ئەمڕۆ لە مێژووماندا

Friday, 17/02/2012, 12:00

1292 بینراوە



ئەمڕۆ ١٧ی شوباتە ، ئەم مێژووە کەس لە یەکەکانی کورد بەدەسەڵاتیشەوە لەبیری ناکات من نازانم بۆ ئەوانەی ئەێحبولکەهف کە نووستوون ، کە لەباتی ئەوەی چاویان بەفرمێسك بێ پێکی شادمانی و بێئاگایی بێ گوێی و بێ ویژدانی خۆیان هەڵدەدەن .. گوێ نادەنە ناڵەی هاونیشتمانیان ، گوێ نادەنە ڕەنگی شۆستەو بەردووکانی بەخوێنی ڕێژوان سوور کراو، گوێ نادەنە فرمێسکی باوکی سورکێو و باوکی شێرزاد ، گوێ نادەنە هاواری گەنجەکان گوێ لەداواکانیان ناگرن ئەمان مەستن مەست.. میللەتیش خەمبارە خەمبار....
ئێمە لەخەمی ساڵیادی ئەومێژوویەین زۆر لەمێژ نیە ، زۆر لەمێژنیە کە گەنجانیان خەڵتانی خوێن کرد زۆر لەمێژنیە .. ئەوەندە نوێیە هێشتا ڕەنگی خوێنە گەشەکانیان بەبارانی ئەمساڵ و بەهاری پار نەشۆراوەتەوە .. هێشتا خەمەکان نەشۆراونەتەوە هێشتا باوك و دایك و دەستەخوشکان و برایانی شەهیدەکان بۆ تەنها ڕۆژێك ڕومەتەکانیان بێ ڕووباری فرمێسك نەبوە... هۆ خەڵکینە ئەمەندە تازەیە زامەکانمان هێشتا بکوژەکانمان لەگوڵ کاڵتریان پێ نەووتراوە .. هێشتا دەسەڵات داڵدەی داوون هێشتا حکومەتەکەمان وانەی ئەو مێژوویەی وەرنەگرتووە لێ ی تێ نەگەیشتوە .. سەرۆکی حکومەتی جاران و ئەوەکەی ئێستا دەتوانن لە زۆر لە زمانەکان تێبگەن وەرگێڕ بۆ هەموو زمانەکان دابین بکەن کەچی ناتوانن لەکوردی سۆرانی ڕەوانی سلێمانی تێبگەن ئەی ئەمانە خەڵکی کوێن ؟ لەکوێوە هاتوون ؟ گەر کوردن تا کەنگێ لەئازاری باوکی ڕێژوان و سورکێو و شێرزادەکان و بیلالەکان و گەرمیانەکان تێناگەن ؟؟

ئەم مێژوە بۆ ئێمە زامێکی قەتماغە نەبەستووی خوێنی ئەو شەهیدانەیە... برینی بریندارەکانمانە .. بۆ دەسەڵات و شوێن کەوتوانی بێ عاریە ... بێ شەرمیە .. بێ حورمەتی یە بە بەها هەرە بەرزەکانی گەل
زۆر کەیفیان دێ جمەیان دێ لەبەردەرکی سەرا؟؟؟ زۆر خۆشحاڵن لەم شانۆگەریەی ژیاندا دەوری گواری و جاش و پیاوکوژو چەقۆ وەشێن بدرێتە پێشمەرگە؟؟ ..ئەرێ تیکە نانێك ئەوەی دەهێنا ؟؟ کەستان بەووشەی نەو گۆش نەکرابوون؟؟ هەروەك ئەسپی عەرەبانە هەرمل دادەنەوێنن ؟؟
پار ئەم کاتە سەرا جمەی دەهات لە ئازادی خوازان .. لە گەنجانی خوێنگەرم.. لەهاواری ئازادی و سەربەستی ... ئەمڕۆ لەجێ ی ئەوان هەر جمەی دێ ... جمەی دێ لەترس... کام ترس؟؟ ترسی دەسەڵات لەو هاوارەی پارەوەختێ کەهەڵباتەوە ئەمجارە بڵێ بڕوخێ ...لەوترسەی کە سنوور و ناوچەجێناکۆکەکانی کوردوستانی لە پێشمەرگە چۆڵ کرد و هەموویان بەرەو بەردەرکی سەرای ئازادی خل بوونەوە .. ئەمەیە دیموکراسیەتەکەی سۆشیال دیموکراتی یەکیەتی ؟ کە بە خودەو چەك و جبەخانە ڕێ لە سەراتاکانی دیموکراسیەت دەگیرێ؟ ئەمەیە دیموکراتیەکەی پارتی دیموکراتی کوردوستان ؟ کە بۆ گەنجان هەمیشە دەستیان لەسەر پەلەپیتکە ناترازێ؟؟؟ کە ئەم ئەزمەیەش نیشتەوە چی بەخۆتان ئەڵێن؟؟

ڕێزم بۆ خوێنی شەهیدان.. ڕێزم بۆ بریندارەکانمان .. رێزم بۆ دەنگە کپ کراوەکان .. بۆ ئەوڕۆژنامەنووسانەی لەسایەی حوکمی کوردا شەقی کورد دەخۆن .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە