەژیانى ئێستا و ڕابردووى پەشیمان بێتەوە چونكە گەریلاكان خۆیان لەدەرەوەى ئەو بازنەیە نابینن كە ئەمەى ئێستاى لێبەرهەم هاتووە لەبەرئەوە باشتر وایە هەڵوێست و هەڵسەنگاندنى باكوور و ڕۆژهەڵات وەكو خۆى لێكبدرێتەوە و پێچەوانە نەكرێتەوە، (KCK و PJAK) هیچ كات لەگەڵ ئەوەدانین كەئەم بارودۆخەى ئێستا بەمشێوەیە بەردەوام بێت و داواكردنیشیان بۆ گوێ گرتن لەخەڵكى كوردستان بەو مانایە نایەت كەئەوان پشتگیرى لەلایەنێكى سیاسى ئەم هەرێمە دەكەن ئاخۆ ئەم خەڵكەى ئێستا ناڕازییە و لەشەقامەكان دەبینرێت تەنیا لایەنگرانى لایەنێكن بەباوەڕى من نەخێر لەبەرئەوە داواكارى ئەوان تەنیا ئەوەیە كەدەڵێن "پێویستە دەسەڵات بگەڕێتەوە ناو خەڵك بۆ ئەوەى دراوسێكان دەست نەخەنە ناو كاروبارەكەوە ئاراستەكەى لەبەرژەوەندى خۆیان بەكارنەهێنن ئەوكاتە دۆخەكە لەدەست دەچێت و كۆنترۆڵكردنى ئاسان نابێت، گەلۆ من دەپرسم ئایا كوردستانى گەورە و ڕۆژهەڵات كەلیمەى كوفریان گوتووە یاخود داواكەیان ڕاستەقینەیە پێویستە بەهەند وەربگیرێت".
جارێكیان ورچێك بەتەنیشت بارەگایەكى جندرمەكانى توركیادا تێدەپەڕێت ئەوانیش وادەزانن گەریلا و دەست دەكەن بەتەقە كردن و بەپەلە سەرووى خۆیان لەم ورچە ئاگاداردەكەنەوە كەگوایە گەریلاكان نزیكبونەتەوە دواتر دەردەكەوێت كەئەمە گەریلاكان نەبوونە بەڵكو ورچێك بووە.
ئەو بەسەرهاتەش لێدوانى بەرپرسێكى جەهەپەم بیردەخاتەوە كەدەڵێت سەربازانى تورك شێری سەر كاغەزن یانى لەسێبەرى خۆیان دەترسن باشتر وایە ئێمەش پێش ئەوەى لایەنى تر بەپشتیوانى ئەم خۆپیشاندانانە تۆمەتباربكەین دابەزینە سەر شەقامەكان و گوێیان لێبگرین پێش ئەوەى توركیا میت و ئێران ئیتڵاعات بنێرێتە ناویان و لەبەرژەوەندى خۆی ئاراستەیان بكات و جارێكیتر دەڵێمەوە ئەوكات دۆخەكە لەدەست دەچێت و چارەسەرى موستەحیل دەبێت.
[email protected]
تێ بى نى(ئەم بابەتە بیروڕاى تایبەتى خۆمە و گوزارش لەڕاى هیچ لایەنێكى سیاسى ناكات)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە