كورسی بەرپرسان

Saturday, 25/01/2014, 12:00

1656 بینراوە







كورسیەك هەبوو بە(كورسی بەرپرس) بانگ دەكرا، زۆر دەم و چاوی بەرپرسانى گۆڕیبوو، قەت ڕۆژێ لە ڕۆژان بەو كەسانە دڵخۆش نەدەبوو كە بەواستە و واستەكاری هەوڵیان بۆی دەدا و بەبێ ماندووبوون دەهاتن لەسەری دادەنیشتن.

كابرایەك هەبوو پێیان دەوت (خڕۆڵە) لە دەرگای زۆر بەرپرسى دا، داوەتى زۆر بەرپرسی كرد تا بەو كورسیە گەیشت، یەكەم ڕۆژ كە چووە تەكیەوە، دەستى بەسەر داهێنا و لەبەر خۆیەوە دەیوت: ئۆۆۆخەى وا نەمردم و بەتۆ گەیشتم.

كورسیەكە چاوى نوقاوى كردەوە: هێی، ئەوە چیت وت؟

خڕۆڵە بە شڵەژاوییەوە : ئە..ئە..ئە..چما ئەوە ئێوەى كورسی قسە دەكەن؟ سڵاو.

كورسیەكە بە هەڵپەیەكەوە: سڵاو لەخۆشت، ئەوە چیە، لەپێش چاوم دڵخۆش دیاری؟

ئەویش بەدەم پێكەنینەوە پێیوت: چۆن دڵخۆش نەبم لەكاتێكدا لێرەوە چیم بۆ خۆم پێ خۆش و باشبێ ئەوە دەكەم، كەسیش بۆی نییە قسە لەقسەم بكات.

كورسیەكە ناوچەوانى لێ گرژ كرد و بەدەم هەڕەشەوە وتى: پێ دەچێ هێشتا سروشتى منت نەناسیبێ، من پێشوازى لەیەكێ نەكەم مانای ئەوەیە: نامەوێ چارەى ببینم و حەز ناكەم لێم نزیك ببێتەوە، خۆ هەر یەخەى بەرنەدام، ناهێڵم بەخۆشی لەسەرم دانیشێ، بەجۆرێ سەرقاڵی دەكەم كێشە لەسەر كێشەى بۆ دروست ببێ، خۆ ئەگەر ئەقڵم بیگرێ چاومى لێ بزر ناكەم، هەمیشە ئاگام لێی دەبێ ناهێڵم هەڵە بكات.

خڕۆڵە كە دەستى خۆشحاڵی خۆی بۆ دڕێژ كرد، بە زەردەخەنەیەكەوە وتى: ببوورە كورسیەگیان من لەمێژە خەونت پێوە دەبینم، وەلێ ماقوڵ نییە دەستم لێت گیرببێ وا بەئاسانى وازت لێ بێنم، ژیان چیە؟

كورسیەكە بۆی خنایەوە: خڕەگیان پێویستە لەنێوان ترس و خۆشەویستی، خۆشەویستى هەڵبژێری، خۆشەویستیت بۆ پیشەكەت لەلای خەڵك خۆشەویستت دەكات.

ئەویش وەڵامى دایەوە: ئاخر خۆشەویستى ویژدانە و لە دڵ و دەروونەوە هەڵدەقوڵێ، كەس ناتوانێ....

كورسیەكە قسەكەى لەدەم قۆستەوە، پێی وت: من گەورەیی شتەكان لەتۆدا دەبینم، ئەگەر تۆ نەبی من هیچ نیم، واباشە منت خۆش بوێ تا ئەو ئاستەى بزانى ئەوە منم لەئامێزم گرتووى هاااااا لەخۆبایی ڕووت تێ نەكا، ئەوەى بەوای منەوە خۆی لێ بزر بووبێ وەها سەرم لێی شێواندووە بەپەلەپروزێ لەسەرم هەڵسێ و بەجێم بێڵێ.

خڕۆڵە بە تەوسەوە وتى: من لەپێناوى تۆ دەرگا نەماوە لێی نەدەم، ئێستایش ئامادەم شەڕی هەموو دونیات بۆ بكەم بەئاسانى دەسبەردارت نابم.

كورسیەكە سەری بۆ لەقاند:زۆر كەس خۆیان تاقی كردەوە، بەڵام لەكۆتایدا منیان لەدەست دا.

خڕۆڵە وتى: ئێستا دەتەوێ چ پەیامێكم پێ بڵێی؟

كورسیەكە وتى: ئەگەر دەتەوێ خەڵك بەچاكە باست بكەن، كاری چاكە ئەنجام بدەو بۆ كارەكەت دڵسۆزبە.

ئەویش بەزەدەخەنەیەكەوە پێیوت: لەخوا دەپارێمەوە یارمەتیم بدات هەمیشە كاری باش ئەنجام بدەم و بۆ كارەكەم دڵسۆز بم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە