به‌ڵێ كاك رێبین ئێره‌ كوردستانه‌.. تۆ له‌كوێی؟

Tuesday, 25/05/2010, 12:00

1352 بینراوە


هێشتا قاڵه‌ی سه‌باره‌ت به‌ گۆڤاری (وێران) مابوو كاتێك (سه‌رده‌شت)یان ڕفاند‌و له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ نامه‌یان بۆ نووسه‌ران نارد: فیشه‌ك بۆ ناوده‌م.. ئاوا بێده‌نگتان ده‌كه‌ین.
ئه‌وسا‌و كاتی به‌زمی گۆڤاری وێران قسه‌‌و ناڕه‌زایی هی ڕۆژی ڕووناك بوون، ئه‌وه‌نده‌شی پێنه‌چوو ته‌قه‌ی فیشه‌كی شه‌وی تاریكمان بیست. ئه‌م وه‌ڵامه‌ش كه‌ بۆ كاك ڕێبین هه‌ردیم نووسیبوو كاتی وێران بوو، هێشتا مابووی‌و فیشه‌كی دوو تۆیی نامه‌كه‌ بووه‌ پاڵپشتی.

كاك ڕێبین له‌ گۆشه‌كه‌ی‌ خۆی له‌ (ئاوێنه‌)دا نووسیویه‌تی: ((ئێره‌ كوردستانه‌ نه‌ك ئه‌فغانستان‌و عه‌ره‌بستان)) (ئاوێنه‌ 222 له‌ 4/5/2010 ل13 گۆشه‌ی‌ له‌نزیكه‌وه‌). واش دیاره‌ ئه‌و بابه‌ته‌ی به‌ئینفعاله‌وه‌ نووسیبێت، شایه‌تییه‌كی هه‌قیشه‌ بوترێت ئینفعالی‌ كاك رێبین ساته‌كانی‌ زه‌وق‌و هێمنیی‌ خه‌ڵكانی‌ تره‌ كه‌ له‌ موناسه‌به‌ی‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ گۆڤاری‌ وێران دۆو دۆشاو تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن، دڵنیاشم ئه‌رشیفی بابه‌تی بڵاونه‌كراوی (ئاوێنه‌) ته‌ڕه‌ به‌ دۆو دۆشاوی تێكه‌ڵاو.

ناوونیشانه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ شێوه‌یه‌كی‌ به‌سووكزانینی‌ میلله‌تانی تری تێدایه‌ (ئه‌فغانستان‌و عه‌ره‌بستان)، ئه‌و جۆره‌ سووكایه‌تی پێكردنه‌ش لای‌ نووسه‌رانمان بۆته‌ باو، ئێمه‌ش ئه‌گه‌ر نه‌ كوردستانمان بینیبێت‌و نه‌ ئه‌فغانستان‌و عه‌ره‌بستان واده‌زانین یه‌كه‌میان لوتكه‌ی‌ پێشكه‌وتنه‌‌و دووه‌م‌و سێیه‌م بنی نشێوه‌كه‌ن. هه‌ر ئێمه‌شین خۆمان به‌رامبه‌ر رۆژئاوا به‌ بچووك ده‌زانین‌و خه‌ریكه‌ تف ده‌گرینه‌ خۆمان كه‌چی‌ بۆ به‌رامبه‌ری ((هاوشان)) فیز لێده‌ده‌ین‌و وه‌كو ئه‌و مه‌یموونه‌مان لێ دێت كه‌ یه‌ك هه‌نگاو به‌ره‌و مرۆڤی فامدار گه‌شه‌ی‌ سه‌ندووه‌‌و گاڵته‌ به‌ هاوڕێ مه‌یموونه‌كانی‌ تری‌ ده‌كات كه‌ هێشتا له‌ دۆخی مه‌یموونێتیدان‌و تێوه‌ركه‌ی‌ داروینیان به‌سه‌ردا نه‌چه‌سپیوه‌.

دووریش له‌ داروین‌و تێوره‌كه‌ی (كه‌ بێگومان داروین وا باسی گه‌شه‌سه‌ندنی‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ گه‌مه‌ ده‌كه‌ین) وێنه‌یه‌كی‌ دروستتر هه‌یه‌ ئه‌ویش وێنه‌ی‌ ئه‌خلاقی‌ كۆیله‌كان.

كۆیله‌ كه‌ ئازاد ده‌بێت یان پله‌یه‌كی به‌رزتر له‌ هاوڕێ كۆیله‌كانی‌ ده‌ستده‌كه‌وێت به‌چاوێكی‌ سووكه‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كات،هه‌ر ئه‌ویشه‌ به‌چاوێكی‌ سووكه‌وه‌ ته‌ماشای‌ خۆی‌ ده‌كات كاتێك خۆی‌ له‌گه‌ڵ ئاغاكه‌ی‌ به‌راورد ده‌كات.

من هێنده‌ی كاك رێبین ده‌ناسم ده‌زانم ئه‌و دووره‌ له‌و ئه‌خلاقه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ ده‌ڵێم به‌ئینفیعاله‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌ی‌ نووسیوه‌، به‌ڵگه‌ی تریشم هه‌موو بابه‌ته‌كه‌یه‌.

كاك رێبین له‌ یه‌كه‌م بڕگه‌دا ده‌ڵێت: هه‌ر كاتێك وا ده‌زانین دڵڕه‌ش‌و تاریكه‌كان مینبه‌ری‌ مزگه‌وته‌كانی‌ ئێمه‌یان جێهێشتووه‌‌و هه‌ر كاتێك ئومێدێك دروستبووه‌ مه‌لاكان‌و خوێنده‌واران خه‌ریكه‌ له‌یه‌ك نزیك ببن.. كۆمه‌ڵێك مه‌لای‌ تاریك، كه‌ جگه‌ له‌ رق‌و تاریكی‌‌و نه‌خوێنده‌واری‌ هیچیان نییه‌ پێشكه‌شی وڵاتی‌ بكه‌ن، فه‌زاكه‌ گرژاوی‌ ده‌كه‌ن ...تاد.

ئه‌و مه‌لا تاریكانه‌ ده‌توانن هه‌مان قسه‌ی كاك رێبین بكه‌ن‌و له‌ته‌رفی خۆیانه‌وه‌ لایه‌نی تاوانبار ئاشكرا بكه‌ن. ئه‌وان ده‌توانن بڵێن: ((هه‌ر كاتێك خه‌ریكه‌ مه‌لاكان، ئیسلامییه‌كانیش هه‌روا، له‌وانی‌ تر نزیك ببنه‌وه‌ كه‌سانی‌ نامه‌سئوول به‌رامبه‌ر به‌ وڵات سووكایه‌تی‌ به‌ ئاین بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌‌و فه‌زاكه‌ گرژاوی‌ ده‌كه‌ن)). ئه‌م قسه‌یه‌ش راستتره‌ چونكه‌ ئه‌و مه‌لا ((تاریكانه‌)) له‌خۆیانه‌وه‌ هێرش ناكه‌ن ... ئه‌وانه‌ كاتێك ده‌كه‌ونه‌ قسه‌ كه‌ ((رووناكه‌كان)) قسه‌ ده‌كه‌ن.

كه‌سی به‌ئینسافیش ده‌بێت حوكم بدات كێ فه‌زاكه‌ ده‌شێوێنێت، به‌ڵام ئه‌و مه‌نتقه‌ی‌ ((رووناكه‌كان)) حوكم ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ تاوانبار هه‌میشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناڕه‌زایی دژی‌ ئه‌و ((رووناكانه‌)) ده‌رده‌بڕێت، ناشكرێت بڵێین زمانی‌ ((تاریكه‌كان)) زبرتره‌ له‌ زمانی‌ ((رووناكه‌كان)) چونكه‌ ((رووناكه‌كان))یش فه‌رهه‌نگی‌ زبری‌ خۆیان هه‌یه‌ بیده‌ن له‌ڕووی ((تاریكه‌كان)): كۆنه‌په‌رست، داخراو، نه‌خوێنده‌وار، بیرتاریك ، چه‌قبه‌ستوو، پڕجه‌هاله‌ت، شه‌مشه‌مه‌كوێره‌، تا ده‌گاته‌ تونده‌ڕه‌و به‌رهه‌مهێنه‌ری‌ تیرۆر.
كاك رێبین دوای‌ ده‌یان دێڕ له‌ هێرشی زبرو له‌بڕگه‌یه‌كی‌ ترداو له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌و ئینفعاله‌ شتێك ده‌ڵێت كه‌ هه‌ر خۆی‌ له‌كۆتایی بابه‌ته‌كه‌یدا پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ ده‌نووسێت، كاك رێبین ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی‌ تاریكه‌كان نایبینن ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان كه‌سانی‌ نامۆن به‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌، ئه‌وانن له‌ په‌راوێزدا، ئه‌وانیشن كه‌ ده‌نگێكی‌ نه‌شازو نه‌گونجاون‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ریتمی‌ گشتی‌ قسه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ ژووری‌ مزگه‌وته‌ بچووكه‌كانیان لێ بۆته‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌و واده‌زانن سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌یان له‌گه‌ڵدایه‌ به‌ڵام راستی‌ ئه‌وه‌یه‌ جگه‌ له‌ گرووپێكی‌ بچووك كه‌س ئه‌وان به‌ مامۆستاو نوێنه‌ری‌ خۆیان نازانێت‌و رۆژیش رۆژی‌ ئه‌وان نییه‌.
ئه‌و كه‌سه‌ی‌ ئه‌و مه‌لایانه‌ به‌ نوێنه‌ری‌ خۆی‌ ده‌زانێت‌و ئاستی‌ خوێنده‌واریی‌ كۆڵه‌واره‌ ده‌توانێت به‌ مه‌نتیقی‌ زۆر ساده‌ وه‌ڵامی‌ كاك رێبین بداته‌وه‌‌و بڵێت: با چاوه‌ڕێی كاتی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، ئه‌و كاته‌ ده‌ڵێم فه‌رموو وه‌رنه‌ گۆڕه‌پان‌و به‌رامبه‌ر یه‌كێك له‌وانه‌ بچنه‌ ده‌نگدان تا بزانین كامتان ده‌نگ زۆر ده‌هێنێت.. ڕه‌نگه‌ پێویستیش نه‌كات چاوه‌ڕێ بكه‌ین‌و هه‌ر دوێنێ بوو بینیمان چۆن مه‌لاكان (واته‌ واعیزه‌كان) ده‌نگیان له‌ ((رۆشنبیره‌كان)) زۆرتر هێنا، ته‌نانه‌ت زۆرتر له‌ مامۆستای‌ زانكۆ‌و سیاسه‌تمه‌دار كه‌ زل زلی وامان بینی كه‌وتنێك كه‌وتن ده‌نگی‌ زرمه‌كه‌ی‌ هێنده‌ی‌ زلییه‌كه‌یان بوو.
كاك رێبین ناتوانێت بڵێت ژماره‌ی ده‌نگ مه‌رج نییه‌‌و ئه‌و زۆره‌ بۆره‌. كه‌س ناتوانێت وا بڵێت چونكه‌ باس باسی ئه‌مه‌یه‌: ((كه‌س ئه‌و تاریكانه‌ به‌ نوێنه‌ر نازانێت جگه‌ له‌ گرووپێكی‌ بچووك)) واته‌ باس باسی كه‌می‌‌و زۆرییه‌. خوێنده‌وارانی‌ وڵاته‌كه‌مان له‌ناو جیهانێكی‌ دوور له‌ ژیانی‌ خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كه‌ ده‌ژین‌و وێنه‌ی‌ جیهان به‌ شێوه‌و ره‌نگی‌ جیهانه‌ بچووكه‌كه‌ خۆیان ده‌كێشن.
كاك رێبین كاتێك ده‌چێته‌ سه‌ر باسی به‌یاننامه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ یه‌كگرتوو سه‌باره‌ت به‌ گۆڤاری‌ وێران (كه‌ خۆم نه‌زه‌رم هه‌یه‌ له‌سه‌ر پاڵنه‌ره‌كه‌ی.. به‌ڵام با گومان قسه‌ نه‌كه‌ین) پێی باشتر بوو یه‌كگرتوو به‌ بابه‌تی‌ نووسه‌رێكی خۆی داكۆكی‌ له‌ بۆچوونی‌ خۆی‌ بكات نه‌ك به‌ ((ته‌عبیه‌كردنی‌ خه‌ڵك))، كه‌واته‌ ورووژاندنی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌عبیه‌كردنی‌ خه‌ڵكه‌.. ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر ((تاریكه‌كان))، مه‌لا بن یان رێكخراوی‌ ئیسلامی‌، نامۆن‌و له‌په‌راوێزدا بن چۆن ئه‌و ته‌عبیه‌كردنه‌یان كار له‌و خه‌ڵكه‌ ده‌كات؟ وتاری مه‌لایانیش له‌ به‌یاننامه‌ی حزبێك زیاتر خه‌ڵكه‌كه‌ ته‌عبیه‌ ده‌كات.. ئه‌مه‌ زۆر ئاشكرایه‌.

له‌ڕاستیشدا ترسێكی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ هه‌ڵوێستی‌ مه‌لاكان نارازین بریتییه‌ له‌وه‌ی‌ هێرشی‌ مه‌لاكان له‌سه‌ر كه‌سێك ئه‌و كه‌سه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا نامۆ ده‌كات ئه‌گینا ترس له‌سه‌ر ژیانی ترسێكی‌ جیددی‌ نییه‌ چونكه‌ كاتێك په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر توندوتیژی‌ كه‌ رێگه‌ی‌ تر داخرابێت، كابرای‌ دینداری‌ دڵگه‌رمیش كه‌ ده‌یبستێت دژ به‌ سووكایه‌تی‌ كردن به‌ ئاین مه‌لا قسه‌ ده‌كات‌و خه‌ڵك ده‌چنه‌ دادگا‌و حزبه‌ ئیسلامییه‌كان هه‌ڵمه‌ت به‌رپا ده‌كه‌ن ئه‌و كابرا دینداره‌ ده‌زانێت كارێكی‌ باش كراوه‌‌و ته‌عداكار سزای‌ مه‌عنه‌ویی خۆی‌ وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام كه‌ ده‌ته‌وێ مه‌لا قسه‌ نه‌كات‌و راگه‌یاندن بێده‌نگ بێت‌و كه‌س شكاتی لای‌ دادگا نه‌كات (خه‌ڵكیشمان هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت به‌و شێوازه‌ مه‌ده‌نییه‌ی شكاتیش رازی‌ نییه‌)و هه‌موو كاردانه‌وه‌كه‌ بابه‌تێك بێت .. كاتێك هه‌موو ئه‌وانه‌ت له‌به‌رامبه‌ر ویست دژ به‌ ئازادیی ناڕه‌زایی ده‌وه‌ستیته‌وه‌‌و هه‌ستی‌ كه‌سانی‌ دیندار كه‌بت ده‌كه‌ی‌‌و هه‌لێك ده‌ده‌یته‌ ده‌ست كه‌سانێك كه‌ چاره‌سه‌رێكی‌ خێراو كاریگه‌ریان هه‌یه‌: چاره‌سه‌ری توندوتیژی جه‌سته‌یی. به‌ڵێ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت ده‌می‌ مه‌لاكان‌و حزبه‌ ئیسلامییه‌كان ببه‌ستنه‌وه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌ستی‌ گرووپه‌كانی‌ غافڵكوژی‌ به‌ره‌ڵاده‌كه‌ن، ئینجا دیندارێكی ئاسایی‌و ناحزبی ده‌ستخۆشی له‌ غافڵكوژی تۆڵه‌كه‌ره‌وه‌ ده‌كات چونكه‌ ئه‌و شته‌ی به‌ ده‌ست ئه‌نجام دا كه‌ مه‌لاكان‌و حزبه‌ ئیسلامییه‌كان نه‌یانتوانی له‌وه‌ كه‌متر به‌ قسه‌ (ناڕه‌زایی، وتار، دادگا) بیكه‌ن.

هاوكێشه‌كه‌ش ئه‌مه‌یه‌: ئه‌وه‌ی‌ ماف به‌ كه‌سێك بدات سووكایه‌تی‌ به‌ ئاین بكات پێویسته‌ مافیش به‌ كه‌سێكی‌ دیندار بدات كاردانه‌وه‌ی‌ هه‌بێت به‌و مه‌رجه‌ی‌ توندوتیژیی جه‌سته‌یی‌ تێدا نه‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ((رووناكه‌كان)) ته‌نها لایه‌كی‌ هاوكێشه‌كه‌ ده‌گرن‌و هه‌موو مافه‌كان به‌ خۆیان ده‌دن، به‌م جۆره‌ش رێگه‌ خۆش ده‌كه‌ن بۆ كه‌سانی‌ تر به‌شتی‌ تر لاكه‌ی‌ هاوكێشه‌كه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌.
ئێستاش كه‌ هێشتا هه‌ڵڵای وێران ماوه‌ ڕفاندن‌و كوشتنی (سه‌رده‌شت عوسمان)مان بیست خراپ نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كاك ڕێبین بپرسین: چۆن به‌راوردی له‌نێوان ناڕه‌زایی مه‌لاكان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه‌ كردیان له‌گه‌ڵ ڕفاندن‌و كوشتنه‌كه‌؟ كامیان باشتر: ناڕه‌زایی سه‌ر مینبه‌ریی ناو ئاوه‌دانی یان فیشه‌كی ناو چۆڵه‌وانی؟ ئه‌وانه‌ی فیشه‌كیان به‌ سه‌رده‌شته‌وه‌ نا ته‌نانه‌ت خراپترن چونكه‌ ڕێگه‌چاره‌ی غافڵكوژی بێده‌سه‌ڵاتیان گرته‌به‌ر كه‌ ته‌نها ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌.
كه‌واته‌ مه‌نتق زیاتر ئه‌وه‌ قبووڵ ده‌كات‌و واقع ئه‌وه‌ زیاتر به‌ گونجاو ده‌زانێت كه‌ ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ی ئازادیت كرده‌وه‌ ڕێگه‌ی ناڕه‌زایی دامه‌خه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كه‌ی رێگه‌ی تر بۆ خه‌ڵكی تر ده‌كه‌یته‌وه‌، خه‌ڵكێك نه‌ك ته‌نها ئاماده‌ نییه‌ له‌سه‌ر ئاوازی موسیقاكه‌ی تۆ سه‌ما بكه‌ن به‌ڵكو ڕازیش نین ئه‌و ئاواز لێبده‌ی.

پێویسته‌ ئه‌و یاسا سروشتییه‌ بزانین، ئیتر له‌ كوردستان بێت یان ئه‌فغانستان، هه‌موومان عه‌بدی خوداین‌و یاساكه‌ی به‌سه‌ر هه‌مووماندا ده‌چه‌سپێت، یان به‌باره‌كه‌ی تردا؛ هه‌موو ئه‌و مه‌یموونه‌ین‌و كه‌سمان له‌ تیۆره‌كه‌ی داروین بێبه‌ش نین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە