له‌ حه‌وتی ئازاردا هه‌ڵپه‌ڕین سوکایه‌تیه‌ به‌ خوێنی ڕێژوان و شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین

Monday, 07/03/2011, 12:00

1584 بینراوە


هه‌ر دوو هه‌فته‌ پێش ئێستا بوو جاده‌ی سالم و خوێنی ڕێژوان ده‌ست له‌ ملانی یه‌کدیان کرد، هه‌ر دوو هه‌فته‌ پێش ئێستا بوو داره‌کانی باخی گشتی به‌شی دوو ساڵ وشک نه‌بوون خوێنی زمناکۆی چوارده‌ ساڵیان له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵمژی، هه‌ر دوو هه‌فته‌ پێش ئێستا بوو کتێبخانه‌که‌ی ئه‌نوه‌ر برزوو شایه‌تحاڵی کۆمه‌ڵکوژی ڕۆڵه‌ بێ نازه‌کانی سلێمانی بوو، جاده‌ی سالم له‌ مێژویدا ڕه‌نگه‌ وه‌ها نه‌گریابێت وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ گه‌نجه‌ بێ نازه‌ی فرمێسکی ڕشت که‌ به‌ گولله‌ی حیزبێکی بێ ویژدانی ئه‌م وڵاته‌ هه‌ناسه‌کانیان لێ سه‌نرایه‌وه‌، سلێمانی و مێژووی خوێناوی نه‌ک حاڵه‌ت به‌ڵکو دیارده‌یه‌کی تازه‌ش نیه‌، به‌ڵام یه‌که‌م جاری بوو شاهیدی چێبوونی قه‌سابخانه‌یه‌کی وه‌ها بێت له‌ سه‌ر ده‌ستی حیزبێکی کوردی، یه‌که‌م جاری بوو ببینێت ئه‌و چه‌کانه‌ی دوێنێ ڕویان له‌ سه‌نگه‌ره‌کانی به‌عس بوو ئه‌مڕۆ سنگی ڕۆڵه‌ بێ نازه‌کانی کوون ده‌که‌ن، سلێمانی یه‌که‌م جاری بوو له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ له‌ مانگی شوباتدا نه‌ک یادی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ بکاته‌وه‌ به‌ڵکو ئه‌و کاره‌ساته‌ له‌ سه‌ر سنگی ئه‌ودا دووباره‌ ببێته‌وه‌، سلێمانی له‌ حه‌ڤده‌ی شوباتدا نه‌ک خه‌ڵتانی خوێنکرا به‌ڵکو ئه‌تکیشکرا له‌ لایه‌ن حیزبێکی دۆگمای به‌ربه‌ری و سه‌رکرده‌یه‌کی تۆتالیتار و داپڵۆسێنه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ حه‌ڤده‌ی شوباتدا به‌رامبه‌ر سلێمانی کرا هیچی که‌متر نه‌بوو له‌ کیمیا باران و ئه‌نفال، هیچی که‌متر نه‌بوو له‌ بێ سه‌روشوێنکردنی هه‌شت هه‌زار بارزانی و ڕاگوێزانی چوار هه‌زار گوندی کوردستان، چونکه‌ هه‌ردوو کاره‌ساته‌که‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداری ناوخۆیی ڕویدا و قوربانیه‌کان بێ دادگایی کردن ژیانیان لێ ده‌سه‌نرایه‌وه‌، گرنگ ئه‌وه‌ نیه‌ چه‌ند بوون به‌ قوربانی ، به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ چۆن بوون به‌ قوربانی که‌ کتو مت هاوشێوه‌ی ئه‌و دوو کاره‌ساته‌ی پێشوتر بوو،
له‌ کاتێکدا سلێمانی خۆی ئاماده‌کردبوو که‌ له‌ ئه‌زمه‌ڕ وگۆیژه‌‌وه‌ تاجی سه‌وزی به‌هار له‌سه‌ربنێت به‌ڵام ڕوباری خوێن کۆلانه‌کانی داپۆشی و خێمه‌ی پرسه‌ نه‌ک له‌ کۆلانه‌کاندا به‌ڵکو له‌ دڵی دانیشتوانه‌که‌یشیدا هه‌ڵدرا، ئه‌وه‌ی حه‌ڤده‌ی شوبات شه‌قامی سالمی بینبێت و قه‌سابخانه‌ی به‌ ناو بانگی به‌رده‌م لقی چواری بینیبێت قه‌ڵاچۆکردنی گه‌لێکی بێ پشت و بێ که‌س و تێهه‌ڵدراوو بێ هانای دێته‌ به‌رچاو، داماوترین شار له‌ گۆی زه‌ویدا له‌و ڕۆژه‌دا سلێمانی بوو، تێهه‌ڵدراوترین خه‌ڵک له‌و ڕۆژه‌دا جه‌ماوه‌ری ئه‌و شاره‌ بوو، ئه‌و شاره‌ له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌وه‌نده‌ بێناز بوو ڕه‌نگه‌ خودا خۆی بۆ داماوی ئه‌و شاره‌ و گه‌نجه‌ به‌دبه‌خته‌کانی گریابێت که‌ چۆن له‌ لایه‌ن به‌رپرسه‌ سه‌رخۆش و بیرخۆش و ویژدان خۆشه‌کانه‌وه‌ ده‌کران به‌ قۆچی قوربانی و هه‌مووگه‌نجانی شار بووبوون به‌ ئیسماعیلێکی به‌ هاناوه‌ نه‌هاتوو له‌ کاتی سه‌ربڕیندا، ئه‌مه‌ سلێمانیه‌ و ته‌نیا دوو هه‌فته‌یه‌ به‌ سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ خوێناویه‌دا تێپه‌ڕیوه‌،
ئێستا یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ده‌یه‌وێت له‌و شاره‌دا لایه‌نگرانی خۆی و موچه‌ خۆرانی حکومی بێنێته‌ سه‌رشه‌قام و به‌ بیانوی ساڵیادی ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ئاهه‌نگ ساز بکه‌ن، ده‌یه‌وێت له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ بڵێت ئه‌وه‌ ئه‌و شاره‌یه‌ که‌ دوو هه‌فته‌ پێش ئێستا مه‌یدانی ده‌گمه‌نتیرین قه‌سابخانه‌ بوو ئه‌وه‌تا هه‌ر منیان ده‌وێت،
به‌ڵام ئاقڵانه‌ترین کار، پیرۆزترین په‌رچه‌کرداری ئه‌و قه‌سابخانه‌ ده‌گمه‌نه‌ بایکۆتکردنی ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌وه‌، ئه‌بێت خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ له‌و ڕۆژه‌دا به‌ بیری ده‌سه‌ڵاتی بهێنێته‌وه‌ ئاسته‌مه‌ له‌ شه‌قامێکدا سه‌ما بکات که‌ دوێنێ هاو نیشتیمانیه‌کانی خوێنیان له‌وێدا ڕژا، دوێنێ براکانیان له‌وێدا مێشکیان پژا، ده‌بێت به‌ ده‌سه‌ڵات بڵێن له‌ شوێنێکدا هه‌ڵناپه‌ڕین که‌ دڵنیاین پێیه‌کانمان له‌ سه‌ر شوێنی خوێنی وشک نه‌بووه‌وه‌ی ڕێژوان و زمناکۆ له‌ زه‌وی ده‌دات، ده‌بێت ده‌سه‌ڵات ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ که‌ قبوڵی ناکه‌ن بنی پێڵاوه‌کانیان و مۆخی سه‌ری ڕێژوان یه‌کانگیر بن له‌ کاتی هه‌ڵپه‌ڕێنێکی بێ سود و سوکدا، ئه‌بێت سبه‌ینێ ئه‌وه‌ دووپاتبکه‌نه‌وه‌ که‌ دوو هه‌فته‌یه‌ ده‌یکه‌ن و به‌ ده‌سه‌لات ده‌لێن ئێمه‌ موڵکی که‌س نین و نارازین له‌م سیسته‌مه‌ گه‌نده‌له‌،
هه‌ڵه‌یه‌.. زۆر هه‌ڵه‌یه‌ که‌سوکاری شه‌هیدی ڕاپه‌ڕین سبه‌ینێ له‌ شه‌قامی سالم هه‌ڵپه‌ڕێت، هه‌ڵه‌یه‌ سبه‌ینێ که‌سوکاری شه‌هیدانی یه‌کێتی نیشتیمانی له‌ سه‌هۆڵه‌که‌دا سه‌مای بێ هۆشانه‌ بکه‌ن، به‌ڵکو جێگای ئه‌وان سبه‌ینێ سه‌رای ئازادیه‌، شه‌هیدانی خه‌ڵکی سلێمانی بۆ سه‌مای جاده‌ی سالم خۆی فیدانه‌کرد، ئه‌وانه‌ی دوێنێ له‌شاخ له‌ بن به‌ردێکدا به‌ بێنازی شه‌هیدکران و سه‌ریان نایه‌وه‌ حه‌ز ناکه‌ن سبه‌ینێ که‌سوکاره‌کانیان له‌ شه‌قامی سالم هه‌ڵپه‌ڕن ، نه‌خێر
به‌ڵکو ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ خۆیان فیداکرد تا ئازادی به‌رهه‌م بێت، ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ ژیانی خۆشی شاریان له‌ خۆیان کرد تا خه‌ڵکی تر خۆشگوزه‌ران بێت، ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له‌ ڕاپه‌ڕیندا خۆیان فیداکرد و بۆ ڕوخاندنی ئه‌منه‌ سوره‌که‌ مه‌رگیان هه‌ڵبژارد، دڵنیام ئێستا ئه‌و شه‌هیدانه‌ ببینن که‌سوکاریان بۆ خاوه‌نی چه‌ندین ئه‌منی سور و سه‌وز و زه‌ردی تر هه‌ڵده‌په‌ڕن نه‌فره‌ت له‌و که‌سانه‌ ده‌که‌ن، حاشایان لێ ده‌که‌ن و خه‌فه‌تبارن که‌سوکاریان ده‌نگیان نابیستن که‌ هاواری جێ هێشتنی ئه‌و زه‌ماوه‌نده‌ حه‌رامه‌ ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی دڵسۆزی شه‌هیده‌کانی ڕاپه‌ڕین و شاخن ده‌بێت سبه‌ینێ بێنه‌ مه‌یدانی ئازادی و داوای ئازادی بکه‌ن، ئه‌وان ده‌بێت بێن و هاوار بکه‌ن بۆ یه‌ک ئه‌منه‌ سوره‌که‌تان کرد به‌ ده‌ ئه‌منه‌ زه‌رد و سه‌وزه‌کان، ئه‌وان ده‌بێت سبه‌ینێ به‌ ده‌سه‌ڵات بڵێن ئه‌وه‌ بیست ساڵه‌ دیکتاتۆرێکمان ڕوخاندووه‌ به‌ڵام په‌رێشانین به‌ ده‌ست دوو دیکتاتۆره‌وه‌،
ئه‌وان سبه‌ینێ له‌ بری سه‌هۆڵه‌که‌ ده‌بێت بێنه‌ مه‌یدانی ئازادی و هاوار بکه‌ن دیکتاتۆرێکمان ڕوخاند ..ده‌توانین بیکه‌ین به‌ دوان..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە