چاكسازی و جاڕدانی دەوڵەتی كوردستان

Wednesday, 04/04/2012, 12:00

1642 بینراوە








كۆمەڵێك پرسیاری گشتی لە مێشكی خەڵكی پەیوەندیدار بە پرسی دەوڵەتی كوردی خول دەخواتەوە و خولیای دەستكەوتنی سەرجەم وەڵامە قەناعەت پێهێنەرەكانن لەم كاتە هەستیارەدا. لەو پرسیارانەش؛ چۆن بەرەو دامەزراندنی دەوڵەت دەچین كە تا ئێستا كاری پێویستمان لەو پێناوەدا نەكردبێت،دەستپێك چۆن دەبێت،كێ حەقی بریاردانی لەم جۆرە مەسەلە چارەنوسسازەی هەیە كە پەیوەستە بە ژیان و دوارۆژی سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكەوە،پێگە و پایەو پێداویستیە زرەروریەكانی چۆن بنیات دەنرێت یان دابین دەكرێت، رۆڵی كێ گرنگ و یەكلاییكەرەوەیە،كێ و چۆن ئەگەرەكان و دەرهاویشتەكان دەخوێنێتەوە،چ بەرپرسیارێتیەك دەكەوێتە ئەستۆی حزب و سەركردە و نوخبەكانی كوردستان و هەوڵ و تواناكانیان چۆن یەكدەخرێن،چۆن زەمینەی لەبار و گونجاو دروست دەبێت و كێ هەنگاو وقۆناغەكانی هەر بریار و راگەیاندنێك دیاریدەكات و، دەیان پرسیاری تری لەم جۆرە لە ئارادان.
لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و خوێندنەوەی سەرجەم دەرئەنجامەكان ،سێ بۆچونمان دەستدەكەوێت، كە یەكەمیان، لە رەشبینیدا نوقم بووە و ، هەر كردەوە و هەنگاونانێكی لەمەر ئەم بابەتە بە سەركێشیەكی كوشندەی بێ ئەنجامی خۆ..... لەقەڵەم دەدەن و تەنانەت بیركردنەوە لەگەڵ خۆدا لەسەر ئەم پرسە لایان بڤەیە . دووەمیان ، لە ئاستێكی مام ناوەند ا بیروڕاكانی خۆیان دەردەخەن و پێویستی هەندێك مەرجی پێشوەخت و هەنگاونانی زانستی و خوێندنەوە و شیكردنەوەی دەرئەنجامە چاوەرواننەكراوەكان و لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەكە لە هەموو گۆشەیەكیەوە بە خودی و بابەتیەوە خاڵی سەرەكین لایان، تەنانەت لە دەست پێكی قسە لەسەر كردنی ئەم مەسەلەیەدا ، ئینجا چونێتی دروستكردنی پایە گرنگەكان و یەكگرتوویی و یەكریزی و پشتگیری رەهای خەڵك و پێویستی خۆفیداكاری لەو پێناوەدا لەم كات و ساتەی كوردستاندا، كە هەمووان بەدەستی گەندەڵی و نەبونی هیچ سەروەریەكی ئەم هەرێمەوە دەناڵێنن و، پێویستی كاروكردەوەی سیاسی گرنگتر لەم كاتەدا بە خەتی سەرەكی پێش بریاردان لە پرسی سەربەخۆیی دەوڵەت لەقەڵم دەدەن . سێیەمیان،لە گەشبینیەكدا دەژین وەك ئەوەی هەموو شتێكی پێویست بەم ئامانجە، ئامادە و سازكراوە و تەنها لەسەر بریار و جاردانەكەی ماوە و، ئەمانیش قۆناغەكە و مەشغول بونی ناوچەكە بەشۆڕشەكان و بەهاری رۆژهەلاتی ناوەراست بە گەورەترین هەل دەزانن بۆ كورد و، واقعی ئەمرۆ بە بارودۆخ و سیفەتە گشتیەكانی گەلانی ناوچەكە لە پێش سەدەیەك دەچوێنن و دەیخوێننەوە كە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكەتێیدا دامەزران و، بیانوی سەرەكیان ئەوەیە ، كە هیچ دەوڵەتێك بە رێگەیەكی پان و بەرین و نمونەیی و لەوەزعێكی لەبار و ئامادەكراو و بە دابینكردنی پێشوەختی پێداویستیەكان ، دروست نەبووە و، بونی دەوڵەت مەرجەكان دابین دەكات و ئاواتەكان دێنێتەدی نەك بەعەكسەوە و، هیچ كات داگیركەر سازش لەسەر بەرژەوەندیەكانی خۆی ناكات و بە چاوەرێی كاتی لەمە گونجاوتر هەلەكانیش لەدەست دەدەین .
پرسیارە گەورە سەرسورهێنەرەكە لەوێدایە؛ ئایا دەسەڵاتی ئەمرۆ بەم پێكهاتەوە كە نوقمی گەندەڵی بووە و ناشەفافانە مامەڵە لەگەڵ هەموو پرسە ناوخۆیی و دەرەكیەكان دەكات و، كەس نازانێت لە ئاستی نێودەوڵەتی چیان پێیە و چ پەیمانێكیان پێ دراوە یان نا، پەیوەندی و بریارەكانیان لە چوارچێوەی حزبایەتی نەچۆتە دەرەوە و، بەم توانا و عەقڵیەتەی ئەمرۆیان كە بیست ساڵە لەسەری بەردەوامن و تەنانەت ناتوانن خەڵكی كوردستان رازیبكەن ، بگرە ناتوانن چاكسازی پێویست بكەن و پێداویستیە سەرەكیەكانی خەڵك بە تەواوی دابین بكەن و، ململانێی حزبی و شەخسی بەهەمان شێوەی شاخ و خەباتی رزگاریخوازی دەكەن و دەست و قاچی بەستونەتەوە و، حزب لەسەروی خەڵك و تەنانەت دەوڵەتیشە ،ئا لەم وەزعەدا چیان پێدەكرێت .
ئەگەر بەرێوەبردنی كاروباری هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای بیركردنەوە و رەفتار و میزاجی تاكە كەس و حزبی بێت و هەنگاو و رەفتاری دژبەیەك لە یەك كاتدا بەدیبكرێت و موزایەدەو نەرجسیەت رێگەی زەمینەسازی بۆ ئەو مەبەستە گرتبێت و بەرژەوەندی باڵا كرابێتە قوربانی بەرژەوەندیە تەسكەكان و وابەستەبون بە هێزی دەرەكی و بەئاسانی جێبەجێ كردنی داخوازیەكانی ئەم و ئەو و لەبەرچاو نەگرتن و رێگەنەگرتن لە پیلانەكانیان خەسڵەتی سەرەكی سیستمی سیاسی كوردستان بێت، لەم حاڵَەتدا، رێژەی سەركەوتن لەبەدەستهێنانی هەر ئامانجێك چەند دەبێت، نەخوازەڵا پرسێكی چارەنوسسازی وەك دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی!
تا ئێستا، ئەگەر ئێمە لە كوردستانێكدا بین ، كە دامەزراوەیەكی تینك تانكی ئەكادیمی پرۆفیشناڵی نیشتمانی بێلایەنی بە توانامان نەبێت ، كە رۆژانە دەیان شیكاری و خوێندنەوە و توێژینەوە بخاتە بەردەست هەموو لایەنە پەیوەدیدارەكان و،كە هەموو بریارە گرنگ و چارەنوسسازەكان بە پشت بەستن بەو توێژینەوانە بدرێن نەك تەنها لە روانگەی پێویستی و بەرژەوەندیە حزبیەكان، لە هیچ چركە ساتێكدا دڵنیانابین كە بریار و كردەوە و بۆچونەكانمان دەرئەنجام و دەستكەوتی باشی دەبێت و رێژەی هەڵەكانمان كەم دەبن و هەنگاوە ئەرێنیەكانمان لەسەر پشتی كیسەڵ نارۆن بە رێوە و كات بەفیرۆ ناچێت و هەلەكانیش دەقۆزرێنەوە ، ئاشكراترین و لەبەرچاوترین نمونەش، هەست نەكرندنی خەڵكی كوردستان بە هیچ چاكسازیەك لەسەر ئەرزی واقیع سەرەرای هەموو پەیمان و ئیدیعاكان و، ئەوەی ئاشكرایە تا دێت متمانەی خەڵك بە دەسەڵات رۆژ لە دوای رۆژ رووی لە لاوازیە و ، خەڵكیش لای خۆیەوە باوەربەخۆبونی نەماوە و، كێبركێی قازانج بەخشی لەگەل ئەویتردا لە ئاست پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و پێشخستنی وەزعە نێوخۆییەكەی لای خۆی سریوەتەوە . میلەتێك ئەمە حاڵی بێت ، چۆن باوەری بە سەركەوتنی بەدەستهێنانی ئامانجێكی گەورە و چارەنوسسازی وەك سەربەخۆیی كوردستانی بەم مەنزومە فكری و دەسەلاتە سیاسیەی ئەمرۆی كوردستان، دەبێت .
بۆیە زۆر پێویستە بەراشكاوی قسە بكەین و بێ ترس لە لەدەستدانی جەماوەریی حزب خاڵەكان بخرێنە سەر پیتەكان، بۆیە هیچ زیادەرۆیی نیە ئەگەر بڵێین ئەم قۆناغە پێویستی بە رینیسانسێكی هەمەگیر هەیە لە پێناو دروستبونی هۆشیاریەكی گشتی و كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و فەراهەمكردنی ئازادی و یەكبونی نیشتمانی ، كە لە پایە هەرە سەرەكیەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرنەن لەم سەردەمەدا .
لەم زەمینە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەی كە تێیدا دەژین هەست بە ئینتمای هاوڵاتیبون ناكرێت و هەستی نەتەوایەتی روو لە كزیە و هێز و توانا و رادەی فیداكاری لە پێناو ئامانجە گشتیەكان لە نزمترین ئاستیدایە، لە فەزایەكی گشتیی ئاواداین كە نەتوانرێت پشت بە وەلائی هاوڵاتی سادە بۆ نیشتمانەكەی خۆی ببەستیت لە پاراستنی خاكی نیشتمان و سەروەری وڵاتدا. لەم كاتەدا بێ دوودڵی وا پێویست دەكات رایبەگەیەنین، كە ناتوانرێت لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەت یاریەكی سیاسی بەهێز و پشت ئەستور بە زۆرینەی خەڵك و حەقبونی پرسەكە بكەیت و لە تاوانبارترین یاری و فرت و فیڵ و ئەجێندای هەمەچەشنی دەوروبەر نەچەقین و هاوكێشەكان بە ئاسانی شیبكەینەوە. بۆیە لەو باوەرەداین كە لە هەنگاوەكان سەركەوتوو نابین .
بەو واقعەی كە لەسەرەوە باسكرا، ناتوانیت بە ئاسانی خۆت بخوێنیتەوە كە مێژوو و بەسەرهات و دیاردەو رووداوەكانی قۆناغەكانی پێشتر و جیاوازیەكانی لەگەڵ ئەمرۆدا لەبەر چاو ناگیرێت و بناغەیەكی پتەوی پۆڵایین بۆ یەكەمین هەنگاوی دامەزراندنی دەوڵەت بە قورس دەبینین، قۆناغەكە و كات و وەزعی خەڵك رێگە نادەن بە زۆر هەندێك پرەنسیپ و داواكاری فەرزبكرێت بەسەریاندا كە بە خۆیان باوەریان پێنەبیت .
ئەم سەردەمە زەمانی عەقڵانیەت و بیركردنەوەی زانستیانەی وردە نەك پشت بەستن بە سۆز و نەخوێندنەوەی رووداوەكانی جیهان و بیركردنەوەی تەسك و لەبەرچاونەگرتنی ئەگەرەكان، زەمانی كاری خۆرسك و بێ پلان و پشت بەستوو بە چانس نەماوە، بۆیە دەكرێت بڵێین، رێگەی راست و رەوانی گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان بە قوربانیدان بە بەرژەوەندیە تەسكەكان و گرتنەبەر و جێبەجێكردنی پلانێكی دروستی چاكسازی راستەقینە و هێنانەدی یەكێتی نیشتمانی و ئاشتكردنەوەی هاوڵاتی و بەرقەراربونی وەلائی نیشتمانی و نەتەوەیی لای خەڵك و فەراهەم بونی ئازادیەكان وەك گرنگترین پیداویستی پێشوەخت لە دابینكردنی سەرخان و پایەی جاڕدانی دەوڵەت دادەنرێت ، لەگەڵ مەیسەربونی ئامراز و پێداویستیە مادیەكان و ژێر خانی ئابووری پتەو كە بەرگەی هەموو ئەگەرە نەخوازراوەكان بگرێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە