كێ لە ئێوە تاڵانچیتر هەیە

Friday, 04/02/2011, 12:00

1603 بینراوە




لە بەیاننامە هاوبەش و هەرەشە ئامێزەكەى هەردوو مەكتەبى سیاسى پارتى و یەكیەتى دژ بە بەیانەكەى بزوتنەوەى گۆراندا هاتووە ((ئۆباڵى تاڵانكردنى هەر بانك و دامودەزگایەكى حكومەت لە لایەن جەماوەرى تورەوە دەخەینە ئەستۆى سەرانى گۆران و لێپێچانەوەى یاساییان لەگەڵدا دەكەین)) بەراستى ئەم قسەیەى یەكیەتى و پارتیم لا سەیرە باشە دەبێ هەبێ لە خۆیان زیاتر تاڵانچى تربێ كە ئەوان باسى لێوە دەكەن ، كێ بە قەد ئەوان داهاتى ئاسمان و سەرزەوى و ژێر زەوى كوردستان و داروبەردى كوردستان بە نوێژى نیوەرۆ تاڵان كردوە ، داهاتى ساڵانەى سنورەكانى برایم خلیل و حاجى ئۆمەران و باشماخ و پەروێز خان و خاڵە سنوریەكانى تر كە بە چەندین ملیارد دۆلار مەزەندە دەكرێت ساڵەهایە دەچێتە گیرفانى كێ و كێ تاڵانى دەكات ، باج و خەراجى نێوخۆى كوردستان ئەویش ساڵانە چەندین ملیارە چۆن لوش دەدرێت ، داهاتى گرێبەستە نەوتیەكان كە دواجار خۆیان دانیان پێدانا كە نزیكەى (6) ملیار دۆلارە لە كوێیە و چى بەسەرهات ، ساڵانە لە 17%كەى بودجەى كوردستان یەكیەتى و پارتى چەند ملیارى لێ دەخۆن ، ئەو پارانەى كە بەناوى یارمەتیدانى كورد لە ئەمریكاو ئەوروپا و ئێران و سعودیەى وەردەگرن كێ دەیبینێ ، بودجە زەبەلاحەكەى كە بە ناوى دژە تیرۆر لە ئەمریكاى وەردەگرن لەچى سەرف دەكرێت ، داهاتى ئاسیاسێڵ و كۆرەك تیلیكۆم كە ساڵانە بە چەندین ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت خاوەنەكانى كێن ، داهاتى كۆمپانیا و كارگە زەبەلاحەكانى نێوخۆ و دەرەوەى كوردستان كە بە پارەى دزراوى كوردستان و لەسەر حسابى خوێنى شەهیدانى كوردستان دامەزراون چ دەستەیەكى تاڵانچى دەیبات ، بۆیە زۆرم لا سەیرە ئەوان باسى تاڵان و تاڵانچى بكەن چونكە كێ هەیە لە ئەوان دز و جەردە و تاڵانچى تر بێ لە كوردستان و سەرتاسەرى دونیادا .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە