نامەیەكى كراوە بۆ بەرێز وەزیرى دادى هەرێمى كوردستان

Saturday, 24/01/2009, 12:00

1746 بینراوە


بابەت/ گەندەڵییەكانى دادگاى كفرى
بەرێز وەكو هاوڵاتییەكى دڵسۆزى شارى كفرى بەپێویستم زانى لەچەند راستییەك ئاگەداربكمەوە:
1-دەوامكردن: وەكو لاى هەمووان ئاشكرایە كە دەوامى فەرمى هەموو دام و دەزگاكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە كاتژمێر 8ى سەر لەبەیانییەوە دەستپێدەكات تا كاتژمێر دوو نیوى دواى نیوەڕۆ، بەڵام ئەوەى لەدادگاى كفرى تێبینیم كردووە ئەوەیە كە دەوام لەو دادگایەدا لە كاتژمێر 9و10ى سەرلەبەیانییەوە دەستپێدەكات و رۆژانى پێنج شەممە تا كاتژمێر 12و هەندێ جاریش تا كاتژمێر 11 دەوام دەكرێ، لە رۆژاى تریشدا كەمجار بووە دەوام تا كاتژمێر یەك و نیو بڕى كردبێ.. هاوڵاتیانیش دەبێ هەر لەبەیانى زووەوە تا كاتژمێر 9-10 چاوەڕێبن، ئەمەش زیاتر دادوەرەكان و داواكارى گشتى دەگرێتەوە.
2-موخالەفەى دادوەرو داواكارى گشتى: ئەگەر هاوڵاتى سەرپێچى یاسا بكا ئەوە دادوەر سزاى ئەدا، باشە لەبەرێزان دەپرسم ئەى ئەگەر هات و خودى دادوەرو داوا كارى گشتى موخالەفەیان كرد كێ سزایان بدات؟ چەند مانگێك لەمەوبەر حاكم(عەباس) كە دانیشتووى كەلارە بەهۆى بەنایاسایی لێخوڕینى ئۆتۆمبیلەوە (رۆنگسایت) پۆلیسێكى مرور دەیەوێت سزاى بدا، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو سزاى مرورەكە ئەداو دوو رۆژ تەوقیفى ئەكا.
رۆژى20/1/2009 چیمەن سەعید جەوهەر كە داواكارى گشتییە لە دادگاى ناوبراو، بەموخالەفە (رۆنگ سایت) لێخوڕینەوە پۆلیسێكى مرور دەیوەستێنێ، بەڵام ئەو(واتا چیمەن خان) دەكات بە قیژەو هاوار بەسەر پۆلیسى قوربەسەرداو بە پۆلیسەكە دەڵێ(تۆ نازانى من كێم؟ من چیمەن سەعید جەوهەرم، من داواكارى گشتیم چۆن رامدەگریت؟).. ئەگەر خێرەومەند نەبوونایە پۆلیسى داماو دوو سێ رۆژێك تەوقیفى دەبوو بە نسیب.. ئینجا ئەم خاتوونە كاتژمێر 10 دێت بۆ دەوام و كاتژمێر دوانزە دەڕواتەوە واتا رۆژى دوو سەعات دەوام دەكات كە لە هەفتەیەكدا دەكاتە 10 كاتژمێر ئەگەر هەموو رۆژێك دەوام بك، لەمانگێكدا دەكاتە چل سەعات كەچى موچەكەى چوار ملیۆن دینار زیاترە.
3- داواكارى گشتى بەناوى عەلى، بەئارەزووى خۆى دەوام دەكات لەهەفتەیەكدا دوو رۆژ دێت و چوار رۆژ نایەت، سێ رۆژ دێ و دوو رۆژ نایەت.. ئینجا ناوبراو عەرەبەو كەلیمە كوردى نازانێ، لەكاتێكدا لە 99%ى خەڵكى سنورى كفرى كوردن، ئەمەیش كێشەى بۆ هاوڵاتیان دروستكردووە لەرووى تێگەیشتنەوە.
3- ژمارەیەك خانوو كە دە خانووە بۆ دادوەرو فەرانبەرانى دادگاى كفرى دروست كراوون، بەڵام جەنابى دادوەرەكانى تێدا نیشتەجێنین كە لەئەێڵدا بۆ ئەوان دروستكراوە، ئەمە لەكاتێكدا هەر یەكێك لەو داوەرانە مانگى چوار سەد هەزار دینار وەردگرن بۆ كرێی هاتووچۆ، من سوئال دەكەم بۆچى نایەنە ناو ئەو خانووانە؟..
بەرێز جەنابى وەزیر:
من نامەوێت زوو بڕوا بەقسەكانم بكەى، بۆیە دەمەوێت خۆت تەحقیق لەو مەسئەلانە بكەى تا راستییەكانت بۆ دەردەكەوێت. هیواخوازم كارى پێویست ئەنجام بدەى.
*هاوڵاتییەكى شارى كفرى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە