نا بۆ دۆزینەوەى پۆست! بەیاننامەى ناڕەزایەتى ژمارەیەك رۆژنامەنووس و رۆشنبیری گەرمیان

Tuesday, 28/12/2010, 12:00

1221 بینراوە


ماوەیەكە هەست بە جموجۆڵێكى چڕ دەكەین لەلایەن حزبی دەسەڵاتەوە لە دەڤەرەكەمان بە ئاراستەى خزاندنى كادیرە دیارەكانى بۆ ناو حكومەت، لەكاتێكدا مەڵبەندەكانى لە سنوورەكەدا روو لە بچووك بوونەوە چووە لە رووى پێكهاتەو قەبارەى رێكخستنەوە، دركمان بەوە كردووە كەدەیەوێت بەشێك لە كادیرەكانى بە پێدانى پۆستى حكومیی قەرەبوو بكاتەوە.
ئەم هەوڵە بۆتە هۆى نیگەرانی ئێمە و بەشێكی زۆری هاوڵاتیانى ناوچەكەیش، چونكە جگە لەوەى گاڵتە كردنە بە چارەنووسی خەڵك، دژ بەو پرنسیپانەشە كە لیستى كوردستانى و خودى سەرۆكى حكومەت بۆ دوورخستنەوەى دەستى حزب لە حكومەت بە هاوڵاتیانیان دا لە سەروبەندى هەڵبژاردنەكاندا .
ئێمە قەناعەتمان بەوە هەیە كە حەقی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بەوپێیەى شەریكى دەسەڵاتەو لەم دەڤەرە حزبی باڵا دەستە پۆستى بەڕێوەبەرى فەرمانگەكان بۆ خۆی بێت، بەڵام ئەمە نەبێتە ئەوەى كە حكومەت و دامودەزگاكانى ببنە ئامرازێك بۆ ئیش دۆزینەوە بۆ كادیرەكانى. مەعقول و جێگاى قبوولأ نییە كەسانێك بۆ پۆستى بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیەك بپاڵێورێن كە تاكە مواسەفاتیان ئەوەیە حزبیین! ناكرێت پاڵێوراوێك بە بێ ئەوەى بڕوانامە و ئەزموونى كارى حكومیی هەبێت , هیچ رۆشنبیریی و شارەزاییەكی تایبەتی هەبێت تەنها لەبەر خاترى ئەوەى سەر بەو حیزبەیە یان لە فڵان كەسەوە نزیكە ، پۆستێكى حكومیی گرنگ و باڵاى پێببەخشرێت , لە كاتێكدا هەر لەناو ئەندامانی یەكێتی خۆیدا سەدان كادیری ئیدارى و شارەزا هەن كە گونجاوی ئەو پۆستانە بن.
ئێمە ئەوەمان لە دەسەڵات و بەدیارییكراوى حكومەتەكەى د.بەرهەم ساڵەح چاوەڕوان دەكرد كە بەشێك لە هەڵەكانى رابردوویان راست بكەنەوەو هەمان سیناریۆ فاشیلەكەى بەخشینەوەى پۆستى حكومیی بە كەسانى حزبیی دووبارە نەكەنەوە، بەڵكو ئالیەتێكى دیكە بدۆزنەوە كە پشت بە لێهاتوویی و بڕوانامەو پسپۆریی ببەستێت، بەڵام وادیارە بۆ جارێكى دیكەش هیوا بڕاویان كردین! ئێمە دەمانەوێت گۆڕانكاریی لە بەڕێوەبەرایەتی و بەڕێوەبەرەكان بكرێت بە ئاراستەى دانانى كەسانى پسپۆر و بە ئەزموون و دڵسۆز، نەك كەسانێك ژیاننامەى پیشەییان بایی ئەوەى تیانەبێت بە فەرمانبەرێكی ئاسایی قبوولأ بكرێن.
لێرەوە ئێمە ئەم ژمارە رۆژنامەنووس و مامۆستاو فەرمانبەر و رۆشنبیر و چالاكوان و گەنجە سەربەخۆیە، لە سۆنگەى دڵسۆزیمان بۆ دەڤەرەكەمان ، داواى چارەسەر كردنى ئەم كێشەیە دەكەین و خوازیارین حكومەت تێبینیەكانمان بە جددی وەربگرێت بۆ ئەوەى ئەو پێشكەوتنەى هەموو لایەكمان بۆ دەڤەر و نیشتمانەكەمان دەیخوازین، زووتر و باشتر بە دیبێت .

بە ئیمزاى: جەزا محەمەد، پەیمان ئەمین، فەریق محەمەد ساڵەح، ئارام ئیكرام، بەرزان ئەمین حاجى، ئازاد عوسمان، محەمەد عەلى وەلى، دڵشاد ئەنوەر، محەمەد حسێن، سمكۆ سابیر، كەمال محەمەد عەلى، یاسین لەتیف، مەریوان حاجى حەسەن، رامیار عەبدولڕەحمان، بیلال سەعید، كاوە گەرمیانى، ئیحسان مەلا فوئاد، دلێر عەبدولرەحمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە