گەرمیانییەكان داوا دەكەن بە زووترین كات تانە لە بڕیاری ئازادكردنی 16 تاوانبارەكەیكەیسی كیمیاباران و ئەفال بدرێت

Sunday, 06/05/2012, 12:00

1359 بینراوە


لەسەر پێشنیاری نوسینگەی باشوری رێكخراوی كوردۆساید (چاك) رێكخراوەكانی بواری جینۆساید و كۆمەڵی مەدەنی چالاكوانانی سنوری گەرمیان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 6/5/2012 هەستا بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێك دژ بە بڕیاری ئازادكردنی (16) تاوانباری كەیسی ئەنفال و كیمیاباران ، و پەلە كرن لە رادەستكردنی جاش و مستەشارەكان و بەعسیە تێوەگلاوەكان .
خۆپیشاندانەكە لە بەردەم قوتابخانەی لەیلاقاسمی شاری كەلارەوە دەستی پێ كرد تا بەردەم قایمقامیەتی قەزای كەلار ، لەویش لە لایەن بەرپرسی ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی كەلارەوە بە گەرمی پێشوازی لێ كرا ، دواتر یاداشتی رێكخراوەكان لە لایەن ئەحمەد مەجید بەرپرسی نوسینگەی باشوری رێكخراوی چاودێری كوردۆساید (چاك) خوێندرایەوە، لای خۆشیەوە بەرپرسی ئیدارەی گەرمیان بەڵێنی دا هەر ئەمڕۆ یاداشتەكەیان بگەیەنێتە شوێنی مەبەست .
شایانی باسە ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و كەس و كاری ئەنفال و سەربەرزی شەهیدان و قوتابیان و مامۆستایان و خەڵكی ناوچەی گەرمیان بەشداری خۆپیشاندانەكەیان كرد .
ئەمەش دەقی یاداشتنامەكەیە:
بەڕێزان ... سەرۆكایەتی كۆماری عێراقی فیدراڵ 
بەڕێزان ... سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
بەڕێزان ... ئەنجومەنی نوێـنـەرانی عێراق
بەڕێزان ... دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق
بەڕێزان ... سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
بەڕێزان ... سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان
بەڕێزان ... سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان 
بەڕێزان ... ئەنجومەنی دادوەری كوردستان 
یاداشتنامە 
لە رێگای سەرپورشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە ... 
ئاشكرایە دادگای تاوانكاری باڵای عێراقی لە ساڵی2007 بڕیاری خۆی بە ژمارە (1/تاوانكاری/2006) لەسەر تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال راگەیاند و لەهەمان كاتدا دادگای لێكۆڵینەوەی تاوانكاری عێراقی ئاگاداركردەوە بەمەبەستی كردنەوەی دۆسیەی تایبەت بە كۆمەڵێك تۆمەتباری تر لەو كەیسە ، كە بەداخەوە هەندێكیان هەڵهاتوون بۆ دەرەوەی عێراقو هەندێكیشیان لە ناوخۆی عێراقو هەرێمی كوردستاندا داڵدەدراونو تائێستا هەنگاوی رادەست كردنەوەیان نەنراوە، بەڵام ئەوەی ئێمەی زۆر نیگەران كردووەو گومانی لەسەر نەزاهەتی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لا دروست كردووین، بڕیاری ئازادكردنی ئەو (16) تۆمەتبارەی كەیسی هەڵەبجەو ئەنفالە، چونكە ئەو بڕیارە لە كاتێكدا دەرچوو كە پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی ناوەند لە بەغداد گرژیو ئاڵۆزی تێكەوت بوو ، بۆیە دەرچوواندنی ئەو بڕیارە لەو كاتەدا وا دەخوێنینەوە، كە پەرچەكرداری سیاسی بێ نەك بڕیارێكی دادپەروەرانە، بۆیە ئێمە وەكو رێكخراوەكانی سنوری گەرمیان نیگەرانی خۆمان دەردەبڕینو ئەم خاڵانە بۆ رای گشتی دەخەینە روو :
1. سەبارەت بە بڕیاری دادگای تاوانەكانی عێراق بە ئازادكردنی ئەو (16) تۆمەتبارەی كەیسی ئەنفالو كیمیاباران ، داواكارین بە زووترین كات و لە ماوەی یاساییدا تانە لەو بڕیارە بدرێت لە دادگا تایبەتمەندەكانو بۆ دەستگیركردنەوەی تۆمەتباران . 
2. نیگەرانین لەوەی سەرەڕای پاراستنو رادەست نەكردنی ئەو تۆمەتبارانەی وەك (جاشو موستەشارو بەعسییە تێوەگلاوەكان) ، كەچی هێشتا پۆستو مووچەیان پێدەدرێ لەلایەن هەندێك لەپارتە سیاسییە عێراقیو كوردییەكانەوە، وە بە پێی ماددەی (15) لە یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2005ی (یاسای دادگای تاوانكاری باڵای عێراقی) هیچ كەس و لایەنێك مافی لێخۆش بوونی لە تۆمەتبارانی تاوانی كۆمەڵكوژی نییە . 
بۆیە لێرەوە ئێمە وەكو رێكخراوەكانی سنوری گەرمیان رایدەگەیەنین كە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی دەسەڵاتەكانی (هەرێم و حكومەتو پەرلەمان)ی كوردستان لە بەردەم هەڵوێستێكی مێژووییدان بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسانەی سەرەوە لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغداد. وە بە پێی رێكەوتنانەمەی قەدەغەكردنی كوشتنی بە كۆمەڵ كە بە بڕیاری ژمارە (260 ألف (د-3) لە 9/12/1948) كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەریكردووە لە بڕگەی (ب)ی ماددەی یەكەمدا هاتووە : گەیاندنی زیانی جەستەییو رۆحیی ترسناك بە ئەندامانی كۆمەڵێك ، بە كرداری تاوانی جینۆساید دادەنرێ، بۆیە نابێ چیتر بەدەركردنی ئەو جۆرە بڕیارانە ئازاری دەروونیو رۆحیی ترسناكی كەسو كاری ئەنفالكراوەكانو كیمیاباران بدرێ . 

رێكخراوەكانی بواری جینۆسایدو كۆمەڵی مەدەنیو چالاكەوانانی سنوری گەرمیان 
6 / 5 / 2012 

ناوى ریكخراوەكانی بواری جینۆسایدو كۆمەڵی مەدەنی لە گەرمیان
1. ریكخراوى چاودێرى كوردۆساید (چاك) لقى گەرمیان
2. كۆمەڵەى داكۆكیكار لە مافی قوربانیان و كەسو كارى ئەنفالكراوەكانى گەرمیان
3. ریكخراوى 144
4. فدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی بواری جینۆ ساید
5. ناوەندى ریكخراوە دیمكراتیەكانى گەرمیان
6. كۆمەڵەى ئافرەتانى كوردستان لقى گەرمیان
7. كۆمەڵەى پەیامى گەرمیان
8. سەنتەرى بەرەنگارەبونەوەى توندو تیژى دژ بە ڕەگەزى مێینە لە گەرمیان
9. یەكێتى لاوانى دیموكراتى لە كوردستان عێراق لقى گەرمیان
10. ریكخراوى گەشەپێدانى قوتابیانى كوردستان
11. سەندیكانى كارمەندانى تەندروستى گەرمیان
12. یەكێتى ئافرەتانى كوردستان ئەنجومەنى دەڤەرى گەرمیان
13. سەندیكاى كرێكارانى كوردستان لقى گەرمیان
14. یەكێتى گشتى قوتابیانى كوردستان لقى گەرمیان
15. بنكەى ڕوناكبیرى گەلاوێژ لقى گەرمیان
16. رێكخراوى گەشەپێدانى ئافرەتان لقى گەرمیان
17. یەكێتى لاوانى كوردستان لقى گەرمیان 
18. خوشكانى كۆمەڵى ئیسلامى كوردستان لقى گەرمیان
19. یەكگرتوى خوشكانى كوردستان لقى گەرمیان
20. یەكێتى ژنانى كوردستان لقى گەرمیان
21. ژمارەیەك لە چالاكەوانى بوارى كۆمەڵى مەدەنى لە گەرمیان 
22. یەكێتی قوتابیانی كوردستان لقی گەرمیان 
وێنەیەك بۆ: قایمقامییەتی قەزای كەلار 
رێكخراوەكانی بواری جینۆسایدو كۆمەڵی مەدەنیو چالاكەوانانی سنوری گەرمیان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە