ناهەقییە ڤیان دەخیل بخرێتە رێزی کچانی کۆبانی، بکرێت بە پێشەنگی ژنانی جیهان بۆ ساڵی‌ 2014

Saturday, 20/12/2014, 12:00

2265 بینراوە


ئەگەر بگوترێ جیاوازی چییە لە نێوان هەڵوێستی کچانی شەرەڤان لە کۆبانی، لەگەڵ هەڵوێستی ڤیان دەخیل، پەرلەمانتار لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدادا؟
دەتوانین بڵێین، جیاوازییەکە بەقەد بۆشایی نێوان ئەستیرە و مانگ، زەمین و ئاسمان، گەورەیی و زەبەڵاحی دەریاکانە، بە قەد بۆشایی نێوان سەربەستی و ژێر دەستیییە، جیاوازییەکە هێندە گەورەیە، هێشتا ناهەقی لە بەراوردکردنەکە کراوە!
کچانی شەرەڤان، بەبێ بەرامبەری پۆست، پارە، خۆدەرخستن، بەبێ پشتیوانی ئۆباما، وڵاتانی ئەوروپا، تورکیا، ئێران، قەڵاچۆلان، پیرمام و گردی زەرگەتە، بەبێ لایەنگری میدیای پارەداری وەکو کەناڵی رووداو، کوردستان تیڤی، کوردسات، کەی ئێن ئین، ئێن ئارتی، سبێدە و کەناڵەکانی تری سێبەر و دەستەڵاتدارنی هەرێم ، بەبێ پرۆپاگەندە و هاوکاری ئەو راگەیاندن و حیزبانە کچانی شەرەڤان بڕیاریاندا بە پێوە بمرن.
بەشداریکردنی ڤیان لە دەرەوەی ئەو فۆرمەدایە! ڤیان زەمینەی پۆست، پارە، خۆدەرخستن، بەرژەوەندی شەخسیی هێناویەتە پێشەوە، پاڵپشت و لایەنگری ڤیان نەوتفرۆشەکانی هەرێمن، ڤیان وێنە و واجیهەی پیسخۆریی و گەندەڵترین پارتە لەو سەرزەمینە. ڤیان رۆژێک لە ژیانی بڕیاری نەداوە بە پێوە بمرێت لە پێناو خاك و نیشتمان و ئازادیی ژناندا، ڤیان سەر بە کۆمەڵێک سەرکردەی کوردە لە هەرێم کە دەستیان هەبوو لە بەجینۆسایدکردنی شەنگاڵ و کوردی هەڵگری بیروباوەڕ و ئاینی یەزیدی بەدەستی داعش. بۆیە ڤیان بوو بە جێگەی سەرنجی بەرژەوەندیپەرستان و دەستەڵاتدارە سیاسییەکانی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم ، بەغداد، تورکیا، ئێران و ئۆبامای سەڕۆکی ئەمریکا، وەکو رەمزێکی دەستکردی ئەوانە لە شەڕی میللەتەکەمان دژ بە داعش هێنراوەتە پێش و هەڵوێستەکەی لەگەڵ هەڵوێستی کچە شەرەڤانی کۆبانی جووت دەکرێت!
کچانی کۆبانی، شەرڤان و پێشمەرگە، گیانی بەرخوردان لە پێناو ئازادیی و سەربەرزیی، تۆڵە سەندنەوە لە ناهەق، بەرەنگاربوونەوە دژ بە داعش، بوون بەهێز، توانا، گڕوتەوژمی شەپۆڵی دەریاکان، هەور و بروسکەی هەڵگری ناڵەی هەزاران منداڵی بێتاوان و مرۆڤی سەڕبڕاو.
کچانی کۆبانی بوون بە جێگە سەرنجی هەموو ئازادیخوازێک لە دونیا، بوون بە هێمای بەرخوردان و ئازادیی، بوون بە قوتیلەکەی ژوورە تاریکەکانی ماڵە هەژاران، بوون بە هیوای فرمێسکی قەتیسماوی ناو چاوی دایکی شەهیدان.
کچانی کۆبانی هەموو دونیای کەروڵاڵیان هێنایە سەر شەقامەکان، کچانی کۆبانی بوون بە رەمز و لۆگۆێ قەڵەمی ئازاد و سەربەست.
بۆیە ڤیان و کچانی کۆبانی دوو دونیای ئیجگار لەیەک دوورن!

سەرچاوە
ئاوێنە نیوز
کچانی کۆبانی و ڤیان دەخیل بوون بە پێشەنگی ژنانی جیهان بۆ ساڵی 2014

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە