نەوشێروان مستەفا و لێدوانەكەى ئەم دواییەى ،روونکردنه‌وه‌ی جدیی گه‌ره‌که‌!!!

Monday, 17/01/2011, 12:00

2315 بینراوە


دواى ئەوەى نەوشێروان مستەفا لە لێدوانێكى دا ئامادەبونى بزوتنەوەى گۆڕانى پیشان دا بۆ ئاسایى كردنەوەى پەیوەندییەكانى لەگەڵ یەكێتى و پارتیدا, لەلایەن لایەنگران و گۆڕانخوازانى سەربەخۆ و بەشێكى زۆر لەچاودێرانى سیاسیەوە لێكدانەوەى جۆراوجۆرى بۆ دەكرێت و ئەوانەى كە لەدایكبونى ئەم بزوتنەوەیە گرێنادەنەوە بەچەند هۆكارێكى بچوكى وەك ناكۆكیە حزبیەكان و كۆمەڵێكى شتى بچوكى ترەوە پێیانوایە نەوشێروان مستەفا كەوتۆتە هەڵەیەكى گەورەوە و ئەو لێدوانەشى وەك ئەو شمشێرە وەهایە كە پارتى و یەكێتى بۆ گیان ئەم بزوتنەوەیە بەردەوام هەڵیانگرتوە و ئەوەتا هێشتا برینەكانى شەڵاڵە بە شمشیرەكەى بارزانى كە بەهەوڵ و پیلانەكانى ئەو گۆڕان بێبەش كرا لە حكومەتى بەغدا و بەوەش نیگەرانیەكى زۆرى لاى گۆڕانخوازان دروستكردوە مەگەر سى و یەكى ئاب ئەمەندە شۆك هێنەر بێت.
لەلایەكى تریشەوە خەڵكى و ڕۆشنبیرانى سەربەخۆ پێیان سەیرە تازە بەتازە نەوشێروان دەیەوێ ملى بزوتنەوەكەى كەچبكا بۆ دانیشتنێكى یەكێتى و پارتى, لەكاتێكدا دواى ئەوەى ئەو كارەساتانەى كە دروستیان كرد بۆ ئەو خەڵكانەى كە پشتیوانى بزوتنەوەكەیان دەكرد بۆ ئەوەى ئۆپۆزسێۆنێكى كار و مەدەنى لە كوردستان دا بێنە كایەوە هەر ئەو خەڵكانە بوون بەهۆى بەهێزى بڕبڕەى پشتیانەوە توانیان بزوتنەوەكە بپارێزن و دەستبگرن بە بەرنامەكەیەوە وتەنانەت ببنە قوربانى بۆ سەرهەڵدانى بزوتنەوەیەكى ڕاستەقینە, كەچى دواى ئەو كرانەوە و ویستى گەلانى هۆشیار و خوێندنەوە وردەكانى ئەمەریكا و ئەوروپا و خەڵكانى دیموكراسى دۆست لە بزوتنەوەكە, نەوشێروان دەیەوێ بەجۆرێك لە جۆرەكان ئەمجارەش توڕەیى و ناڕەزایەتیەكانى شەقام كۆبكاتەوە و بەهاوكاری هاوڕێى ڕیفۆرمخوازە كورسى دۆستەكانى بیانباتەوە باوەشى یەكێتى و پارتى و وەكچۆن كاتى خۆى هەر ئەوان بوون بەسوك سەیرى خۆپیشاندانەكانى گەرمیانیان دەكرد و هاوڕێكانیان بەشداربوون لە كپاندنەوەى خەڵكى خۆپیشاندەر و ئازاردانیان, كەچى ئێستا شەقام دەجوڵێ و خەڵكى ئامادەیە ئەم دەسەڵاتە تێبگەیەنێ یان بەخۆیاندا بچنەوە یانیش وڵات چۆڵبكەن و كۆتایى بهێنن بەو هەموو كارەساتانە كە ڕۆژانە خراپتر و ناشیرینتر لەوڵاتە دیكتاتۆرەكان دووبارە دەبنەوە.ئەگەر بڕیارە نەوشێروان مستەفا تەوافوق بكات لەگەڵ یەكێتى و پارتى و بەدڵنیایشەوە بەوكارەى بەشێكى زۆر لەبەرنامەى بزوتنەوەكەى وەك ئۆپۆزسیۆن لەدەستدەدات و بچوك دەبێتەوە, پێویستە دیراسەتى ئەم خاڵانە بكات:.
1- هۆكار چییە بۆ ئەو دانیشتن یان ڕاستر بڵێن ملدان و ویستە, ڕونى بكاتەوە بۆ هەموو گۆڕانخوازانى كوردستان چونكە نەوشێروان دەبێت لەوە تێگەیشتبێت بزوتنەوەكە تەنها موڵكى كۆنە یەكێتى و كەسانى حزبى نیە بەڵكو تێكەڵ بەجەماوەر بووە ئەو كەسەى كە ڕەخنە دەگرێت و داواى چاكسازى دەكات لەشوێنى خۆیەوە ئەوا تۆمەتى ئینتیما بوونى بە بزوتنەوەكە بۆ هەڵدەواسن و ئامادەشن بیخەنەوە بەر سزا, نەك تەنیا لە كارمەندەكانى حكوكەت بەڵكو لەناو خودى حزبەكانى دەسەڵات دا بۆیان بكرێ ئامێرى پشكنینى دڵ بۆ خوێندنەوەى ئینتیماى سیاسى پەیدا دەكەن بە ملیارەها دۆلار بۆ ئەوەى بۆیان دەركەوێ ئەوە كێیە دڵى لەگەڵ بەرنامەكانى گۆڕاندایە یان كەسێكى چاكەخواز ەو داواى عەدلەتى كۆمەڵایەتى دەكات, ئەمە بەتایبەت بۆ ئەوانەى كە لەبەر پارووى نان ناتوانن خۆیان ئاشكرابكەن خۆ ئەوانى تر جوڵێنەرى شەقامن و ئامادەشنین گۆڕان ببێتەوە حزبێكى ستالینائاساى یەكێتى و پارتى كە ئێستا هەندێك هەیە ئەو خەونە دەبینن, دەبێت نەوشێروان چۆن ئەوكەسانە تێبگەیەنێ كە بزوتنەوەى گۆڕان موعارەزەیەكە تەعبیر لەغەمى هەموو خەڵكێكى ناڕازى دەكات نەك كەمینەیەك, ئایا بەدانیشتنى لەگەڵ یەكێتى و پارتى بەتایبەتیتر پارتى چۆن دەتوانێ بیسەلمێنى ڕێكەوتنێكە بۆچاكسازى لەسیستەمى وڵات, بەڵكو ئەوان هەوڵدەدەن میلەت دانیشى بەدیار نەوەى نەوەكانیانەوە بۆ ئەوەى كەركوكیان بۆ وەربگرنەوە .
2- ئایا زەمان چییە نەوشێروان بزوتنەوەى جەماوەرى ناڕەزاى خەڵكى كوردستان لەو دانوستانەى نێوان خۆیان و بارزانى و تاڵەبانیدا بچوكناكاتەوە, نەوشێروان چی لە مافە زەوتكراوەكانى خەڵكى ناڕەزاى بەو دانوستانە دەگەڕێنێتەوە ؟ ئەوان چی دەدەن بە میلەت؟ ئازادى ؟ عەدالەتى كۆمەڵایەتى ؟ گەڕانەوەى بەها بۆ ئینسان و كوردایەتى و حكومەتدارى؟ ئایان بەردەوامن لە ستاندن(بەرتەسكردنەوەى ئازادییەكان و سیاسەتى فاشیستانەى نانبڕین و سزاى سیاسى .........تد)
3- دواهەمین كۆدەتا بەسەر بەشێكى گرنگ و دەنگێكى زیندووى كورد بەشداریپێنەكردنى بزوتنەوەى گۆڕان بوو لە حكومەت و بەدەستهێنانى ئیستحقاقیقى ئینتیخابى و نەتەوەى, ئایا خەڵكى دەنگدەر زیاتر ئازاریان پێگەیشت یان وتەبێژى بزوتنەوە و سەرۆك و بنكردەكانى؟ دەبێت بگەڕێنەوە و ئیستفیتابكرێت بۆ هەر هەنگاوێكى سیاسى كە بزوتنەوەكە دەینات لەگەڵ ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى و ڕۆشنبیرانى سەربەخۆ, چونكە نەوشیروان پیاوێكى عاقڵە ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنیى و خیتابى ڕۆشنبیرانى سەربەخۆى پەلكێشاوە بۆ ناو بزوتنەوەكەى بەجۆرێك لەزۆر شوێندا تێكەڵبوونە تەنیا خیتاب و دەموچاوە حزبیە كۆنەكان لەهەندێ شوێندا گۆڕان لەشەقام جیادەكەنەوە واتا سەركەوتن و سیحرى بزوتنەوەكە لە جەماوەربون و حەشدە كۆمەڵایەتیەكەى دایە نەك چەند ڕەمزێك كە بیانەوێ میلەتى ناڕەزاى لەبەردەم بارزانى و تاڵەبانیدا بچوكبكەنەوە, چونكە بارزانى بە بەشدارینەكردنى گۆڕان و كارە دیكتاتۆرەكانى سەلماندى سەرۆكى خەڵك و حزبەكەى خۆیەتى نەك جەماوەر بۆیە ئەو جەماوەرەش ئەم كابرایە بە سەرۆك نازانن.
4- ئەگەر نەوشێروان و دەوروبەرەكانى واتێگەیشتبێتن حەجمى بزوتنەوەكە لەخەڵكە ناڕازییەكە زۆرەترە و بەمەش دەتوانن ڕەعیەت بەخاوەن بكەن و پەشیمانببنەوە لە بەرنامە ڕاگەیەنراوەكانى, ئەوا ئەندایازارانى ڕاستەقینەى بزوتنەوەكە كە نەوشێروانە بەهەڵەیەكى كوشندەدا چووە وەك ئەو هەڵانەى كردى بۆ پێگەیاندن و برەودان بە كەسێكى دژە میلەت و شمولى بەناوى (تاڵەبانى), دەبێت ئەندازیارەكە ئاگاى لە داڕشتنەوەى هەنگاوەكانى میلەتەكەى بێت كەچۆن چاوەڕێى هەلێك دەكەن بن عەلى و بن زەینەدینەكان لەوڵات وەدەرنێن و وڵات بگەڕێننەوە سەر ڕێڕەوە سروشتیەكەى خۆى. ئایا نەوشێروان دەیەوێ لەگەڵ ئەوان سوار فڕۆكەكە بێت و كەسیش نەویرێ بیانگرێتە خۆى یان دەبێتە غاندى و ماندێلا و........تد لە پێى پەتى دەكەویتە پێشەوەى خۆپیشاندەران و هاوار دەكات بەسە ئیدى بێ ڕێزیكردن بە میلەت و سەروەرییەكانى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە