ئایا سەركردەكانى كۆمەڵ و یەكگرتووى ئیسلامى دەست لەكار دەكێشنەوە؟

Saturday, 15/08/2009, 12:00

1427 بینراوە


هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى ئەمجارەى هەرێمى كوردستان بۆ رەوتى ئیسلامى شكستێكى گەورەى بەدوادا هات كە بۆ خۆیان و بەتایبەت سەركردایەتى هەردوو لایەنى سیاسى ئیسلامى كۆمەڵ و یەكگرتوو چاوەروان نەكراوبوو، بەڵام بۆ دۆستان و هەوادارانى رەوتەئیسلامییەكەى ئەم هەرێمە كە ئەو دوو لایەنە گوێیان بۆ بۆچوون و راى جیاوازیان نەگرت و بگرە لەهەندێ لێدوان و نووسینیاندا بە ساویلكەو نەزان و ناحاڵى لەواقیعیان لەقەڵەم دەدا دەرەنجامێكى چاوەروان كراوبوو.
ئەوەى لەماوەى زیاتر لەمانگێكى دواى راگەیاندنى هاوپەیمانیەتى ئەو دوو لایەنە ئیسلامییە لەگەڵ دوو لایەنى ترى عەلمانیدا روویدا و موفتى و سیاسییەكانى ناو ئەو دوو حزبە ئیسلامییەى خەریك كرد زیاتر وەڵامدانەوەى رەخنەى خەڵكى ئیسلامى و ئەندام و لایەنگرانى خۆیان بوو دەربارەى هاوپەیمانیەتییەكەیان هەوڵدان بۆ رەواندنەوەى نیگەرانى و دوودڵییەكانیان، كەجگە لەچەند نامیلكەو بڵاوكراوەیەكى تایبەت بەو پرسە شەرعییە، بەشێك لە دیمانەو گفتوگۆو وتارى ناو كەرنەڤاڵ و كۆبوونەوەكانی سەركردە ئیسلامییەكانى كۆمەڵ و یەكگرتوو تەرخان كرابوو بۆ شەرعاندن و ئومێد بەخشینەوە بە بەو خەڵكەى پاڵنەرى ئایینى لەدەوریان كۆى كردبوونەوە.
ئەوان بە بۆچوونى خۆیان نایانەوێت كۆمەڵگەى كوردى بەسەر دوو بەرەى ئیسلامى و عەلمانیدا دابەش بكەن و كێشەى ئەم قۆناغەى ئێمە سیاسییەو پەیوەندى بەرەهەندى ئاینییەوە نییە، ئەمەش قەناعەتى لەمێژینەى یەكگرتووى ئیسلامییەو فاكتەرى ترس ئەم قەناعەتەى بۆ درووست كردوون و پێیان وایە ئەگەر بەشووناس و جیهانبینى خۆیانەوە بچنە ناو ململانێ سیاسییەكانەوە یەكێتى و پارتى شەرق و غەربیان لێ دەورووژێنن و بوونیان لەگۆرەپانەكەدا ناهێڵن، كە ئەمە تەنها وەهمێكەو برایانى یەكگرتوو نەك لەكوردستان لەزۆر شوێنى تردا لەگەڵیدا دەژین، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە كە چۆن و بۆچى كۆمەڵى ئیسلامى بەو باكگراوەندە جیهادى و شۆرشگێرییەى خۆیەوە بارگاوى بوو بەو ترس و وەهمەى سەركردەكانى یەكگرتووى ئیسلامییەوە؟
برایانى یەكگرتووى ئیسلامى و بەدواى ئەوانیشدا كۆمەڵ وتیان ئێمە نامانەوێ گۆرەپانەكە دابەش بكەین بەسەر دوو بەرەى ئیسلامى و عەلمانیدا، بەڵام هەموو ئەوەى لەماوەى یەك مانگى هەڵمەتى پرووپاگەندەى هەڵبژاردندا ئەو دوو لایەنە ئیسلامییە وتیان و نووسییان و بڵاویان كردەوە بۆ خۆى بەڵگەبوو كە ئەوان پێیان خۆش بێت یان ناخۆش گۆرەپانەكە بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا دابەش بووە كە ئەوان لێى دەترسن و لەخۆیدا ئەو ترسەى ناوێ و دۆخەكە چۆن ململانێى ژیاریانەى سیاسى دەخوازێت، ململانێى عەقائیدى و كێبەركێى جیهانبینییە جیاوازەكانیش دەخوازێت، هەر بوونى ئەو دوو حزبە ئیسلامییە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كە دوو بەرەى (ئیسلامى و عەلمانى) لەئارادا هەیەو ئەگەر وانەبێت پاساو بۆ بوونى حزبى ئیسلامى چییە؟
ئەوان ویستیان بەم هاوپەیمانیەتییەیان بیسەلمێنن كە دوالیزمەى عەلمانى و ئیسلامى لەكوردستاندا نییەو ساحەكە بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا دابەش نەبووە، بەڵام نیوەى ناوەرۆكى وتارەكانى ئەم ماوەیەیان تەرخان كرابوو بۆ هێنانەوەى پاساوى شەرعى و سیاسى بۆ هاوپەیمانیەتییەكەیان و بە شێوەیەك خۆیان بە وەڵامدانەوەى ئەم پرسە خوڵقێنراوەوە خەریك كردبوو كە بەڵێ لەرووى شەرعییەوە درووستە هاوپەیمانیەتى ئیسلامى لەگەڵ لایەنى عەلمانیدا، ئەمەش بەڵگەیەكى ترە لەسەر ئەوەى بوونى ئەو دوو بەرەیەى ئەوان لێى تۆقیون و دەیانەوێت بەزەقى بەدەر نەكەوێت لەگۆرەپانەكەدا هەیە.
پاشان ئەو دەرەنجامەى ئەوان بەدەستیان هێنا دەرى خست كە ئایدیاى ئیسلامى و عەلمانى لەساحەكەدا بە دوو ئاراستەى جیاوازدا دەرۆن و بەیەك ناخۆن و ئەگەر لەهەندێ مەسەلەى سیاسیدا بەیەك بگەن لە خاڵە جەوهەرى و هەستیارەكاندا لێك جیادەبنەوە،بەڵام پێدەچێت نوخبەى سیاسى ئیسلامى ئەوەندەى بەرژەوەندییە سیاسییە حزبییەكە دەخوێنێتەوە خاڵە مەبدەئى و جەوهەرییەكان نابینێت.
سەركردەكانى كۆمەڵ و یەكگرتووى ئیسلامى بەشێوەیەك حزبەكانیان بردە ناو ئەم گەمەیەى هەڵبژاردنەوە كە خۆیان و ئەندامەكانیان خەریك كرد بە جەدەلى بێ ئاكامى شەرعیبوون و ناشەرعیبوونى هاوپەیمانێتییەكەیانەوە لەگەڵ ئەو دوو حزبە غەیرە ئیسلامییەداو تواناى قەواعیدەكەى خۆیان لەناو ئەو چەلەحانێ ناوخۆییەدا كوشت و دواجار نەیانتوانى قەناعەت بەو دەنگدەرانە بكەن كە گومان و رەخنەیان لەم هاوپەیمانیەتییە هەیە بۆ ئەوەى دەنگیان پێ بدەن و دواجار دەرەنجامەكەى ئەو كورسیانەبوو كە كەمترە لە مایەى دەستیان كە پێشترو لەبارودۆخە سەختەكاندا بەدەستیان هێنابوو.
ئەوەى ئێستا بووەتە دەرەنجام بۆ هەڵبژاردنەكان شكستێكى گەورەیە بۆ ئیسلامییەكانى كوردستان و كۆمەڵ و یەكگرتووى ئیسلامى بەرپرسیارن لەو شكستە، شكستەكە تەنها ئەوەندە نییە كە ئەو دوو لایەنە كورسییەكانى پێشترى خۆیان لەكوردستاندا بەدەست نەهێناوەتەوە، بەڵكو ئەو دەرەنجامە لەكاتێكدایە كە بارودۆخى ئەمجارە بۆ ئیسلامییەكان و لایەنەكانى ترى دەرەوەى بازنەى دەسەڵات لەباربوو بۆ پێشرەوى زیاتر و زەمینە رەخساوبوو كە ئەو دوو حزبە ئیسلامییە بنكە فراوانە ببنە ركابەرێكى بەجورئەتى لیستى دەسەڵاتدارو بەلاى كەمەوە لایەك لە بەرەكە لەژێر پێیان بهێننە دەرەوە.
سەركردەو بەرپرسە باڵاكانى ئەو دوو حزبە ئیسلامییە بەیەقینەوە باسیان لە بەدەستهێنانى زیاتر لە بیست یان بیست و پێنج كورسى دەكردو چاوەروان بوون پلەى دووەم و نزیك لەوەى لیستى كوردستانى بەدەستى دەهێنن دەستیان بكەوێت و ئەوان نەخشەى سیاسى لەم هەرێمەدا بگۆرن نەك لیستى گۆران و لیستە رەنگاورەنگەكەیان ركابەرى راستەقینەى لیستى دەسەڵاتە، ئەمەش بەو پێیەى كە ئەوان سنورێكى دیاریكراویان نییەو گرەو تەنها لەسەر شارێك ناكەن و بنكەى جەماوەرییان بە هەموو كوردستاندا بڵاو بووەتەوە، كە ئەمە لەراستیدا وابوو ئەگەر خۆیان ئەو جەماوەرەیان تووشى دوودڵى و نیگەرانى و ناچار بەبایكۆتكردنى هەڵبژاردنەكان نەكردبایە.
سەرەراى ئەو پرسە شەرعییەى جەماوەرو لایەنگرانى حزبە ئیسلامییەكان هەیانبوو لەسەر شێوازى بەشدارى ئەو دوو لایەنە ئیسلامییە بەلیستێك لەگەڵ دوو لایەنى ترى غەیرە ئیسلامیدا، ئەداى لاوازو گوتارى رەخنەئامێزى شەرمنانەى سەركردەى هەردوو حزبەكە هۆكارێكى ترى شكستەكەبوو، كە لەكاتى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا هەندێ جار لەگەڵ رەخنەكانیاندا موجامەلەى دەسەڵاتیشیان دەكرد بەچەند ئاماژەیەكى ناو وتارەكانیان كە ئەو شێوازە لەگوتارو لێدوان نامۆیە بەقۆناغى پرووپاگەندە.
بەهەرشێوەیەك بێت بەرپرسیاریەتى شكستى لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى كە دواجار دەبێتە شكست بۆ هەموو ئیسلامییەكان لەئەستۆى سەركردەكانى كۆمەڵى ئیسلامى و یەكگرتوودایەو دەبێت ئەوان باجەكەى بدەن، لەناو وڵاتانى پێشكەوتووى دنیاو بەپێوەرە ژیارییە هاوچەرخەكانى ناو دنیاى نوێ و لەو شوێنانەدا كە هەستى بەرپرسیاریەتى لاى تاكەكان و نوخبەى كۆمەڵگە بەهێزە، باجى ئەم جۆرە شكستانە كە دەبێت سەركردەكان بیدەن، دەست لەكاركێشانەوەى كەسى یەكەمى ناو ئەو دامەزراوە سیاسییەیە، با زۆرجار ئەویش هۆكارى سەرەكى ئەو رووداوە نەبووبێت، بۆیە دواى ئەو شكستە دەبوو هەردوو سەركردەى كۆمەڵ و یەكگرتوو دەستیان لەكارو پۆستەكانیان وەك ئەمیرو ئەمیندارى حزبەكانیان بكێشایەتەوە، هەرچەندە ئەمە تا ئێستا نەبووەتە دیاردە لەناو ژیانى سیاسى ئێمەدا.
بەلاى كەمەوە با چیتر قەواعیدى حزبەكانى ئێمە، بەتایبەتى حزبە ئیسلامییەكان سەركردەكانى حزبەكانیان بەموقەدەس سەیر نەكەن و راست و چەپێك بەسەر عەقَڵى خۆیاندا نەهێنن گیانى وردبوونەوەو رەخنەگرتن لەخۆیاندا بەهێز بكەن، كە بەداخەوە لەم هەڵبژاردنەدا كەسانى بەروواڵەت هۆشیارو رۆشنبیرى زۆر دەبینرا دەروێشانە مامەڵەى لەگەڵ رەوشەكەدا دەكرد هەموو شێكى بەراست و رەوا دەزانى بەمەرجێك ئەو رەوایەتییە لە سەركردەى حزبەكەیەوە سەرچاوەى گرتبێت و ئەوى بەموجتەهیدێكى بێ هەڵەو خۆى بە موقەلیدێكى داماو دەبینییەوە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە