بانگەوازێك بۆ مامۆستایانو خوێندكارانى زانكۆى سەڵاحەدین لە هەولێر داخستنى زانكۆ خزمەت بە كێ دەكات؟

Saturday, 26/02/2011, 12:00

641 بینراوە




پێوەرى هەرە گرنگو شارستانى كۆمەڵى مەدەنى لە دونیادا زانكۆو خوێندنى باڵایە كە لە وڵاتانى دواكەوتوو بۆ تەكاندان بە ئاستى پێشكەوتنى كۆمەڵگا زەڕوورەتى زیاترى هەیە.

وەك دەبینین گەنجان داینەمۆى ئەو خۆپیشاندانو راپەڕینانەن كە لە دونیاى عەرەبیدا لە پێناو دەستاو دەست كردنى دەسەڵات بە شێوەیەكى ئاشتیانە بەڕێوە دەچێت.

گەنجان گەرمترینو ناسكترینو پڕ تواناترین توێژێكن كە شۆڕشەكانو ناویان لەگەڵیاندا پێكەوە لكاون یان باشتر وایە بڵێین رابەرە نوێیەكانى شۆڕشن.

ئێمە لە كاتێكدا باسى گەنج لە شۆڕش "شۆڕشى سپى" دەكەین بە پلەى یەكەم لە دژى گەندەڵىو دەسەڵاتى دكتاتۆرىو سەركوتگەرىو مانەوەى دەسەڵات لە نێوان بنەماڵەكان خۆیاندایە واتە لە باوكەوە بۆ كوڕو لە كوڕیشەوە بۆ ئەوەى هێشتا نەبووە.

دواى ئەو ئارێشە كەڵەكەبووەى لە وڵاتانى ناوچەكە بە بێ چارەسەرى بەدیدەكرێتو كۆمەڵى نێونەتەوەیى پێوەى خەریكن ئەو باهۆزە توندەیە كە لەو وڵاتانەى نا عەدالەتىو گەندەڵى زۆر زەقى تێدایە، بەرپابووە.

لە كوردستانیشدا دەسەڵاتى سیاسى لەبرى ئەوەى زیاتر خزمەت بە زانكۆو توێژى زانكۆیى بكاتو گوێیان لێ بگرێت، بە پێچەوانەوە دەرگاى شارستانى لەسەر خوێندكاران دادەخات.
ئەمە گەورەترین غەدرە لە ئیرادەى سیاسى، جگە لە قڕ كردنى بیروباوەڕو هەوڵێكى پووچ بۆ داخستنى مێشك، بە بێ هیچ پاساوێكو بەبێ وەرگتنى بۆچوونى خودى خوێندكارو مامۆستایان، هیچى تر نییە.

ترسى دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان بە جێگەى ئەوەى داواى توێژینەوەو چارەسەرىو پێشنیارى نوێو هەنووكەیى لە ناوەندە ئەكادیمییەكان بكات، دایاندەخات. تا نەوەكو بە دەستە جەمعى داواى مافى رەوایان بكەن، لە كاتێكدا ئەوە دەبێتە هۆكارى تووڕەیى زیتر كە هەمیشە دەسەڵات بیر لە خەفە كردن دەكاتەوە.
بۆیە ئەو خەفەقانە توندەى لە رووى دەروونیەوە بەرامبەر خوێندكاران دەكرێت لە دونیاى ئیستادا بێ نمونەیە.
ئەى گەنجە مەحرومەكانى كوردستان! خوێندكارانى بێ زانكۆ! گەنجانى مەحروم لە مافو ئازادى! ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەى كە بەڕاستى پەڕپووتو بێ شكۆ بووە وا خەریكە دێ شەڕێكى بێ مانا لەگەڵ ئیرادەى پڕ شكۆو دەنگى زوڵالتان دەكات.
دێتو بێ حورمەتى راستەقینە بەرامبەر هێزو تواناى لە بن نەهاتووى ئێوە دەكات، بەشە ناوخۆییەكانتان قفڵ لێدەدات وەك ئەو قفڵەى لە مێشكى خۆیانیان داوە. لەوەش خراپتر قفڵ لە دەرگاى یەكە بە یەكەى كۆلێژو پەیمانگاكان دەدات وەك ئەوەى دەیەوێت قفڵ لە مەرگى حەتمى خۆى بدات.
دەنگى ئێوە، هاوارى ئێوە بۆ ئازادىو دژ بە گەندەڵى ئیجرائیلى راستەقینەى مەرگ كێشى ئەوانە.
خوێندكاران و مامۆستایانى زانكۆى سەڵاحەدین، ئاڵا هەڵگرانى ئاشتى، داخستنى زانكۆ لەبەرامبەر ئیرادەو هەیبەتى ئێوەدا گەورەترینو كوشندەترین لێدانە. قبوڵ نەكردنو دۆزینەوەى رێگە چارەى دروست بۆ ئەوەى نەهێڵن ئەو بڕیارە نا بەجێیە سەربگرێت پێویستە زیاترو زیاتر لە رۆژانى پێشوو لە دەورى یەكتر كۆببنەوە.
تكایە بە ئیمەیڵو نامەو هەرچى ئامرازى تر بەڵام دوور لە توندوتیژى، هەیە بەكاربهێنن تا ببێتە دروستبوونى كۆبوونەوەو را گۆڕینەوە لەگەڵ یەكترو هەوڵەكانتان بۆ پووچەڵكردنەوەى ئەو بڕیارە بێ سەروبەرە یەكخەن.
تكایە دەنگتان و رەنگتان بە ئیرادەى شاراوەو لە بن نەهاتووتان یەكخەن و وەڵامى دەسەڵاتى لەرزۆكو پڕ گەندەڵ بە خۆپیشاندانو داواكارى حەقخوازانەو مەدەنیانە بدەنەوە.


كۆمەڵێك لە رۆشنبیران و پاڵپشتى كارانى دەنگى شەقام لە هەولێر


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە