سلێمانیش ساڵیادى پەكەكەى پیرۆز كرد

Tuesday, 01/12/2009, 12:00

1539 بینراوە


سلێمانى
لە چوارچێوەى ئەو پیرۆزباییانەى لە سەرانسەرى كوردستاندا بۆ ساڵیادى پارتى كرێكارانى كوردستان ڕێكدەخرێن، شارى سلێمانیش هاوبەشیكرد و بە سیمینارێك سى و یەك ساڵەى پەكەكەى پیرۆز كرد.
بۆ بەشداریكردن لە پیرۆزباییەكانى گەلى كورددا، دوێنێ (29/11/2009) سیمینارێك لە لایەن (كۆمیتەى بەرزڕاگرتنى 31 ساڵەى پەكەكە) ڕێكخرا بۆ بەڕێز (نەجیبە عومەر) ئەندامى دەستەى كارگێڕى پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان، سیمینارەكە لە گەڕەكى سەرچنارى شارى سلێمانى بە بەشدارى زیاتر لە (100) سەد كەس بەڕێوەچوو، سەرەتا بە خولەكێك وەستان بۆ گیانى بێگەردى شەهیدانى ڕێگاى ئازادى كوردستان دەستى پێكرد، پاشان نەجیبە عومەر دەستى بە قسەكردن كرد و هەر لە سەرەتاوە جەژنى قوربان و جەژنى ژیانەوەى لە ئامادەبووان و بەڕێز ئۆجەلان و گەلى كورد پیرۆز كرد، پاشان چووە سەر بابەتى دروستبوونى پارتى كرێكارانى كوردستان و چۆنێتى دەستكردن بە تێكۆشانى ئەو شۆڕشە و وتى:"ئەو كۆمەڵە گەنجەى دەستیانكرد بە دامەزراندنى پەكەكە بە هزرێكى فراوانەوە دەستیان پێكرد، بەوەى هەر لە سەرەتاوە وتیان كوردستان داگیركراوێكى نێودەوڵەتییە و تەنها بە پارچەیەكەوە خۆیان قەتیس نەكرد، هەروەها بە بێ پشتبەستن بە هیچ دەوڵەتێك دەستیان پێكرد، بەڵكو تەنها پشتیان بە گەلى كورد بەست و هەر لەسەرەتاوە وتیان ئێمە هێزى مادى و مەعنەوى لە گەلى خۆمان وەردەگرین".
نەجیبە عومەر باسى پێگەى ژنیشى كرد لەناو پەكەكەدا و وتى: بوونى ئەو ڕۆڵەى ژن لەناو پەكەكەدا نەك تەنها بۆ گەلى كورد مایەى شانازى و پێشكەوتنە، بەڵكو بۆ مرۆڤایەتیش خاڵێكى گرنگ و نمونەییە.
هەروەها نەجیبە باسى لەوە كرد كە پەكەكە هەمیشە تێكۆشانى سیاسى و سەربازى و ئایدۆلۆژى و فەلسەفى پێكەوە بەڕێوە بردووە و هەمووكات لە هەناوى خۆیدا توانیویەتى گۆڕانكارى بكات، هەربۆیە هیچ كاتێك هێزە پیلانگێڕەكان نەیانتوانیوە پەكەكە لەناوبەرن یان لاوازى بكەن.
هەر لە سیمینارەكەدا نەجیبە عومەر باسى لە كاریگەرى پەكەكە كرد لەسەر باشورى كوردستان و وتى: "تێكۆشاى پەكەكە كاریگەرى لەسەر باشوریش كردووە، بەشێكى زۆرى گەنجانى هەرێمى كوردستان بەشدارى تێكۆشانى پەكەكەیان كردووە، باشورى كوردستان خاوەنى (300) شەهیدن لەناو پەكەكەدا".
لە بەشێكى ترى سیمینارەكەدا جەماوەریش هەستى خۆیان هێنایە زمان و ساڵیادى پەكەكەیان پیرۆز كرد، ئامادەبووان ڕەخنەى ڕاگەیاندنەكانى هەرێمى كوردستانیان كرد كە لەبەرژەوەندى نەتەوەیى دابڕاون و خۆیان بە هەندێ بابەتى هەرزان و بچوكەوە سەرقاڵكردووە.
پاشان بە چەپڵەلێدان و دروشمى (شەهید نامرن، بژى سەرۆك ئاپۆ) كۆتایى بە سیمینارەكە هات. هەر لە سیمینارەكەدا وێنەى بەڕێز ئۆجەلان و چەندین لافیتە هەڵواسرابوون، كە لەسەریان نوسرابوو" پەكەكە پێناسەى ئیرادەى ئازادى و دیموكراتییە". ڕێبەر ئاپۆ پێناسەى پەكەكەیە و پەكەكەش پێناسەى چارەسەرى و دیموكراتییە". پەكەكە خولقێنەرى كەلتورى بەرخۆدان و خۆڕاگرییە."


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە