دیار غەریب: دیالۆگێك نوێنەری هەموو لایەنێك و جەماوەری تێدا بێت دەتوانێت پرسەكان چارەسەر بكات

Friday, 03/06/2011, 12:00

1937 بینراوە


لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری www.pcdk.org دیارغەریب سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئەمڕۆی باشووری كوردستان و ئەو كۆنفرانسەی بەنیازن رۆژی 4/6 لەهەولێر بیبەستن.
دیار غەریب گوتی، لەساڵی 2009ەوە بارودۆخێكی نوێ لەهەرێمی كوردستاندا خولقاوە، ئەویش دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی ناوپەرلەمانی كوردستان بوو. وەكو دەزانرێت پێش هەڵبژاردنی 25/7/2009 ئۆپۆزسیۆن هەبوو لەكوردستاندا، بەڵام ئەو ئۆپۆزسیۆنە لەدەرەوەی پەرلەمان بوو. ئەمە فشارێكی لەسەر دەسەڵات دروستكردبوو وزەمینەی تێكۆشانی دیموكراتی لەهەرێمی كوردستاندا پێش خست، بەڵام لەبەر ئەوەی لەدەسەڵاتی یاسادانان كە پەرلەمانەو لەدەسەڵاتی جێبەجێكردندا كە حكومەتە هەموو لایەنەكان هاوبەش بوون وئەو لایەنانە زۆر گرنگیان نەدەدا بەو ئۆپۆزسیۆنەی لەدەرەوەی پەرلەمان.
دیار غەریب ووتی؛ پێش هەڵبژاردنی 25/7/2009 دەسەڵات رێگەی گرت لەوەی كە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان بچنە پەرلەمانەوە ئەویش لەرێگەی بێ بەشكردنی لیستی "هیوا" كەپارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان وكۆمەڵێك كەسایەتی سەربەخۆ ودیموكرات پێكیان هێنابوو، هەتا ئەو كاتەش وەكو ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان تێكۆشانێكی جددیان كردبوو. سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان گووتی؛ ئامانجی دەسەڵات ئەوە بوو كە ئیرادەی ئۆپۆزسیۆن بوون تێكبشكێنێ؛ چونكە پێیان وابوو دوای ئەوەی هەتا ئەو كاتە ئەو ئیرادەیەی نیشانداوەو بەراستی و بەبێ ئەوەی دوای بەرژەوەندی بكەوێت ئەم ئیرادەی پاراستووە، پارتی چارەسەرییە، بەڵام بەهۆی ئەو خەباتەی پارتی چارەسەری و چەندین پارت ورێكخستنی تر لەناو جەماوەردا ئەنجامیاندابوو، هەروەها ئەو خەباتەی كە لەبواری راگەیاندن و رێكخراوی مەدەنی لەدەرەوەی دەسەڵات پەرەی سەندبوو، هەروەها كەم وكورتی دەسەڵات و ناكۆكی ناوخۆییەوە لەسەر بەرژەوەندی ودابەشكردنی دەسەڵات، هەڵبژاردنی 25/7/2009پارچەبوونی دەسەڵاتی لێكەوتەوەو بزوتنەوەی گۆڕان لەیەكێتی جیابوونەوەو یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامیش بەشدارییان نەكرد لەحكومەتدا وبەمەش لەناوپەرلەماندا سێ فراكسیۆن دروستبوون كە 35 كوردسیان هەیەو رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینن لەناوپەرلەماندا. ئەمەش رەوشێكی نوێ خولقاند.
دیار غەریب ووتی؛ لەماوەی نزیكەی دووساڵدا پارتی دیموكراتی كوردستان ویەكێتی نیشتمانی كوردستان كەدوو لایەنی دەسەڵاتدارن و ئەو سێ لایەنەی تر كە ئۆپۆزسیۆنن لەناوپەرلەماندا هەتا ئێستا بەلۆجیكی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنێكی دیموكراتی مامەڵەیان لەگەڵ یەكترو لەگەڵ لایەنەكانی ترو جەماوەریشدا نەكردووە، هەر ئەمەش وایكرد كە بارودۆخی دوای 17ی شوبات دروست بێت و لەئەنجامی ئەو بارودۆخەدا 10شەهید و سەدان بریندار بدەین.
سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان گووتی؛ ئێمە ساڵی پار كاتی هەڵبژاردنی ئێراق بانگەوازیمان بۆ دانوستاندنی دیموكراتیانەو دروستكردنی لیستێكی هاوبەش كرد بەتایبەتی لەناوچە دابڕاوەكاندا، بەڵام ئەم لایەنانە گوێیان لێ نەگرتینو ئەوە بوو لەئەنجامدا كورد زیانی بەركەوت و دواتریش هەر لایەنەو تۆمەتی دەدایە پاڵ ئەوی تر. ئەمساڵیش پێش رووداوەكانی 17ی شوبات وبەتایبەتی دوای بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە 29/1/2011دا ئێمە زۆر هەوڵماندا كە لەرێگەی دانوستاندن ودیالۆگەوە گۆڕانكاری ئەنجام بدرێت و خۆمان بۆ گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوین ئامادە بكەین، بەڵام جێگەی داخە نەدەسەڵات ئامادەی گوی گرتن بوو، نە ئۆپۆزسیۆنی ناوپەرلەمان وهەردوو لا بەنەفەسی شەڕو یەكتری لەناوبردن هەڵسوكەوتیان دەكرد وئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر جەماوەر هەبوو، لەئەنجامیشدا هەر لایەنەوبەرامبەرەكەی تۆمەتبار دەكات.
دیار غەریب گوتی؛ ئێمە زۆر كامان لەسەر ئەوە كرد كە زمانی دیالۆگ ویەكتر پەسند كردن جێگەی زمانی شەڕو یەكتر ڕەتكردنەوە بگرێتەوەو ئێمە هەموو پارت ورێكخراوە مەدەنیەكان وژمارەیەكی زۆر كەسایەتیمان بانگهێشتكردووە لەهەولێر سبەێنی كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان ئەنجام دەدەین لەپێناوی ئاشتی وچارەسەری دیموكراتیانەی پرسەكانی گەلەكەمان لەباشووری كوردستاندا، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە پێشوازی هەموو لایەنەكان باشەو هەر سبەێنی لەپەرلەمان ئەو پێنج لایەنە ناكۆكەش كۆدەبنەوەو لەپێناوی پێشخستنی دیالۆگدا.
دیار غەریب سەبارەت بە كۆنفرانسەكەی خۆیان باسی لەوە كرد كەئەوان چۆن لەناو جەماوەردا كاریان بۆ زەمینە سازی زمانی دیالۆگ كردووە، لێرەوەش هەوڵ دەدەن زمانی دیالۆگ لەنێوان لایەنە سیاسیەكان ورێكخراوەكانی مەدەنی وجەماوەردا دروست ببێت و جەختی لەوەش كردەوە كە بەبێ زەمینەسازی بۆ زمانی دیالۆگ و بەشداری هەموو لایەك لەدیالۆگدا پرسەكانی هەرێمی كوردستان وگەلەكەمان لەباشووری چارەسەر نابێت، چونكە ئەوە نزیكەی دووساڵەی ئەو پێنج لایەنە بەیەكەوە لە پەرلەماندان، ئەگەر هەتا ئێستا نەیانتوانیبێت پرسەكان چارەسەر بكەن وزمانی دیالۆگ بەرهەم بێنن ورووداوی وەكو 17ی شوبات ودواتری لێ كەوتەوەو زیاتر لە مانگێك لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی ناوپەرلەمان بایكۆتی پەرلەمانیان كرد، ئەمە بەو واتایە دێت كە هەرێمی كوردستان پێویستی بەبونیادنانەوە هەیە. دیارە قۆناخی بونیادنانەوەش پێویستی بەبەشداری هەموانەو ئەو لایەنانەی كە دەسەڵاتدارن یاخود لەناوپەرلەماندان بەتەنیا ناتوانن نوێنەرایەتی جەماوەر بكەن وقۆناخی بونیادنانەوە دەست پێ بكەن. دیار غەریب گووتی؛ جێگەی نیگەرانیە ئەو لایەنانە سوود لەئەزموونەكانی رابردوو وەرناگرن و بەهەڵەكانی رابردوودا دەچنەوە. بۆ نمونە پارتی ویەكێتی ساڵانێكی درێژ شەڕی یەكتریان كرد، بەڵام كە رێككەوتن رەخنەیان لەكەم وكورتی خۆیان نەگرت وئەملاو ئەولاو جەماوەریان تاوانبار كرد بەوەی كە بوونەتە هۆكاری ئەو شەڕە.
هەروەها كە رێككەوتن ئامادە نەبوون لایەنی سێیەم هەبێت لەدانیشتنەكانیاندا و هەتا ئێستاش هەموو بەندو بڕگەكانی رێككەوتنەكەیان دیار نییە. هەروەها كە پارتی ویەكێتی رێككەوتن هەڵنەستان بەئامادەكردنی دەستوور یاخود پەیمانێكی كۆمەڵایەتی بۆ گەلی كوردستان كە ببێتە ستراتیژییەك وهەموو لایەك لەسایەیدا خەبات وتێكۆشان بكەن؛ بەڵكو رێككەوتنەكەیان زیاتر لەسەر چۆنێتی دابەشكردنی دەسەڵات و داهات و شەڕنەكردنی یەكتری بوو، كەدەتوانین ناوی بنێین بە سەردەمی شەڕی سارد، ئەمەش خەریكبوو دیموكراتیەت بخنكێنێ. ئەم هەڵانە ئێستاش دووبارە دەبنەوە. ئەوەتا سەركردەی ئەو لایەنانە ئامادەی ئەوە نیین رەخنە لەخۆیان بگرن پێش ئەوەی بچن دیالۆگ بكەن. هەروەها سەرەڕای ئەوەی كە دەگوترێت جەماوەر داخوازی هەیە، بەڵام ئەو لایەنانە ئامادە نیین جەماوەرو لایەنەكانی تر "ئەوانەی دەرەوەی پەرلەمان و ناوپەرلەمانیش"بەشداری كۆبوونەوەكان بكەن وهەر لایەنەو دەچێت ئەو كەسو لایەنەی لێوەی نزیكە كۆبوونەوەی لەگەڵ دەكات و دەڵێیت ئێمە تێڕوانینی جەماوەر دەگرین. ئەمە هەڵەیەكی مەزنە، جارانیش پارتی ویەكێتی تێڕوانینی رێكخراوەكانی خۆیان و ئەو لایەنانەی لێیانەوە نزیكن دەیانگرت، بەڵام ئامادە نەبوون رێگە بدەن ئەو لایەنانەش و لایەنی دووری ئەوانیش بەشداری كۆبوونەوەكان بكەن. ئەمەی ئێستاش جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە. ئەمەش گومان دەخاتە سەر ئەو پرۆسەی دیالۆگە كە ئەوان بەرێوەی دەبەن.
دیارغەریب لەكۆتاییدا پێشنیاری ئەوەی كرد كە دیالۆگ بەسەرپەرشتی چەند كەسایەتیەكی بێ لایەن ودیموكراتخواز بەرێوە بچێت وهەموو لایەنە سیاسیەكان ورێكخراوەی مەدەنی و كەسایەتی ئەكادیمی وكۆمەڵایەتی بەشدار بن تێیداو هەموو لایەك پرۆژەی خۆی پێشكەش بكات ولەئەنجامی دیالۆگی دیموكراتیەوە پێویستیەكانی بونیادنانەوە دیاری بكەین و هەموومان پێكەوە كار بۆ جێبەجێكردنی بكەین؛ دیالۆگێكی بەمڕەنگە دەتوانێت پرسەكان چارەسەر بكات وسەردەمێكی نوێ لەباشووری كوردستان دەست پێ بكات وئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كەهەوڵەكانی ئەوان لەم پێناوەدایەو كۆبوونەوەكەی 4/6/2011ی هەولێریش سەرەتایەكە بۆ ئەم هەنگاوەو هیوای خواست كە هەموو لایەك بەرپرسیارانە هەڵسوكەوت بكەن ورۆڵی پۆزەتیڤی خۆیان ببینن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە