31ی ئاب بوو پیرۆزی بنەماڵەی بارزانی تا هەتایە نەهێشێت!.

Monday, 31/08/2009, 12:00

1555 بینراوە


من ئەمەوێ لە دیدگایەکی دیکەوە ، 31ی ئاب هەڵسەنگێنم ، نەک وەک کەسێک کە لەم رۆژە شوومەدا زەبری کاریگەری پێکەوتبێ ، یا ماڵ وحاڵی بە بەرچاوییەوە تاڵانکرابێ ، یا کتێبخانەکەی بە بەرچاوییە کەوتبێتە بەر شاڵاوی گاڵتەپێکردنی کۆمەڵێ دڕندەی زەردی رەشهەڵگەڕاوی خیانەتکار ، ئەمانە هەمووی بۆ دوانزەمین ساڵ بە سەر ئەم رۆژەدا کاریگەریان ئەگەر هەش بێت ئەوەندە نییە ، بەڵکو دیتنی من بۆ ئەم رۆژە لە بڕو جۆری پیرۆزی بنەماڵەی بارزانی سەرچاوە دەگرێت .
جێگای شاراوە نییە ، بۆ نزیکەی سەدەیەکە ، بنەماڵەی بارزانی بە بارزانی باوک و دواتریش مەسعودەوە ، لە تەک بێدەنگیان و دەستتێکەڵکردنی ژێر بەژێریان لەگەڵ سەرسەختترین دوژمنی کورد ، جۆرێک لە پیرۆزیان لەنێو خەڵکی کوردستانا هەبوو ، ئەوانیش ،واتە بنەماڵەی بارزانی ، زۆر شێلگیرانە کەوتبوونە هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی وێرای ئەو هەموو ئاشبەتاڵییە و نوشستییە و دووربوونیان لە ناخۆشییەکانی خەڵکی کوردستان ، کەچی رۆژ بەدوای رۆژ بازنەی پیرۆزیان گەورەتر دەکرد ، ئەمەش ئەگەر بەشێکی هی زانایی خۆیان بووبێ لە ساختەکاری ، ئەوەندەش هاریکاری رژێمی بەعس و دەزگا موخابەراتییەکانی دەوروبەر بوو ،کە کاریان بۆ دەکرد.
کێ هەیە دوای راپەرین ، بانگەشەکانی بەعسی بۆ پشتیوانکردنیان لە بەرامبەر رەوتی فیدراڵیزم لە یاد چووبێ ، هەر بنەماڵەبوو ، ببوە مەکۆی کۆکردنەوەی هەموو جاش و موستەشار و پیاوکوژەکانی بەعس لە کوردستانا ، تا وای لێهات لە گەڵ رەوەتی ئەوێ رۆژێیی یەکێتی نیشتمانی بکەوێتە ململانێ و لە هەڵبژاردنی ساڵی 1992 دەنگێکی باش بەدەستبهێنێ ..ئاخر ئەمە کارەسات نەبوو دەنگی خەڵکی سادە و بێ ئاگا لە تەک دەنگی جاش وکۆنە تەواری و پیاوکوژەکانی بەعسیش بۆ پیرۆزی بنەماڵەیەکدا درا ،کە وەهمیی بوو!.
خەڵکی ئەو پیرۆزییە وەهمییەی هەمیشە بێ لێکدانەوەی سیاسیانە ،تەنها لە غیابی هۆشیاری سیاسی ، رۆژ بە دوای رۆژ بۆ خۆی گەورەتری دەکرد ، تا کارگەیشتە ئەوەی پێشمەرگەیەکی قارەمانی لایەنەکانی بەرەی بەرخۆدان ، وەک چەکدارێکی ماندوونەبووی کەرەج و جاش و کۆنە تەوارییەکان یەکسان بکات ، لەو ساتەوە کارەسات دەستی پێکرد .
مەسعود بارزانی و بنەماڵەی بارزانی بە بەکارهێنانی هەموو وەرەقەکانی فشار کە لە دەروجیرانەکانەوە پێدەبەخشرا ،توانی هاوسەنگی شەڕ لە تەک ساختەکاری و وەعدی درۆ و رێزنەگرتن لە پرینسیپەکانی شەڕ و رێزنەگرتن لە دیرۆکی بەرخۆدان ، هاوسەنگی شەڕی ناوەخۆ بۆ لای خۆی بێنێ ، ئەمانەی کە دەکرد تا 31ی ئاب هەمووی دەچووە قاڵبی کاری جاسوسی و نهێنی ، جارجارەش بە بیانووی زۆر بێ ماناوە ، دەبووە کەواسوری سوپای فاشی تورک و شەڕی دژی PKK بە ئاشکرا ئەنجامدەدا ، تا بتوانێت تورکیا لە هاوسەنگی شەڕی ناوەخۆی نێوان یەکێتی و خۆیدا پەلکێش بکات ... ئەمانە رەنگە لای هاوڵاتیان ساددە و ساکاری شەقامی کوردی بیانووەکان تەواو زەلال نەبوو ، هەربۆیە ئەم پیرۆزییە جاڕدراوە لێدانی وەبەرنەدەکەوت ئەگەر بشدیترایە وا بە پێش سوپای فاشی تورکیا کەوتووە ، شەڕی کوردان دەکات ،بەڵام کاتێ بۆ هەولێر وەرگرتنەوە لە دەست یەکێتی ، جاشەکانی بنەماڵە رووزەردانە بە ئاڵای زەردەوە لە تەک ئاڵای (الله اکبر)ی بەعسەوە ، شەقامەکان داگیردەکەن ، دام ودەزگاکانی حکومی و خەدەمییەکان تاڵان دەکەن ، پەرلەمان تاکە سیمبولی راپەڕینی خەڵکی کوەردستان هەتکدەکەن ، ماڵ و حالی خەڵکی بە شەرەفی هەولێر بۆ چاوساغی (وەلەکە عەرەب) ی حەرەس جەمهوری تاڵان دەکەن ، موعارەزەی عێراقی دەدەنەدەستەوە ، کاتێ ئەو هەموو تاوانانە بینرا ، لەو ساتەوەختەوە ،ئەو پیرۆزەییە درۆیینەی بنەماڵە بۆ خەڵکی ئاوەڵابوو ، لەوێدا رۆژ بەدوای رۆژ ئەو پیرۆزییە کە لە سەر بناخەیەکی وەهمی درۆ دورستکرابوو خلۆربۆوە بۆ زبڵدانی مێژوو ، ئەو هەیبەتەی جارانی نەما ، دەرگاکان لە سەرپشتکرانەوە تا ئیدی چیدیکە لایەنە شاراوەکانی کە پیرۆزی وەهمی لە سەر بنیاتنرابوو ، نەمێنن ، کەوتنە بەرشەقی شیکردنەوە سیاسییەکانی خەڵکە ساکارەکەی کوردستان کەبێ ئاگایانە پێشتر دەنگیی بۆدابوو! .. کەسێ نییە ئەو پرسیارەی لە ناخەوە لە خۆی نەکردبێ : بنەماڵە ئەگەر سەددام نەبوایە ، 31ی ئاب نەبوایە ، ئێستا لەکوێی نەخشەی سیاسی کوردان دەبوو ؟!. هەڵەی سیاسی و عەسکەری زۆریی سەرکردایەتی یەکێتی و گەوجی و ئەنانیەتی تاڵەبانی ،هەموو رێخۆشکەربوون بۆ ئەوەی دوای شکستی 31ی ئاب بۆ بنەماڵە ، ئاهێکیان وەبەربێتەوە ، ئەوجارەش روویان بێت خۆیان بەخەڵکی نیشان بدەنەوە. بەکورتی ئەگەر هەڵەکانی یەکێتی نەبوایە لە کێشمەکێشی سیاسی و شەڕی کوتلەکانی نێوخۆیی ، دەمێک بوو خەڵکی کوردستان بەروبوومی شکستە ئەخلاقییەکانی بنەماڵەی دەچنییەوە ، بۆ هەتا هەتایە ئەو بنەماڵە پیرۆزی نەدەما و خلۆردەبۆوە بۆ زبڵدانی مێژوو .
لەکۆتاییدا ،ئەگەرچی پیرۆزی بنەماڵە بەهۆی تاوانی گەورەی 31ی ئابەوە تووشی شکستی گەورەبوو ، لێ بەلێ لە سەر ئێمەیە ،لە سەر خەڵکی رۆشەنبیر و ئەو ئەلتەرناتیڤەیە کە خەریکە دورست دەبێت ،کار بۆ توڕدانی تاهەتایەی بکەن..تاوانێکی گەورەیە ، ئەگەر خەڵکی کوردستان لەم تاوانە ببورێ ، خۆ ئەم تاوانە تاوانێکی هەروا ساددە نییە ، بەڵکو تاوانێکە گەورەترین لێدانی بە پرینسیپەکانی ئەخلاقی سەربەخۆیی مرۆڤی کوردی دا ، چونکە هەر بۆنموونە کێ هەیە بە هاتوهاوارەکەی مەسعود بڕوا بکات ،کاتێ باس لە ئاڵای عێراق دەکا ؟! . کێ هەیە لەخۆی نەپرسی بێت دەبێ ئەم پیاوە بۆ ئەوەندە باس لە ئاڵای عێراق بکات ،خۆ هەر ئەو ئاڵایەبوو کردیە ئەو کوڕەی ئێستا ؟!.
هەموو دەستکەوتەکانی بنەماڵە لەرووی ماددیەوە ، لە 31ی ئابەوە سەرچاوە دەگرێت ، هەموو لەدەستدانە مەعنەوییەکانیشی لە تێکشکانی هالەی پیرۆزی درۆینەی بنەماڵەوە لەوێدا دەستی پێکرد ، هاوکێشەیەکە بۆ بنەماڵە بە پێچەوانە کەوتەوە.
بۆچی بنەماڵەی بارزانی خۆیان بەراورد ناکەن بە غاندی ، کاتێ غاندی بەرخۆدانی دژی داگیرکاران دەکرد و شەڕەناوخۆکانی هێوردەکردەوە ، ئەگەر خاوەنی سەدەها مللیارد دۆلار بوایە ، خاوەنی تەنها یەک بزن نەبوایە ، پیرۆزییەکەی وەکو بنەماڵەکەی ئێوە لێدەهات !. غاندی میژوویەکی پڕ سەروەری بۆخۆی پێکەوەنا ، ئێوە مێژووییەوکی پڕ شەرمەزاری ، جا کەسی ئاقڵ هەیە ئێوە و غاندی تەنانەت ئێوە و سەددامیش بەیەکەوە بەراورد بکات ؟!!. ئێوە خاوەنی شوومترین و پڕتاوانترین دیرۆکن ، دیرۆکێک شەرمەزاری لێدەتکێ .. ئێوە پیرۆز نین ،بەڵکو لە مرۆڤ کەمترن!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە