شێر لە نانی وشک

Saturday, 04/10/2014, 12:00

2332 بینراوە


ئەوانەی بە شیر و بۆنی خاک گۆشن
بە دڵ خوێن ئەکەن بە دەمییەوە
ئەوانەی لێی هەڵوەریوون
بە هەواوەن
خەریکن پێستەکەشی ئەفرۆشن.

دایکت بە سەر سەرتەوە نەبوو ماچت بکات
شێخ لە پیران نەبوو بگاتە سەرت (١)
سلێمانی نوقمی شەرابی ئەسپەکەی "ترۆییا"یە (٢)
سبەینێ شریخەی شمشێر
کسپەی پەشیمانیی
هاوارو قریشکەی رۆح
دۆکەڵی شەرمەزاریی
دەستیان ئەخەنە سەر شانی.

بە تەنها بووی
هەر ئاسمانی شین و
لوتکەی سەرسام و نەعرەتەی مەرگ بوون
کوردستان شێری تیایە (٣)
شێخ نەیزانی
بیزانیایە گوڵ ئەگرێت یەخەی ئاگر ئەگرێت
نە ئەمرد چاوەڕێی ئەکردیت
بیزانیایە بە پشتی هەڤاڵ جومعە (٤)
تۆ ئەگەیتە بەرزایی
لەوێ چاوەڕێی ئەکردیت نە ئەمرد
بیزانیایە لەوەی سلێمانی
شیرینتر ئەبێت جەنگی ئازادیی (٥)
نە ئەمرد نەیدەهێشت تەنها بیت
کێ ئەیزانی لە گوڵی کوێستان
دروست ئەکرێت مەرگی بادەمیی؟
کێ ئەیزانی دروست ئەبێت بەوری بەیان
لە سەفتە نانەکانی هەڤاڵ حەقیی (٦).

لەوێ هەر تۆمان هەبوو
ئەو هەموو دارستان و کێوە
پشتیان بە تۆ بەستبوو
هەر هەڵمەت و
سێوێکی پڕ خۆشەویستیت
لەگەڵ خۆتدا برد بوو
کڵاوکوڕەیەک هەواڵی هێنا
ئەویشت بەسەر
رێژنەی گوللەدا هەڵرشتبوو.

٢٠١٤/٠٩/٠٩

پەراوێز:
تانیا کیفری کیژێکی پێشمەرگەی یەپەگە بوو. بەرەو رووی دە سەربازی تورکیا دەبێتەوە. سیانیان لێ دەکوژێت و دووان بریندار دەکات تا گوللەیەک بەر سەری دەکەوێت و گیان لەدەست ئەدات. ﯾﻪﻛێك ﻟﻪﻭ ﺳﻪﺭﺑﺎﺯﻩ ﺑﺮﯾﻨﺪﺍﺭﻩ ﺗﻮﺭﻛﺎﻧﻪ روداوەکە ئاوا بۆ ﺭﯙﮊﻧﺎﻣﻪﯼ "ﺗﻮﺭﻛﯽ ﺩﻩﯾﻠﯽ ﻧﯿﻮﺯ" دەگێڕێتەوە:
"ﺳﻪﯾﺮﻡ پێ هات ﻛﻪ ﺋﻪﻭ ﻛﭽﻪ 17 ﺳﺎڵە ﺑﻪﻭ شێوەیە ﺭﻭﺑﻪڕﻭﻣﺎﻥ ﺑﯚﻭﻩ ﻟﻪ ﻛﺎﺗێكدا ئێمە دڵنیا ﺑﻮوﯾﻦ ﻛﻪ ﺑﻪﺱ ﺗﻔﻪﻧﮕﯽ لێ‌ ﺭﺍﺑكێشین ئەو ﺩﻩﺳﺖ ﻭ ﺋﻪﮊﻧﯚﯼ ﺋﻪﺷكێت. ﺑﻪڵاﻡ ﺯﯙﺭ ﺷێرانە ﺭﻭﺑﻪڕﻭﻣﺎﻥ ﺑﯚﻭﻩ، ﻟﻪ ﻛﭽﯽ ﻧﻪ ﺋﻪﻛﺮﺩ. ﭼﻮﻧﻜﻪ ﻛﭽﻪﻛﻪﯼ ﻣﻦ ﺑﻪ ﺑﯿﻨﯿﻨﯽ ﺳﯿﺴﺭﻛێك ﺷﻪﻭ ﻫﻪﺗﺎ ﺑﻪﯾﺎﻧﯽ ﺩﻩﺳﺖ ﺋﻪﻛﺎﺕ ﺑﻪ ﮔﺮﯾﺎﻥ."
سەرچاوەی ئەم هەواڵ و وێنەیە پەیجی لایەنگرانی پەکەکە یە لە باشور
١.شێخ، مەبەست شێخ مەحمودی نەمرە. دوای شەڕی بەردەرکی سەرا رۆژی ٠٦/٠٩/١٩٣٠ جلە خوێناوییەکانی شەهیدەکانیان بۆ برد بۆ گوندی پیران. ئەو کات لەو گوندە بە گوێرەی رێکەوتنێکی ناچاریی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا لەوێ نەدەبوو بجوڵێت. جارێکی تر داوای سەربەخۆیی کوردستانی کردەوەو لە گەرمیان شەڕی ئاوباریک دوا شەڕی بوو دژی ئینگلیز، عێراق و جاش.
٢. ئەسپەکەی ترۆییا: ئەسپێک و روداوێکی ئەفسانەییە لە شیعرەکانی "هۆمیرۆس"ی یۆنانییدا. شاری ترۆییا کە ئێستا لە باکوری خۆرئاوای تورکیادایە دە ساڵ دەوری دەگیرێت بەڵام خۆیان نادەن بە دەستەوە. تا یۆنانییەکان ئەسپێکی گەورەیان لە تەختە بۆ دروست دەکەن و لە دەرەوەی قەڵاکە وەکو دیاری بۆیان دائەنێن. قەڵای ترۆییا ئەم ئەسپەیان بردە ناو قەڵاکەوەو کردیان بە گۆڵمەزو شایی و شەرابخواردنەوە. لە نیوەشەودا جەنگاوەرەکانی ناو ئەسپەکە دێنە دەرەوە، دەرگای قەڵاکە دەکەنەوەو پاشاو شار کوشتار دەکەن و ترۆییا دەگرن.
٣. کاتێک شێخ لە ناوچەی شارباژێڕ لە ژێر فشاری هێزی عێراق و جاش، ئینگلیزو ئێراندا دەبن، بە ئەحمەد خواجە دەڵێت ئەگەر ئێمەش بەیداخی کوردستانمان پێ هەڵنەکرا ئەم کوردستانە پڕیەتی لە شێر، گرنگ ئەوەیە نەبەزین.
٤.هەڤاڵ جومعە: "جەمیل بایک"ە، کاتی خۆی بە حەماڵیی خەریکی دروستکردنی پەکەکە بوون. لە زەمەنێکدا کە کوردبوون زۆر سەخت بوو. ئەمان لەو ئەڵقەیە بوون کە نەپسا ئیتر کورد لە باکور بفەوتێت.
٥. کاتی خۆی شێخی نەمر وتوویەتی هەر شەڕێک دوو هەتیوی سلێمانی تیا نەبێت تام نادات.
٦. هەڤاڵ حەقی: لە دامەزرێنەرانی پەکەکە بوو. ئەمیش یەکێک بوو لە حەماڵەکان و بەیانیان ئەوەندەی نان کڕیووە بووە بە جێگای گومان. ناچار لە چەند نانەواخانەیەک نانی کڕیووە. چونکە زۆر کات هەر نانی وشکیان خواردووە. دوای یەکەم شەهیدی پەکەکە لە دەرسیم ئەم دووهەمە. جەمیل بایک ئەو روداوەی کە "حەقیی" تیادا شەهید دەبێت بە یەکەم چالاکیی خەباتی چەکداریی پەکەکە لە قەڵەم ئەدات. حەقیی بە نەژاد تورک بووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە