كورد سەربەخۆیی ناوێ

Wednesday, 02/07/2014, 12:00

1686 بینراوە






ئەمڕۆ تەواوى لایەنە براوەكانى كورد بەیەك دەنگ و ڕەنگ سەفەری بەغدایان كرد و دەست بەكاربوونى خۆیان لەرێی سوێندى یاساییەوە ڕاگەیاند، سوێندخواردن بە زمانى شیرینى كورد لەبەردەم دەزگاكان لۆكاڵی و دەرەوە جێی دەست خۆشیە و وەلێ لەپرسیارێكى نەجیبە نەجیبی پەرلەمانتاری یەكێتى دەرهەق بە ڕوو بە ڕووبوونى نوری مالیكى لەبەردەم چاوەڕوانى وەڵامێك بۆ ئەو پرسیارەى بۆچی گەمارۆتان خستۆتە سەر هەرێمى كوردستان لەنەناردنى بودجە و..هتد، ئەفسووس ئەگەر نوری مالیكى خۆی متەقدابوو بەجواب نەهات، دارودەستەكەى خۆیان بۆ نەگیرا زۆر قسەیان كرد كە نەدەبوو لەو قۆناغە هەستیار و ناسكەدا بیكەن بەوەى هەرێمى كوردستان پشتیوانى داعش دەكات و داڵەیان دەدات و ئەو سوپایەى لە موسڵ هەڵاتن بەشێكى زۆری كوردبوون و زۆر قسەى تر كە مقۆمقۆی لێ كەوتەوە ئەگەر لە دانیشتنی یەكەم زۆرینەى ئەندامان ئامادەبوون ئەوە دوای پشوو وەرگرتن كورد بەتەواوى لایەنەكانەوە بایكۆتى دانیشتنەكەیان لەگەڵ چەند كتلەیەكى بچووكى ئێراقی كرد بەمەیش رێژەى ئاسایی تەواو نەبوو تا بتوانن درێژە بەدانیشتنەكان بێنن و سەرۆك و هەردوو جێگرەكەى پەرلەمان یەكلایی بكەنەوە لەكاتێكدا بڕیاری دادگای ئیتیحادى ئەوەبوو نابێ ئەو دانیشتنە بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە كەچی لەنەبوونى رێژەى یاسایی ئەندامان بەناچاری لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامی ئەو خولە كە سەرۆكایەتى دانیشتنەكەى دەكرد، بڕیاری دواخستنى بۆ هەفتەیەكدا.

بۆ كورد ئەو بایكۆتكردنەیان گەڕاندەوە سەر نەبوونى تەوافوقی سیاسی و پێش وەخت دانیشتنى كتلە گەورەكان، بەمەیش ئەو بایكۆتەى لێ كەوتەوە و پێشبینى دەكرێ هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە تا لایەنى كوردى و سوونە وشیعە بگەنە تەوافوقێكى سیاسی یەكلاكردنەوەى ئەو كێشەیە.

لێرەدا چەند پرسیارێك دێتە گۆڕێ ئایا كورد كە خۆی لەو حكومەتە بێ بەری كردووە و هیچ ڕۆڵێكى جگە لە بەرگریكردن لەسنوورەكانى نەبێ، ئایا چۆن و بە چ میكانیزمێك چووەتەوە بەغدا؟

لەم هەل و مەرجەدا دەنگودۆی سەربەخۆیی و دەوڵەتى كوردی هێند بەگەرمیەوە باسی لێوە دەكرێ، بەچوونى كورد بەتەواوى لایەنەكانەوە ئەو نیەتە نیشان دەدات هێشتا ئەگەری پێكەوە ژیان لەگەڵ عەرەب و بەغدا گریمانەیەكە واقیعێكمان نیشان دەدات بەوەى ئاسۆی كورد تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات نادیارە و لەبەردەم لێدوانەكانى وڵاتان پێ ناچێ ئەو پرسە یەكلایی بووبێتەوە، وە ئەگینە بەشداری كردنى كورد لە حكومەتى ئێراقی تازەدا بەرامبەر بە داخوازیەكانى دەبێ هەندێ شتیش بۆ مانەوە و لەسەرپێ وەستانى حكومەتى ناوەندى بنێ كە یەك لەو هەنگاوانە دەبێ پێشمەرگە شان بەشانى سوپای ئێراقی ڕۆڵ لە پاكسازى و ڕزگاركردنى ئەو شوێنانە ببینێ كە بۆ شیعەكان ئەو گروپانەى ئەو شوێنانەیان بەدەستەوەیە تیرۆرست و هێزى دەرەكین، ئەوەیش بابەتێكە بمانەوێ یان نەمانەوێ بەشداری كردن لەو حكومەتە هەر ئەوە نیە پارە و بودجەى لێ وەربگری و حكومەتەكەیش بە خكومەتی خۆت نەزانى.

بەشداری كورد لەبەغدا هێشتا یەكلانەكردنەوەی سەركردایەتی كورد نیشان دەدات بەوەى بڕیاری كۆتایی نەداوە تا جاڕی سەربەخۆیی بدات وەئەگینا بۆ پرسێكى ئاوا گرینگ و چارەنووسساز یەكەمین هەنگاو كشانەوەى وەزیرە كوردەكان و سوێند نەخواردنى ئەو ئەندام پەرلەمانانەى كوردە كە ئەمڕۆ لەبەغدا سوێندی یاساییان خوارد.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە