بردنی ئەم شەش ملیار دینارە هیچ بنەمایەكی یاسایی نیە

Tuesday, 10/11/2009, 12:00

1283 بینراوە


دوای ئەوەی هەواڵەكان رایانگەیاند ئەندامانی پەڕلەمانی خولی پێشوو هەریەكەو 52 ملیۆن دیناریان پێدراوە (كە دەكاتە نزیكەی شەش ملیار دینار) لەناو جەماوی كوردستان ئەوەندەى تر وێنەی پەڕلەمان شێواو زۆر لە هاوڵاتیانی كوردستانی پرسیاریان كرد ئەم پارەیە لەسەر چ بنەمایەك درایە ئەم پەڕلەمانتارانە.

لەسەر زاری هەندێك لەم ئەندامانەی پێشووی پەڕلەمان گوترا گوایە ئەمە ئیكڕامیەی كۆتایی خدمەیە، بەڵام ئەم قسەیە هیچ مانایەكی نیەو هیچ بنەمایەكی یاسایی نیە. جێگەی سەرسۆڕمانە ئەندام پەڕلەمان كە نوێنەری خەڵكەو ئەندامی دەسەڵاتێكە كە یاسا بۆ وڵات دادەنێ بەبێ هەبوونی پاساوێكی یاسایی پارەی گەل بۆ خۆیان ببەن. ئەوەی زیاتریش خەڵكی كوردستانی حەپەساند ئەوەبوو هەمان 52 ملیۆن دینار درایە تەنانەت ئەو ئەندام پەڕلەمانانەی لەم خولەی ئێستاش هەر ئەندام پەڕلەمانن، بۆیە دەبێ وەڵامی ئەو ئەندام پەڕلەمانانەی وەك شێروان حەیدەری و سۆزانی خاڵە شەهاب چی بێت بۆ ئەمە.

بەپێی یاسا هەر پارە پێدان و خەرجكردنێك لە دەوڵەت ئەگەر هات و لەسەر بنەمایەكی یاسایی نەبێت ئەوا بە كوردی و كورتی پێی دەگوترێ دزینی موڵكی گشتی واتە ئیختیلاس.

بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەوانەی ئەو پارەیان وەرگرتووە ئیختیلاسی ماڵی گشتیان كردووە، چونكە بەبێ هەبوونی یاسایەك كە ئەو مافەیان پێ دەدا ئەو پارەیان وەرگرتووە.

ئەوان گەر بەو چەند دانیشتنەی كردیان خۆیان بە شایستەی ئەو پارە زۆرە دەزانی دەبوایە جوامێر بن، خۆ یاسا دەركردن لە كوردستان هەر لەدەست خۆیان بوو، دەبووایە جوامێرانە یاسایەكیان دەركردبا ئەو مافەی پێدابان ئەو كات پارە بردنەكەیان یاسایی دەبوو. دیسان ئەگەر خۆیان بە موستەحەقی ئەو 52 ملیۆن دینارە دەزانی با شەرمیان لە میللەت نەكردباو ئەو دانیشتنەشیان لە تەلەفزیۆن پێشانی جەماوری كوردستان بدابووایە كە تاوتۆی یاسایەكەیان دەكرد كە باسی ئەو پارەیە دەكات.

دەڵێن خەڵك كە نەخۆش دەكەوت دەیانبردنە ئۆمەرمەندان، یەكێك گوتی باشە ئەگەر ئۆمەرمەندان نەخۆش كەوت بیبەین بۆ كوێ؟ پەڕلەمانێك كە دەبێ چاودێری حكوومەت بكات و نەهێلێ كەس پارەی گەل بە فیڕۆ بدات یان بدزێت، كەچی ئەندامەكانی چاویان بەو مووچە زۆرەش تێر نەبێت كە چوار ساڵ لەسەر یەك وەریدەگرن هەڵدەستن 52 ملیۆن دیناری تریش بۆ خۆیان لە پارەی میللەت دەبەن، دەبێ چ ئومێدێك بە پەڕلەمانی وا هەبێت.

گوتراوەو چاوەڕوانیش دەكرێت دەسەڵاتی تەنفیزی پارەی گەل بخوات، بەڵام پەڕلەمانی پێشووی كوردستان مۆدێلێكی تری گەندەڵی و پارە خواردنی میللەتی هێنایە كایەوە، مۆدێلی پارە خواردن و دزینی پارەی میللەت لە لایەن پەڕلەمانەوە.

ئەوەی باش بوو مەسەلەكە گەیشتە ئیعلام و ئاشكرابوو و رووڕەشیەكە كەوتە ناو مێژوو ئەگەرنا خوا دەزانی چەند پارەی تریان بەم چەشنە لێداوەو باسیان نەكردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە