سەركردایەتی كورد و بیانووی دیموكراتیزەبوونی ناوچەكە

Sunday, 18/03/2012, 12:00

1331 بینراوە


 




سەرانی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كە دێنە سەر قسە و باسی خەون و ئاواتەكان و زامنكردنی دوارۆژی گەلی كورد كە قوربانیەكی بێوێنەی بۆ پێشكەش كردووە، سەرو بنی زمانیان تەنانەت لە لێدوانە رەسمیەكانیشیاندا، تەنها باس كردنە لە دیموكراتیزەبوونی وڵاتانی ناوچەكە، وەك تاكە مەرجی سەرەكی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە چارەنوسسازەكانی گەلە ستەمدیدەكەمان .
بەڵێ بەرقەراربونی دیموكراسی هەلی گفتوگۆ و بواری لێكنزیكبونەوەی پێكهاتەكان فراوانتر دەكات و ئەگەری چەسپاندنی ئاشتەوایی بەهێزتر دەكات و، بێ گوێدانە داخوازیە گرنگ و یەكلاییكەرەوەكانی خەڵك، مەودای پێكەوەژیان گەورەتر دەكات و رێگەی بوژانەوەی ئابووری وڵات بەرینتر دەكات و، لەوانەشە هۆكارێكی سەرەكی گونجاو بێت بۆ بەرزراگرتنی ئاستی رۆشنبیری خەڵك، بەڵام ترس و دڵەراوكێی دووبارە بونەوەی مەرگەساتەكان وداگیركاری و ناحەقی و دەسترۆیشتویی زۆرینە و بواری فرتوفێڵی شەرعی و دواخستن و خۆگێلكردن لە داواكاریەكانی كەمینە وبە دەستهێنانی مافە رەواكانیان دەخرێتە ژێر رەحمەتی گۆمەڵێك گریمانە و پرسیارەوە كە دەكرێت بەدەستیەوە بناڵێنین .
ئەگەر چۆنێتی بریاردان و مامەڵەكردنی وڵاتانی تازەسەربەخۆبووی وە ك تەیموری رۆژهەڵات و كۆسۆڤۆ و باشووری سودان لێكبدەینەوە و رەفتار و هەنگاوەكانیان و هەڵوێستە بنەرەتیە چارەنوسسازەكانیان لەمەڕ پرسە گرنكەكان بخوێنینەوە، زۆر بە روونی بۆمان دەردەكەوێت كە بۆیەكلاییكردنەوەی چارەنوسیان تەنهاپشتیان بە دیموكراسیبونی نەتەوەی سەردەست و ئالیەتی جێبەجێكردنی نەبەستووە، بەڵكو تەنها هاوكێشەكان و مامەڵە و هەڵوێست و ئیرادەیان چەكی ستراتیجی بریاردانی یەكجاریان بووە و، لەپێشەوەش هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیەكی بە دیقەتی رێژەی شیاوی قۆناغەكە و هاوتەریبی بارودۆخە بابەتی خودیەكەیان لەبەر چاو بووە و پشتیان لە زۆر چەمكی نوێ كردووە و بە وردی جوڵاونەتەوە ، ئەمەش وایكردووە كە بریارەكانیان لە گەڵ داخوازیەكانیان یەكانگیربێت ، نەك حساب كردن بۆ ئاستی دیموكراتیزەبونی زۆرینە یان نەتەوەی سەردەست .
بۆ سەلماندنی راستیی پێچەوانەی بۆچونی زۆرینەی سەرانی كورد، كە تا ئەم ساتەوەختەش تەنها گرەو لە سەر دیموكراتیزەبونی وڵاتانی ناوچەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكەمان دەكەنەوە، بە شیكردنەوەی هاوكێشە پەیوەستەكانی پرسی سەربەخۆیی و روماڵكردن و خوێندنەوەی واقعی ئەم ناوچەیە لەسەرجەم گۆشەنیگاكانیەوە، راستیەكان دەردەخەین .

یەكەم : لەم سەردەمی جیهانگیریەدا كە كاریگەریەكی بنەرەتی لەسەر رەوتی ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی ئەم ناوچەیە هەیە كە تییدا دەژین،پاش گۆرانكاریە گەورەكان، سەرئەنجام كۆمەڵێك توخمی سەرەكی كۆن تێكشكێنراون و دەرئەنجامێكی لێ بەرهەمهاتووە كە بووەتە هۆكار و فاكتەری سەرەكی دروستبونی كۆمەڵێك دەردانی هەمەچەشن و نوێ و، لەوێشدا هاوكێشەی فكری و سیاسی نوێی هیناوەتە ئاراوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا كۆمەڵێك توخمی جیگرەوەی جیواز و نوێی دروستكردووە كە كاریگەریەكی توندی لەسەر رەورەوەی گشتی سیاسەتی ناوچەكە كردووە ، سەرئەنجام فەزایەكی وای بەرهەمهێناوە كە دیسان هاوكێشە تازە دروستبووەكان پەیوەستبن بە بەردەوامبونی ناوكی راستەقینە و پاڵنەری بەهیزی پێكهێنانی سیستمی سیاسی و قەوارەی نوێوە . دروستبونی دەوڵەتی نەتەوەیی كە ئێمەی كورد بیبەش بووین لێی، لە قۆناغەكانی پێشوودا لەسەر هاوشێوەی ئەم زەمینەیەی ئەمرۆ بووە، كە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سەرەكیەكانی گەلی كورد فەراهەمبووە، بەڵام لە زەمان زەمینێكدا كە غەرقی كۆمەڵێك چەمكی جیاواز لەوەی ئەمرۆدا بوو بەڵام دیموكراسی بە هیچ شێوەیەك بوونی نەبوو، ئەمەش ئەو بۆچونانەی سەركردەكانی لای خۆمان لنگەوقوچ دەكاتەوە كە تەنها بۆ سەربەخۆیی كوردستان پشت بە دیموكراسی ناوچەكە دەبەستن وەك تاكە مەرجی پێشوەخت .

دووەم : فاكتەری ئابووری جێی بە رەوتی سیاسەتی گشتی وڵاتان لەق كردووە، هەر نەبێت، واپێكەوە گرێدراون كە ناتوانرێت لە خوێندنەوەی رەوشی هیچ جیگایەكدا حساب بۆ هەردوو فاكتەرەكەپێكەوە نەكەیت، تەنانەت لایەنی ئابووری خاڵی یەكلاكەرەوەی پێشوەختی زۆرێك لە بریارە گرنكەسیاسیەكانیشن، هەرچەند هەستیاربن. هەر ئابووریش وەك چالاكیەكی بنەرەتی بەری بە سیاسەت گرتووە لە پێكهێنانی وڵاتی نوێ یان یەكگرتنیان یان پێكهێنانی هەوپەیمانێتی لە نێوانیاندا لە پێناو فەراهەمكردنی هۆكاری خوشگوزەرانی هاوڵاتیانیان. ئەگەر هەرێمی كوردستان تا رادەیەك ئەمەی لەبەرچاو گرتووە، بەَلام بە شیوەیەكی سیستماتیك كارە گشتیەكان مەیسەر ناكات و، ئەمەش وای كردووە لەم رووەوە لەپێناو یەكلایی كردنەوەی پرسە سەرەكیەكەی گەلی كوردستان قازانجێكی ئەوتۆی لێ نەبینیوە .

سێیەم : تا رۆژگاری ئەمرۆمان، دیموكراسیەت بە هیچ شێوەیەك لە زەمینەی تایبەتی و فراونە پێویستەكەی جیانەبۆتەوە كە پەیوەستە بە رەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی و، تا ئێستا ئەم چەمكە بەپشتبەستن بە پێگە سەرەكیە تایبەتیە نێوخۆییەكان، ماوەتەوە و، نەبۆتە دیموكراسی گشتگیری جیهانی و ولاتان بە گشتی و، ئالیەتێكی گشتگیری بە شێوەیەكی ئاسۆیی بۆ دیاری نەكراوە، كەچی لەهەمان كاتدا بە شێوەیەكی ستونی لە چوارچێوەی قەوارە دیاریكراوەكانی وەك دەوڵەت و حزب و رێكخراوەكان قووڵبۆتەوە و، تەنانەت رۆچۆتە بوراەكانی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی نەتەوەكانەوە . ئەم دیموكراسیەتەش لە ناوچەكە زۆر لاوازە و لە كوردستانیش لە هەنگاوە بەراییەكانیدایە . ناكرێت سەركردایەتی كورد پێشبینی ئەوە بكات، كە بۆ قۆناغێكی دوورودرێژی تر ئەم چەمكە بە شێوەیەكی راستەقینە بەرقەرار بێت .

چوارەم : تا ئێستا دیموكراسیەتی نیشتمانی و نەتەوەیی رۆڵی سەرەكی خۆیان دەگێرن، بە پێی پێویستیەكانی سەردەمی جیهانگیری و، وەك ناوەندێك و چەمكێكی بەستەرەوە ، بەلەبەرچاوگرتنی باری ئابووری و سیاسی لە دۆخی ئێستای جیهان و بارودۆخی تایبەتی نێوخۆیی، مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن و، زۆر جار بە پێی ئالیەتەكانی دیموكراسی مافی كەمینە لەو نێوەندا دەخورێت .
پێنجەم : هەوڵی بەردەوامی وڵاتانی ناوچەكە كە تازە بەتازە دیموكراسی تاقیدەكەنەوە، بەهەموو شێوەیەك لە پێناو باڵادەستی زۆرینەدا لەم رێگەیەوە لە تەقەلادان و، دەیانەوێت دیموكراسی وەك لە ناوەخنیدا چەمكێكی مرۆڤ دۆستانەیە دوور لە واتا راستەقینەكەی جێبەجێ بكرێت، بە هەموو شێوەیەك دەیانەوێت بەلارێیدا بەرن و لەو سیفەتەی بكەنەوە كە خۆی لە گواستنەوەی دەسەڵات لە كەمینەوە بۆ گەل دەبینێتەوە و، لە ئامانجە گەورەكەی ناوپوچی دەكەنەوە . بەمەش دووپاتیدەكەینەوە كە لە سیستمی دیموكراسیدا، سەلبیاتی گەورەی لەو كەلێنانەوە دەردێت كە لە نێو ئەو چوارچێوە دیاریكراوەیدا لە جیهانی سێیەم بۆی دیاریكراوە بە روونی دیارن . ئەمەش رێگریەكی بەهێزە لە بەدەستهاتنی مافی بریاردانی چارنوسی گەلانی چەوساوە و، لەنێویشیاندا كورد وەك گەلێكی چەوساوە .

شەشەم : لەم وڵاتانەی لەمەر خۆمان، كۆمەڵیك بازاری سیاسی گەورە هەن و، هەندێك حزبی دیاریكراو تێیدا لەم دیموكراسیە بەهرەمەندن و، بە پێی بنەما سەركیەكان و واقعی ناوچەكە بەتەنها قازانج لە دەستاودەت كردنی دەسەڵات وەردەگرن، بەو پێیەی لەو رووبەر و چوارچێوەدا دیاریكراون . بۆیە بە خوێندنەوەی رادەی باوەربونیان بە مافی كەمینەش بێت، كوردیان لە زووەوە بێبەش كردووە ، ئەمە كردەوانەشیان لە رێگەی خودی دیموكراسیەوە جێبەجێ دەكەن و، ئامانجە سەرەكیەكانی دیموكراسی لە ئالیەتێكی دیاریكراودا بە پێی بەرژەوەندیە تەسكەكانیان قەتیس دەكەن و، لەو بەینەشدا كورد لەبەرهەم و قازانجەكانی دیموكراسیی راستەقینە بێبەری دەكەن .

حەوتەم : ئەو دەسەڵاتانەی كە لە وڵاتانی ناوچەكە مامەڵە لەگەڵ پرسی كورد دا دەكەن، لە روانگەی وابەستەبونیان بە مەرجە ئابووریە دەرەكی و ناوەكیەكانەوە، رەفتاریان لە خرابترین حالەتدا دەبێت و گیرۆدەی دەستی هێزە ئیتنی و نەتەوەیی و ئاینییەكان دەبێت، كە سەرچاوەی دەنگ و ئامرازی گەیشتنیانن بە دەسەڵات .

هەشتەم : پێكهێنانی دەوڵەتی كوردستان، ئەگەر لە مەر پرسە ناوخۆییەكان پشت بە دیموكراسی ببەستێت لە سەرجەم بوارەكانی ئابووری و سیاسی و رشنبیری و كۆمەڵایەتیدا، كە لە ئامانجە سەرەكیە هەنوكەییەكانیەتی ، بە هەمان شێوەی ولاتانی دەوروبەر قەوارەیەكی خۆی دەبێت، كە دیموكراسیەكەی پشت بە بنەما نەتەوەییكان دەبەستێت بەو هۆكارەی كە تا ئێستا لە كوردستانیش بە هەمان شێوەی ولااتانی ناوچەكە چین و توێژەكان بە روونی و بە شێوەیەكی گشتی دەرنەكەوتوون، تاوەكو دیموكراسی ناوچەكە لە فەزای نەتەوەیی دەربێنن .

نۆیەم : ریكخراوە مەدەنیەكان تا ئەم ئانوساتەش كارگەریەكی بنەرەتی و سەرەكیان لەسەر دەسەڵاتی وڵاتانی ناوچەكە نیە و، تەنها لە چوارچێوەیەكی تەسك و، تەنها لەسەرەوە خۆی دەنوێنێت و، ئاسۆی كۆمەڵگەی مەدەنی كە لە رای گشتی دیار و كاریگەر و سەركردایەتیكردنی راو بۆچونەكان و میدیاكاندا دەبینرێتەوە، تا رادەیەك بەسەلبی سەریان هەڵهێناوە و تاوەكو ئێستا باری خۆیان راست نەكردۆتەوە و نەگەیشتونەتە حالەتێك كە راستەوخۆ كاریگەری ئیجابیان لە سەر رەوتی دیموكراسی ناوچەكە هەبێت ، یان زۆر بێكاریگەر ماونەتەوە .

لەو هۆكارانەی سەروەدا بۆ هەموو لایەك بە روون و ئاشكرا دەردەكەوێت كە پێویستە خۆمان بە خەیاڵێكەوە خەریك نەكەین كە تا دەیان ساڵی تر بەو بیروبۆچونەمان ئاواتەكانمان نەهێنینەدی . دەبێت جڵەوی بیرو فكری خۆمان نەدەینە دەستی خەڵكانێك هەڵگری بۆچونێك بن، كە هەر لەئێستاوە بزانین ناتوانن گرەویان لەسەر بكەین لە گەیشتن بە دوامەنزڵگە .
بۆیە، نابێت تەنها خۆمان بە چەمكێكەوە ببەستینەوە كە بە رزگاركەری لەقەڵەم بدەین بەڵام بەدیهاتنی مسۆگەر نەبێت و، تەنانەت پێویستە و ئەوەی زۆر گرنگە لەبەر چاومان بێت كە تەنها بە دیموكراتیزەبونی ولاتانی ناوچەكە چارەسەری پرسی كورد ناكرێت .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە