لەمەر کوشتنی مامۆستا ئەمریکیەکە: ئەگەر دەزانن ئەو تەبشیریانە چەندە ئیستفزازین!

Sunday, 04/03/2012, 12:00

2797 بینراوە


 قوتابخانەی میدیا  کە ڕوداوی کوشتنی مامۆستا  جێرمیە سمۆڵ Jeremiah Smallلێی ڕویدا لە بنەڕەتدا قوتابخانەیەکی مەسیحی تەبشیرییە لەلایەن [گروپی خزمەتگوزاری ئینجیلی نێودەوڵەتی ناشڤیل، تینیسی] دامەزراوە ، بەپێی وێبسایدی ئەو گروپە مەسیحیە ئامانجیان:
 "ئەوەیە لە ڕێگای هوشیارکردنەوە وخوێندن وفێرکردنەوە گروپەکە دەیەوێت بەژداری بە هەقیقەت و جوانی مەسیح بکات لەگەڵ هاوڕێیە موسڵمانەکان!! هیوامان ئەوەیە کە کتێبی پیرۆز نەوەکانی داهاتووی خێزانە موسڵمانەکان و کۆمەڵگا موسڵمانەکان پیرۆز بکات وبگۆڕێت.   مامۆستاکە جێرمیە سمۆڵ مامۆستای وەرزشە یانی بە کوردیەکەی نیمچە بێکارە، ووادیارە خۆی لێبڕاو کردوە بۆ تەبشیری مەسیحی، بۆیە براکەی دەڵێت پەیوەندی وچالاکی زۆر بوە لەگەڵ قوتابیەکان لە دەرەوەی قوتابخانەش، خۆشی لە خێزانێکی ئاینی مەسیحی موبەشیر وزۆر دیندار a deeply religious family وەپاش کەوتوە بۆیە باوکی لە پەیجی فەیسبوکەکەیدا پاش زانینی هەواڵی کوشتنی کوڕی نوسیویەتی :" ئەم بەیانیە کوڕی گەورەمان جیرمایە لە کوردستان شەهید کرا..."  بەکارهێنانی وشەی شەهید ڕەهەندیکی ئاینی ئاشکرای هەیە. دایک وباوکی رێکخراوێکی ئاینی بە ناوی شایلۆ بایبل کەمپ Shiloh Bible Camp هەڵدەسوڕێنن. هاوڕێکانی سمۆڵ دەڵێن: ئامانجی دینی ئینجیلی پاڵنەری ئەو بوە بۆ وانە وتنەوە لە عێراق.  ولە نامەیەکی بۆ هاوڕێ موبەشیرەکانی نوسیویەتی: "کچێکی [کورد] لە مامۆستا مەسیحیەکەی نزیك بوەوە ووتی:"نازانم چی بکەم، کچەکە دەربارەی مەسیح خوێندبویەوە وباوەڕی پیی هێنابوو، دەیوت باوک ودایکی هەرگیز ناهێڵن ببیتە مەسیحی..من هانمدا کە ئەوەی خوێندۆتەوە بەنەزەری ئیعتبار بیگرێت، من بۆم نییە پێی بڵێم ببێتە مەسیحی، وداوای لە هاوڕێیانی کردوە لە ئیمێڵەکە کە دوعا بکەن بۆ گۆڕانی ئەو کچە.  خوادەزانێ چەندین کچ وکوڕی سلێمانی هەرزەکاری وای کردۆتە مەسیحی.
 من ناڵێم نهێنی کوشتنی ئەو مامۆستایە ئەمریکیە دەزانم کە لەلایەن قوتابیەک کە خزمێکی نزیکی خانەوادەی سەرۆک تاڵەبانییە بە شێوەیەکی داراماتیکی کوژرا، بەڵام ئەو ڕاستیەی کە کەس ناتوانێت نکولی لێبکات ئەوەیە کە هەموو کارێک کاردانەوەی هەیە، بێگومان مناڵیکی گەنجی وا بەناز بەخێوکراو کوڕی دایک وباوکێکی پلەدار ودەسەڵاتدار بەبێ هودە دوچاری ئەو کارە نایەت، ناکرێش هەموو ڕوداوەکە بەس ببەینەوە سەر غروری کوڕە بەرپرسان کە ئەمڕۆ بۆتە دیاردەیەک وهەزاران عودەی وقوسەی زەبەلاح ومام ناوەندی وبچوکیش دروست بوە بەپێی پۆستی باوکیان.
 بێگومان هەموو خەمی دەسەڵاتی کوردستان ئەوەیە تا بکرێت هیچ ڕەهەندێکی ئایینی بە ڕوداوەکە نەدەن، نەوەک دڵی ئەمریکیەکانمان لێ بڕەنجێ، ئەو ئەمریکیانەی کە لە چەندین ڕوداودا لە کوردستان هەر [لۆ فشەی] نەفەریشیان لێکوشتوین، کەچی ئێمە لەبەرئەوەی ڕزگارکەرمانن نەک بەرگریشمان لەخۆمان نەکردوە بەرامبەریان بەلکو لە سایەی کەرەمی خواوە یەک سەربازی ئەمریکی لوتیشی بە خوێن نەهاتوە هەتا بەڕوداوی هاتوچۆش وەك سەرۆکی کوردستان جارێک وایگووت!!
 ئەو دەسەڵاتە بەدیوی خۆی سی ڤی [ژیننامە] میللەتی کورد بۆ ئەمریکیەکان دەنوسێتەوە، ئێمە لەو سی ڤی یەدا میللەتێکین بەڵێ موسڵمانین بەڵام هەر هێندە موسڵمانین کە کاتێ بەراورد دەکرێن لەگەڵ کافراندا وەک ئەو پەندە تورکیە شۆڤێنییە وادەڵێت، کە کەسانێك لە نێوەندە عیلمانیەکانیش پێیان خۆشە جەختی لەسەر کەنەوە، بۆیە هیچ توڕە نابین ودەمارگرژ نین بۆ ئایین، بەڵکو هەر دەمارمان نییە تا گرژی کەین، بۆیە فەرموون ئەمریکیەکان ڕۆژئاواییەکان، مرۆڤە سپیەکان بە کەیفی خۆتان بجوڵێنەوە، بە ئاشکرا سەدانمان وهەزارانمان بکەن بە مەسیحی، وکەنیسەی کوردزمانمان بۆ دامەزرێنن ولە شاری دینداری هەولێریش بەبەرچاوی خەڵکەکە مژدەی وەرگەرانی دەیان هەزار کوردی موسڵمان بۆ مەسیحیەت بە گوێی کوردستان دادەن، ئەی چییە بەڵکو ڕزگارمان دەبێت لە چارەی دینی عەرەب وئەگەر بوینە مەسیحی وەک ئەو مەسیحیانەی ڕۆژئاوا پێشدەکەوین وەك چۆن باشوری سودان پێشکەوت!
 فەرموون وەرن هەزاران ئینجیل ونامیلکەی مەسیحی وچیرۆکەکانی بایبڵ ببەخشنەوە، بەڵکو لەو دینە تۆقێنەرەمان ڕزگارمان دەکەن بۆ دینی ئاشتی کە دەڵێت ئەگەر شەقیان لە بناگوێی ڕاستت دا لای چەپیشی بۆ هەڵسوڕێنە، وەک بڵێی مێژوی مەسیحیەت هەمووی گوڵ وگولزار بێت، هەر دوێنێ ئافرەتێکی مەسیحی تازە موسڵمان بوویان بەناوی وەفا قوستەنتین یان لەناو کەنیسەی نەترۆنی مەسیحی کوشت بە فەرمانی بابا شەنودە، چونکە نەیانتوانی بە زۆرەملێ هەڵێگەڕێننەوە بۆ مەسیحیەت وکەنیسەکانی میسر بە سەدان وهەزارانی وەک وەفای لێیە لە هەردوو ڕەگەزەکە لەوانەی بونەتە موسڵمان بەڵام کەنیسە ئازادی بیروباوەڕیان پێ ڕەوا نابینێت، بێگومان موسڵمان ومەسیحی لەو شەرقە بەو شێوەیە بیردەکەنەوە ڕاست بێت یان چەوت، ئەوەیە هەقیقەتی شەقام ..
 تا ئێستا ڕوداوەکە ڕوون نییە، بەڵام بە سەرجەم ئەوەی لەسەری نوسراوە و دەوترێت گومانی کێشەی ئاینی زۆری لە مەسەلەکەدا دروست کردوە. من ئاگادارم کە هەڵمەتێکی تەبشیری بەهێز لە ئارادایە لە کوردستان لەوەتی کورد ناوچەی دژەفڕینی بۆ بڕیاردرا لە ١٩٩١، ئەوەی کە ئەو هەڵمەتەشی پوچ کردۆتەوە مامۆستا ئاینیە بەڕێزەکانی کوردستان بوون وخەڵکی کورد بوون کە شانازی بە ئیسلامەتی خۆیان دەکەن، دەنا ئەگەر بە میزاج وویستی دەسەلات بوایە هەموو کورد لە شەو رۆژێك هەڵگەڕێننەوە چاویان تروکە ناکات، بەڵکو وەک دیکۆرێکی تەقەدومی لەوانەیە موغازەلەی ڕۆژئاواشی پێبکەن!
 من زۆر شانازی بە نادەمارگرژی میللەتەکەم دەکەم کە لە چاو میللەتەکانی تر چەندین سەدە پێشیان کەوتۆتەوە، وابزانم کاتی خۆی تورک کە بەراوردی نادەمارگرژی کورد و دەمارگرژی خۆیان کردوە ئەو پەندەی سەرەوەیان [کورد هێندە موسڵمانن کە کاتێ بەراورد دەکرێن لەگەڵ کافراندا ] بۆ داتاشیوە وڕەخنەیان لە کورد گرتوە کە بۆ دەمارگرژ نین، چۆن بەو سینگە فراوانە لەگەڵ ڕۆڵەکانی تری کوردستان لە مەسیحی ودینەکانی تر دەژین بەبێ کێشە! میللەتی ئێمە نازانێت حقدی شیعە وسونە ومەسیحی و موسڵمان لەبەر هیچ بهێنێتە ئاراوە ئەگەر تا سەر ئێسقان هەستی ئاینی بریندار نەکەن، بەڵام وادیارە جەماعاتی تەبشیری پەیامی نادەمارگرژی کوردیان بە هەڵە خوێندۆتەوە وەك خاڵێکی لاوازیان قۆستبێتەوە وەک بلێی کورد هیچ گرنگیەک بە ئاینی خۆیان نادەن وزۆر ئاسانە وەریان گەڕێنن بۆ مەسیحیەت.
 کردەوە تەبشیریەکانی ئەو جەماعەتە تەبشیریانە هێندە وروژێنەر وئیستفزازین هەتا خودی مەسیحیە ڕەسەنەکانی عێراق و کوردستانیشی پەست کردوە، وەك بڵێی هاتبن بۆ ناو چەند عەشیرەتێکی سەرەتایی قۆناغی بتپەرستی وتەوتەمیزم وبیانەوێت خەڵک بەرەو ئاینە شارستانیەکەی خۆیان بەرن!!
 هەر لەو بەریتانیایە کە من چەندین ساڵە لێی دەژیم، دەڵێی بەس عنوان وئەدرەسی مالە موسڵمانەکانیان پێیە، شەممە ویەکشەمان لەدەرگای ماڵە موسڵمانەکان دەدەن بە خۆیییان وبە ئینجیلێک لەبن کەوشیان دەزانن موسڵمانیشی، فەرمو چیتان دەوێت؟ هاتوینە باسی گەورەیی ڕزگارکەرمان یەسوعتان بۆ بکەین! سوپاس، ئێمە موسڵمانین ئاینمان هەیە! یەسوعیش دەناسین. باشە خۆ زیان ناکەیت ئەگەر پێکەوە دانیشین گفتوگۆیەک بکەین وکۆفیەکیش بخۆینەوە؟! بەڵام ئێمە کێشەمان نییە لەگەڵ ئیسلام، خوا دەپەرستین وڕیزی مەسیحی ئێوەش دەگرین وەك پێغەمبەرێك ونەدەخۆینەوە ونەدزی دەکەین ونە تلیاک دەکێشین، بەڵکو جگەرەش ناکێشین، ونەمرۆڤ دەکوژین، دینەکەی ئێوە چی زیاتر تێدایە؟! بەڵام ئەو کارانە پێویستە لە ڕێگای ئاینی ڕاستەوە بکرێت...، قسەم پێیبڕی، چەمکی ئاینی ڕاست ڕێژەیی ئەوەی لای تۆ ڕاستە لای من چەوتە و بەپێچەوانەوەش، تۆ لە جیاتی خۆت لەگەڵ من وخێزانی من ماندوو کەیت، بڕۆ جارێ مەسیحیەکانی هاوسێمان بکە مەسیحیەکی ڕاست کە ئەوەی خەراپە دەیکەن! دەڕوا هەفتەی داهاتوو بە هەمان شێوە دێتەوە نازانم لەبیری کردوە یان هەر بۆ قەڵس کردنت. ئەی داوام لێنەکردن کە هیچی تر لەو دەرگایە نەدەنەوە پاش ئەوەی پێتانم گوت ئێمە موسڵمانین وبێ دین نین؟! ئۆکەی سۆری.! دیسان یەکێکی تر لە هەمان جەماعەت لە دەرگا دەدەن...هتد.
 یان لەو لەندەنە هەموو ناوچە پڕ لە تاوان وجەریمەی سێکسی وموخەدەرات بەجێدەهێڵن دێن لەناو ئیدجوار رۆد وبەیسوەتەر دەعوی مەسیحی دەکەن کە زۆربەی دانیشتوانی موسڵمانن، هەتا جارێکیان برادەرێکی کۆمیدیم لەگەڵ بوو تازە بۆ لەندەن هاتبوو، ڕێیان پێگرت وچەند کتێبێکی مەسیحی وئینجیل وسیدیەکیان عەرز کرد بەخۆڕایی، برادەرەکەم گوتی ئەو چیە کاک محەمەد؟ گوتم: دەیانەوێ بتکەنە مەسیحی ودەعوەتت دەکەن! برادەرەکە گوتی: هەر ئەوە مابوو ئەمە دەرەقەتی خوایەک نایەین، ئەوجا سێ خوا؟!
 
 
هەر لەو یوتیوبە ئەو عینوانە لێبدە:




دەبینی ئەی موبەشیرانە چەندە ئیستفزازین، یەخەی دوو منداڵی ئیسلامیان گرتوە، داوایان لێدەکەن ببنە مەسیحی، وەرن ئەو دڵە پڕ لە حیقدانەتان بگۆڕن، بروانە چاوەکانتان پڕە لە قینە چونکە خۆشەویستی خوای تێدا نییە، بە قسەی باوکتان مەکەن...منداڵەکان هاوار دەکەن بابە ئێمە ئاینی خۆمان خۆش دەوێت وازمان لێبێنن، بۆ هێرش دەکەنە سەر ئاینەکەمان وەک هەر ئاینێکی دەبەنگ حیسابی دەکەن، دەزانین مەسیح پێغەمبەرە و کوڕی خوا نیە، باوکیان دێت دەڵیت برۆن وازیان لێبێنن، پێی دەڵێن تۆ لە مەترسیدایت، تۆ درۆت کردوە لەگەڵ مندالەکانت مێشکت شۆردونەتەوە، هەقیقەتی یەسوعی خواوەندت لێشاردۆنەتەوە! کەچی هەر قسەی خۆیان دەکەن تا ئەو ڕادەیەی لە کۆتایی دەڵێ وەرن هەمو ژیانتان پێویستە بگۆڕن تا دڵەکانتان لەو قینە وتوندوتیژیە رزگار بکەن، کە دەڕۆن بەوپەڕی ئیهانەوە دەڵێن: بڕۆ بۆ دۆزەخ ومندالەکانیشت لەگەڵ خۆت بەرە بۆ دۆزەخ!؟
بەڕاستی کارێکی دزێوە هەر لە خۆڕایی ئەو منالە هەزەکارە بە شەیتان بکەین و مامۆستای کوژراویش بە فریشتە، پێویستە لە وردەکاری ڕوداوەکە زیاتر تێبگەین وئەوەش کاری دەزگا میدیاکانی سەربەخۆی سلێمانییە ئەو کارە بکەن... خەڵکی ئێمە هێندە ساویلکەن ئەو بیانیەی جلی کوردی لەبەر بکات و ئاڵای کوردستان هەڵبگرێت بەهەر ئامانجێک بێت خۆشمان دەوێت، نازانن ئەو موبەشیرانە لە ئەفریقا تقوسی مەسیحیش لەسەر شێوازی سەمای ئەفریقی بیدائی پێشکەش دەکەن... کێ ناڵێ [ بەیار] ی هەرزەکاریش وەک هەر کەسێك کەمترین شانازی بە ئاینەکەیەوە بکات تە سەر ئێسقان توشی ئیستفزازی ئەو مامۆستایە نە بوە، وهەستی بەرپرسی لە دەوروبەری خۆی بە تۆماتیکی بۆی نەگوێزراوەتەوە وخۆی بە بەرپرسی پۆلەکەی نەزانیوە لەبەردەم هەڵمەتی تەبشیرچیەتی مامۆستاکەی، خۆ مەرج نیە ئیسلامیەکی توندڕەو بیت تا ئیستفزاز بیت بە شێوازی بانگەوازی تەبشیری، و ئەوانەشی کە هەر خەریکی خۆقامچی کردنن هەزار جوێن وقسەی ناشیرین ئاڕاستەی ئەو هەرزەکارە ومیللەتی کورد دەکەن چاکترە بێدەنگ بن یەک چاوانە ڕوداوەکە نەخوێننەوە تا زۆر لایەنی تری ئاشکرا دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە