سەبارەت بە دەسەلاتى ماستەر پلان ..تۆ بلێى (عبدالرقیب یوسف) تاوانبار بێت ..؟

Thursday, 07/05/2009, 12:00

1592 بینراوە


خۆزگە ئەو نووسین و ئاڵوگۆڕى ڕاو بۆچوونانەى سەبارەت بە ماستەر پلانى هەولێر لێرەو لەوێ دەیانخوێنینەوە ، لە هەموو بوارەكانى كارى بەڕێوەبردنى حكومەتى هەرێم بەم شێوە شەفافییەتە دەمان بینى.
ڕەوا نییە ئەگەر بوترێت حكومەتى هەرێم و پارێزگا بۆ شارى هەولێر كارى چاكیان نەكردووە، چونكە ئەوەى تا ئێستا كراوە (بەهەموو كەمو كورتییەكانیشەوە) لەهیچ دەرفەت و زەمەنێك بەماوەیەكى قیاسى بۆ هەولێر نەكراوە. لەناو كۆمەڵگەكەشمان بگرە لەناو هەموو چین و توێژە جیاجیاكانیشدا ڕاو بۆچوونى جیا هەیە هەر یەكەو لە بوارى تایبەتمەندى و بۆچوونەكانى خۆیدا ئەگەر خۆى بە دڵسۆز بزانێت ئەوا ڕەخنە دەگرێت و دەیەوێت كارەكان بە شێوەیەكى باشتر ئەنجام بدرێت.
لێرەدا چەند پرسیارێك دەكەین، ئایا ماستەر پلان قورئانە دەسكارى نەكرێت ؟ ئایا هەولێر شارێكى تەسك و سنووردارە بە ئاو یان بە شاخ دەورەدراوە و نەتوانرێت فراوان بكرێت؟ ئایا ئاوەدانكردنەوە واتە نۆژەنكردنەوە و پێدانى ڕوخسارى شارستانییانە بە شێوازێكى تر؟ ئایا عبدالرقیب یوسف تاوانبارە؟ ئەم پرسیارانە تەوەرى سەرەكى ئەو نووسینەمە كە هەوێنەكەشى(دڵسۆزیم بۆحكومەت و مێژوو و شار و خەڵك) پاشانیش خوێندنەوەى هەموو ئەو نووسینانەى سەبارەت بە ماستەر پلانى هەولێر بوو كە لەم دوواییانەدا بەرچاو كەوتن.
گومانى تیا نییە ئەنجامدانى هەموو كارێك پلانێكى دەوێت .ئەنجامدانى ئەو ئاوەدانكردنەوەیەش كە حكومەتى هەرێم هەوڵى بۆ دەدات بەش بە حاڵى خۆى پلان و هەوڵ و كۆششى ویستووە. بە هەموو ئەو ماندوو بوونەى كە بۆى تەرخانكراوە لە ڕووى تێچوون و بەرنامەدانان و نەخشەسازى و دۆكیمنتى كردن. تا گەیشتۆتە ئەوەى كە ئەم هەوڵانە لە قالبى خۆیدا ناوى لێنراوە (ماستەر پلان) . بەلام ئایا ئەو ماستەر پلانە، دوورە لە هەڵە(معێومە) ناكرێ یەكێك دلسۆزێك رەخنەى لێ بگرێ؟ بۆچى؟ ئەگەر وایە با تجاوزى لێ نەكرێ و گەڕەكە كۆنەكان وەك خۆى بمێنێتەوە وەك ئەوەى بڕیارى لەسەر دراوە لە نەخشەى چوارەمى ماستەر پلانەكە بەپێى قسەكانى (عبدالرقیب یوسف) كەلە ژمارە 384ى میدیا بڵاو بۆتەوە، و مۆڵەت نەدرێتە خاوەن موڵكەكان بۆ نۆژەنكردنەوە یاخود تێكدانى خانووەكۆنەكان و دروستكردنى باڵەخانەى بەرز، هەروەها نۆژەنكردنەوەى قشلە(بینایەى قائمقامییەت) بە شێوازى دوور لە هى خۆى یان نۆژەنكردنەوەى قەیسەرى هەولێر بە شێوزاى لاسایى كردنەوەى قەیسەرى حەمیدییە و ئەستەمبۆل یاخود تێكدانى بەشێك لە ناوچەو خانووەكۆنەكانى بەرامبەر مزگەوتى ێواف بۆمەبەستى دروستكردنى شەقامى بەرز.ئایا ئەمانە دەستكارى و تجاوزكردنى ماستەر پلانەكە نیین؟
لە هەولێردا بە حوكمى زۆربوونى ژمارەى ئوتومبێل و دروستبوونى بازاڕى جیاجیاى تر بێجگە لەبازاى كۆن قەرەبالغییەكى زۆر لەسەنتەرى شاردا دروست بووە و كێشەى هاتوچۆى زۆرى پەیدا كردووە، فراوانكردن و ساناكردنى هاتووچۆش یەكێكە لەو كێشانەى كە ماستەر پلانەكە هەولى بۆ دەدات چارەسەرى بۆ بدۆزێتەوە، ئەویش بە دروستكردنى شەقام و بەرزە پردو تێكدانى هەندێك لە گەڕەكەكۆنەكان هەرئەویش بووەتە هۆى دروستبوونى ئەو كێشەو ململانێیەى كە هەیە، چاكتر وابوو بەهۆى كراوەیى و پان و بەرینى ئەو دەشتە فراوانەوئەو ناوچەیەى كە هەولێر هەیەتى، دەبوایە ماستەرپلانەكە گرنگى زیاتر بە گواستنەوەى ئەو قەرەبالغیەى كە لە سەنتەرى شاردا هەیە بدات و بەرنامەى تێرو تەسەلى دابڕشتبایە بۆ دروستكردنى بازاڕى تر لە دەرەوەى شاردا وە ئەو دام و دەزگاحكومییانەى كە لە سەنتەردا هەن بگواسترابنەوە بۆ دەرەوەى شەقامى سەدى،لەو كاتەدا ناو بازاڕو گەڕەكە كۆنەكان وەكو خۆى دەمانەوە و بە شێوازى خۆیان نۆژەن دەكرانەوە هەولێرى كۆن دەپارێزرا وەك مێژوو كەلتوور وە هەولێرى نوێتریش دروست دەبوو .
نۆژەنكردنەوە و پێدانى ڕووخسارى شارستانییانە ماناى خزمەتكردنى مێژوو كەلتوور ناگەیەنێت بەڵكو تێكدانە ئەگەر لەسەر شێواز و شیرازەى خۆیدا نەبێت،نۆژەنكردنەوە و ئاوەدانكردنەوە نابێت لەسەر حیسابى مێژوو كەلتووردا بێتە دى، دكتۆر احمد مكوكى لبنانیش ئەم راستییەى بۆ عبدالرقیب یوسف دووپات كردۆتەوە لە سیمینارى رۆژى 4-4-2006 ، هەروەها ستافۆردى ئەمەریكیش كە ئەویش خەڵكى ولاتى ئێمە نییە وتوویەتى ئەگەر لە هەولێردا بەلاسایى شارى دوبەى دروستبكرێت ئەوا دەبێتە شارێكى بێ شەخێیەت و بێ مانا و كەسایەتى مێژوویى خۆى لەدەست دەدات.
لە ڕاگەیاندنەكەى پارێزگادا لەخالى شەشەمدا دەڵێت : (هیچ شتێكیش لە دونیادا لەكەم و كوڕى بەدەر نییە كە ڕەنگە خەلكێكى پسپۆر و شارەزا پەى پێ ببا و دركى پێ بكەن و بیخەنە ڕوو) باشە عبدالرقیبى فەقیریش یەكێكە لەو پسپۆرە شارەزایانەى كە دەستو پەنجەى نەما و قوورگى چوو ئەوەندەى هاوار بكات و شت درك دەبات و دەیخاتە ڕوو بۆ ئەوەى ڕێگە لەو كەم و كووڕییەى دروست دەبێت بگرێت و هەڵەى مێژوویى دروست نەبێت و مێژوو و كەلتوورمان بپارێزرێت، عبدالرقیب یوسف راستتیەكانى كە هەبووە خستویەتییە روو،ئەوەندەش پەرۆش بووە هەر لەبەر ئەوەش كەمێك بە ڕاشكاوانە بەرچاوى خستوون ،دەنا كام رۆژنامەنووس كام پسپۆر لە عبدالرقیب یوسف ماندوو ترە بۆ شوێنەوار؟ئایا راستى ووتن تاوانە؟؟




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە