کار، یان موچەی بێکاریی!

Wednesday, 17/02/2010, 12:00

1374 بینراوە


ماوەی هەفتەیەکە ژمارەیەکی نزیک بە 700 تا 800 لە دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، خەڵکی ناوچەی پشدەر و بیتوێن سەر بە پارێزگای سلێمانی، دەستیان داوەتە مانگرتن، بە هەڵدانی چادر لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەردو شاری قەڵادزێ و ڕانیە. ئەم مانگرتنە بەدوای ئەوەدا دێتە ئاراوە کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا، دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان زۆر هەوڵی ئەوەیان داوە کە لەسەرکار دامەزرێن بەو بەڵگەنامانەی کە بەدەستیان هێناوە. بەڵام لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاربەدەستانەوە جگە لە وادە و بە ڵێنی چاوەڕوانیکردن هیچ کارێکیان بۆ نەکردون.
شایەنی باسە ناڕەزایەتی و جموجوڵێکی لەو چەشنە لە لایەن دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانەوە لە چەند شار و ناوچەی تری کوردستان لە ئارادایە. واتا ئەمە دیاردەیەکی گشتی و سەرتاسەریە لە کوردستانی ئەمرۆدا کە ژمارەیەکی زۆر لە کچان و کوڕان، خوێندنیان تەواو کردوە و حکومەتی هەرێم و بەرپرسان شانی خۆیان کێشاوەتەدەروە لەژێر هەرجۆرە بەرپرسیاریەتیەکی دابین کردنی کار و دامەزراندنی ئەو هێزە لەکاری خاوەن بەڵگەنامە. ئەمە لەکاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم زیاتر لە سێ 3 ساڵە یاسای وەبەرهێنانی بۆ سەرمایە و سەرمایەداران لە کەرتی وەبەرهێنان دارشتوە و لەم مەیدانەدا بەرپرسیارەتی گرتۆتە سەرشانی، کەچی بەرامبەر کرێکاران، گەنجان و لاوانێک کە خوێندنیان تەواوکردوە و خوازیاری دامەزراندن و ئامادەی وەرگرتنی کارن، نەک هەر هیچ جۆرە بەرپرسیارەتیەکی نەخستۆتە سەرشانی خۆی، بەڵکو لەبەرامبەر خوست و ناڕەزایەتیەکانی ئەو توێژەشدا بە زمان لوسی وا بۆ سێ 3 ساڵ دەچێت کە ئەم توێژەی لە چاوەڕوانیەکی نادیاردا ڕاگرتوە.
ئەم دیاردەیە شکڵێکی دیارکراوی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بێکاریە لە کۆمەڵگەی کوردەواری سەرمایەداریدا، وە بەدڵنیاییەوە خۆ ڕێکخراوکردنی توێژە جیاجیاکانی بێکارانە بەدەوری پلاتفۆڕمێکی گشتیەوە کە هێزیان پێدەدات بەرگری لە ماف و خواستەکانیان بکەن، بەڵام بەهەر ئەندازەیەکیش کە توێژێک دەتوانێت لە ڕێگەی ناڕەزایەتی و هێنانە مەیدانی خواستەکانیەوە پێشڕەویەک بکات کۆمەگی دەکات بە چونە پێشەوە و هێزگرتنی بزوتنەوەی بێکاری بەگشتی.
ئێمە لە "دەستەی پشتیوانی لە مانگرتوان" وێڕای هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی سومپەتی گشتی بۆ مانگرتوانی پشدەر و بیتوێن و ڕەوایی خۆاستەکانیان، لە هەوڵوتەقەلادا دەبین بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی هەرێم و ناچارکردنی بە ملدان بە خواستەکانی ئەو مانگرتوانە. لەوانە هەڵدەستین بە تۆمارێکی ئیمزا کۆکردنەوە بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی هەرێم.
حکومەتێک کە 19 ساڵەبودجەکەی شاردۆتەوە لە خەڵکی کوردستان و ڕێگە نەداوە کەس بزانێت جیاوازی چیە لەنێوان بودجەی حکومەت و داهاتی حیزب و گیرفانی بەرپرسیاران، ئێستاش نایەوێت شوێنی کار بۆ دەرچوانی خوێندگاکان؛ زانکۆ و پەیمانگاکان دابین بکات و دایان بمەزرێنێت، حکومەتێکی ئاوا ئەبێ ناچار بکرێت یان بە دابین کردنی کار یان بە دابین کردنی موچەی بێکاری بۆ دەرچوانی خوێندگاکان تا کاتی دامەزراندن و چونەسەرکاریان؛ بە لەبەرچاوگرتنی دابینکردنی لانی کەمی پێداویستیەکانی ژیان و باری خێزانیان.
ئێمە بانگەوازی ڕێکخراوە پیشەییەکان، حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان و کۆڕوکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە لایەنگری خۆیان بۆ مانگرتوان ڕاگەێنن و دەنگی ناڕەزایەتیان هەڵبڕن دژی بەدەنگ نەهاتنەوەی حکومەتی هەرێم بۆ خواستەکانی مانگرتوان.
- سەرکەوتن بۆ مانگرتوان
عەبدوڵا ساڵح (مامۆستا عەبدە). مستەفای حەسەنە گەورە. ساڵحی مەلا دەڵگەیی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە