لە روداوی کوشتنی مامۆستا ئەمریکییەکەدا نابێ کۆمەڵگەی کوردەواری سوکایەتیی پێبکرێت

Thursday, 01/03/2012, 12:00

2074 بینراوە


کوشتنی مامۆستایەکی ئەمریکی لەلایەن خوێندکارێکی کوردەوە، کارێکی زۆر بەربەرییانە و نامرۆڤانەیە. ئەو روداوە دڵتەزێنە ئەمانخاتە بەردەم تێڕامانێکی ورد لە سیستەمی پەروەردەیی هەرێمی کوردستان بەتایبەت پەیوەندیی مامۆستا-خوێندکار لەلایەک، لەلاکەی تر، خوێندکار-مامۆستا.
لەلایەکی ترەوە، ئەو زانیارییانەی دەربارەی ئەو هەرزەکارە بڵاوکراونەتەوە جێگەی تێڕامانی قوڵن. هەزەکارێک بۆ خوێندکار بێ و سەر بە دەزگایەکی ناشەرعیی بێ کە قێزەوەنترین دەزگایە لای بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان؟ بۆچی هەرزەکارێک رێیپێبدرێ دەمانچەی پێبێ؟ یەکێتی و پارتی ئەبێ شەرم دایانبگرێ بەو روداوە کە هەلگرتنی چەک زۆر ئاسایی بێ لای هاونیشتیمانییان .
ساڵی ٢٠٠٧، دوا ساڵی خوێندنی زانکۆم بو لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر. لە ماڵی پورم بوم پشت خوێندنگەی ئامادەیی کوردستان. رەتبونم بە لای خوێندنگاکەدا و دیتنی چەند خوێندکارێک توشی شۆکی کرد. دو خوێندکاری هەرزەکار شەڕیان بو. دوای دەمەقاڵێیەک و لێدان لە یەکتر، یەکێکیان کە کوڕە بەرپرسێک بو، رایکرد بۆ لای ئۆتۆمبێلەکەی تا دەمانچە بێنێ. خوێندکارەکە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری هەمەری پێبو. ئێمە نزیکەی ٧٠ خوێندکاری بەشی ئینگلیزی بوین لە کۆلیژی پەروەردە، بە هەمومان پارەی هەمەرێکمان نەبو. خوێندکارێکی ئامادەیی بۆچی هەڵگری دەمانچە بێ و هەمەرێکی پێبێ پۆز بە سەر مامۆستاکانی و خوێندکارە هاوپۆل و هاوڕێکانی لێبداتەوە و چاویان لێ سور بکاتەوە؟
ئەو مامۆستایە کوژراوە، خوا لێی خۆشبێ، ٥ ساڵە لە کوردستانە و لە وێنەکانیەوە دیارە کە گەلێک دڵخۆش بووە لەگەڵ گەلی کورد و خوێندکارەکانی. مانەوەی کەسێک لە کوردستان بۆ ماوەی ٥ ساڵ ئاماژەی رونن کە دیارە گەلی کورد میواندۆستە و ئەو کەلتورە جوانەی خۆی فەرامۆش نەکردووە و دەستیپێوەگرتووە. ئەوەی منی جارێکی تریش نیگەرانکرد، کۆمەڵێک خەڵکی نەفام قسەی نابەجێ بە گەلی کورد ئەڵێن لە بەرامبەر کردەوەی هەرزەکارێک. هیچ مرۆڤێک نییە لەم کوردستانە نیگەران نەبێ بەو کوشتنە و ئیدانەی نەکا، بۆچی ئێمە وێنای گەلی کورد بکەین بە گەلێکی دڕندە و سەدان قسەی خراپ بنوسین. تکایە لەبری سوکایەتیکردن بە گەلی کورد، با هەوڵبدەین نیگەرانیی هەمووان بگەیەنینە کەسوکاریان هەروەک چۆن خوێندکارەکانی لەڕێی فەیسبوکەوە پەیامی جوانیان گەیاندووە. هەوڵیشبدەین ئەو سیستەمەی کە عەقڵییەتی گەنجانمان بەرەو ئاراستەی توندوتیژی و رق ئەبات، توڕهەڵیدەین.
کردەیەکی نامرۆڤانەی خوێندکارێکی هەرزەکار، نابێ بەسەر هەمو گەلی کورددا فەڕزبکرێ. ئەمریکییەکان بۆ خۆیان زۆر لەوە ئاگادارن کە ساڵانە بە هەزاران روداوی لەو جۆرە لە وڵاتەکەیان روئەدات. بەر لە بونی ئۆباما بە سەرۆک، راپۆرتێکم خوێندەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبو یەکێک لە قوڕسترین کێشەکان بۆ ئۆباما کە ناتوانێ بەسەریدا زاڵ بێ، ئەو دو ملیۆن زیندانیکراوە ئەمریکییەیە کە بە تاوانی جیا جیا زیندانیکراون.
هەڵەیەکی دیکەی کوشندە کە بەو روداوە ئەبەسترێتەوە، تێكەڵکردنی کێشەی خوێندکارێکە بە جیاوازیی تێڕوانینی ئاینیی مامۆستاکە لەگەڵ خوێندکارەکە. هیچ گەلێک بەقەد گەلی کورد لە ناوچەکەدا ئاینی دیکەی قبوڵنەکردووە. گەلی کورد وەک گەلێکی موسڵمان، هەرگیز هیچ ئاینێکی دیکەی لە کوردستاندا رەتنەکردۆتەوە. خۆ ئەگەر مەسەلە ئاینیی بووایە، خۆی نەئەکوشت و بەڵکو بەرگریی لە خۆی ئەکرد. رونە کە مەسەلەکە ئاینیی نییە.
هەندێک میدیاش باس لەوە ئەکەن کە خزمی لاهوری شێخ جەنگیی خزمی نزیکی جەلال تاڵەبانییە. ئەوە دو لایەنە؛ لایەنێکی ئەمانگێڕیتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر رەخنەی توندتر لەو دو هێزە حوکمڕانەی کوردستان بگرین کە کوڕ و خزمەکانیان کردونەتە کەڵەگا بەسەر خەڵکەوە کە رۆژانە چەندان روداوی جۆرا و جۆر ئەبیستین. لایەنی دووەم، خوێندکارێکی هەرزەکار روداوێکی وا دڵتەزێن ئەنجامئەدات چ گوناهێکی ماڵی باوک و خزمانی هەیە؟ راستە جێگەی رەخنەگرتنن لێیان کە ئاگاداری منداڵەکەیان نەبونە و دەمانچەیان لێنەستاندووە، بەڵام دیسانیش ئەبێ زیاتر چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکان بکەین ئینجا بڕیاربدەین.
سەرەڕای هەمو ئەوانە، جێی خۆیەتی بۆ ساتێک رەخنەیەکی جدیش لەو خوێندنگە نمونەییانە بگرین کە زۆربەیان کوڕە بەرپرسەکان تێیدا ئەخوێنن. زۆرێکیشیان بە پارەی گشتیی ئەو گەلە، هەرچەندە ئەهلین، بەڕێوەئەبرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە