دەوڵەت و بەرخۆدانی گەل ؟ - بەشی یەكەم

Thursday, 17/07/2014, 12:00

1467 بینراوە



 


لە باشوری كوردستان جارێكی تر بەگرم و گوڕی مژاری دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان كرایەوە بە رۆژەڤی ڕاگەیاندن و شرۆڤەی چاودێران و رۆژنامەنوسان، هەرچەندە سەربەخۆیی و بون بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ هەر گەلێك مافێكی ڕەواو سروشتیە، بەڵام ئەوەش ئاشكرایە بونی دەوڵەت بەواتای ئارامی و خۆشگوزەرانی و دیموكراسی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ نیە، سیستەمێكی دادپەروەرو دیموكراتخواز و یەكسانیخواز گەرەنتی پێكەوەژیانی گەلانە، لە بەرامبەردا دەسەڵاتێكی تاكڕەوی تۆتالیتاروخۆسەپێن و دیكتاتۆر هۆكاری ناتەبایی نیوان پێكهاتە جیاوەزەكانەو لە سایەی حكومی دڕندانەیدا وێرانی وڵات و قڕكردنی گەلان و شەڕو خوێن ڕشتن و پاكتاوكاری بەدوای خویدا دێنێت، ئەوەش لە زەمینەی ڕاستیدا لە بەرچاوانە،
ئێمەی كورد مافی خۆمانە لە هەر گەل و نەتەوەیەك زیاتر تامەزرۆی دەوڵەتی سەربەخۆبین، لەبەر ئەوەی خاوەنی دەیان سەرهەڵدان و شۆڕشی ئازادیخوازانەین و روبارێ خوێنمان بەخشیوە لە ڕێی ئازادی و سەربەخۆییدا، بەڵام لەم ئان و ساتەدا ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە بەرژەوەندی گەلەكەماندایە یاخود جارێكی تر گیرۆدەی نەهامەتیەكی تری دەكاتەوە؟ لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991وە گەلی كورد لە باشوری كوردستان چەند قۆناخێكی پڕ لە ئیشو ئازاری بەڕێكردوە، لە كاتێدا زامە سەختەكانی جەستەی خاك و گەلی باشور هێشتا خوێنی كارەساتەكانی دەستی ڕژێمی بەعسی لێدەچۆڕا، حزبە دەسەڵاتخوازەكان مەینەتیەكانی گەلیان لەبەرچاو نەگرت و بەدەستی خۆیان كارەساتێكی تریان بەسەر خەڵكدا هێنایەوە،
بەرخۆدان و خۆڕاگری و تێكۆشانی خەڵكی بریندارو كارەساتباری باشوری كوردستان لە كاتی ئەو گەمارۆیانەی بەسەریدا سەپێنرابوو كەم وێنەیە لە مێژودا، خەڵك ئامەدەی هەموو قوربانیدانێك بوو بۆ پاراستی ئازادیەكەی و تەسلیم بون و ملكەچی بۆ دوژمنان قبوڵ نەكرد لە كاتێكدا كە پیشەنگێكی دڵسوزی نەبوو بەرەو ئاراستەی ئارامی و گەیشتن بە خواستەكانی ڕێنیشاندەری بێت، بەپێچەوانەی فەلسەفەی شۆڕشەوە پارتە سیاسیەكان كە زادەی شۆڕشی شاخ بون، خۆیان نەكرد بە ئامرازێك بۆ گەیشتنی گەل بە ئامانج ومافەكانی ، بەڵكو گەلی ستەمدیدەیان كرد بە ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆیان، هەر ئەوەش بوبەهۆكاری ئەوەی ساڵ لە دوای ساڵ مەودای نیوان خەڵكی ستەمدیدەو قوربانی بەخش و سەركردەی دەسەڵات پارێزو قۆرخ كاربەر فراوانتر بێت،
هەڵبەتە ئەو لیكترازان و دور كەوتنەوەیەی كە لە نێوانی گەل و دەسەڵاتدا دێتەئاراوە هۆكارەكەی خودی دەسەڵاتدارانە ،
چونكە لە كاتێدا سەرجەم جومگەكانی وڵات لە لایەن چەند كەسێكەوە دەستی بەسەردا گیرابێت ئیدی گەل هەست بە پەراوێز خستن دەكات و خۆی بە پارێزەری هیچ دام و دەزگایەك نازانێت لە كاتی هەر جۆرە مەترسیەكی دەرەكی و ناوخۆییدا تەنها لە خەمی خۆیدا ئەبێت ، ئەو گیانە و هەستە شۆڕشگێڕیەی لە باشوری كوردستاندا بونی هەبوو لە سایەی دەسەڵاتی ناداپەروەری حزبدا بەرەو كاڵبونەوە و لاوازبونێكی مەترسیدار دەچێت، ئەوەش هەرچەندە زینێكی گشتگیرو كارەساتباری هەیە بەڵام ڕاستیەكی تاڵەو ناكرێت هاشای لێبكەن،




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە