نوسەرو ڕۆژنامەنووس پێشڕەو حەمید: "سەرنەكەوتنى یەكێتى لەم پرۆسەیەدا ئاوابونى خۆرى ئەو حیزبەیە"

Monday, 01/03/2010, 12:00

740 بینراوە


پێشڕەو حەمید نوسەرو ڕۆژنامەنوس لە چاوپێكەوتنێكیدا تیشك دەخاتە سەر چەمكى خیانەت و نیشتمان پەروەرى پێى وایە لەناو حیزبە كوردیەكاندا هەركەس لەدەرەوەى بیركردنەوەى ئەوانەوە بێت ئەوا بە خیانەتكار ناوزەندى دەكەن,هەروەها لەبارەى شكستى یەكێتى لەم هەڵبژاردنەدا پێى وایە ئەگەر یەكێتى لەم هەڵبژاردنەدا سەرنەكەوێت ئەوا كۆتایی دێت بەیەكجارى.
....................................................
ڕۆژانە گوێ بیستى ئەوەین كە ووشەى خیانەت و نیشتمان پەروەرى دەبەخشرێتەوە بەم و بەو,بە نسبەت واقیعى كوردییەوە چ شتێك خیانەت و چ شتێك نیشتمانپەوەریە؟
خیانەت و نیشتمان پەروەرى دوچەمكى كردەن و تاك لەخۆیدا بەرجەستەیان دەكات و نابیتە كرداریكى دەستەگەلى , لەمێژوى دورو نزیكى ئێمەدا لەلایەن حیزب و سیاسیەكانەوەچەندین جار ئەو دوو چەمكە بونەتە ناسنامەى تاكەكان و بە گۆیرەى میزاجى سیاسى ئەوان بەخشراوەتەوە بە دۆست و نەیارەكانیان , ئەگەر ئیمە لەدەرەوەى هەیمەنەى پارتێكى سیساى كار بكەین ئەوا بەخائین ئەژماردەكرین و ئەگەر كەسیكى كۆیلەى جێ بەجێكردنى خیتابى سیاسیى ئەو پارتە بین دەبینە فریشتەو نیشتمان پەروەر .
ئەو دوو چەمكە هەمیشە ئامادەگى هەبوە لە ئەدەبیاتى شۆرشى كوردیا و لەدواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە خەڵكانى ڕۆشنبیرو بەئاگایان بە كۆمەڵێك چەمكەوە سەرقاڵكردوە كە خودى خۆشیان تواناى ڕاڤەكردنیان نییە ؟ چونكە هەر ئەوانەى یەكترى دەخەنە چوار چێوەى ئەو دوو چەمكە جیاوازەپێشتر خۆیان لەنێویدا نغرۆبون لەنێوان دەستەواژەى خائین و نیشتمان فرۆشیدا , دەبێت ئێمە لەوە بەئاگابین كەئەوانى (سیاسەت مەدار) بۆچى دەیانەوێت لەنێوان دوو بەرداشدا بەناوى كۆمەڵێك ناوو دروشمى بێماناوە بەجێمان بهێلێن ؟ ئەوەى ئەمڕۆ باس لە خیانەتى كەسانى تر دەكات بێشتر خۆى میژویەكى لەگەڵدا بەشەراكەت تۆمار كردوە , ئەوەى ئەمڕۆ نیشتمان پەروەرە هەرئەوەیە كە پیشتر خائین بوە , ئەوەى ئەمرۆ خائینە هەرئەوە بوە كەپیشتر نیشتمان پەروەر بوە .
ئەوەى ئەمڕۆ لاى من نیشتمان پەروەرە كرێكاریكى دەست زبرە , خیانەت كارەكانیش ئەو بونەوەرانەن كە متمانەكردن و خۆشەویستى و لێبوردنییان لە ڕۆحیەتى تاكى كوردا نەهێشت .
/ چ شتێك دەكرێتە قیاس بۆ پێوانى كارو كردەوەی كەسێك,گروپێك ,حیزبێك ... تا بتوانى لە خانەى خیانەت یان لە خانەى نیشتمان پەرەوەریدا دانێى؟
ئێمەوابەستەى مێژویەكین پڕە لە خائین و نیشتمان پەرورە , ئەوەى لە ڕابردودا نیشتمان پەروەر بوە یان خائین بوە , من نایناسم و مێژوو ئەو پێى دەناسێنێت , كەڕەنگە میژوویش بۆخۆى غەدریان لێبكات و خودى مێژوەكەیشمان لە بەخشینى شوناسەكاندا هەم خیانەت بكات و هەم نیشتمان پەروەریانەش خائینەكان ئاشكرابات , كێ دەزانێ ؟
خائین كێیە , نیشتمان پەروەرى چۆن بەدەست دەهێنرێت ؟ ئەوەپرسیارێكى جەوهەریانە و وەڵامێكى ڕێژەى وەردەگرێت وناتوتانین ڕەهایانە كردەیەكى بەرجەستەكراوى تاك یان گروپ یان حیزبەكان بكەینە شوناسێك و بۆهەمیشە بیبەخشین , هەرچەندە فەزاى سیاسى و كۆمەڵایەتى و ڕشنبیرى ئێمە, خاڵی نییە لەو دەستەو گروپ و حیزبانەى كە ساتێك خائین بون و ساتێكیش نیشتمان پەروەر
/بەبەڕواى تۆ هەڵبژاردنى ئەم جارە توندو تیژى بەخۆە دەبینێت وەك ئەوەى لە هەڵبژاردنى 2005 ڕویدا؟
ئێمە خاوەنى ئەزمونێكى بچر بچرین لە پرۆسەى هەڵبژاردندا و هێشتا دیموكراسیەت نەبوتە بەشێك لەكلتوری سیاسى و ڕۆشنبیرو كۆمەڵایەتیمان و ماناكەى خۆى هیشتا نەگەیشتوە تە ئێمە و ناتوانین ڕاڤەیەكى شلگیرانەى دیموكراسیەت بكەین ؟ چونكە جورئەتمان نییە و ئەوەى ئەمڕۆ ئیدیعاى دیموكراتیزەكردنى كۆمەڵگا و سیستەمى سیاسی و ئیدارى دەكات , هەرئەوەیشە ئیمانى پیى نییەو بەناوى پاراستنى دیموكراسیەتەوە دیكتاتۆریانە ڕەفتار دەكات , ئەوەى لەساڵى 2005 ڕویدا سیماى شاراوەى ئەو ئەقڵانەى ئاشكراكرد كە لەجەوهەردا بێ ئیمانن بە دیموكراسیەت و بەماسكى دیموكراسیتەوە خۆیان نمایش دەكەن .
پرۆسەى هەڵبژاردنى ئەمساڵ ڕەنگە جۆرێك لە گۆڕانى شكلى تێدابیت و توندو تیژى كەمتر بەرامبەر بە یەكتر بكریت بەتایبەتى لەلایەن پارتى و یەكیتى یەوە ؟ چونكە نەك لەبەر ئەوەى ئەو دوو حیزبە بڕواى تەواویان بە دیموكراسیەت هەیە و لەماوەى تەنها پینج ساڵدا گۆڕانكاریان بەسەر بیركردنەوە دۆگمایەكانى خۆیاندا هێنابیت , بەڵكو تاكى كوردى ئەمڕۆ لەئاكامى بەهێزبونى دەنگە نوساوەكەى (ئۆپۆزسیون) جۆرێك لە هۆشیارى سیاسى لابەرجەستەبووەو ڕێگەنادات بەوشێوەیەكى زەق و نەخواستراو مافى هەڵبژاردنى (چێزو ماناو تێكست) ى لێ بسەنرێتەوە .
/ئایا یەكێتى تەحەموولى دووبارە دۆڕان دەكات لە سنورى خۆیدا؟
یەكێتى هێشتا ڕێكخراوێكى سیاسى بەهێزە لە ناوچەكەى خۆیدا و ئیستاش بە هەموو گوڕو تینێكەوە بەشدارى لەم هەڵبژاردنەدا دەكات , بەرگەى شكت دەگرێن یان نا , ئەوە هیشتا قسەكردنە لەسەر ڕوداوێك كە ئەنجامەى هێشتا ڕون نییە , بەڵام سەرنەكەوتنى یەكێتى لەم پرۆسەیەدا ئاوابونى خۆرى ئەو حیزبە لە پرۆسەى سیاسیدا دەگەیەنێت, چونكە ئەو ڕێكەوتنەى كەلەگەڵ پارتیدا واژویان كردو ناویان لێنا ڕێكەوتنى (ستراتیژى) بونى نامێنیت و تەواى هاوكێشەسایسەكان لەكوردستاندا پێچەوانەدەكاتەوەو هێندەى تر ڕەوشى ڕیكخستەكانى یەكێتى پەرتەوازەكات .
/ئەگەر حیزبە باڵا دەستەكان ئەنجامى هەڵبژرادنیان قبوڵ نەبێت چی بكەین بۆ ئەوەى ڕێبگرین لە مەترسى دووبارە نەبوونەوەى شەڕى ناوخۆ؟
كاتێك شەڕى ناوخۆ وەك بیردۆزێكى تەقلیدى سیاسى , بەسەرماندا تێپەڕى كرد و كە دەبو ئەو شەڕەناوخۆیە هەربكرابایە تا بۆئەوەى ببین بەدەسەڵاتێكى لۆكاڵى بەهێز لە چوارچێوەى عێراقدا بەماناسیاسیە بەسەرچوەكانى , كێ بیرى لە زیانەكانى دەكردەوە ؟ كاتێك یەكێتى و پارتى , لەسەرتەپۆڵكەیەكى ڕوتى بێ ڕۆحى وەكو كڵاو قاسم , سەدان بێوەژنیان خستە جەستەى ئەم كۆمەڵگاوە و هەزارن گەنجى ئەم نیشتیمانەیان كردە سوتماكى تموحە نامۆراڵیەكانى خۆیان كێ زیانى كرد جگەلە میللەت نەبێت ؟ هەربۆیە دەبێت ئەو حیزبە باڵادەستانە تەسلیمى ئیرادەى میللەت بن و مل كەچى ئەو پەنجانە ببن كە لەپرۆسەیەكى دیموكراسیەتدا ڕێگرى دەكەن لە بەهەدەردانى سامانى میللەت و چیى تر قبوڵیان نییە كە هەمیشە برا بچوكى میللەتانى ترى عێراق بن .
/ئەگەر حیزبە باڵا دەستەكان وەك جارانى پێشوو تەزویراتیان كرد بە بەڕواى تۆ چۆن ڕووبەڕوویان ببینەوە ؟
ئێمە تائێستاش هیچ دامەزراوەیكى سەربەخۆمان نییە تا بەوەردى چاودێرى پرۆسەكەبكات و ببێتە ڕێگرێكى سەرسەخت لە ئەنجام نەدانى ساختەكارى , بەڵام دەكرێ هەریەكە لەئێمەكۆنتاكمان لەگەڵ ئەو كەس و لایەنانەدا هەبێت كەلەدەرەوەى هەرێمەوە دێنە هەرێمەكەمان و چاودیرى پرۆسەكەدەكەن و ئەوەش كارێكە ڕەنگە تەنها لە چالاكى تاكەكاندا بركێتە كردار و زۆربەى ئەوكەسانەى كەدەنگ دەدەن هێشتا وەك كارێكى ئیجبارى تەماشاى دەكەن و بەلایانەوە گرنك نییە ئەنجامەكەى تا كوێ دەگات و وردەكاریەكانى چین , هەربۆیە هۆشیار كردنەوەى خەڵك لە مافەكانى بەتایبەت لە كارى گەرى ئەو دەنگەى كە دەیبەخشێت سەرەتایەكى باشە بۆ كەمكردنەوى ساختەكارى و ڕێگرى لە دوبارەكردنەوى ئەو فێڵانەى كە پێشتر دەكران .
/چارەسەر نەكردنى ماددەى 140 كەمتەر خەمى نوێنەرانى كوردە یان شۆڤێنى عەرەبەكان ؟
هێشتا ئەو بڕگەدەستورییە كەم تازۆر كارى پێدەكرێت و ئەوەى تائەمڕۆ جێ بەجێى كراوە تەنها خۆى لە بەخشینى پارە دا بینی وەتەوە , بەڵام هۆكارى سەرەكى جێ بەجێ نەكردنى ئەو بڕگەیە كەمتەرخەمى كورد و دەست تێوەردانى وڵاتانى هەرێمایەتى و نەبونى متمانەو شوڤێنیستى عەرەب بوە , سەركردایەتى كورد لەبەر چەند دەسكەوتێكى تەشریفاتى و بچوكى حیزبى خۆیان وازیان لە گوشارەكانى خۆیان هێناوە بۆجێى بەجێ كردنى ئەو بڕگە دەستورییە و ئەمریكایەكانیش لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندى خۆیاندا لەعێراق و ناوچەكەدا بەشێوەیكى ناڕاستەوخۆ هۆكارەبوە بۆ ئەوەى ئەو ماددەیەوەك خۆى جیێ بەجێى نەكریێت و تەواوى ماددەكەیش تەنها پەیوەندى بەكوردەوە نییە ئەگەر ئێمە وەها بزانین بەڵكو پەیوەستە بەتەواوى عێراقەوە و ئەوەى پەیوەندى بەكوردەوە هەیە هیشتا دەتوانم بڵێم لەسەدا پێنجى جێ بەجێى كراوەو ئەوەیش كەماوەتەوە جێى بەجێ بكرێت تا ئەداى كاربەدەستانى كورد وەهابێت بە هەڵبژاردنى چەندین خولى ترى پەرلەمانى عێراق جێبەجێى ناكرێت و لەهەمواركردنەوى دەستوریشدا دوورنییە كە ئەو ماددەیە بۆهەمیشە ون نەكرێت .
/نوێنەرانى كورد شایەنى ستایشن یان لێپرسینەوە لە كاتێكدا مادەى 140 و پێشمەرگەو نەوت چەنین كێشەى تر بە هەڵواسراوەى ماوەتەوە
لەسیاسەتدا شتیك نییە ناوى ستایشكردن بێت بەڵكو سیاسەت كردن كردەیەكى دەستەگەلیە و پەیوەندى بە تواناى تاكەوەهەیە و هەرستایشكردنێك بۆ ئەوتوانا دەركەوتوانە دەبیتە مایەى لەنگى بۆ كردارە بەرجەستەكراوەكان , بەڵام پەرلەمانتارەكانى كورد لەبەغدا لەدەروەى ئەو جۆرە شوناسەدان ؟ چونكە ئەوان كار بۆ سەرخستنى ستراتیژى حیزبێك دەكەن كە بەوجۆرە لە گۆڕەپانەكەدا دەیهێلێتەوە , ئەوان توانایان هەیە كاربكەن بەڵام سیستەمێك هەیە دەیان بەسێتەوە بەكۆمەڵێك بەرژەوەندى تایبەتەوەو ڕێگرەلەبەردەم دەركەوتنى تواناكانى خۆیاندا وەك تاكێكى بەگوڕ لەشوێنێكى هەستیاردا , وەك ئەوەى ئێمە ناكرێت ستایشیان بكەین و گۆڵ بارانیان بكەین , بەڵام خۆدەكرێ لییان بپریسنەوە , بەڵام ئایا كێ لێپرسینەوەدەكات و كێ لەبەرامبەر كەمتەرخەمیاندا سزایان دەدات ؟پەرلەمانتاران بەدەنگى میللەت چونە سەركورسەكانى پەرلەمانى عێراق , بەڵام كاریان بۆ ستراتیژو سیتەمى حیزبەكانیان كرد و مافى میللەتیان لە ئەجینداى حیزبەكانیان دا دۆزییەوەو كاریان بۆدەكرد.
هەڵەبجەى شەهید

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە