كۆسرەت ڕەسول كارى وەهاى لێناوەشێتەوە ,پێویستە ڕاگەیاندنە سەربەخۆكان نەكەونە تەڵەى دەزگا سیخوڕییەكانى پارتییەوە

Saturday, 08/05/2010, 12:00

1455 بینراوە


دواى ئەوەى بەهەوڵێكى ئاشكرا و ڕفاندنێكى ئاشكرا , لە پایتەخێكى وەك ئەم هەرێمە یەك سەرۆك و یەك یاسا و یەك ئاین و یەك خێزان و یەك دەسەڵات و یەكجۆر بیركردنەوە وە یەك جۆر عورفى سەپاوى بنەماڵەكان دا, ڕۆژنامەنوسى ئازا و بەتوانا كاكە سەردەشت عوسمان, بە كوژراوى لە موسڵ دۆزرایەوە, دۆزینەوەى لاشەى ئەو ڕۆژنامەنوسە قەڵەم بەدەستە بۆ نیشتمانەكەى, تەنیا زەنگی لێدانى كوشتنى بەردەوامى ڕۆژنامەنوسان و تیرۆركردنیان نەبوو, زەنگێكە بۆ دەسەڵاتدارانى ئەم هەرێمە و دەزگا سیخوڕەكانیان, كە چیدى ناتوانن لەخەڵك و دونیاى بشارنەوە ئەوە چۆن بوو لەبەردەم دەزگایەكى مەعرفى وەك زانكۆدا لەپایتەختى هەرێم دا بەبەرچاوى حكومەتێكى تەمەن نۆزەدساڵى و لەشكرێكى گەورە لەپۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە و زێرەڤانى و دەیان دەزگاى سیخوڕى ترەوە ڕۆژنامەنوسێك بڕفێنرێ و دواتر تەرمەكەى بدۆزرێتەوە؟
مەترسیەكە لەوەدایە هەندێ كەناڵى سەربەخۆ كە ڕۆڵیان هەیە لە بێداركردنەوەى ئەم میلەتە تیرۆركراوەدا , هەندێجار دەكەونە هەڵەوە و خێرا هەواڵ بڵاو دەكەنەوە, وەك ئەوەى باس لەوەدەكرێ گوایە لەدواى بڵاوبونەوەى نوسینەكەى(شەهید كاكە سەردەشت عوسمان) لەسەر كۆسرەت ڕەسول, ڕفێنراوە و ئەوە بە هۆكارى ڕفاندنەكەى دەزانن, من لێرەدا نامەوێ پاساو بۆ كۆسرەت ڕەسول بهێنمەوە وناشمەوێ قەڵەمەكەم بۆ شاهێدى دانێكى نادروست بەكاربهێنم, ئەمڕۆ كۆسرەت ڕەسول لە حزبێكدایە, ستراتیژى حزبەكەى ئەوە دەهێنى َ كۆسرەت ڕەسول وەك ڕەمزێك و جێگرى سكرتێرى ئەو حزبە بخەینە ژێر دەیان پرسیار و ڕەخنەوە كە تایبەتو بە بێدەنگى ئەو لە گۆڕانى ستراتیژو بەرژەوەندى و پرەنیسپى حزبەكەى و كاردانەوەكانى بەرامبەر بە هەوادارانى خۆى و جۆرى ئیدارەكردنى حكومەت و كۆمەڵى پرسى ترەوە كە واى لێهاتوە حزبەكەى كاك كۆسرەت خەریكە دەبێتە حزبى خێزان نەك بنەماڵە, ئەمانە كۆمەڵى پرسن لە ڕۆژنامە و كەناڵە جیاوازەكانەوە لەكاتى خۆى دا لەسەر كۆسرەت ڕەسول وتراوە و ڕەخنەى توندى لێگیراوە و هەموو ئەو پرسیارە زەقانەشى ئاراستە كراوە, خۆم وتارێكم بڵاوكردەوە لە كوردستانپۆستى بەڕێزدا بەناوى (كۆسرەت ڕەسول لەژێر ڕێكەوتننامەى ستراتیژى دا), ئەگەر ئەو بەڕێز خەڵكى لەسەر نوسین بكوشتایە دەبوایە من یەكەم كەس بومایە و ئەو سەدان نوسینەش كەلەسەرى بڵاوكراوەتەوە, ئەگەر بكوژى ڕۆژنامەنوسان بوایە دەبوایە ئێستا یەك قەبرستان پڕبوایە لەو ڕۆژنامەنوسانەى كە ڕەخنەى لێدەگرن, ئەمەیان بەدیهیە و ئەمە یەكەمجاریش نیە كارى لەمجۆرە لەلایەن دەزگا سیخۆڕەكانى حزبێكى دەسەڵاتدارەوە دەخرێتە ئەستۆى و هەمویشى دیارە و لەدوایشدا بەتاڵ دەردەچیێت.
تیرۆركردنى سەردەشت عوسمان, و تۆمەتباركردنى كۆسرەت ڕەسول , پەیوەندى بەهەوڵ و دانانى بەرنامەى كۆسرەت ڕەسولەوە دێت كە وەك باسدەكرێت نایەوێت لەوە زیاتر حزبەكەى بگۆڕێ بۆ حزبى خێزان \و عەشیرەت و دەستوپێوەندەكانیان, لەلایەكى ترەوە ئەگەرچى حزبەكەى كۆسرەت ڕەسول لەبنەوە خەریكى شكاندنى كاراكتەرێتى و هۆكارى دەرنەچونى كاندیدەكانى لە هەولێر دەخەنە ئەستۆى و كردۆیانەتە بیانووى دورخستنەوەى, ئەو ڕاستیەى لەپارتى نەشاردەوە ئەوە تەنیا كۆسرەت ڕەسولە جەماوەرى لەهەولێردا ماوە نەك یەكێتى, ئەگەر كۆسرەت ڕەسول بەهۆى هەڵویستیەوە لە بەرامبەر چوار هاورێ ڕیفۆرمخوازەكەى دا ئیجابى بوایە جگە لەوانەى تەنیا وەك پۆست یەكێتین و ئەگەر لێانبكەرەوە دەبێت یان دادگاى بكرێن لەسەر دزى و گەندەڵى و خراپەكارى یان دەبێت بەعارەقى ناوچەوانیان كە ناشتوانن, كاسبى بكەن, ئەو جەماوەرە بەشێكى زۆرترى كۆسرەت ڕەسولیان وەك ڕەمز دەزانى, بەڵام ئەوانە ڕوداوێك بوون و ڕۆیشتن و دەبێت كۆسرەت ڕەسول خۆى وەڵامیان بداتەوە.
بەتەواوى دەركەوتوە بۆ پارتى شتێك نیە لەبەردەمیدا مابێت و ناوى یەكێتى بێت, یەكێتى وەك بەشێك یان ڕاستر بڵێن وەك لق و ناوچەیەك سەیردەكات دەیان ڕوداوى حزبى و ئیدارى هەیە ڕاستى ئەم بۆچونەمان بۆ دەسەلمێنێت, تەنیا هەڕەشەیەك كە ماوە لەناو یەكێتیدا و ڕێگە لەبەرژەوەندییەكانى بگرێت و خاوەن جەماوەرێكى فراوان بێت لەهەولێر, كۆسرەت ڕەسولە, بۆیە دەیەوێت بەهەرجۆرێك بێت, جارێك لەڕێگەى مەكتەبەكانى یەكێتیەوە بەتایبەت مەلا بەختیار, جارێك لە ڕێگەى تاڵەبانى و دەوروبەرییەوە كۆسرەت ڕەسول بشكێنى و دەسەڵاتیشى لێداماڵیت, ئەمانە هەمووى هەوڵن و پارتى دەیدەن, بەڵام من ئەو هەوڵە بە پڕمەترسى دەزانم, دەزگاى ڕاگەیاندنە سەربەخۆكان لە وردەكارى ئەو شەڕە ئاگادارنەبن و بكرێنە ئامانجى پلانەكانیان و بەپە شت بڵاوبكەنەوە. بەتایبەتى لە تیرۆركردنى كاكە سەردەشت دا دیارە و كۆمەڵێ گومان وامان لێدەكات بپرسین , ئایا ئەو نوسینەى سەردەشت عوسمان لەسەر كۆسرەت ڕەسول(سەردەمى شكستەكانى كۆسرەت ڕەسول دەستپێكرد) خۆى ناردویەتى بۆ كوردستانپۆست؟ یان خەڵكانى تر ؟ ئەگەر خۆى نەیناردووە حیكمەت چییە خەڵكانى تر دەینێرین بۆ كوردستانپۆست؟ ناردنى ئەو نوسینە پەیوەندى بە پڕخۆێنەرى كوردستانپۆستەوە هەیە ئەى مەبەستەكانى دواى ئەوە چییە؟
ئایا كێ دەتوانێ وەڵامى ئەم پرسیارانە بداتەوە؟
بەداخەوە ئەمڕۆ تیرۆركردنى ڕۆژنامەنوسان بووەتە ئاسانترین كار و دیاردە, ئەوانەى وا سۆران و سەردەشتیان تیرۆركرد بە قەناعەتى ئێمە لەیەك مندڵاڵدانەوە هاتوون و بەخەیاڵى خۆیان بۆ چەند ڕۆژێك لەسەریان دەنوسرێ و خۆپیشاندان دەكرێ و هەندێ ناڕەزاى دەردەبڕێ و ئیدى هیچى تر ڕونادات, بەڵام بێئاگان لەوەى لەگەڵ تیرۆركردنى هەر ڕۆژنامەنوسێكیدا هەنگاوێك نزیكتر دەبنەوە لە مەرگ بەڕیسواى.
جێى خۆیەتى لە دەزگاى پاراستنى پارتى بپرسین, تۆ ئاگادارى هەنگاوى عەرەبانچى و بۆیاخچیەكانى ناوشارى هەولێرى, دەزانیت ئەوان ڕۆژانە چ دەفرۆشن و چۆن دەجوڵێنەوە, دەزانیت تایەى عەرەبانچیەكان لە كوێدا پەنچەر دەبن و چۆن چاك دەكرێن, ئەى بۆ نەتزانى و نەتهێڵا باندێك بێن ڕۆژنامەنوسێك لەبەردەم زانكۆیەك دا بڕفێنن كە لەوڵاتانى تردا زانكۆ وەك دەوڵەتێك وایە لەناو دەوڵەتێكى تردا؟ ئەگەر لە بێ هێزى و كەم مەعلوماتییەوەیە ئێمە باوەڕ ناكەین, ئەگەر شتى ترە بە ئاشكرا بیڵێ و ئەگەر ناشتوانى ئەمنیەتى پایتەختێك بپارێزى ئیدى ئیشت چیە؟ پێناچى هیچ لەمانە بێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە