سلەیمانی، سەرەی ڕمەکەیە!

Monday, 14/09/2009, 12:00

1970 بینراوە


سەرەتا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئەم هەڵمەت و فشارەی لەسەر سلەیمانی دروست کراوە، گەر و گێچەڵێکی بێمانایە کە لەدوای هەڵبژادنی پەرلەمانەوە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دەستی پیکردووە! لەبەر ئەوەی نایەکی قەبارە گەورەی وای بەڕووی هەموواندا تەقاندەوە، تووشی شۆکو و پەشۆکانی کردوون، بووە مایەیە لێکەوتنەوەی هێزی سێهەم. ئەو هێزەی زۆر لەمێژەوە ببووە قسەباسی سەرزاری خەڵکی بەتایبەتی نوخبەی کۆمەڵگا.

باس لە رێژە بڕی بۆدجەی شاری سلەیمانی دەکرێت، گوایە بڕەکەی زۆرترە لە چاو شاری هەولێر و دهۆک! لەوانەیە بەهۆی گەورەیی و ڕێژەی دانیشتوانەوە بێت. ئەوەی جێی سەرنجە لەم ورووژاندنە دروستکراوەدا، ئەوەیە بۆ دەستنیشانی ئەو بڕە پارەیە نەکراوە و بە نهێنی ماوەتەوە!؟ تا لە پەیڤی ڕووت و ڕەجال دەربچێت! نەدرکاندنی بۆ چ ترسێک دەگەڕێتەوە؟ دەزانن خاڵی فشاری وا بەدەستەوەیە کە وەک نەوشیروان مستەفا دەیڵێت ڕوخاندنی حکومەت بەدواوە دەبێت، و هێندەی تر ئەو دوو پارتە لەبەرچاوی خەڵکی ناشیرنتر دەبن.

دەکرێت بەجۆرێکی تر لێکبدرێتەوە؛ ئەمەش دەچێتە خانەی زەم و زەمکاری نێوان خۆیان، و کە لەپشت پەردەوە قوڵپەقوڵپێتی! یان کێ دەڵێ ناگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانێ کۆن و بەردەوامی ئاشکرا و نهێنی نێوان سلەیمانی و ئەو دوو شارەی تر.

ڕاستە سیمای هەولێر گۆڕاوە، لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەو خەسلەتەی ئێستای کە بە پایتەختی هەرێم ناوزەد دەکرێت، لایەنی کەم دەبێت بەباڵەخانەی زۆری چەند نهۆمی بڕازێنرێتەوە، ڕووکاری دەرەوەی، گەشاوەیی هەرێم پیشانبدات. ئەوە دەستکەوتی حکومەت و پارتی و سەرەک وەزیرانەکەی نییە، بەڵکوو سەرمایەگوزاری کەرتی تایبەتییە! نەک لەهەرێم بەڵکوو لەئەورووپاشدا ئەوە کومپانیاکانن وڵات ڕێک دەخەنە و دەیڕازێننەوە و تەنانەت نانی زووربەی خەڵکیش بەدەست ئەوانەوەیە.

بەڵام لە پشت ئەو سیمایەی هەولێرەوە، چی دەگوزەرێت؟ چەندەها ناشیرینی خۆی حەشارداوە! بۆ میدیاکان بەتایبەتی ئەوانی خودی شارەکەیە، باسی لێوە ناکەن؟! گوایە بەناوی کومپانیای میدیاییەوە و بەپارەی پارتی بەڕێوە دەچن، بۆ لەخشتەبردنی ڕای گشتی و دەرەوە خەریکی کاری چەواشەکارانەن! بۆ شتی دی ئازان! یان ئەوەتا میدیاکاران و تەنانەت خەڵکەکەشی بەدەردی ئەوانی وڵاتانی کەنداو عەرەب چوون! بەشێوەی جۆراوجۆر دەمکووت کراون و ئازایەتییان لێسەندراوەتەوە!

بەس خۆشبەختانە ئەو بەردەی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان فڕێیدایە ناو گۆمی لیخن و قەتیسماوی کۆمەڵگا و حکومەتەوە، لەمەودوا بۆیان ناچێتە سەر، تا سەروەت و سامانی میللەت بخۆن و بەئارەزووی خۆیان بەسەر دارودەستەکانیاندا تەخشان و پەخشانی بکەن. نیشانەکانیشی لەیەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە، ڕۆژی سێ شەممە 8 .9. 2009 دەرکەوت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە