دوو فرمێسک دەبێتە دوو تف بۆ تەوێڵی دوو بنەماڵە !

Saturday, 25/04/2009, 12:00

2149 بینراوە


خۆێنەری خۆشەویست ئەمە چیرۆکێکی ڕاستەقینەی وونبوی ئەنفالی سەوسێنانە !
لە عەسرێکی ناوەختی گەرمی توڕەی هاویندا ... مام ڕەزای تەمەن هەڵچویەکی پیری و بەدەم و چاوێکی پڕ لە چیرۆکی ئازارو نەهامەتی و ڕۆژانی ڕەش و ئاوێتە بەڕیش و سمێڵێکی ڕەش و سپی بەڵام سپیەکە هەر زۆر زیاتر لە تاڵە ڕەشەکان .
تەق تەق لە دەرگای ماڵی پورە ڕەحمەی ناسیاوی دێرینیان لە گەڕەکی زەرگەتەی سلێمانی دەدات .. و دەبێتە میوانێکی پڕ لە ڕێزو حورمەت و هەست و سۆز . لەم میوانداریەدا ئەم چیرۆکە وونبوە ئەترازێتە لاپەڕە ئەبەدیەکانی مێژووە وە ، هەتا ئەم ساتە بەم وونبوییەوە دەمێنێتەوە ، منیش پێم باش بوو بۆ خوێنەری خۆشەویستی بژێنمەوە .. فەرموون .
پورە ڕەحمە : مام ڕەزا یاخوا بەخێر بێیت .. سەر چاوی ئێمە هاتیت . چۆن ئێرەت دۆزیەوە . هەر خۆت هاتویت . ئەی منداڵەکانت بۆ نەهێناوە ، زۆر دەمێکە دەنگتان نیەو دیار نین ؟
مام ڕەزا : بە پرسیار ئێرەم دۆزیەوە . بەڵام باش بوو شکور دۆزیمەوە . هەر خۆشم هاتوم .... هەر خۆمم .... ئێستا تەنیام و دەمێکە تەنیام .
پورە ڕەحمە : ئەمجارەش یاخوا بەخێر بێیت ... دیارە برسیتەو لە دوورەوە هاتویت و نانت نەخواردوە ، ئێستا نانت بۆ حازر دەکەم . ئەی بۆ زەحمەتت کێشاوە ئەم عەلاگەیەت هێناوە ،
پاش کەمێک ڕاوەستان پورە رەحمە دەپرسێتەوە ! ئەی باشە مام ڕەزا نە خوازەڵا بۆچی تەنیایت ؟ دووربا هیچ ڕویداوە ؟
مام ڕەزا : دیارە هیچتان نەبیستوە ...! ئەوە چیرۆکێکی دورو درێژە .. دوایی بۆتان دەگێڕمەوە ، با جارێ نوێژەکەم بکەم ... دەست نوێژم هەیە ، بەڵام ئەرک بکێشن بەرماڵێکم بدەنێ .. لێشم ببورن بە خوا هەر ئەو تۆزە ترێ یە لە توانامدا بوو بۆتان بهێنم ، بە ناشکوری نەبێت لە دارەی دنیا هەر چوار بزنم هە بوو . ئەوانیش لەم ڕۆژانەدا . هەندێ گەنمی زەهراویان خواردبوو هەر چواریان مردن . بەڵام خوا کەریمە ..
پاشان دەست دەکات بە نوێژو کردن و دوعا و لە خوا پاڕانەوە .. دوا جاریش دێتەوە شوێنەکەی خۆیی و دادەنیشێت .. پورە ڕەحمە خواردنی بۆ ئامادەکات و بەشێوەی کوردەواری خۆمان لەسەر سینیەک بۆی دادەنێ .. کە پێک دێت لە (برنج و شلەی بامیە) . و پێ دەڵێ توخوا بەدڵی خۆ نان بخۆ ..
مام ڕەزا دەست دەکات بەنان خواردن بەڵام تەنها شلەی بامیەکە دەخوات .. پورە ڕەحمە پێ ی دەڵێ ! ئەی بۆ برنجەکە ناخۆیت ؟ دیارە بەدڵت نیە .. 1
مام ڕەزا : دەستت خۆش بێت ... بەدڵمە بەڵام من برنج ناخۆم .. دەمێکە برنج ناخۆم ، ئەوەتەی ئەو کارەساتەم لێ ڕوویداوە برنج ناخۆم .. پاش نان خواردن چیرۆکی برنج نەخواردنەکە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە !
مام ڕەزا : پێنج ساڵ لەمەوبەر لە گوندەکەی خۆمان لە سەوسێنان نیوەڕۆ بوو دایکی منداڵەکان چێشتی لێنابوو برنج و شلە بوو هێشتا لەسەر ئاگر بوو . قاپمان دانابوو لە گەڵ هەر پێنج منداڵەکەم . چاوەڕێ بووین تا پێبگات و نان بخۆین . لە پڕ گرمە گرم و دەنگی تەیارە دەستی پێ کرد بەڵام دیار بوو لە دوور بوو . بە منداڵەکانم ووت ئێوە مەیەنە دەرەوە با بزانم چی یە ؟ کاتێ هاتمە دەرەوە بینیم لە گوندەکەی ئەولامانەوە دوکەڵ بەرز دەبوەوە . منیش هەر ئەوەندەم پێکرا خێرا لە حەیبەتا بەرەو ئەو گوندە کەوتمە ڕێ بۆ ئەوەی مناڵەکانی کەرەمی برام ڕزگار بکەم . چونکە قەسف کرابوو .. هەر چۆنێک بوو بە پەلە قاژێ گەیشتمە گوندی .. بەڵام کاتێ خۆم کرد بەماڵی کەرەمدا .. سەیرم کرد منداڵەکانی هەمووی مردوون .. خۆم پێ نەگیرا دەستم کرد بەهاوارو گریان بەڵام کەس نەمابوو .. لە هاوارو گریانی خۆمدا بووم کاتێکم زانی لە سەوسێنانیش گرمە گرم دروست بوو و دوکەڵ بەرز بوەوە تەیارە بەد ناوەکان کەوتنە بۆردومانی ئەوێش .. ئەمجارەش لە حەیبەتا نەمزانی چی بکەم بەپەلە ڕام کردەوە بۆ ئەوێ کاتێ گەیشتمەوە ئەوێ خۆم کرد بەماڵدا سەیرم کرد دایکی منداڵەکان باوەشی بەکچە بچکۆلەکەدا کردوە و مردوە چوار منداڵەکەی کەشم یەکی قاپێ برنج لەبەر دەمیانا بوو هێشتا نەیان خواردبوو هەموویان مردبوون .. بەڵام قیامەت بوو کەس نەمابوو ... بەدەم قسەوە مام ڕەزا :
دوو فرمێسک لە چاوەکانیدا دێتە خوارەوەو دەڵێ ! من لەو ڕۆژەوە برنجم تەرک کردوە و نای خۆم .... خۆشم هەڵگرتوە بۆ ئەوە و دنیا ... بەشکو لەوەو دنیا بەمنداڵەکانم شاد ببمەوە و جارێکی تر لەگەڵیاندا برنج بخۆمەوە .. دەست بەرز دەکاتەوە و دەڵێ : خوایە بەر ڕەحمەتی خۆتمان بدە ...
پاش یەک هەفتە مام ڕەزا بە بێ کەسی کۆچی دوایی دەکات ..ماڵ ئاوایی لەم دنیایە دەکات .
بەڵام ئەوەی لەپاشی بەجێماوە دوو فرمێسکی یاقوتیە .. کە ئەو دوو فرمێسکە یاقوتیە دەبێتە دوو تف و نراوە بە تەوێڵی هەردوو بنەماڵە بۆ هەتا هەتایی .. !

چاوەڕێ ی چیرۆکی دووهەم بن :
ڕۆشار 23 4 2009
لەندەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە