لەهەر خانوویەك دەفتەرێكم نەدەیتێ، پڕۆژەكەت ڕادەگرم؟

Tuesday, 17/06/2014, 12:00

1535 بینراوە




لەم ڕۆژگارە شتى وا دەقەومێ، مرۆڤ لەئاقاریدا سەرسام و دەستەوسان دەمێنێ، بەبیستنى شتەكان موچڕكەى بەلەش دەگەڕێ و خەم و خەفەت دەبێتە هەوێنى بیركردنەوەى.

لەكاری ڕۆژنامەنووسی دا بەهۆی گەڕان و سووڕان و دواندنى ئەم و ئەوەوە شتى تازە و دواین هەواڵت پێ دەگات كە لەئاقاریدا نەزانى چی بڵێیت و چ قسەیەكى لەبارەوە بكەى.

لەڕێی برادەرێكەوە وەسفی كابرایەكی بۆ كردم گوایە پڕۆژەیەكى بۆ دەرچوو لە زەویەكەدا كە موڵكى حكومەتە هەزار خانووى لەسەر دروست بكات و بەقیستى درێژخایەن بیفرۆشێتەوە، لێ لەلایەن بەرپرسێكەوە پێی گوتراوە ئەگەر بۆ هەر خانوویەك دەفتەرێكى نەداتێ ئەوا پڕۆژەكەى ڕادەگرێ..ئەو قسەیە بۆ ئامادەكردنى ڕاپۆرتێك وای لێ كردم دوای وەرگرتنى ناونیشانى ماڵی، لەدەرفەتێكدا بچمە سەردانى و دوای خواردنەوەى چایەكى خەست لەماڵیاندا، ئەسڵی مەبەستم لای دركاند و گوتم: دەمەوێ ڕاپۆڕتێك لەسەر ئەم چەند قسەیە ئامادە بكەم و زۆریش مەمنوون دەبم ئەگەر وردەكاری ئەو بەسەرهاتەمان بۆ بگێڕیەوە.

كابرا ڕەنگى دەموچاوى زەرد هەڵگەڕا و بەهەڵپەیەكەوە وتى: ببوورە نە قسەت بۆ دەكەم و ڕازیش نابم لەم ڕووەوە هیچ قسەیەكت بۆ بكەم چونكە من دەستم بەكڵاومەوە گرتووە با نەیبات و بۆ ئامادەكردنى ڕاپۆرتێك پڕۆژەیەك لەدەست خۆم نادەم و خۆم تووشی كێشە ناكەم.

زۆر لەبەر پاڕامەوە تا هەندێ سەرەداوم بۆ ئاشكرا بكات و بەڵێنیشم پێیدا دوور نزیك نە ناوى ئەو ببەم و نەناوى بەرپرسەكە بڵاو بكەمەوە.

كە بەڵێنی لێ وەرگرتم، وەكو متمانە دروست ببێ، وتى: باشە هەندێ سەروگوێلاكى قسەكانت بۆ دەشكێنم بەڵام ئەوە ئەمانەتە و تكادەكەم زێدەڕۆیی تێدا مەكە.

وتم: چی دەڵێی وادەكەم.

ئاهێكى قووڵی هەڵكێشا و بەهەڵپەیەكەوە وتى: كاری من قۆنتەراتی و ئەو جۆرە شتانەیە، لەڕێی ناسیارێكەوە ڕەوانەى لای بەرپرسێكی دەستڕۆیشتووم كرد ولەڕێی ئەوەوە چەند دۆنم زەویەكم لەشارەوانى بەبێ ڕكابەر و بەبێ مزایەدە و مناقەسە وەرگرت بێ ئەوەى كەس پێ بزانێ تاهەزار خانووى لەسەر دروست بكەم و بەقیست بە هاوڵاتیانى بفرۆشمەوە، ڕێوڕەسمەكانم بڕاندەوە و دەست بەكار بووم، ئەو زەویەى بۆم تەرخان كرابوو، شۆفەڵ و گرێدەرم بردە سەری، زەویەكەم تەخت كرد و دەست بەكاربووین لە بناغە و دەركردنى بادلۆی خانووەكان، پارەیەكى باشم لێی خەرج كرد، تازە دیوارمان بەرز دەكردەوە، ڕۆژێكیان تەلەفۆنێكم بۆ هات، وەڵامم دایەوە، دەنگى ئەو بەرپرسەبوو وتى: هەر ئێستا وەرە لام ئیشم پێتە.

منیش دەمزانى ماڵیان لەكوێیە، لەسەر ئیشەكەوە چوومە ماڵیان، بەخێرهاتنێكى گەرمى كردم و چاو و قاوەم لای خواردەوە، كە وتم: قوربان ئەوە هاتووم ئەگەر ئێشێكتان هەبێ؟

بەرپرسەكە وتى: خۆت باش دەزانى من لەڕێی یەك تەلەفۆنەوە بەبێ مزایەدە و مناقەسە ئەو زەویەم بۆ وەرگرتى تا كاری وەبەرهێنانى لەسەر ئەنجام بدەى، ئێستاش دەمەوێ بۆ هەر خانوویەك یەك دەفتەر و بۆ ئەو هەزار یەكەیە هەزار دەفتەرم دەوێ و دەمەوێ بەزووترین كات بۆمى بێنى.

بەو قسانە خەریك بوو خوێن لە لەشم بوەستێن هەناسەم سواربوو، بە دڵتەنگیەوە وتم: ئاخر قوربان من هەزار دەفتەرت بۆ لەكوێ بێنم، ئەو پارە گەلێك زۆرە و لەو كارەدا چیم بۆ دەمێنێتەوە؟

بەرپرسەكە ناوچەوانى گرژ كرد و وتى: هەزاران كەس هەن زۆر لەوە زیاترم بدەنێ بەس شتێكى وایان بۆ دەربچوێنم، ئەگەر لەبەر خاتری ئەو ناسیاوەت نەبوایە من نەدەتناسم و ئامادەش نیم شتێكى لەو بابەتە بكەم.

كە وتم: قوربان نەختێ خاترمان بگرە و بۆ ئێستا هیچی وام لەبەر دەست نیە تا بۆتى بێنم.

بەرپرسەكە بەدەم پێكەنینێكى دەستكردەوە وتى: من ئەو گێلمە گێلە نازانم چیە، لەماوەى یەك هەفتەى هەزار دەفتەرم بۆ دێنى باشە، وەئەگینە بە یەك تەلەفۆن پڕۆژەكەت ڕادەگرم، فەرموو خواحافیزتبێ.

هەر بەدەركردنى دەری كردمە دەرەوە، بە نائومێدی ماڵیان بەجێ هێشت و چوومەوە ماڵ، زۆر خەفەتم خوارد، بیرم دەكردەوە من هەزار دەفتەر لەكوێ بێنم؟ بیریشم لەوە دەكردەوە ئەگەر واز لەو پڕۆژەیە بێنم تا ئەو ئان و ساتە پارەیەكى خەیاڵیم خەرج كردووە و بەوازهێنان لێی دەكەومە ژێر قەرزێكى زۆرەوە و بە حەیاتى خۆم ڕاست نابمەوە، بڕیارمدا شانى بدەمە بەرێ و بەردەوامبم، ڕووم زیاتر لە سەد برادەرنا لێرە دە دەفتەر و لەوێ چوارو پێنج و بەو بێوەژنكۆشیە لەماوەى ئەو هەفتەیە هەزار دەفتەرم خڕ كردەوە و خستمە دەستیەوە، منێك بەرپرسان ئاوا بمكوشن، ناچاربووم منیش تۆڵەى خۆم لەو خەڵكە بكەمەوە كە ناویان تۆمار دەكرد بۆ كڕینى ئەو خانووانە، بەوەش كام مەواد خراپ و كەم مەسرەف بوایە دەمكڕی و لەخانوەكانم دەدا، بەجەلەبی خانووەكانم تەواو كرد و ڕادەستى خاوەنەكانیانم كرد، ڕەنگە ئەو خەڵكە بەردەوام دوعام لێ بكەن، بەڵام من گوناهم چیە ئەگەر ئەو بەرپرسە ئەو هەزار دەفتەرەی بەحەرام لێ وەرنەگرتمایە كەتا دەمرم منیش هەر دوعای لێ دەكەم و لەخوا دەپارێمەوە هەمووى لەداو و دەرمان خەرج بكات، وەئەگینە پێشوەخت بڕیارم لەگەڵ خوای خۆم دابوو ئیشەكان بێ غەل و غەش بەڕێوە ببەم، كە ئەو بەرپرسە منى دۆشین منیش ناچاربووم ئەو خەڵكە بدۆشم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە