هەوڵی سەرنەکەوتوانەی شاندەکەی بارزانی لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆ رێگری لە چالاکوانانی کورد

Thursday, 23/01/2014, 12:00

1982 بینراوە


روونکردنەوەی کوردستان فۆروم
لە 16 ی ئەم مانگەدا لە رێگای میدیاکانەوە هەواڵی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی ماوەدرێژکراوەی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە بێ ناوهێنانی ئەو وڵاتانە بڵاوکرایەوە. پاش بەدواچونی ڕێکخراوی کوردستان فۆروم لە بەلجیکا بۆمان ئاشکرا بو کە بارزانی لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بە بەرواری21 ی ئەم مانگە لە لە کاتژمێری ٤ی پاشنیوەرۆدا لە کۆنفرانسی پرسیار و وەڵام لە پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکادا ئامادە دەبێت.
ریکخراوی کوردستان فۆروم جگە لەوەی توانی بە چەند رۆژێکی کەم مۆڵەتی خۆپێشاندان لە کاتژمێری 5 بۆ 7 ی ئێوارە وەربگرێت و ئامادەکاریەکانی بۆ بکات. لە هەمان کات دا توانی مۆڵەتی ئامادەبون لە کۆنفرانسەکەدا بۆ گروپێکی چوار کەسی بەدەست بهێنێت.
بەرێزان قادر نادر وەکو نوێنەری گروپی 17 ی شوبات لە سوید، ئاسۆ گۆران وەکو نوێنەری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عیراقی لەندەن، دەشتی جەماڵ وەکو رێكخراوى ده‌ره‌وه‌ى حيزبى كۆمۆنيستى كرێكارى كوردستان، پێشڕەو ئیسماعیل وەکو نوێنەری کوردستان فٶروم، لە کاتی دیاریکراودا لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەوروپا ئامادە بوون.
نیو کاتژمێر پێش چونە هۆڵی کونفرانسەکەوە ، پیاوەکانی پارتی کە ناوی کارمەندانی (نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا) یان لە خۆیان ناوە ئاگاداری پۆلیسی بەلجیکایان کردبو کە گوایە گروپێكی توند و تیژ بە مەبەستی ئاژاوەگێڕی و تێکدانی هێمنی کۆنفرانسەکە دەیانەوێت بە شیوازێکی نایاسایی خۆیان بخزێننە ناو کۆنفرانسەکەوە. پۆلیسی برۆکسلیش دوو ئەفسەری پۆلیسی تایبەت بەو جۆرە دۆسیانەیان ناردە پەرلە مانی ئەوروپا و ئەو شوێنەی ئێمەی لی ئامادە بوین ، ئەفسەرەکانیش بەو پێیەی لە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی ئەوروپادا مافی ئەوەیان نەبوو کە هیچ دەستێوەردانێ بکەن ، لە هەمان کات دا بەرپرسی کوردستان فۆروم (پێشڕەو ئیسماعیل عارف) یان دەناسی کە هەمیشە چالاکیەکانی بە شێوەی یاسایی و بێ کێشە دروست کردن بۆ پۆلیس ئەنجام داوە . بەڵام وەکو ئەرکی خۆیان کە تەلەفۆنیان بۆ کرابوو ناچار بوون سەرۆکی پاراستنی ئاسایشی پەرلەمانی ئەوروپا لە مەسەلەکە ئاگادار بکەنەوە ، ئەفسەرەکان پێشیان راگەیاندن کە کوردستان فۆروم دەناسن و تاکو ئێستا توند و تیژی و کاری نایاساییان لە ئێمە نەدیوە . بەرپرسی ئاسایشی پەرلەمانی ئەوروپا پەیوەندی بە چەندین دەزگای تری خۆیان و ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا کرد و ئەوانیش هێنرانە ناو کێشەکەوە، پاش لێکۆڵینەوەی خێرا هەموو لایەنەکان گەیشتنە ئەو باوەرەی کە ئەم تاوانبارکردنانە بێ بنەمان و ترس و لەرزی بارزانی و شاندەکەی لەوەیە کە پرسیاری شەرمەزارکەرانەیان ئاراستە بکرێت، یان دەنگی نارەزایی لە دژیان بڵند بکرێتەوە. بۆیە پەنایان بردۆتە بەر هەڵبەستنی بوختان و تۆمەتبارکردنی ناراست و ناڕەوا. هەر بۆیە پاش داوای لێبوردنی سەرۆکی ئاسایشی پەرلەمان لە گروپە چوارکەسیەکەمان لە لایەن چەند پاسەوانێکی ئاسایشی ناو پەرلەمانەوە بۆ پارێزگاری ئێمە لە پاسەوانەکانی بارزانی بە رێزەوە براینە ناو هۆڵی کۆنفرانسەکە.
ئەو رەفتارەی شاندەکەی پارتی و بارزانیش بونە بەڵگەیەکی نوێ بەدەست پەرلەمانتارانەوە کە تەنانەت لە ناوەندی دونیای ئازاد و دیموکراتی دا رێگری لە چالاکوانانی مەدەنی دەکەن بەو مەبەستەی راستیەکان ئاشکرا نەکەن وهەوڵ دەدەن بە هەر ڕێگایەکی نامەشروع بێت کۆسپیان بهێننە ڕێ و دەمکوتیان بکەن.
رێکخراوی کوردستان فۆروم بە هۆی تاقیکردنەوەی رابوردوی لەگەڵ کەسانی دەوروبەری دەسەڵات و هەوڵی بەردەوامی بێهودەیان بۆ ریگری چالاکوانان لە بەشداری لە بۆنە و کۆنفرانسەکان ، زووتر پرسیارەکانی خۆی بۆ زۆربەی ئەندامانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی ئەوروپا کە پەیوەستن بە دۆسیەی ئێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ناردبوو. پرسیارەکانی کوردستان فۆروم بەو مەبەستە نێردرابون کە لەو کۆنفرانسەدا ئاراستەی بارزانی بکرین و جگە لەوە چەندین بەڵگەی دۆکۆمێنتی هاوپێچی پرسیارەکان کردبوو ، گەرەنتی بە پەرلەمانتارانیش دابوو کە دەتوانێت تەواوی ناوەرۆکی پرسیارەکان بە بەڵگەی پێویست بسەلمێنێت و بخاتە ڕوو.
ئەو گروپە چوار کەسیە وەکو میوان نەك لایەنێکی بەشدار ئامادەبوی کۆنفرانسەکە بون، بە پێێ بەرنامەی کۆنفرانسەکە تەنها لایەنە بەشدارەکان و ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا مافی ئاراستە کردنی پرسیاریان هەبوو . ئێمە لە زووتریشەوە ئاگاداربوین لەوەی کە مافی گفتوگۆ و پرسیارمان نیە ، بۆیە کۆمەڵێك پرسیارمان ئاراستەی چەندین ئۆرگان و کەسانی ناو پەرلەمانی ئەوروپا کردبوو، پرسیارەکان سەبارەت بە پێشێلکاریەکان لە بواری مافی مرۆڤ و رۆژنامە نوسان و دۆسیەکانی تیرۆری سیاسی و گەندەڵی و سیستەمی بنەماڵەیی بوون لە هەرێمی کوردستان دا. یەکێك لە ئەندامانی پەرلەمان دیسکی ئێراق بە ناوی خاتوو ئانا گۆمێز کۆمەڵێك پرسیاری سەبارەت بە پێشێلکردنی ماف و ئازادیەکان و ئازادی ڕۆژنامەوانی ئاراستەی بەرزانی کردبوو ووتی: (له‌كاتێكدا ئێوه‌ داوای پشتگیریمان لێده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌واڵی پێشێلكردن‌و ڕێز نه‌گرتن له‌مافی مرۆڤ ‌و تیرۆركردنی ڕۆژنامه‌نوسان دژ به‌گه‌نده‌ڵی ده‌گاته‌ لای ئێمه‌). ئێمە لەو باوەرەداین ئەو خانمە پشتی بە پرسیار و راپۆرتەکانی ئێمەش بەستبێت ، بەڵام مەسعود بارزانی خۆی لە وەڵامەکان دزیەوە و وەڵامێکی کۆنکرێتی نەدایەوە.
لە لایەکی ترەوە لەبەر ئەوەی مەسعود بارزانی لە بری وەڵامدانەوەی یەک بەدوای یەکی پرسیارەکان ، راستەوخۆ دەستی کرد بە باسی ئازادی و دیموکراسی بەو شێوازەی زۆر لە سەرانی خۆسەپێنی وڵاتانی جیهانی سێهەم لە ئەوروپا و لە ناوەندە دیموکراتیەکان دا دەیڵێن و دەیڵێنەوە و لە وڵاتەکەی خۆشیان دا کاری پێ ناکەن. بۆیە بە چاکمان زانی هۆڵی کۆنفرانسەکە وەکو پرۆتستۆ کردنی وەڵامە نادروستەکانی بارزانی بە جێبهێڵین.
لە رێگای ئەم رونکردنەوەیە ئاگاداری سەرانی دەسەڵات دەکەین بەگشتی ئەو پرۆتستۆ کردنە بە شێوازی جیاواز و زەق تر و لەبەرچاو تر دوبارە و چەند بارە دەبێتەوە، تاکو ئەو سەردەمەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە خزمەتی گەلەکەیان دا کار دەکەن و چیتر رەفتاری ناو وڵات و گوتاری دەرەوەیان بە پێچەوانەی یەکتریەوە نامێنێت.
ئێمە وەکو کوردستا فۆروم کارمەندانی ناو ئەو دەزگایەی بە نارەوا ناونراوە (نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا) و بە تایبەتی (زانا هەڵۆ ئەحە سمێڵی چەرمەگایی)، کە نازناوی (زانا کوردە) ی لە خۆی ناوە و بە ناوی راوێژکاری ئەو نوێنەرایەتیە کاردەکات و بەرپرسیاری یەکەمە لە پەیوەندی کردن بە پۆلیسەوە و فابریکە کردنی بوختان و هەڵبەدستنەکان وهەوڵ دەری راستەوخۆی دروست کردنی بەربەست و رێگریمان بوو، ئیدانە و شەمەزار دەکەین. هەروەها گومان دەکەین کە بە ئامادەکاری بۆ کاری تیرۆر یان توند و تیژی پۆلیسیان لی هاندابین. لە شێوازی مامەڵەی سەرتادا ئێمە ئەوەمان لە کاردانەوەی پۆلیس دا هەست پێ دەکرد. بۆیە ئەو دەزگایە دڵنیا دەکەینەوە کە بە پێچەوانەی ئەوانەوە ئێمە بە گونجاو ترین شێوازی شارستانیانە و بە رێگای ئوسوڵی و بە بێ کرداری ژێربە ژێرانە وەڵامی پێویستیان دەدەینەوە.
کوردستان فۆروم ـ بەلجیکا
23.01.2014
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە