سیستەمى پەروەردەى هەرێم

Sunday, 24/02/2013, 12:00

1084 بینراوە






لەسەردەمى كابینەى پێنجەمى حكومەتى هەرێم و لەدواى سازكردنى كۆنگرەى پەروەردەیى ساڵى 2007 لەهەولێرى پایتەخت بڕیاردرا سیستەمى پەروەردەى هەرێم بگۆڕدرێت و هەر زوو بەزووش بریارەكە كەوتە وارى جێبەجێكردنەوە و تائێستاش سێ وەزیر هاتوونەتە خزمەتى سیستەمەكە و سەدان ملیار دینارى تێدا خەرجكراوە و دەیان ملیاریشى تێدا بەفیڕۆدراوە بەڵام بەرهەمەكەى بەوشێوەیە نیە كەچاوەڕواندەكراو لەئێستاشدا سیستەمەكە بەرەو ئاقارێكى نادیار دەروات و لەهەندێك بڕگەشیدا لەبرى هەنگاو بۆ پێشەوە هەنگاوى بەرەو دواوە ناوە و ئاسۆیەكى روونیشى نیە كە ئەمەش كارەساتە،بەشێكى زۆرى ئەوانەى لەكۆنگرەى پەروەردەیى بەشدارییانكرد دەڵێن پرسمان پێكرا و ماندووكراین بەڵام پێشنیازەكانى ئێمەیان فەرامۆشكرد و تەنها نوخبەیەك بڕیارى هێنانى ئەو سیستەمەیاندا و ئێستاش بەچەندین ترش و خوێوە هەرسكردنى زەحمەتە ،
 لەوەتەى سیستەمەكە گۆڕاوە ساڵانە هەزاران قوتابى دەرژێنە سەرشەقامەكان و رۆژانە لاپەرەى رۆژنامە و گۆڤارەكان و پەیج و ماڵپەرەكان و سەردێرى كەناڵە تەلەفیزیۆنى بەرنامەى رادیۆیەكان باس هەر باسى پەروەردە و سیستەمەكەیەتى،هەزاران وتار لەسەر ئەم سیستەمە نوسرا و سەدان بەرنامەى لەسەر سازكرا و دەیان كادیر و كاربەدەستى وەزارەتى پەروەردەش نارەزایی و رەخنەكانی قوتابیان و مامۆستایان و شارەزایان و چالاكوانانى بوارى پەروەردەیان لە سیستەمى نوێى پەروەردە بە بڵقى سەرئاو ناودەبرد ،
ساڵانە پەرتووك لەدەرەوەى وڵات چاپدەكرێت و لەوادەى خۆیدا ناگاتە دەست قوتابیان و لەكرێى گواستنەوەشیاندا ملیۆنەها دۆلار بەفیرۆ و هەدەر دەدرێت و چەندینجاریش پەرتووك بەهەڵە و كەموكورتیەوە چاپدەكرێت و بەر لەدابەشكردنیشیان زیندەبەچاڵ دەكرێن،چەندینجاریش پەرتووكى ناپێویست چاپكراوە و لەكۆگا ناوەندیەكانى پارێزگاكانەوە فرێدراون و بەكەڵكى هیچ قوتابیەك نایەت،بارودۆخى نێو ناوەندەكانى خوێندنیش هەر لەنەبوونى بیناى شیاو و پێویست و سەردەمیانە و تەختەى دانیشتن و هۆیەكانى گەرمكردنەوە و فێنكردنەوە و نەبوونى میلاكى پێویستى مامۆستا و فەرمانبەر و دەیانى تر سەرو سەربردەى تایبەتى خۆیان هەیە،چەندجارێكیش لەنێو خودى سیستەمە نوێیەكە گۆرانكارى لەچەند بابەتێك كراوە بەڵكو لەگەڵ دۆخەكە بگونجێت و سیماى سیستەمەكەى پێ ئارایشت بكەن،منداڵە چاوگەشەكانى قۆناغى یەكەمى بنەرەتیش پشتیان تووشى چەمانەوە بووە لەبەر گەورەیى و قورسى پەرتووكەكانیان،خۆشبەختانە دواجار وەزارەتى پەروەردە دانى نا بەهەڵەو كەموكوڕیەكانى سیستەمى نوێى پەروەردە و هاتەژێربارى ئەوەى لیژنە پێكبهێنێت بۆ پێداچوونەوەى سیستەمەكەو گۆرانكاریكردن تیایدا،بەرپرسێكى پەروەردە رایدەگەیەنێت وەزارەتی‌ پەروەردە هەستی‌ بەو كەموكورتیانە كردووە كە لەسیستەمەكەدا هەیەو بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی‌ بۆ گۆرانكاریكردن تیایدا پێكهێناوە،ئەو بەرپرسە ئاماژەی‌ بەوەشكردووە لەسەرەتاوە وەزارەتی‌ پەروەردە نەگەیشتبووە ئەو بڕوایەی‌ سیستەمی‌ نوێی‌ پەروەردە كەموكورتی‌ تێدایە،بەڵام ئێستا دركی‌ بەو كەموكورتیانە كردووە،دەشڵێ‌ دوای‌ ئەو رەخنە زۆرەی‌ كە لەشێوازی‌ سیستەمەكە گیراو لێكۆڵینەوەی‌ تێداكراوە،لەئێستادا پەروەردە گەیشتوەتە ئەو بڕیارەی‌ كە پێویستە گۆرانكاری‌ لەهەندێك لەبڕگەكانی‌ ئەو سیستەمەدا بكرێت بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك پێكهێنراوە،
لەئێستاشدا داوا لەبەرێوەبەرەكان كراوە بەنوسراو رەخنەو پێشنیارەكانیان لەسەر سیستەمەكە بخە ڕوو،بەڵام ترسى جددى هەیە ئەمجارەشیان پێكهێنانى لیژنە بۆ پێداچوونەوەى سیستەمى پەروەردە وەكو رابردوو تەنها پارە بەفیرۆدان و سوودمەندبوونى چەند كەسێك بێت و پرس و ڕاوێژ بە شارەزا راستەقینەكانى بوارى پەروەردە و مامۆستایان و چالاكوانان و خامە بەدەستەكانى بوارەكە نەكرێت و هەوڵێك بێت بۆ چەندبارە ترش خوێ پێوەكردن بۆ ئەوەى خوا رەحم بكات رێچكەى راستەقینەى خۆى بدۆزێتەوە و هەنگاوەكانى بۆ پێشەوە بێت و گورج و گۆڵتر هەنگاوبنێت.ماوەی‌ زیاتر چوار ساڵە گۆرانكاری‌ لە سیستەمی‌ پەروەردەدا كراوەو هەر لەسەرەتاشەوە ڕەخنەیەكی‌ زۆری لەلایەن كەسانی‌ پسپۆرەوە لەوسیستەمە نوێیە گیراوە تا دواجار وەزارەتى پەروەردە ناچاربوو دان بنێت بەكەموكوریەكان و پێكهێنانى لیژنە بۆى..


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە