لەكاتێكدا، هەر دوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ناوپەرلەمان جارێ چاكسازی دەكەن، زیادكردنی پاسەوان بۆ ئەندامانی پەرلەمان واتای چییە

Tuesday, 28/06/2011, 12:00

1864 بینراوە


لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕ "پ چ د ك" ئیبراهیم ئیسماعیل ئەندامی دەستەی كارگێڕی پ چ د ك زیادكردنی ژمارەی پاسەوانی بۆ ئەندامانی پەرلەمان رەخنە كرد و گوتی لەكاتێكدا كە جەماوەر چاوەڕوانی ئەوە بوون كە پاسەوان كەم بكرێتەوە، چونكە بەپێی زانیارییەكان باس لەوە دەكرێت كە بەرپرسەكان 40000 پاسەوانیان هەیە، كە ئەمە ژمارەیەكی خەیاڵییە، كەچی پەرلەمان دادەنیشێت ژمارەی پاسەوان بۆ خۆی زیاد دەكات. ئەمە لەكاتێكیشدایە كە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان بەردەوامن لە دانیشتنی پێنج قۆڵی و پەیمان بەخەڵكی دەدەن كە چاكسازی دەكەن. ئیبراهیم ئەوەشی راگەیاند كە شتی سەرنج راكێش ئەوەیە كە ئەم دانیشتنەی پەرلەمان هاوكات بوو لەگەڵ دوا دانیشتنی ئەو پێنج لایەنەو دوای دانیشتنەكانیش دەنگۆی ئەوە هەیە كە بودجەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بگەڕێندرێتەوە و لەكاتی دانیشتنەكانی پەرلەمانیشدا ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانی سەر بە لیستەكانی ئۆپۆزسیۆن پشتیوانیان لەم پرۆژەیە دەكرد و تێڕوانینی وەهاشیان هەبوو كە ژمارەی پاسەوانی ئەندام پەرلەمان و وەزیرەكان وەكو یەكی لێ بكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەی پاسەوانی وەزیر 8 پاسەوانەو ژمارەی پاسەوانی ئەندام پەرلەمان هەتا پێش پرۆژەكە 3 پاسەوان بوو و لە پرۆژەكەشدا داوا كرا بوو كە بكرێتە 4. دواتریش بڕیار لەسەر ئەوە درا كە ببێتە 4. ئیبراهیم ئیسماعیل گوتی شتی سەرنج راكێش ئەوەبوو لەكاتی دانیشتنی پەرلەماندا هەندێك ئەندام پەرلەمان ئەم زیادكردنەیان بە دەسكەوت بۆ هەژاران لەقەڵەم دەدا و دەیان گوت ئەمە دەرفەتی كار بۆ هەژاران زیاتر دەكات. لەكۆتاییدا گوتی ئەمە ئەوە نیشان دەدات كە ئەو پێنج لایەنە نزیك بوونەتەوە لەوەی كە رێك بكەون لەسەر بەشكردنی دەسكەوتەكان. هەر بۆیە داوای كرد لەسەرۆكی هەرێم كە ئەم یاسایە ڤیتۆ بكات چونكە ئەم یاسا و پرۆژەكەی سەرۆكی هەرێم و چاوەڕوانی خەڵك یەك ناگرنەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە