نەوەیەك.. زاكیرەى پڕەو بۆ هەلى كار ناشێ..

Wednesday, 21/04/2010, 12:00

1434 بینراوە


گەر كەمێك بەووردى سەرنج تەنها لە رۆژنامەكان بدەین دەبینین لە زۆرترین كاتدا دەزگاكانى كەرتى تایبەت خاوەنى ئەو ریكلامانەن كە مژدەى كارێكیان پێیە بۆ خەڵكانى بێ كار, هەمیشە ئەوانن كەدەبنە فریادرەسى بێكاران و پێیان دەڵێن وەرن چیدیكە شەقامەكانى بێكارى مەپێون و ئیدى هێندە بەڕووى دەستەڵاتدا هەڵمەشاخێنو داد و بێدادى بێكارى مەكەن.. جونكە ئێمە هەین و كارمان لادەست دەكەوێت...
ئەمە مایەى خۆشحاڵیە بەڵام تا كوێ..؟ تا ئەو شوێنەى كە تۆ بەراستى دەستى هاوكاریت درێژبێت.. تا ئەو شوێنەى بتوانى دروست كەربیت نەك حازر خۆر..
من لەزۆرترینى ئەو ریكلامانەدا دەبینم كۆمەڵێك مەرج بونیان هەیە كە رەنگە نەوەیەك هەبێت لەدەرەوەى ئەو مەرجانەو بێكاریش بێت, ئەو دەنوسێت خاوەن بڕوانامەى زانكۆ بێت و ئەزمونى لەوبوارەدا كە ریكلامەكەى بۆ كراوە كەمتر لە وەنەسالأ نەبێت و جگە لەزمانى دایك زمانەكانى چى وچى بەباشى بزانێت و تەواو شارەزاى بەرنامەكانى كۆمپیوتەر بێت و هتد.
بەبۆچوونى من ئەمە پێى ناوترێ دۆزینەوەى هەلى كار.. جونكە ئەوەى ئەم بەزم و رەزمانەى هەبێت بێگومان پێویستى بەوە نیە تۆ كارى بدەیتێ, ئەوەى كە پێویستى پێیەتى كێیە..؟ ئەمەیان گرنگە..
ئێمەدەزانین نەوەیەك هەن لە جەنگى ئێران_عێراقدا لەدایك بوون, منداڵییان لە راكەراكى ژێرزەمینەكاندا بەسەربردووە, پاشان كەمێك چاویان كراوەتەوە راپەڕین و كۆڕەو فێرى گەمە كردن بەباروتیان كردووە.. كاتێكیش تەمەنیان گەیشتۆتە ئەوەى كە نەشونمابكەن شەڕە نەگریساویەكانى (یەكێتى و پارتى و ئیسلامیەكان) و ئەحزابەكانى دى ئیمانى دەرهێناون لە ناخەوە هەڵى تەكاندون.. ئەم نەوەیە بەهەزارەها نەوەى لەدایك بووى كۆتاى هەفتاكان و سەرەتاى هەشتاكانن.. ئەم نەوەیە جیاوازتر لە نەوەكانى پێش و دواى خۆیان گوزەراندویانە نەوەكانى پێش خۆیان تەواوى بن بەردو چیاكان بۆیان بوونە هەمووكەس و لەوێشەوە شەقامەقیر رێژكراوەكان پاتە لاستیكەكانى پێیانى داكەندو فێرى ڤێلا و دەرزەنە سەیارەى كۆتا مۆدێلى كردن..نەوەى دواى خۆشیان نەوەى سەردەمى تەكنەلۆژیاو پێشكەوتنە یەك لە دواى یەكەكانن..كە تێیدا مۆبایل و كۆمپیوتەر و ئینتەر نێت بۆى بونەتە مایەى خۆناسینى..
كەوایە كاتێك گرنگە تۆ هەلى كار بدەیتە مرۆڤێك كە لە لات ئاسایى بێت ئەو كەمێك دواكەوتوە و تۆ دەستى دەگریت و ئەوەى فێر دەكەیت كە ئەو قورسایى دابینكردنى بژێوییەكى شەرەفمەندانە نەیهێشتووە فێرى ببێ, جونكە لە زاكیرەى ئەم نەوەیەدا شتانێك هەن كە هەرگیز مایەى بیرچوونەوە نین..لەوانەش ئەو خێزانانەى كە لە نێوەراستى نەوەدەكاندا هەر ژەمەى چەند كەسێكیان نانیان دەخوارد ئەمە لەكاتێكدا خەڵكانێكى لێپرسراو هەبوونە كەپارەى تەنها ژەمە خواردنێكى سەكەكەى بەس بوو بۆ تێركردنى ئەو خێزانانە, ئەمانە و دەیان نمونەى دیكە كە خاوەن دەستەڵاتدارانى مەملەكەت لە پێناو كورسى و گومركدا بۆیان خولقاندبوینو بونە مایەى شیوەن بەخشینەوە.
شتانێكى زۆر هەن كە ئەم نەوەیەیان لە جوانیەكان بێ بەش كردووە, بۆیە ئێوەش گەر راست دەفەرموون دەستیان بگرن و ئەوەى كە دەتانەوێت لە خولێكى چەند مانگیدا فێریان بكەن و بۆدوا رۆژى خۆیان و میللەتیش پەروەردەیان بكەن.. گەرچى ئەمەش بەشێكە لە كارى حكومەت بەڵام با هەریەك لە ئێمە لە پێناو خزمەتكردن بە نیشتمان بۆخۆى حكومەتێك بێت..
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە