چۆن پارتى دروست بوو؟

Monday, 15/08/2011, 12:00

4032 بینراوە


سەرتا بەر لە دروست بوونى پارتى :
تاقمێك لە ئەفسەرانى كوردى دەرچوى زاستگاى جەنگى عێراق كەلەهاوكارانى مستەفا بارزانى بوون و هەندێكیان لەگەڵ ئەو چووبونە كوردستانى ئێران و هەندێكیشیان دواتر،لەوانە (عیزەت عەبدولعەزیز،سەید عەزیزى شەمزینى،مستەفا خۆشناو،میرحاج ئەحمەد،مەحەمەد مەحمود قودسى،عەبدولرەحمان موفتى،بەكر عەبدولكەریم حەوێزى،خەیرولڵا عەبدولكەریم،نورى ئەحمەد تەها،جەلال ئەمین بەگ،مەحەمەدسالح،شەوكەت ئەفەندى،ئەحمەد ئەفەندى كۆیى).



مه‌لا مسته‌فا بارزانی

قازى مەحەمەد داواى لە مستەفابارزانى كرد بارزانیەكان وەكو هێزێكى نیزامى لە ڕێزى هێزى دیموكرات دا ڕێكبخرێت و كاروبارى پێ بسپێردرێ.ئەوە بوو لە سەرەتاى نیساندا لەسەر داواى مستەفا بارزانى زیاتر لەهەزار بارزانى بۆ پێشمەرگایەتى بانگكران.لە چوار لەشكر ڕێكخران.چەكیان پێدرا و دواى مەشق كردنێكى ماوە كورت نێردرانە جەبهەى سەقز بۆ پاراستنى سنورى حكومەتى كوردستان لەهێرشەكانى ئەرتەشى ئێرانى،بارزانیش وەكو ژەنەڕاڵى هێزى بارزانى دەست بەكار بوو.لە دواى ڕووخانى كۆمارى مەهاباد كە مستەفابارزانى هێندەگرینگى بەبوونى حكومەتێكى وەهانەدەدا.بۆ یەكەم جار مستەفابارزانى ئاشبەتاڵى كردو و بەو هێزە زۆرەى كەهەیبوو تەنها بارزانیەكان لەهێزێكى هەزاركەسى پێك دەهاتن و ئەمبارەكانى كۆمارى كوردستانى لەمەهاباد بەتاڵ كردو و زیاترلە (300) هەزار تفەنگ و (120) قەبزە تیربارو (2) تۆپ و چەند هەزار نارنجۆكى برد.بەبێ ئەوەى بیر لەوە بكاتەوە كە ئەوكاتە لەدەست دانى حكومەتێكى ئاوا گەرماو گەرمەو كاركردن و وەستان لەبەرامبەر دوژمنان گونجاوترە وەك لەوەى كاتێكى تر ئەنجام بدرێت.



هۆكارى دامەزراندنى پارتى

هۆكارى سەرەكى بریتى بوو لەبەمەرجەعى كردنى مستەفابارزانى خۆیى و كۆبونەوەى گشت پارت و ڕێكخراوێك لەژێر فەرمانى ئەو.ساڵى (1945) چەندین ڕێكخراوى سیاسى جیاواز لەكوردستانى عێراق دا دروست بوو بوون،وەكو حزبى شیوعى كوردستان(شۆڕش) و حزبى ڕزگارى كورد و كۆمەڵەى (ژ.ك) لقى كوردستانى عێراق.ئەفسەرە كوردەكان چووبونە نێو شۆڕشى بارزانەوە،ئەوانیش ڕێكخراوێكیان بەسەرۆكایەتى مستەفابارزانى بەناوى (هەیئەى ئازادى) دامەزراند.بەڵام لەگەڵ كشانەوەیان بۆ كوردستانى ئێران ئیتر چالاكى یان نەما.حزبى دیموكراتى كوردستان كە لەئێرا بوو نەیدەتوانى یاخود نەى ئەویست ببێتە ڕێكخەرو پێشڕەوى ناوچە كوردنشینیەكانى عێراق و نەیدەتوانى ببێتە نوێنەریان و ئامانجەكانیان بەدەست بهێنێ.لەو سەردەمەدا بیرى كۆكردنەوەى ڕێكخراوە سیاسیەكانى كوردستانى عێراق لەحزبێك یاخود ڕێكخراوێكى یەكگرتوو،لەلاى مستەفابارزانى و هاوڕێیەكانى گەڵاڵەبوو بوو.بۆئەم مەبەستە نورى ئەحمەد تەها بەشێوەیەكى نهێنى سەردانى كوردستانى عێراقى كردوو چوەلاى چەند كەسایەتیەكى ناودارى ناوچەى سلێمانى.مستەفابارزانى بەهاوكارى میر حاج ئەحمەد،نورى ئەحمەد تەها،عیزەت عەبدولعەزیز،سەید عەزیز شەمزینى،خەیرۆلڵا عەبدولكەریم،مەحەمەد مەحمودو چەند كەسێكى تر بەرنامەى پارتێكى كوردستانى عێراقیان دانا و مستەفا بارزانى هەمزە عەبدولڵاى بەنوێنەرى خۆى ناردە كوردستانى عێراق بۆ پەیوەندى كردن و گفتو گۆ دەربارەى دروست كردنى ڕێكخراوێكى كوردى و كۆبونەوەى هەموو پارت و ڕێكخراوەكانى لەناویدا.زۆربەى سەركردەكان بەهاناى ئەم داوایە چون و بەكارێكى گرێنگیان دانا چونكە ئەوان پێش بینى ئەوەیان نەدەكرد لەدواجار ئەم پارتە ببێتە پارتێكى ناوچەگەریەتى و شەخسى و خزمەت بە بەرژەوەندیە بنەماڵەیى یەكان بكات.

دەستەى دامەزرێنەران و ئەنجامدانى كارەكانیان
لە 16/8/ 1946 پارتى دیموكراتى كورد دامەزرا (مستەفابارزانى،میرحاج،نورى أحمدتەها،هەمزە عەبداللە) ئەفسەران (خیرولڵا عەبدالكریم،عیزەت عەبدالعزیز،مەحەمەد مەحمود قودسى،مستەفاخۆشناو).دەستەى دامەزرێنەر بوون.ئەم دەستەیە هەستان بەئەنجامدانى كاركردن بۆئەوەى كاروچالاكیەكانى لەكوردستانى عێراق ئەنجام بدات.بەڵام لەوكاتە چونكە زۆربەى دەستەى دامەزرێنەران لە مهاباد بوون.كاروچالاكیەكانى ئەم حزبە زیاتر ئەم ناوچەیەیى دەگرتەوە،قازى مەحەمەدیش تاڕادەیەكى زۆر ئەم كارەى پێناخۆش بوو لەبەر چەند هۆكارێك:یەكەم.هەندێ لەو جەماوەرەى كەهەیبو لەدەستى داو چوونە پاڵ مستەفابارزانى.دووەم.لەلایەكى تر ئەم كۆمارەى كەدروست بوو بوو خودموختارى بوو تەنهابۆكوردستانى ئێران (ڕۆژهەڵاتى كوردستان)،بەدروست بوونى ئەم حزبە مەترسى لەسەر كۆمار دروست دەبوو.سێ یەم.قازى مەحەمەد ترسێكى زۆرى لەمستەفابارزانى هەبوو چونكە مستەفابارزانى ئەوكاتە پلەى ژەناراڵى پێدراب و وەهێزێكى چەكدارى زۆرى هەبوو بەناوى (هێزى بارزان).



بۆیە قازى مەحەمەد ئاگادارى دەستەى دامەزرێنەران و شەخسى مستەفابارزانى كردەوە كە لەئێران كار و چالاكى نەنوێنن بەبیانووى ئەوەى مەترسى بۆسەر كۆمار دروست دەبێ و وڵاتانى دەوروبەر پێیان ناخۆشە.بۆیە مستەفابارزنى لەگەڵ ئەفسەرا كۆبویەوەو بەباشیان زانى هەمزە عەبدالله بەنوێنەرایەتى خۆیان بنێرنە كوردستانى عێراق (كوردستانى باشور) تاوەكو پەیوەندى بەوحزبانەوە بكات كەلە كوردستانى عێراق ماون (پارتى هیوا،پارتى ڕزگارى،كۆمەڵەى برایەتى،پارتى شۆڕش (حزبى شیوعى كوردستان)،كۆمەڵەى (ژ.ك) بەشێك بوو لە حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران كەلەلایەن ئیبراهیم ئەحمەد بەڕێوە دەبرا). كەلەوێ هەنەو ئاگاداریان بكاتەوە لەچۆنیەتى دروست بوونى پارتى دیموكراتى كورد.هەمزە عەبدالله ى پارێزەر گەیشتە سلێمانى و یەكەم كەس لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد دانیشت و ئەم بابەتەى لەگەڵ باس كرد،لەوكاتەش ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسى لقى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران بوو لە سلێمانى.حزبى شیوعیش نافیع یونسیان بەنوێنەرایەتى حزب ناردە لاى هەمزە عەبدالله.هەرسێكیان قسەیان لەسەر چۆنیەتى دامەزراندنى حزبێكى كوردى كرد لەكوردستانى عێراق.هەمزە عەبدالله هەرلەوكاتەى كەلە عێراق بوو چاوى بە شێخ لەتیفى شێخ مەحمود و كاكەزیادى كۆیە كەوت و چەند بەڵێنێكى مستەفابارزانى پێ ڕاگەیاندن.


دواتر لەسەر ئەم بەڵێنانەى كە بارزانى بەم دووكەسەى دابوو ناكۆكى دروست بوو لەنێوان مستەفابارزانى و دەستەى دامەزرێنەران وەلەلایەكى تریشەوە نافیع یونس و سالح حەیدەرى دژایەتى ئەو بەڵێنانەیان كرد كەبارزانى بەم دووكەسەى دابوو.مستەفابارزانى هەرزوو بەرلەبەستنى كۆنگرەو بەبێ پرس كردن بەدەستەى دامەزرێنەران بڕیارێكى سەیرى دەركرد،ئەویش بریتى بوو لەوەى كە شێخ لەتیفى شێخ مەحمود بكاتە جێگرى یەكەم و كاكەزیادى كۆیەش بكاتە جێگرى دووەم بەبیانوى ئەوەى خەڵكێكى زۆر لە دەورى ئەم دووكەسە كۆبونەتەوە و ئەمەش دەبێتە یارمەتى دەرێكى بەهێز بۆ دروست بوون و گەورەبونى قەبارەى جەماوەرى ئەم حزبەى كە بڕیار وایە دابمەزرێ.بەڵام ئەوە بوو باسمان كرد كەدژایەتی ئەم بڕیارە كرا لەلایەن هەندێك لەدەستەى دامەزرێنەران و نافیع یونس و سالح حەیدەرى و حەمید عوسمان وجەمال حیدەرى و عەلى پێشكەوتن.زۆربەى ئەوكەسایەتیانەى پرس و ڕایان پێكرابوو بەتایبەتى ئەندامانى حزبى شۆڕش وایان بەباش زانى كە دیارى كردنى جێگرى یەكەم و دووەم ببرێتە ناو كۆنگرە و لەوێ یەك لایى بكرێتەوە.حزبى ڕزگارى و زۆربەى زۆرى ئەندامانى سەركردایەتى حزبى شیوعى بڕیاریان دا بەشدارى كۆنگرە بكەن،بەڵام سالح حەیدەرى و نافیع یونس بەشدارى كۆنگرەیان نەكرد ئەویش بەهۆى ئەو ناكۆكیەى كە بەروەختە لەسەر بڕیارێكى مستەفابارزانى دروست بوو بوو.ئەوەبوو لە (16/8/19946) لەبەغدا كۆنگرەى دامەزراندنى پارتى دیموكراتى كورد دەستى پێ كرد.ئیبراهیم ئەحمەد یەكەم كەس بوو كەلەسلێمانى پرسى پێكرا دەربارەى دروست كردنى حزبێكى كوردى لە عێراق،بەشدارى كۆنگرەى كرد بەڵام زۆربەنابەدڵى،چونكە ئەو لەلایەك لێپرسراوى لقى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران بوو لەلایەك داواى لێكرا بێتە ناو پارتى دیموكراتى كورد.بۆیە دواى قسەكردنێكى زۆر مستەفابارزانى بە ئیبراهیم ئەحمەدى ڕاگەیاند كە لقى حزبى دیموكراتى_ئێرا هەڵبوەشێنێتەوە كە لەسلێمانى بوو.ئیبراهیم ئەحمەدیش گوتبووى من ناتوانم ئەم بڕیارە بدەم تا قازى مەحەمەد بڕیارنەدات چونكە هەڵوەشاندنەوەى بارەگاو لقێكى حزب دەبێ بەبڕیارێكى گشتى حزب بێ نەوەك بە بڕیارى تاكەكەسێك.ئەم قسانەش لەلاى بارزانى فلسێكى سوتاوى نەدەهێنا چونكە بارزانى هەموو شتەكانى یەك لایى كردبۆوە.بۆیە بارزانى و چەند ئەندامێك لەكۆنگرە پێیان ڕاگەیاند كەدروشمى كۆمارى مهاباد خودموختاریە بۆ كوردستانى ئێران و لەبەر ئەوە بۆیان نیە لقیان هەبێ لەكوردستانى عێراق،ئەگەر خۆت حەل دەكەى و دێیتە ناو حزب ئەوە بەخێربێ ى ئەگەر خۆشت حەل ناكەى فەرموو كۆنگرە بەجێبێڵەو خواحافیزت بێ. بارزانى ئەو بڕیارانەى كەدایبوو پاشگەز نەبۆوە و شێخ لەتیفى شێخ مەحمودى بەجێگرى یەكەم داناو كاكەزیادى كۆییشى بە جێگرى دووەم دانا و سەركردایەتى بۆ پارتى هەڵبژێردرا.پاشان كۆبونەوەیەكى مەركەزى كراوو مەكتەبى سیاسى هەڵبژێردرا.

بەستنى یەكەم كۆنگرە و ئەنجامەكانى
دواى ئەوەى لە 16ى ئابى 1946 یەكەمین كۆنگرەى دامەزراندنى حزب ئەنجام دراو زۆربەى ئەوانەى كە بڕیار وابوو بێنە ناو ئەم پارتەو یاخود خۆیان یەكلایى نەكردبۆوە جیابوونەوە.ئیبراهیم ئەحمەد هەرچەندە لەكۆنگرە ئامادەبوو بەڵام تەنها وەكو گوێگرێك بوو.ئەندامانى پارتى شۆڕشیش (حزبى شیوعى كوردستان) سالح حەیدەرى و نافع یونس و حەمید عوسمان و جەمال حەیدەرى و عەلى پێشكەوتن جیابونەوەو چونە ڕێزەكانى پارتى شیوعى عێراقییەوە،لەوكاتە (فەهەد) سكرتێرى حزب بوو.لە ڕۆژى 16/8/19946 یەكەم كۆنگرەى پارتى دیموكراتى كورد بەستراو ئەندامانى سەركردایەتى هەڵبژێردرا بەم شێوەیەى خوارەوە :

1/ مستەفا بارزانى (سەرۆكى پارتى دیموكراتى كورد).
2/ شێخ لەتیف شێخ مەحمود (جێگرى یەكەمى سەرۆك).
3/ كاكە زیادى كۆیە (جێگرى دووەمى سەرۆك).
4/ هەمزە عەبدالله (سكرتێرى پارتى).
5/ دكتۆر جەعفەر عەبدوالكریم (ئەندام).
6/ نورى شاوەیس (ئەندام).
7/ نورى ئەحمەد تەها (ئەندام).
8/ عەلى عەبدوالله (ئەندام).
9/ سالح یوسف (ئەندام).
10/ عەونى یوسف (ئەندام).
11/ تەها مەحیەدین مەعروف (ئەندام).
12/ عومەر مستەفا(عومەر دەبابە).(ئەندام).
13/ ڕەشید باجەلان (ئەندام).
14/ مەلا مەحەمەد (ئەندام).


شێخ لەتیف شێخ مەحمود


هاتنى ئیبراهیم ئەحمەد بۆ نێو پارتى

پاش ڕووخانى كۆمارى كوردستان لەمەهاباد لەلایەن شاوە و لەسێدارەدانى قازى مەحەمەد.ئیبراهیم ئەحمەد هەڵسا بەهەڵوەشاندنەوەى حزبى دیموكراتى كوردستان_ئێران لقى سلێمانى و هاتنە نێو پارتى دیموكراتى كورد و ناوى ئەم حزبە گۆڕا بۆ پارتى دیموكراتى یەكگرتووى كورد.لەساڵى 1950 تا 1951 حكومەتى پاشایەتى عێراق كەوتە گرتن و ڕاوە دوونانى هەموو پارتە سیاسیەكانى عێراق یەكێك لەو حزبانەش كەكەوتە بەر ئەم هەڕەشانە پارتى بوو زۆربەى ئەندامانى كۆمیتەى ناوەندى و سكرتێرى پارتى هەمزە عەبدوالله گیران و زۆربەشیان خۆیان شاردەوەو چونە دەرەوەى عێراق.لەمانگى ئازارى 1951 كۆنگرەى دووەمى پارتى بەستراو ئیبراهیم ئەحەمەد بوو بەسكرتێرى حزب.
لە 26 ى كانونى دووەمى ساڵى 1953 كۆنگرەى سێ یەمى پارتى بەسترا و ناوى پارتى گۆڕا بۆ (پارتى دیموكراتى كوردستان) و ئەندامانى سەركردایەتى بەم شێوەیە دانران:

1/ مستەفابارزانى (سەرۆكى حزب).
2/ ئیبراهیم ئەحمەد (سكرتێرى حزب).
3/ نورى شاوەیس (ئەندام)
4/ عەلى عەبدولڵا (ئەندام).
5/ د.جەعفەر عەبدوالكریم (ئەندام).
6/ میرحاج ئەحمەد (ئەندام).
7/ نورى ئەحمەد تەها (ئەندام).
8/ جەلال تاڵەبانى (ئەندام).
9/ عومەر مستەفا (عومەر دەبابە).(ئەندام).
10/ عەلى حەمدى (ئەندام).
11/ رەشید عەبدولقادر (ئەندام).
12/ حەمەدئەمین مەعروف (ئەندام).
13/ جەلیل وشیار (ئەندام).


ئیبراهیم ئەحمەد


ئەو بریارانەى كە لەكۆنگرەى 3 دەركران

لەپاش هەڵبژاردنى ئەندامانى سەركردایەتى ئەم بڕیارانە دەركرا:
یەكەم : دامەزراندنى ڕێكخراوە كوردستانیەكان وەكو ڕێكخراوى قوتابیان و لاوان و مامۆستایان و ئافرەتان.
دووەم: ڕۆژنامەى ئۆرگانى حزب ناوەكەى لە (ڕزگارى) گۆڕا بۆ (خەباتى كوردستان).
سێ یەم : بڕیار لەسەر دەركردنى هەمزە عەبدولله لەنێو حزب.بەبیانوى تێكدانى حزب و دامەزراندنى ڕێكخراوێكى سەربەخۆ و لایەنگرى حزبى شیوعى.دواى دوورخستنەوەى هەمزە عەبدولله لە حزب.هەڵسا بەدامەزراندنى ڕێكخراوێك بەناوى پارتیەوە.ساڵى 1956 كۆمەڵەكەى هەڵوەشاندەوەو هاتەوە ناو پارتى دیموكراتى كوردستان.جارێكى تر ناوى پارتى دیموكراتى كوردستان گۆڕا بۆ پارتى دیموكراتى یەكگرتوى كوردستان.لەساڵى 1957 سەركردەكانى حزبى شیوعى عێراقى لقى كوردستان،سالح حەیدەرى و حەمید عوسمان و كەمال فوئاد و هاوڕێیەكانیان خۆیان هەڵوەشاندەوەو هاتنە نێو پارتى دیموكراتى یەكگرتوى كوردستان.لەپاش هەڵوەشاندنەوەى ڕێكخراوەكەى هەمزە عەبدولله و ئەندامانى سەركردایەتى حزبى شیوعى عێراقى لقى كوردستان،كاروبارى لێژنەى مەركەزى سەر لەنوێ دابەش كرایەوەو لق و مەكتەبى سیاسى دانران.مەكتەبى سیاسى لەم كەسان پێك هاتبوون:

1/ ئیبراهیم ئەحمەد (سكرتێرى حزب).
2/ هەمزە عەبدولله (ئەندامى مەكتەبى سیاسى).
3/ جەلال تاڵەبانى (ئەندامى مەكتەبى سیاسى).
4/ سالح حەیدەرى (ئەندامى مەكتەبى سیاسى).
5/ حەمید عوسمان (ئەندامى مەكتەبى سیاسى).


جەلال حوسامه‌دین تاڵەبانى

لەمانگى نیسانى ساڵى 1959 جارێكى تر دووبەرەكى دەستى پێكردەوە و (هەمزە عەبدولله و سالح حەیدەرى و حەمید عوسمان و نەژاد ئەحمەد و خەسرەو تۆفیق و سالح ڕوشدى) بەرەیەكیان دروست كردبوو زیاتر لایەنى حزبى شیوعى تیدا زاڵ بوو وەك لەوەى پارتى بن.لە 30 ى حوزەیرانى 1959 لێژنەى مەركەزى حزب كۆبونەوەكیان كردو بڕیارى ڕاگرتنى چالاكى (هەمزە عەبدولله،سالح حەیدەرى،خەسرەو تۆفیق،نەژاد ئەحمەد) یان دا لە ڕێزەكانى پارتى.ئەم دووبەرەكیە بەردەوام بوو تاوەكو كۆنگرەى چوارەمى پارتى دیموكراتى یەكگرتوى كوردستان لە (4_7 ى تشرینى یەكەمى 1959)،كۆنگرەى چوارەمى پارتى دیموكراتى یەكگرتوى كوردستان بەشێوەیەكى ئاشكرا لەبەغدا بەسترا و یەكەم كۆنگرە بوو مستەفابارزانى تێیدا ئامادەبێ.ئەم كۆمەڵەیە دوورخرانەوە لە حزب (هەمزە عەبدولله،سالح حەیدەرى،حەمیدعوسمان،ساڵح ڕوشدى،دكتۆر مەحمود عەلى عوسمان،مەحەمەد كەریم فەتحولڵا،شەهاب شێخ نورى،نەژاد ئەحمەد)،لەگەڵ هەندێك لەلایەنگرەكانیان.بەشێوەیەكى فەرمى بەیەكجارى ناوى پارتى لە (پارتى دیموكراتى یەكگرتوى كوردستان ،گۆڕا بۆ پارتى دیموكراتى كوردستان- عێراق).
لە 5 ى مایسى ساڵى 1960 كۆنگرەى پێنجەمى پارتى دیموكراتى كوردستان لە بەغدا بەسترا و لە 8 ى 5 ى19960 دەست كرا بە هەڵبژاردنى سەركردایەتى و مەكتەبى سیاسى و ئەندامانى كۆمیتەى ناوەندى.سەركردایەتى پارتى بەم شێوەیە هەڵبژێردران:

1/ مستەفابارزانى (سەرۆكى حزب).
2/ ئیبراهیم ئەحمەد (سكرتێرى حزب).
3/ نورى سدیق شاوەیس (ئەندام).
4/ عومەر مستەفا (عومەر دەبابە)، (ئەندام).
5/ جەلال تاڵەبانى (ئەندام).
6/ عەلى عبدلله (ئەندام).
7/ سالح عبدالله یوسف (ئەندام).
8/ دكتۆر موراد عەزیز (ئەندام).
9/ عەلى عبدالله عەسكەرى (ئەندام).
10/ هاشم حەسەن عەقراوى (ئەندام).
11/ جەلال عەبدالرحمان (ئەندام).
12/ ناهیدە شێخ سەلام (ئەندام).
13/عبدالله ئیسماعیل (ئەندام).
14/ ئەحمەد عبدالله (ئەندام).
15/ عەلى حەمدى (ئەندام).
16/ عەبدول حسێن فەیلى (ئەندام).
17/ رەشید عەزیز شەمزینى (ئەندام).
18/ نورى ئەحمەد تەها (ئەندام).
19/ عەبدولرەحمان مەحمەد زەبیحى (ئەندام).
** ئەندامانى مەكتەبى سیاسى :
1/ ئیبراهیم ئەحمەد (سكرتێرى حزب).
2/ نورى سدیق شاوەیس (ئەندام).
3/ عەلى عبدالله (ئەندام).
4/ عومەر مستەفا (عومەر دەبابە)، (ئەندام).
5/ دكتۆر موراد عەزیز (ئەندام).

مۆڵەت وەرگرتنى پارتى
دواى شۆڕشى 14ى تەمموزى 1959 كەشێكى ئازاد لەعێراق هاتە كایەوە.مستەفابارزانى زۆر لە عەبدولكەریم قاسم نزیك بویەوەو و ئەوەبو لە ڕۆژى 9/1/1960 پارتى دیموكراتى كوردستان داوایەكى پێشكەش بەوەزارەتى ناوەخۆكرد كە بەسترا بویەوە بە بەرنامە سیاسیەكەى ئەم حزبە.داواى وەرگرتنى مۆڵەتیان كرد لە حكومەتى عێراق.وەزارتى ناوەخۆش لەڕۆژى 9/2/1960 مۆڵەتى كاركردنى دا بە پارتى و بەشێوەیەكى ئاشكرا لەهەموو شارەكانى كوردستان و لەشارى بەغداش بارەگایان كردەوە و یەكێتى قوتابیان و مامۆستایان و ئافرەتان و جوتیاران و كریكاران دامەزرا و ڕۆژنامەیەكیش بەنێو خەبات وەكو زمانحاڵى حزب كەوتە وەشاندن.


عبدالكریم قاسم و مسته‌فا بارزانی


___________________________

سەرچاوەكان :

* كتێبى (بۆئەوەى مێژوو بەچەواشەیى نەنوسرێ) دیمانە لەگەڵ فەرەنسۆهەریرى.ساڵى (1995).لاپەڕەكانى (142 تا 148).
* كتێبى (خەباتى چەكدارى و ڕامیارى نەتەوایەتى كورد،1880_ 1994) نوسەر : نەجم سەنگاوى.لاپەڕەكانى (111 تا127).
* كتێبى (حكومەتى كوردستان،ڕێبەندانى 1324_ سەرماوەزى 1325)،كورد لەگەمەى سۆڤێتى دا.نوسەر : نەوشیروان مستەفا ئەمین.لاپەڕەكانى (189_190).
* كتێبى (پەنجەكان یەكترى ئەشكێنین دیوى ناوەوەى ڕووداوەكانى كوردستانى عێراق،1979_ 1983)،نوسەر: نەوشیروان مستەفا ئەمین.لاپەرە (52).
* كتێبى (ژیان و بەسەرهاتى عەبدالرحمان زەبیحى،مامۆستاعولەما).دیمانە لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد،لەندەن 28/3/1996_ لاپەڕە (260).دیمانە لەگەڵ جەلال تاڵەبانى 18/2/1997_لاپەڕە (302).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە