تاریق هاشمی بۆ كاری سەربازی و بازرگانی دەستی لەسەرۆكی حزب كێشایەوە

Monday, 22/06/2009, 12:00

2328 بینراوە


لێكۆلینەوە
جێگری سەرۆك كۆماری ئێراق دەستی لەپارتی سیاسی هەڵگرت، بەڵام دەستی بەكاری سەربازی كرد. جێگری سەرۆك كۆماری ئێراق تاریق هاشمی پاش ئەوەی دەستی لەكاری حیزبی و سەرۆكی پارتی ئیسلامی كێشایەوە سەردانی دەوڵەتی توركیای كرد، لەو وڵاتەدا باسی لەوە كرد كە لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان هێزی تایبەتیان دروستكردووە. هەروەها ئەوەشی گووتوە ئەگەر توركیا ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور بكات، ئەوا لەرێگەی ئەو هێزانەوە هاوكاری دەكەین، لەو باوەڕشداین كە سەردەكەوین. بە پێی زانیارییەكانی هەفتەنامەی رۆژی وڵات؛ تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری ئێراق لە توركیا بەگوێرەی دڵی توركیا قسەی كردووە بۆ پەكەكەش پەیمانی گرنگی بەتوركیا داوە جێگری سەرۆككۆمار ئاماژەی بەوە كردووە كە پەكەكە تیرۆریستە و بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی زۆر كەس. گوتویەتی لەبەرامبەر تیرۆری پەكەكە چیمان لەدەست بێت بەبڕیارەوە ئەنجامی دەدەین. هەروەها ئەوەش گووتووە كە هێزی ئەمنی باكووری ئێراق بەشی ئەوە ناكات كە بتوانێت پەكەكە لەقەندیل لەنێو ببات. ئێمە ئێستا پەروەردەی تایبەتمان پێشخستووە تا سنوورەكان بەكراوەیی بمێنن یەكەی تایبەت ئامادە دەكەین.
هەروەها ئەوەشی گوت كە بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین لەباكووری ئێراق دەوڵەتێكی كوردی دروست بكرێت. چونكە كورد و توركمانیش لەگەل یەكێتی ئێراقدان. تاریق هاشمی لەگەڵ بەرپرسی ئەكادیمیای پۆلیسی توركیا پرۆفیسۆر دكتۆر زوهات ئەسڵاندا سەردانی ئەو 12 پۆلیسە ئێراقییەیان كرد كە لەتوركیادا بۆ پووچەڵكردنەوەی بۆمبا پەروەردە دەكرێن. ئەو 12 سەربازە كە وێنەكەیان دەست رۆژی وڵات كەوتووە، بەشێوەیەكی نهێنی رەوانەی توركیا كراون وێرای پووچەڵكردنەوەی بۆمب، بۆكاری سیخوریش ئامادە دەكرێن. ئەو 12 كەسەی لەتوركیا بەتایبەت پەروەردە دەكرێن، بۆ پاراستنی تاریق هاشمییە لە ئێراق. لەكاتێكدا ماوەیەك پێش ئێستا شاندێكی بازرگانی بەناوی (MUSIAD) سەردانی تاریق هاشمییان كردبوو، ئەو شاندە بە حیمایەكانی خۆیانەوە چوو بوونە لای تاریق هاشمی، هۆكاری ئەمەش ئەوە بوو تا نموونەكی ئەو پۆلیسانەی پەروەردە دەكرێن، نیشانی تاریق هاشمی بدەن.
شاندی ناوبراو لەلایەن سادق ئایهان سوهانەوە سەرۆكایەتی كرابوو، كە خۆی جێگری سەرۆكی(MUSIAD) . سادق ئایهان باس لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ جێگری سەرۆك كۆماری ئێراقدا دەكات و دەڵێت: تاریق هاشمی ویرای ئەوەی جێگری سەرۆك كۆمارە لە ئێراق بەڵام یەكێكە لە 20 دەوڵەمەندەكەی جیهان و ساڵانە بڕی 15 ملیار دۆلار ناردننە دەرەوەی هەیە و 7ملیار دۆلاریشی ساڵانە دەست دەكەوێت. سادق ئایهان دەگێڕێتەوە كە تاریق هاشمی بە ئەوانی گوتووە كە ئەو خوازیارە سوود لەئەزموونی بازرگانی بازرگانە توركەكان وەربگرێت و زۆری حەز لێیە كە توركیا لەئێراق بازرگانی پێش بخات و دەڵێت كاتی ئەوە هاتووەكە شمەكی توركی بكەوێتە بازاڕی ئێراقەوە.
سادق ئایهان جێگری سەرۆكی(MUSIAD) لەكاتێكدا زۆر بەو پێشوازییەی تاریق هاشمی خۆشحال بووە، ئەوەشی گوتووە كە ئێمە وەكو بارزگانانی توركیا پێمان باشە لەم رەوشی بێ ئەمنییەی ئێراقدا پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ كەسێك پێشبخەین كە ئەمنییەتی كاری بازرگانیمان بۆ بكات. تاریق هاشمی سەرۆكی پارتی ئیسلامی، ماوەیەك بەر لەئێستا كارێكی سەیری كرد، ئەویش دەستی لە سەرۆكایەتی حزبەكەی هەڵگرت و گوتی ئیتر من بەكاری حكومییەوە سەرقاڵ دەبم. لەماوەی رابردوودا حزبی ئیسلامی لە دوو سیناریۆی توركیانەی سەركەوتوو دا توانی ناوبانگێكی دیكە پەیدا بكات: یەكەم؛ هەر چەندە تاریق هاشمی سوودی لەحزبی ئیسلامی وەرگرت، كاری ناوخۆی رێكخست و بوو بە جێگری سەرۆك كۆمار، لەپاش جێگری سەرۆككۆماری خۆی بۆ كاری دیكە ئامادە كرد. ئێستاش سوود لە جێگری سەرۆك كۆماری دەبینێت بۆ كاری دەرەوە. سیناریۆی دووەم؛ تاوانی پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە و بەپیلانگێڕی ناساندنی ئەو تاوانە. تاریق هاشمی لەم بارەیەوە وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئەمنی نیشتمانی هێناوەتە ناو سیناریۆكە و ئەوانیش نامەیەكیان ئاراستەی حزبی ئیسلامی كردووە كە ئەو پارتەی لەمەترسی قاعیدە ئاگادار دەكەوە، ئەمە لەكاتێكدا شیروان وائلی وەزیری ئەو وەزارەتە خۆی بەلایەنگری توركیا تاوانبار دەكرێت. ئەو وەزارەتەش هی سووننیەكانە. ئەو وەزارەتە و سووننیەكان یەكدی دەپارێزن و لەهەمانكاتیشدا هەردووكیان پەیوەندییان لەگەڵ توركیا پێش دەخەن. لەمانگی چواری رابردوودا كۆبوونەوەیەكی چوار قۆڵی ئەو وەزارەتە و توركیا و دەسەڵاتی كوردی و ئەمریكا هاتە ئاراوە، لەو كۆبوونەوەیە بەدواوە ئەو وەزارەتە كەوتە رۆژەڤەوە. هەرچی تاریق هاشمییە لە 15ی حوزیران ی 2009 پاش ئەوەی لەسەروكایەتی حزبەكەی خۆی كشاندەوە. ئێستا سەرقاڵی كاری سەربازییە لەگەڵ توركیادا، ئەگەر ئەوەش هەیە كە ئێراق لەرێگەی تاریق هاشمی و توركیاوە لەسەر بازرگانی چەك و نەوت كار بكەن و لەسەر ناوی جیاواز لەرێگە توركیاوە، لەرێگەی موسڵ و سووریاوە ئەو بازرگانییە پێش بكەوێت. چونكە ئاشكرایە رێگای پێش خستنی سەرمایەی سووننی لەلای ئێران و خوارووی ئێراقەوە ناكرێت، چونكە بەندەرەكانی خواروو بەتەواوەتی شیعەی خواروو كۆنترۆڵی كردووە تاكە رێگای بۆ بازرگانی سەرمایەداری سووننی تەنها توركیایە. لەبەرئەوەش باشترین كارت كە سووننی بەكاری بهێنێت بۆ رازی كردنی توركیا تەنها پەكەكەیە، كێ بڵێیت پەكەكە تیرۆریستە ئەوا دەبێتە دۆستی توركیا. سەرمایەی قەتیس ماوەی سووننی لەئێراق خەریكە لەتوركیاوە دەرفەتی هەناسەدانی بۆ دەكرێتەوە.
دەسەڵاتی سووننیەكانی ئێراق باش دەزانن كە داهاتوویان لە ئێراق لەبەردەم دووریانێكدایە، ئەگەر پەیوەندی ئەمریكا و ئێران پێش بكەوێت ئەو دەرفەتەی هەیە كەمتر دەبێتەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە ئاسۆی سووننییەكان فراوانتر دەبێت. پێشخستنی پەیوەندی هاشمی و توركیا پەیوەندییەكی ئایینی ـ ئابوورییە. لەبەر لاوازی پێگەی سووننی لە ئێراق تاریق هاشمی باشترین پیاوە بۆ پەیوەندی بازرگانی توركیا و ئێراق. جێگەی متمانەیە پێشخستنی پەیوەندی تارق هاشمی لەگەڵ توركیا بڕیاری خۆ دەرخستنە لە ژێر چەقۆی شیعەو ئەمریكا ـ یان ئێران و ئەمریكا ـ ئەو هاوارەی شیروان وائلی لەبەغدادەوە كردی و گوتی پێویستە بارەگای پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان داخرێت گەیشتە گوێی توركیا. بەشداری كەریم سنجاری لە مەجلیسی پیاواندا لەبەغداد لەبەر هێز و گەورەیی سنجاری نەبوو، ئەو نەیتوانی بەرپرسی پۆلیسی هەولێر بپارێزێت!! كە بۆماوەی یەك هەفتە لەلایەن پاراستنەوە دەست بەسەر بوو! هۆكاری بەشداری كردنەكەشی لەبەرئەوەیە خەڵكی دەوروبەری موسڵە، بۆ خۆشی بە دوژمنی سەرسەختی پەكەكە دەناسرێت. ئەگەر بڕیارێك لەدژی كورد بێت كوردێكیشی تیادا بێت باشترە. سوودی بۆ دەسەڵاتی سووننی و توركیا هەیە. لەهەمانكاتدا وەڵامێكیشە بۆ ئێران و شیعەی ئێراق. لەراستیدا ئەو كۆبوونەوە چوار قۆلییە بە پلەی یەكەم بۆ مەبەستی بازرگانی ساز درا بوو. لایەنی دووەمیشی رێگە گرتنە لەسیاسی بوونی پەكەكە!!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە