چیرۆکەکانی شار : دایکێک لە نێوان گۆڕی دوو کوڕیدا، نازانێت بۆ کامیان بگری

Wednesday, 04/12/2013, 12:00

4861 بینراوە


ئەو ساڵانە شار هەموو گیانی گوێ بوو، کە دەقڵیشایەوە خەڵکی گەڕەکەکانی نزیک کڕۆکی شار دەروازەکانیان کڵۆم نەدەکرد، ئەوان میوانداریی هەموو کەسێکیان دەکرد و دەیان زانی ئەوەی لە دەرگاکانیان دێتە ماڵەکانیانەوە بۆ ئەوەیە بەگوللەی وێڵ نەکوژرێت. هەموو هەواڵێکی قڵیشانەوە وەک ئەوە وابوو ئاگر لە پۆشیی ووشک بەربدرێت زوو دەتەنییەوە و شار دەیبیست، خەڵکی شار دەبونە لایەنگریی ئەوانەی شاریان دەقڵیشاندەوە. لە گەڕەکانی نزیک کڕۆکی شار و ناو حەوشەی قوتابخانەکان، لە دیوارە خوار و خێچەکان و دیواری سەر شەقامەکانی شار هەر شەوە بەڕەنگێک لێی دەنووسرا، نەک تەنها دوژمن، تەنانەت خەڵکیش دەیانپرسی کێن ئەوانەی دیوارەکانی شار دەنووسن ؟ ئەو زەمانە شار بەشێک بوو لە شۆڕش و نەک باڵندە دارتەلەکانی شاریش پۆستەری شەهید و بەیاننامەکانی لێنەدەبڕا. لەو دەمەدا ژمارەی ژن و کچەگەنجەڕەشپۆشەکان تادەهات زیاتر دەبوو. ژن و کچە ئاودامانە ڕەشەکان رێچکەیان بەستبوو، کە دەتبینی دەچۆنە گۆڕی بڕاوی باوک، یان مێرد، یان براکانیان، وێنەکانیان بە ملیاندا هەڵواسیبوو، کچەکان گەنەمووەکانیان لەدەموو چاویان نەدەکردەوە و برۆکانیان چاک نەدەکرد، دەتدی چۆن خەمێکی قوڵ داگیریی کردبوون، چاوە سورەکانیان شایەتی بۆ دەدا ن کە بەردەوام فرمێسک دەڕێژن و گریان بەرۆکیان بەرنادات. ژمارەی زیندانییەکان تادەهات زیاتر دەبوو، ئەوانەی فەرمانی خنکانیان دەدرا هەفتانە گەڕەکەکانی پڕ دەکرد لەهەواڵ، لەو کاتەدا پرسەش بۆ شەهیدەکان قەدەغەبوو، دایک و خوشکە کۆست کەوتووەکان بێدەنگ، بێدەنگ، دەگریان و بۆیەکتری دەیانلاوانەوە. 
چێشت هەنگاوێکی درەنگ بوو دایکێک بەئاودامانی ڕەشەوە بەکۆڵێ خەمەوە بەکۆڵانە چڵکنەکانی سەیواندا بەبەر ماڵەکاندا سەر دەکەوت بۆ گۆڕستانی سەیوانی شار، بۆسەرگۆڕی دووکوڕی، ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی نییە، بەڵام دایک شەو خەوی بە دوو کوڕەکەیەوە دیوە کە لە گۆڕەکەشدا بەشەڕ هاتوون، دایک بەنیازە تا کوڕە شۆڕشگێڕ و کوڕە سیخوڕەکەی ئاش بکاتەوە و بۆ هەردووکیان تێر تێڕ بگری. 
چیرۆکی ئەم دایکە، چیرۆکی کۆست کەوتوویەکە، ئەو دایکەی کردوە بەدوو بەشەوە و لە دوو بەرەدا دایناوە، خەڵک لایەنگری ئەو دایکەیە کە کوڕەکەی شۆڕشگێڕە و قینیشیان لەو دایکانەیە کە کوڕەکەی سیخوڕە و خزمەتکاری داگیر کەران دەکات.
ئەم دایکە هەردووکیانە، دایکی پێشمەرگەیەکە و دایکی سیخوڕێکیشە، کە دەشگری بۆ هەردووکیان دەگری، نازانێ کامیانی لەکامیانی زیاتر خۆش دەوێت، دایک چی بکات ؟ کە دووکوڕەکەی دوو ڕێگەی جودایان لەژیاندا هەڵبژاردوە و هەردووکیان بەمەرگ باجی هەڵبژاردنەکەیان داوە. 
بەر لەیەک ساڵ و لە دوانیوەڕۆیەکی درەنگ وەختدا "ئازاد" کوڕە بچوکەکەی لە چیا گەڕایەوەو بەیەکێک لە منداڵانی گەڕەکدا وەڵامی بۆ دایکی نارد کە بزانێت هەر تاریت داهات دێتەوە بەرەو ماڵ و ئێستاش لە گۆڕستان لە شوێنێکدا لای نزیک گۆڕی باوکیەوە خۆی مەڵاس داوە، لەبەر ئەوەی کەس پێی نەزانێت لەوێ چاوەڕێ دەکات لەبن دار ئەرخەوانێکدا سەرخەوێک دەشکێنێ و لەم گۆڕستانەدا کەس پێی نازانێت. براگەورەکەی" ئازاد " دەچێت وەک خەفەیەک ئەم هەواڵە بە ئەمنەکان دەگەیەنێت شوێن جێگەی براکەی بەداگیر کەران دەڵێت. ئەوانیش لەچاو تروکانێکدا دەگەنە ناو گۆڕستانەکە و تەقەدەست پێدەکات، ئازاد دوای بەرگریکردن زامار دەبێت، بۆئەوەی نەکەوێتە دەست ئاسایشە داگیرکەرەکان، دوا گوللە دەنێت بەسەری خۆیەوە، ئەم هەواڵە لەشاردا بڵاو بووە، براکەی ئازادیش ئیتر دەست لەگەڵ دوژمن تێکەڵ دەکات و دەبێتە سیخوڕ و خزمەتکاری داگیر کەران. دوای ئەوە داگیر کەران لاشەی ئازاد دەدەنە شارەوانی و لەقەراغی گۆڕستانەکە وەک کەسێکی بێناونیشان بەژێر خاکەوە دەکرێت. هەر ئەو شەوە خەڵکی گەڕەک لاشەکەی دەر دەهێن و لە گۆڕێکدا نزیک گۆڕی باوکی بەخاکی دەسپێرن. ئەم هەواڵە بەشاردا بڵاوبوویەوە، کە برایەک بووە بە سیخوڕ بەسەر برا شۆڕشگێرەکەیەوە. هەواڵ گەیشتە وە چیا دوایی تەنها مانگێک براکەی ئازاد لای ئەو دارتەلەوە کە پۆستەری ئازادیی برای لەشەوێکی باراناویدا پێیدا هەڵواسرابوو کوژرایەوە، لاشەیەک سارد لەگەڕەکدا بۆ ماوەیەک کەس ئاوڕیشی لێنەدایەوە تەنها دایکی لەسەری بەبەرگێکی ئاودامان ڕەشەوە لاشە ساردبوەکەی لەئامێز گرتبوو دەیلاوانەوە و کەس نەدەهات بەلایەوە، کەچی لاشەکەی ئازاد سەدان کەس بەو شەوە خۆی کردبوو بە خاوەنی. لەلای ئازادەوە نزیک گۆڕی باوکیان ئەم برایەشیان کرد بەژێر خاکەوە.
ئەمڕۆ دوای ئەو هەموو ڕۆژانەی لەچاوتروکانێکدا دایکێک دوو کوڕی کردۆتە قوربانی، ئەوەتانێ لە نێوان دووگۆڕدا دانیشتووە، دوو گۆڕ، یەکێکیان قارەمان و ئەوی تریان خۆفرۆش، یەکێک شۆڕشگێڕو ئەوی تریان سیخوڕ، بەڵام لای دایکێک هەمان سۆز هەمان ئازار بۆ هەردووکیان هەڵدەڕێژێت، لە دڵەوە نازانێ بۆ کامیان دەلاوێنێتەوە ؟ بۆ کامیان خەمبارە و، بۆ کامیان ئاودامانی ڕەش کردوە ؟
لە کاتی لاوانەوەکەدا دایکە خۆی بەتاوان بار دەزانێت، دەڵێ گەر ئازاد هەواڵی بۆ من نەناردایە، ئەم برایەشی نەدەچوو خەبەری لێبدات، ئەو نەی دەزانی ئەم دوو برایە بۆچی ئاوا سەنگەریان لەیەکتری گرتبوو ؟ 
بەدەم پاکردنەوەی گۆڕەکانەوە و سەیر کردنی وێنەکانی هەردوو کوڕەکەی زیاتر دڵنیا دەبوو لەوەی مەرگی خۆشی نزیکە و بۆیە بە کەسوکارەی ووت، گەر مردم تکایە لەمابەینی هەر دوو کوڕەکەمدا بمنێژن، گەر من لەوێدا نەنێژن، ئەوە ڕۆژێک دووکوڕەکەم یەکتر دەکوژنەوە و هەموو ڕۆژێک شەڕی ئەوان گۆڕستانی سەیوان نائارام دەکات، لەوێ بمنێژن بۆ خاتری ئەوەی ئەوان شەڕ نەکەن و من بکەومە نێوانیانەوە، دەست لەبەرۆکی یەکتر بەردەن، لەوێ بمنێژن لە نێوان هەردووکیاندا، چونکە هێشتا کوڕەکانم شەرمێک ماوە لەدایکیان بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە