دەستاودەستكردنی دەسەڵات بە هاوپەیمانێتی یەكێتی و گۆڕان دەكرا

Tuesday, 22/04/2014, 12:00

1617 بینراوە




ریككەوتنی پارتی و گۆڕان توشی دڵەراوكێی كردم، نەك لەبەر ئەوەی ئەو دوو حزبە رێككەوتون یان بە پێی قسەی هەردولا بە برابەشی دەسەڵات دەبەن بەرێوە و لە خزمەتی خەڵكدا دەبن، بەڵكو بە خوێدنەوەی واقعی كوردستان و چۆنێتی بیركردنەوەی سیاسەتمەدار و خەڵكیش تا دێت بارودۆخەكە ئاڵۆز دەبێت و ئەگەری زۆریش لەئارادادەبێت هەرێمی كوردستان بگەرێتەوە چوارگۆشە سەرەتاییەكەی نەوەدەكان و ململانێی سەخت و پاشقول لەیەكگرتن و پەنابردنەبەر توندوتیژی .
ئەگەر بەهاوكێشەیەكی زانستیانە بارودۆخە چاوەروانكراوەكەی كوردستان بخوێنینەوە، لەدەرئەنجامدا بەرونی بۆمان دەردەكەوێت كەئارامی دەلەرزێت و پەیوەندیە هەمەجۆرەكان دەشڵەژێت، ئەگەر ئەو كارتانەی بەدەست لایەنە سەرەكیەكانەوەیە هەریەكە لای خۆیەوە بەكاری بێنێت حوكمێكی سەقامگیر نابینرێت و دەشێت رۆژانە چاوەروانی ئەگەری جۆراوجۆری تازە بین لەهەموو بوارەكاندا.
تا رادەیەكی باش هێزو پارە لای یەكێتی و پارتیە و راگەیاندن و جەماوەرێتیش لای گۆڕان ، ئەگەر لەو بارەوە لاسەنگی هەبێت،لایەك لە دەسەڵات دوربخرێتەوە، بە پێی بیركردنەوەی ئێستایان، دەبێت چاوەروانی ئەوەبین كە هەمیشە نسكۆ و دارمان یەكێك لە ئەگەرەكان دەبێت .
لەلایەكەوە، ئەگەر پارتی تائێستا بێخەم و بە چەند ژمارەیەكی بچوكی كورسی زیاتر لەهەر یەك لە گۆڕان و یەكێتی لە سەر بنەمای ناكۆكی نێوان لایەنەكان خۆی لەهەموان كردبێت بە برا گەورە و بە خشكەیی بۆچونەكانی بەو رێرەوەوە سەپاندبێت و، ئەو وەك خاوەن ماڵ خێری دەسەڵات بەسەر لایەنەكاندا ببەخشێتەوە و، وردە وردە بیەوێت لە چەند رێگایەكەوە تەوژم و باڵی سیاسی خۆی بەسەر كوردستاندا بكێشێت، ئامانجی ستراتیجییشی قوڵكردنی ناكۆكی نێوان لایەنەكان و كەمكردنەوەی جەماوەرێتیان بێت و لەدوورەوە تەماشایان بكات و لە هەوڵدانی زیاتردابێت بۆ رەزیلكردنیان لە كوردستانداو، وەك فاكتەرێكی سەرەكی بەدێهێنانی ئامانجە نهێنیەكانی ئەو رێگا سیاسیە بەكاربهێنێَت ، لە لایەكی ترەوە، بەهەموو رێگایەك هەوڵ دەدات خەڵكەكە بێ ئومێد بكات لە ژیانی سیاسی كوردستان و لایەنی رەشی لایەنەكانی تر دەردەخات و وادەكات هەرچۆنێك بێت هەمووان بە فەرمانی پارتی رازیبن .
ئەگەر پارتی لەسەر ئەرزی واقیع كە بۆ چەندین ساڵە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە بێ ئەوەی بۆ چركەساتێكیش بیری لە دیموكراسیەت و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتی كردبێتەوە،لەم قۆناغەدا و لێرەوە و لە پاش هەڵبژاردن دەكرا بە ئاسانی رێگە لەیاریە خەتەرناكەكەی پارتی بگیرێت و سنورێك بۆ زیادەرۆییەكانی دابنرێت و لە بوغرایی كەمبكرێتەوە و، ملكەچی بنەماكانی دیموكراسی بێت و ، هیچ نەبێت راستگۆیی لەو ئیدعایانەی كە بەزارەكی دەیكات تاقی بكرێتەوە.
پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر یەكێتی و گۆڕان هاوپەیمانێتیەكی پەرلەمانیان پێكبهێنایە با بەشێوەیەكی كاتیش بوایە، واتە گەورەترین كوتلەیان پێكبهێنایە، ئەوا لە پێكهێنانی حكومەتدا راستگۆیی سەرجەم لایەنەكانیان بۆ خەڵك دەردەخست و باوەربونی تاك بەتاكیان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات دەردەكەوت و دەسەڵاتی دیموكراسی لە كوردستانیش هەنگاوێك بەر ەو پێشەوە دەچوو. بەڵام ترس لەوە دەبوو، كە یەكێك لەئەگەرە بەهێزەكان ئەوەبو كە بە هیچ جۆرێك پارتی بەوە رازینەدەبوو چونكە پارەو هێز و كارتی زۆری تری بەدەسەتەوەیەو خۆی بە خاوەنی كوردستان دەزانێت، ئەوكات لە پێكهێنانی حكومەت دوەم كوتلە رادەسپێرا كە پارتیە و لەم ماوەیەدا پێكیدەهێنا و كەسیش لۆمەی لایەنەكانی تری نەدەكرد.
بۆیە لەم هەلەدا نەك دەستاودەست كردنی دەسەڵات تاقینەكرایەوە بەڵكو وابروات سیستمی پاشایەتی و بنەماڵەیی بە یەكجاری بسەپێنرێت . خەڵك حەقی خۆیەتی بە بێ ئومێدی بروانێتە سیستمی سیاسی كوردستان و دوارۆژی گەلەكەی و ، واچاوەروان بكات ئارامی و ئاسایشی كوردستانیش بكەوێتە خەتەرەوە، بەهیوام وانەبێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە