رێكەوتنامەى ستراتیژی یا پەتای دواكەوتنى كابینەى هەشتەم

Thursday, 16/01/2014, 12:00

1275 بینراوە








دواكەوتنى پێكهێنانى كابینەى هەشتەم كە زیاتر لەسێ مانگ زیاتری بەدوای خۆیدا كێشاوە كە بەپێوەرە یاساییەكان ئەو ڕاسپاردنە بۆ هەر حزبێكى براوە سی ڕۆژە لەنەگەیشتن بەدەرەنجامێ سی رۆژی تر درێژ دەكرێتەوە تا سێیەمین مانگ دەبێ تێكەولێكەى تاوتوێی ئەو كابینەیە بەكۆتابێنێ وە ئەگینە بەپێی مەرسومێك حزبی دووەمى براوە بۆ ئەم كارە ڕادەسپێدرێ.

ئەوەى مقۆ مقۆی لەناوەندەكانى شەقام دروست كردووە باس لەوە دەكەن ئەگەر رێكەوتنامەى ستراتیژی نێوان پارتى و یەكێتى لەمپەر نەبێ بۆ ئەو پێكهاتە ئەوا (پێچك چوارە و بەژمارە)، بەپێی هاوكێشە بیركارییەكان ژمارەى كورسیەكان دیارن و ئیستیحقاقاتى ئینتیخابی هەموو تەم و مژێ دەڕەوێنێتەوە كە هەر حزبێكى براوە چەند پۆستى بەر دەكەوێ ئەگەر نیەت لە پێكهێنانى ئەو كابینە كابینەیەكى بنكە فراوانبێ.

هەڵبەتە خوێندنەوە بۆ رێكەوتننامەى ستراتیژی بۆ ئەم قۆناغە وایلێهاتووە بە پەتا ناوببرێ لەكاتێكدا ئەگەر بكرێتە بنەما بۆ ئەو پێكهاتە، لێرەدا چەند خاڵێك هەیە هەر دوو دیوى ئەرێنى و نەرێنى ئەو رێكەوتننامە دەردەخات:

یەكەم: بەپێی رێكەوتننامەى ستراتیژی شەراكەتى پارتى و یەكێتى لەوەدابووە پۆستەكان نەخاسمە ئەو پۆستانەى سیادین بە رێكەوتن لەسەری دابەش بكرێ كە ئەگەر بۆ پێشتر لەهەڵكشان و داكشانى پۆستەكان بۆ یەكێتى مام جەلال هەر بڕیارێكى بدایە قسە لەفسەى نەدەكراو بێ لام و جیم قسەكانى سەند بوون، كەچی ئێستا كۆ ڕا بەدى دەكرێ و هەر یەكە لەدیدگای خۆیەوە بۆ ئەو پرسە دەڕوانێ، ئەوەتە لەو چاوپێكەوتنانەى ڕەگەڵ ژمارەیەك ئەندامى سەركردایەتى و بەرپرسانى باڵای یەكێتى ئەنجام دراوە هەر یەكە لە ئاشێك دەكات یەك دەڵێ: دەبێ مێژووى خەبات و بەرخودان بكرێتە پێوەر..یەكێكى تر دەڵێ: رێكەوتنامەى ستراتیژى باشترین پێوەرە بۆ پێكهێنانى كابینەى هەشتەم كە خۆی لەوەدا دەدۆزێتە كە ئەو وەزارەتانەى بەلایەنەكان دەدرێ، ئیدى ئەوەى دەمێنێتەوە لەگەڵ پارتى بەیەكسانى دابەشی بكەن بێ ئەوەى ڕەچاوى ئەوە بكەن پارتى 38كورسی و ئەوانیش18كورسیان بەدەست هێناوە.. ئەمە و لەناویاندا بەرپرسی باڵا هەیە پێی وایە هیچ چارەیەك نییە جگە لە ڕازیبوون بە ئیستیحقاقاتى ئەو 18 كورسیەى بەدەستیان هێناوە هەر ئەوە دەبێ داوا بكەن، ئەو ڕاجیاجیایە وایكردووە پرۆسەكە بەخاوى هەنگاو بنێ لەكاتێكدا بەلای پارتیەوە هێشتان یەكێتى بەهەموو كەم و كوڕیەكانیەوە هاوپەیانێكى نزیكیەتى و ناكرێ بەلاوە بنرێ و فەرامۆش بكرێ.

دووەم:رێكەوتنامەى ستراتیژى بەكردەوە دەركەوتووە كە زۆر خاڵی هەڵوەشاوەتەوە وەك ئەمجارە بینیمان لە نەبوونى یەك لیستى نێوانیاندا هەر یەكەیان بەجیا بەشداریان كرد و دەرەنجامى دەنگ و كورسیەكانیش بووە ئەمری واقیع كە ناكرێ لەسەر ئەو بنچینە ستراتیژیەى هەیە پۆست و كورسیەكان بەكەیفی یەكێتى دابەش بكرێ، خۆ لەماوەى هەشت ساڵدا یەك جار یەكێتى پۆستى سەرۆكى حكومەت و پارتى سێ جار ئەو پۆستەى وەرگرت.

سێ یەم: تا ئێستا یەكێتی خیتابێكى یەكگرتووى نییە لەگەڵ رۆئیایەكى روون كە ئایا لەو كابینەیەدا چی دەوێ و داوای چی دەكات لەوەشدا هەندێ لە بەرپرسانیان هەندێكیان پێداگری لەسەر پۆستى جێگری سەرۆكى حكومەت و چەند پۆستێكى سیادی دەكەن، كەچی هەیانە پێداگری لەسەر پۆستى سەرۆكى پەرلەمان و جێگری سەرۆكى حكومەت و چەند پۆستێكى سیادى دەكەن و تا ئێستا هەڵوێستەكانیان یەكلایی نەكردۆتەوە.

چوارەم: دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئەرسەلان بایزى سەرۆك پەرلەمانى خولی پێشوو لەبەرامبەر درێژكردنەوەى دوو ساڵی وادەى سەرۆكایەتى هەرێم بۆ پارتى بەڵێنى ئەوەیان پێی دابێ بیكەنەوە سەرۆكى پەرلەمان ئەگەر ئەمە هەقیقەتى هەبێت ڕەنگە هەموو ئەو دواكەوتنە بۆ ئەو خاڵە لەچوارچێوەى رێكەوتنامەى ستراتیژی خۆی قوت دەكاتەوە.

پێنجەم: نێچیرڤان بارزانى ڕاسپێردراوى پارتى بۆ كابینەى هەشتەم نایەوێ متمانەى هەموو لایەنەكان لەدەست بدات بەلاگیری بۆ لایەك و پشتگوێخستنى لایەنێكى تر بەتایبەت دوای سەردانەكانى بۆ هەموو ئەو لایەنانەى كورسیان بردبۆوە و ئامادەییان دەربڕی لەو كابینەیەدا بەشدار ببن كە ڕەنگە بیەوێ بەو دەرفەتپێدانە دەرفەت بۆ یەكێتى بڕەخسێنێ لە پێداگیریەكانیان نەختێ مڕونەت بنوێن و داوای شتێ نەكەن نەكردنى مەحاڵبێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە