تورکیا و پەکەکە ...پەیەدە و داعش ..بەرە و کوێ ..؟

Monday, 29/09/2014, 12:00

1885 بینراوە




ئەمریکا ئەو وڵاتەیە بەردەوام کار لەسەر بەکارهێنانى بەرامبەرەکانى دەکات لەسەر بنەماى بەرژەوەندى خۆى ، بە جۆرێک زۆر کات دوژمنەکەشى بەکار دەهێنێت ، خۆ ئەگەر بەم پێوانە بێت ئەوا لە ئێستادا پێویستى بە پەکەکە و تورکیا هەیە ، واتا دۆستایەتى دوو دوژمنى یەک ،وە پێویستى بە داعشێکى لاواز و پەیەدەیەک هەیە وەک دوو دوژمنى خۆى ، ئەمەش بە جۆرێک دەکا کە لە ناو چوار گۆشەى (تورکیا و پەکەکە + پەیەدە و داعشدا) ئەو هاوسەنگیە بپارێزێ کە ئامانجەکانى پێ بەدى بهێنێت ، ئەو ئامانجانەى کە لە سیناریۆى ئەم چوارگۆشەیەدا و لە فایلى سوریا ئامادەى هەیە..ئەمانەن :
1. ئەمریکا پێویستى بە تورکیایە لە ڕووى سەربازى و ئابورى وجوگرافى و جیۆسیاسى و جیوپۆلەتیکیەوە ، بە جۆرێک تورکیا ، تاکە دەروازەى هێمنە بۆ غاز و نەوتى ئەوروپا لە ڕێى بەندەرى جیهان و بۆرییەکانى نابۆکۆوە ، ئاسیا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە ، ئەندامى ناتۆیە و سەرچاوەیەکى گرنگى ئاوى شیرین و نمایندەى سونەیە ، بۆیە ئەمریکا ئەو ڕاستیە دەزانێت کە ئەگەر دۆخى تورکیا تێک بچێت ئەوا زەرەرێکى گەورە دەکات ، هەر بۆیە گڵۆپى سەوزى بۆ تورکیا هەڵکردوە ، کە تا ئاستێک خۆى لەشەڕى داعش بپارێزێ ، ئەمەش واى لە تورکیا کرد کە ئەو سنورەى بۆى دیارى کراوە بیبەزێنێ و بە پێچەوانەى بەرژەوەندیەکانى ئەوروپا و ئەمریکاوە یارى بکات ، کە ئەمەش لاى ئەمریکا جێگەى قبوڵ کردن نیە ، بە پەیوەندیەکانیدا دەچێتەوە ..ناهێڵێت یاریەکانى تورکیا زاڵ ببێت بەسەر یاریەکانى ئەمریکادا .
2. خۆ ئەگەر شەڕى داعش بە خوێن و ئاسمان بکرێت ئەوا ئەمریکا لەو ڕاستیە تێگەیشتوە لە دواى هێزى ڕاستەوخۆى ئێرانەوە ، تەنها پەکەکە و پەیەدە دەتوانن هاوکارى ڕاستەقینەى ئەمریکا بن ، ئەو هاوکێشەیە سەربازییە تەواو بکات ، خۆ ئەگەر ئەمریکا مەبەستى بێت تورکیا ڕابکێشێتە ناو شەڕى داعشەوە ،ئەوا لە پەنجەرەیەکى ترەوە دەیەوێت پەکەکە بکاتە یارى چى سەرەکى شەڕى داعش ، لەم نێوەندەدا تورکیا دەیەوێت یارى بە کارتەکانى ئەمریکا بکات بە جۆرێک ، کاتێک ئەمریکا هێرشى ئاسمانى بۆ سنورەکانى کوبانى ناکات ، لەبەر ئەوەیە پێگەى ئێران نەهێڵێت و پاشان بدات لە داعش ، کەچى تورکیا یارى بەم ئاگرە دەکات و سنور دادەخات هاوکارى سەربازى و لۆجستى داعش دەکات بۆ سەر کۆبانى ، بۆ ئەوەى پەکەکە بێنەخوارێ و قەندیل و شیرناخ چۆڵ بکەن ، بەڵام پەکەکە هەر زوو لەم یاریە ئاڵۆزە تێگەیشتوە ، بە دوو دیودا کار دەکات هەم شەڕى سەرڕێکانى دەکات بۆ کەمکردنەوەى قورساى سەر کۆبانى و هەم قەندیلیش چۆڵ ناکات ، ئەگەر چى ئێستە بۆ ڕزگارکردنى کۆبانێ تەنها دوو ڕێگە هەیە ، ئەویش ئەوەیە ئێران و ئەمریکا ڕێکەوتنێکى سنوردار ڕێکبکەون و ئەمریکا سیناریۆکەى جێبەجێ نەکات و هێرشى ئاسمانى بکات ، ئەوەش دەزانین کە ئەمریکا لە هەموو سنورەکانى پەیەدە نایەوێت داعش لەناو بەرێت ، بەڵکو وەک کارتێک بەرامبەر درێژکراوەى ئێران بەکارى دەهێنێت ، یان دەبێت پەکەکە بۆ گوشارخستنە سەر ئەوروپا و تورکیا هێش بباتە قۆڵاى تورکیا و هەڕەشەى تەقاندنەوەى بۆریە غاز و نەوتیەکانى نابۆکۆ بکات ، ئەو کات هێرەشەکان لە ژێر ئەم گوشارانەدا دەست پێ دەکات و کۆبانى هەڕەشەى قورسى لەسەر نامێنێت ، پەکەکە بۆ خۆى ئەم هەوڵەى دا و سەرکەوتو بوو تێدا ... لە دیوێکى ترەوە ئێران و ئەمریکا تا ئاستێک ڕێکن لەسەر کۆبانى بۆیە هێرشە ئاسمانیەکان دەستى پێ کرد ، دیوێکى ترى ئەم شەڕە لە چوارچێوەى ستراتیژى سەربازى ئەمریکادایە ، کە دەبێت سەرچاوە داراییەکانى داعش تێک بدرێت ، وە ئەگەرى دووبارەبونەوەى کارەساتێکى مرۆیى تر وەک شەنگاڵ هەیە ،وە ڕێککەوتنى پەیەدە و ئۆپۆزسیۆنى سورى کە ئەمریکا پشتیوانى لێدەکات ، هەموو ئەم هۆکارانە کاریگەریان هەیە بۆ ئەوەى ئەمریکا هێرشى ئاسمانى بۆ دەور و بەرى کۆبانى دەست پێ بکات چونکە پاڵاوتگەى نەوتى لێیە ، ئەگەر ئەم یاریانە نەگۆڕێت ، ئەوا تا ئێستا بەم شیوەیە هاتوە... چونکە هەردوو جەمسەرەکە ترسى ئەوەیان لەیەکتر هەیە لە ئان و ساتدا تاکتیکەکانیان بگۆڕن.
3. دۆسیەى کۆبانى ئەو وێنەیە بوو ، کە لەلایەن یەپەگە و پەیەدەوە درا بە دنیا ، کە ئەوان هێزێکن دەتوانن بەرگرى لە خاکى خۆیان بکەن کە نەوتاوى و غازاویە ، بۆیە لاى ئەمریکا گرنگە بیخاتە ناو بەرەى خۆیەوە ، ئێستا پەکەکە و پەیەدە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ماونەتەوە ، خۆ ئەگەر پێشتر سەر بە جەمسەرى ئێرانى بوبێتن ، لە دواى هاتنى داعش و ئەو بەرگریەى لە کۆبانى دەکرێت ، ئەم پەیوەندیانە دەبێت بە پێ ى گۆڕانى هاوکێشەکان ، گۆڕانیان بەسەردا بێت ، داعش بەلایەوە گرنگ نیە کێ وەک دۆست و کێ وەک دوژمن بەکارى دەهێنێت ، داعش دەیەوێت ڕەقە ببەستێەوە بە شەنگالەوە و لەوێشەوە بە موسڵەوە ، کاتێ ئەیەوێت ئەمە جێبەجێ بکات ، ئەوا لەبەرژەوەندى هەندێ وڵات و لە زەرەرى هەندێ وڵاتى تردایە ، تورکیا دەیەوێت داعش بەکار بهێنێت بۆ کۆتاى هێنان بە پەیەدە و پەکەکە ، ئێران دەیەوێت داعش بەکار بهێنێت بۆ زیندوکردنەوەى پەیەدە و بەشار ئەسەد ، ئەمریکاش یارى بە هەمویان دەکات بۆ بەرژەوەندى خۆى .

بە کورتى تورکیا کار لەسەر کارتى پەکەکە دەکات وەک ڕێکخراوێکى تیرۆرستى بۆ هاوکارى داعش و شەڕى پەیەدە و پەکەکە ، لە بەرامبەردا ئێران دەیەوێت هاوکارى پەیەدە و بەشار بکات و کارتى داعش وەک گوشار بۆ سەر ئەمریکا بەکار دەهێنێت ، ئەمریکاش یارى شەترنج باش دەزانێ... پەکەکە جارێک دەجوڵێنى بۆ ئەوەى پەکەکەش نەبێتە یاریکەرى سەرەکى لە بەرامبەردا تورکیا دەجوڵێنیت ، کە پەیەدە دەجوڵێنى بە داشى داعش نامە بۆ ئێران دەنێرێت کە فەرموو تۆش داشێک بخۆ ..بە واتایەکى تر هیچیان ناکاتە قوربانى ئەوەى تریان و هەموشیان بەشێوەیەک دەجوڵێنى کە لە بەرژەوەندى خۆى و ئەوروپادا کۆتایى پێ بێت ، بە کورتى بەرژەوەندى ئەمریکا لە کوێ بێت ئەمریکا لەوێ ئامادەیە ، دەیەوێت بە تەواوەتى تورکیایەکى دەستەمۆ ببستێتەوە بەخۆیەوە ، پاشان ڕۆژئاواى کوردستان ئەگەر بەڕێککەوتنیش بێت لەگەڵ ئێران بیبەستێتەوە بە خۆیەوە ، کێشەى پەکەکە و تورکیا چارەسەر بکات و داعش بچوک بکاتەوە و بیخاتە گیرفانى ، ئەمەش سێ ساڵى پێ دەچێ وەک خۆیان دەڵێن ، ئەو کات ئەم هاوکێشەیە لەهەر لایەکەو تێک چوو بە کارتى داعش جارێکى تر خۆى دەکاتەوە بە یارى کەرى سەرەکى .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە