بــۆ رای گشـتـی دەستلەكار كێشانەوەی تەواوی ئەندامانی لقی سلێمانی و بەرپرسی لق و دەستەی كارگێڕی چەمچەماڵی چاودێری كوردۆساید - چاك

Monday, 27/12/2010, 12:00

1291 بینراوە


بەڕێزان جەماوەری خۆشەویستی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و دەزگاكانی راگەیاندن...
ئێمە وەك تەواوی ئەندامانی لقی سلێمانی جگە لەتەنها ئەندامێك و بەرپرسی لق و دەستەی كارگێڕی چەمچەماڵی (رێكخراوی چاودێری كوردۆساید چاك) وەك بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی و مێژووی دەستلەكار كێشانەوەی خۆمان بۆ ڕای گشتی ناوخۆ و دەرەوە رادەگەیەنین، هۆی دەستلەكاركێشانەوەكەشمان پەیوەندی بەم خاڵانەی خوارەوە هەیە:-
1. هەمووان دەزانن كە ساڵی پار لە لقی سلێمانی نزیكەی تەواوی ئەندامانی چاك لەو رێكخراوە دەستلەكار كێشانەوەی خۆیان راگەیاند لەبەر چەند خاڵێك كە پەیوەندی بە بێ دیسپلینیەوە هەبوو بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت ئەو بێ دیسپلینییە تا ئێستاش هەر ماوە و چارەسەر نەكراوە و بگرە زیاتر و دەهێندەش بووە.
2. ئاشكرایە رۆژی (7/10/2010) نوسینگەی باشووری كوردستان دووەمین كۆنفرانسی خۆی بەست و لەو كۆنفرانسەشدا بەهۆی ئەو پلانەی كە دەستێوەردەرانی (چاك) ئەنجامیاندا بوو هەروەها بەهۆی ئەوەی كە لەهەندێك لقەوە بەكۆستەرخەڵك هێنرا بوو بۆ دەنگدان، لە لقی سلێمانی هیچ ئەندامێك بۆ دەستەی كارگێڕی هەڵنەبژێردرا، ئەمە لە كاتێكدا كە لق هەیە سێ ئەندامی بۆ دەستەی كارگێڕی هەڵبژێردرا، كە بەشێك لەو كەسانە یەكەم رۆژیان بوو چاكیان ناسیبوو تەنیا بۆ ئەو رۆژە بوونە ئەندام بەڵام ئەمانە بەهۆی كوتلەوە هەڵبژێردران.
ئێمەش لەم كارە بەرپرسانی (چاك)ی گشتیمان لە ئەوروپا ئاگادار كردەوە كە هەڵەیەكی گەورەیەو نا لۆژییكیە لەشارێكی وەك سلێمانی كە یەكێك بووە لە لقە هەرە چالاكەكان هیچ ئەندامێكی دەستەی كارگێڕی نەبێت و شارۆچكەش هەبێت چەند ئەندامێكی دەستەی كارگێڕی هەبێت... بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕ بوونی پتر لە دوومانگ بەسەر كۆنفرانسدا، تا ئێستا نە چارەسەری ئەو كێشەیە كرا نە دانیان بەهەڵەی خۆیاندا نا، بۆیە ئێمەش لەگەڵ ئەم گرفتانەی دواییدا ناچارماین ئەمە بۆ رای گشتی رابگەیەنین.
3. ماوەیەكە بەئاشكراو بەنهێنی دەستی حزبەكانی باشووری كوردستان زۆر بەزەقی لەپەیوەندییەكانی ئەم ڕێكخراوەدا بەدی دەكرێت و لەم چوارچێوەیەشدا بەهەزاران دۆلار لەلایەن بەرپرسانی ئەوروپای (چاك)ەوە لەحكومەت و حزبەكانی باڵادەست وەرگیراوە بێ ئەوەی زۆربەی ئەندامانی (چاك)ی نوسینگەی باشووری كوردستان ئاگادار بێت و كەسیش نازانێت ئەو پارەیە چی لێهاتووە...! ئەمە لەكاتێكدا دەبێت ئەو پارەیە نوسینگەی باشووری كوردستان تەسەروفی پێوە بكات نەك ئەوروپا ئەو پارەیە بۆ خۆی بەرێت، وە دەبووایە روونبكرایەتەوە ئەم پارەیە لەسەر چ بنەمایەك وەرگیراوە و بۆ چ مەبەستێكە!؟
بۆیە ئێمە بۆ ئەوەی بۆ مێژوو لەبەرامبەر ئەو هەزاران دۆلار و دەستێكەڵ كردنەی حزب بەشدار نەبین دەستلەكار كێشانەوەی خۆمان راگەیاند.
4. ماوەیەكە دەست وەردانەكانی ئەوروپا بە شێوەیەك پەرەی سەندووە كە هیچ حسابێك بۆ لقی سلێمانی و چەمچەماڵ ناكرێت و لەو نێوەندەشدا چەندین كار لەپشتی ئەم دوو لقەوە و بە بێ ئاگاداری ئەمان ئەنجامدراوە، كە دیارترینیان ناردنە دەرەوەی سێ ئەندامی باشووری كوردستان بوو بۆ هۆڵەندا بە بێئەوەی ئەم دوو لقە ئاگاداربن.
5. بڕیار بوو رۆژی (27/12/2010) كاتژمێر (10) لە ئوتێل دیلانی شاری سلێمانی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم كێشانە دانیشتن بكەین، بەڵام بەهۆی نەهاتن و ئامادەنەبوونی نوێنەری دەستەی باڵا و چاكی گشتی بۆیە ئێمە ئەم بڕیارەمان بۆ رای گشتی راگەیاند.
ئەم خاڵانەی سەرەوە و چەندین خاڵیتر بوونە هۆی ئەوەی كە چیتر ئێمە لەم رێكخراوە نا شەفافەی ئێستادا نەمێنینەوە و نە بینە سوتەمەنی و قوربانی چەند كەسێك كە ئێستا لەگەڵ حزبە باڵادەستەكاندا دەستیان تێكەڵ كردووە... ئەمە لەكاتێكدا شانازی بەو كار و چالاكیانەوە دەكەین كە بە شێوەیەكی دروست و پاكو لەسەر گیرفانی خۆمان لەرابردوودا ئەنجاممانداوە، بۆیە نامانەوێ ئەو مێژووەی خۆمان بخەینە ژێر پرسیارە و ئێستا لەژێر ناوی ئێمەوە چەند كەسانێك هەبن، پارە وەربگرن و ئێمەش ئاگادارنەبین... لەكۆتایدا دڵسۆزان و هەموو ئەو بەڕێزانە ئاگادار دەكەینەوە كە لەماوەی رابردوودا هاوكاری ئێمە و (چاك)یان كردووە، هاوكاریەكانیان جێگەی رێزە و بەهەدەر نەچووە چونكە روون و ئاشكرابووە كە چۆن گیرفانی خۆشمان خستبووە خزمەتی ئەو خەڵكە و رێكخراوی چاك، ئێمە پابەندین بە بەڵێنی خۆمانەوە كە ئامادەنین لەبن ناوی ئەنفال و هەڵەبجەدا پارە لە دەسەڵات وەربگرین و دیاریش نە بێت چی لێدەكەین، بۆیە ئێمە لەم دۆخە بەرپرسنین و دە بێت ئەوانەی ئەو هەزاران دۆلارەیان وەرگرتووە وەڵام بدەنەوە...

* ناوەكان:-
1. مەستوورە مەحمود ئەندامی پێشووی دەستەی كارگێڕی
2. عوسمان مەحمود بەرپرسی پێشووی لقی سلێمانی
3. كاروان سالار ئەندامی پێشووی دەستەی باڵا
4. سەربەست نەریمان ئەندامی دەستەی كارگێڕی و بەرپرسی لقی چەمچەماڵ
5. جەزا ئەحمەد ئەندام
6. چۆمان عوسمان ئەندام
7. هاوژین غەریب ئەندام
8. بێریڤان محەمەد ئەندام
9. محەمەد رۆژئاوایی ئەندام








نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە