بارودۆخى ئێستاى كوردستان و ناوچەكە

Saturday, 19/05/2012, 12:00

1425 بینراوە








پێشوەخت،هەقى خۆیەتى بەڵێنیًَك بە"خوێنەر" بدەم،كە هەتا لەتوانادا بێت بێلایەنانەو بابەتیانە،یەكەبەیەكەى لایەنەكانى ئەم باسە شیتەڵ بكەین.تاوێنەیەكى ڕوون نیشانى سەركردایەتى سیاسی و كۆمەڵانى خەڵك بدرێت.
ئێستا لەباشورى كوردستان،تەمەنى ئەزمەیەكى گەورە ئەگاتە زیاتر لەساڵێك،قەیران یان ئەزمەش بەسروشتى خۆى هەڵگرى سێ سیفەتى سەرەكییە (لەناكاو دێت،هەڕەشە ئەكاتە سەر سیستەمەسیاسیەكە،كات كەمە بۆچارەسەركردنى).لەئێستادا قەیرانەكە سەرى كێشاوە بۆ سێ ئاستى ترسناك،یەكەمیان: خەڵك متمانەى بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش نەماوە.دووەمیان: شەقام متمانەى بە دادگا و دادوەرەكان نەماوە،تائەو ئاستەى زۆر كەس لەڕووداو بەسەرهاتەكانى خۆیاندا ڕووناكەنە دادگا.سێهەم: بەرزبونەوەى پلەى گەندەڵى بەڕێژەیەكى زۆر.لەهەر وڵاتێكیش ئەم تەلەزگەیە هەبوو،چاوەڕێ ناكرێت بابەتێك بوونى هەبێت بەناوى "ئاسایشى نەتەوەیی" وەیان "ئاسایشى كۆمەڵایەتى".دەسەڵاتى كوردى كەزادەى ڕێكەوتنێكى نیمچە ستراتیژییە لەنێوان یەكێتى و پارتی دا (تەنها لەئاستى دوو سەركردە یاخود سەرەوەدایە).بۆ چارەسەركردنى گرفتەكە بەیەكجار منەتیان بەخەڵك نەماو كۆى چارەسەریان خستە ناو حەوشەو چوارچێوەى ئۆپۆزسیۆنەوە،وەك چۆن بڵێی ئەگەر فڵان سەركردەى گۆڕان یان لایەنى ناڕازى نەبێت ئیدى دۆخەكە چارەسەر ئەبێت.بەڵام ڕۆژى (17) شوبات باشترین نمونەیە كە گۆران و هیچ كەسێكیشیان لەگەڵ خۆپیشاندان نەبوون و لەو نوقتەیەدا ئینتڵاقى كرد.
لەئاستى ناوخۆی عێراقدا،دواى كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكا،عێراق بەرەو تەقینەوەى گرفتە مەزهەبى و سیاسیەكان سەردەكێشێت،ناوچەكەو ڕۆژهەڵات بەگۆرانكارییەكى بەپەلەو سەیردا ئەڕۆن.كوردستانیش بەپێی بارە جێۆپۆڵەتیكى و جیۆستراتیژییەكەى هەقى خۆیەتى بڵێت ئێمە چیمان بەسەردێت...؟.

1- پارتى چى ئەكا..؟
پارتى،لەهەرێمى كوردستانى باشوور،حزبێكى پلەیەك و باڵادەستە،بۆیە لەمەسەلەى بەرتەسك كردنەوەى ئازادى و ڕێگەنەدانیش بەئازادى سیاسی دا هەر پلەیەك بووە،گومانیش لەوەدا نییە مەحكومە بەڕێژەیەكى زۆر لەگەندەڵى و قۆرخكردنى دەسەڵات.بەڵام ئەشبێت ئەوەمان بیرنەچێت ئێستا (22) دەوڵەتى عەرەبى و ئەمریكاو ئەوروپاش بمانەوێ و نەمانەوێ كێشەى كورد لەماڵى بارزانیەوە تەماشائەكەن،وە قەزیەكەش دراوەتە دەست ئەوان،ئەوان بەرپرسیارن لەئایندەى ئەم مییللەتە بەڕێژەیەكى زۆر زیاتر لەیەكێتى،چونكە دواجار تاڵەبانى سەرۆك كۆمارى عێراقە.نابێت بیشارینەوە ئێستا سەرجەم حزبەكوردستانیەكان تەقەلەپارتى ئەكەن،فەسیبووك و گشت سایت و میدكان ڕووى زاریان لەماڵى بارزانیە،دەوڵەتانى عەرەبى و مالكى و ئێرانیش هەروەها.كەواتە ئەركى پارتى لەئێستادا ئیدارەدانى سێ گەمە و دروستكردنى سێ سیناریۆیە.یەكەمیان: بۆئەوەى لەزۆر پرسی هاوشێوەى سوتانى بارەگاكانى یەكگرتوودا بەتەنها نەسوڕێتەوە،چونكە هەڵبژاردنیشى لەپێشە.پێویستەچارەسەرى ئەو گرفتە ناوخۆییانە بكات،چۆن ئەیكات (كارى ئێمەنییە).دووەم: ململانێكانى لەگەڵ مالیكى تائەو ئاستە ببات كە دەزووەكە نەبچڕێت،واتە كەمێك دەستى شلتر بكا تا دۆخەناوخۆییەكان دەكەونە لایەك.سێیەم:گەمە نێودەوڵەتیەكان بۆپاراستنى ئەوهەڕەشانەى دەكرێنە سەركوردو حزب لەڕێگەى كارى دیبلۆماسیەوە ترسەكە كەمبكاتەوە.لەوەشدا گمان نییە پارتى ئاڕاستەكەى ڕووەو توركیایە.

2- یەكێتى چى ئەكا...؟
یەكێتى،لەیەكەم ڕۆژى دروست بونیەوە لەسەر ڕەگى كۆمەڵە تا ئێستا كێشەى فرەحاكمى هەیە،تا ئێستا یەكێتیەكان باجى هەڵەى سەركردایەتیەكەى ئەدەن،بەو حاڵەشیەوە كە بزوتنەوەى گۆران وەك هێزێكى ناڕازى گەورە لێی جیابونەوە،بەشێكى زۆرى دەنگ و كورسیەكانى یەكێتیان برد،هێشتا ئومیدێكى مابوو،هەتا ئەو ڕۆژەشى كە گسك لەسەراى ئازادى درا یەكێتى هێز بوو وە پەستانیشى هەبوو،بەڵام لەو كاتە بەدواوە یەكێتى (لەئێستادا هەمووكاتێك یەكێتى یەكسانە بەحەوت كەس لەقیادەدا زۆربەى شتەكان دەكەن) ئیدى شكست لەدواى شكست بۆى ئەژمیرین و ئەوانیش ئێمەیان كردووە بە (نەیار) و خۆشیان (یارن).بۆچى..؟.ئەگەر تێبینى بكەین بەپێی ئەو ئامارانەى بەردەستن،زۆرترین پێشلكارى دژى ڕۆشنبیران و رۆژنامەنووسە ناودارەكان لەسنورى سەوزدا بوون،گەندەڵى بەشێوەیەكى زیاد تەشەنەى كردووە لەناوچەكەدا،دادگاكان كەمتر كارى خۆیان ئەكەن،زۆرترین ڕێژەى توندو تیژى دژى ژنان و تەڵاقیش لەم ناوچەیەدا،تەنانەت زۆرترین ڕێژەى هێنانى ئۆتۆمبیل و ڕووداوى هاتووچۆ و جۆربەجۆرەكان هەر لەم سنورەدان.پێتان سەیر نەبێت لەزانستى سیاسیدا ئەگەر مەلێك لەسەر شاخێكیش گیانى لەدەستدا ئۆباڵى سیستەمى سیاسی و حزبى هەر تێدەكەوێ.جگەلەمە یەكێتى زۆربێمنەت و بێباكانە هەڵس و كەوتى كرد،بونمونە لەسەر دێرێك شعر،شاعیرو ڕۆژنامەنووسێكى ناودارى لە تەلەفزیۆن ناردەوە بۆماڵەوە،بەشێوازێكى ناجۆرو ناشیرین دواى چل ساڵ خەبات سكرتێرى ئەنجومەنى ناوەندى وجێگرەكەى والێكرد بڵێن" من هەر یەكێتیش نیم".بەهەمان شێوە لەسەر وتارێك بۆ داكۆكیكردن لەكەرامەتى كوردى كەركوك "عارف قوربانى" ناردە ماڵەوە،لەماوەى رٍِابردوودا خراپتریشى بەئێمە كردووە.ئەمانە واى لەخەڵك و كادرەكانى یەكێتى كرد كەوەك حزبێكى بێوەفاو بێدەربەست لێی بڕوانن.بۆیە ئەوەى یەكێتى هێشتۆتەوە پارەو ڕاگەیاندنە شێواوەكەیەتى.
ئێستا یەكێتى و تاڵەبانى تێگەیشتوون سلێمانى و گەرمیانیەكان وەك جاران ناكڕنەوە،ڕوویان كردۆتە هەولێر و تاقەتى بینینى فیلمەكەیان نەماوە.حەوت ساڵە نەپەرژاون كە بارەگاى مەكتەبى سیاسی ببەنە پایتەخت،كە نوێنەرایەتى و قونسوڵخانەكنى لێیە،كە كەمێك مەرجەعیەت لەبارزانى و پارتى وەربگرنەوە،ئێستا ئەیكەن..؟ئەدى پێشتر بۆتەێفیەى باڵەكان لۆ خەڵكیان دەنادە هەولێر لەبەرامبەر پشتگیرى كردنى پارتى تا تاڵەبانى ببێتە سەرۆك كۆمار.ئەوەى ئێمە ئەیزانین سێ شتە،یەكەمیان: یەكێتى لەم هەڵبژاردنەدا گەورەترین دینگەى ئەكەوێت و دەبێتە هێزى سێهەم یان چوارەم،دووەم:تاڵەبانى لەم دۆخەدا تەكەیوفى كردووەو ناویەوێ كێشەى ناوحزبەكەى و كێشەى پارتى و مالیكیش بەپلەیەك كۆتایی بێت.چونكە ئەو پیاوى دەوڵەت و سەركردەیەكى گەورەیە لەبوارى مناوەراتدا تا كورسیەكەى لەق نەبێت.سێهەم:تاڵەبانى و یەكێتى لەسەرەتاوە بەبەراورد بەپارتى نزیكترن لەئێران و ئیتڵاعاتەوە.بۆیە لەگشت پرسێكدا بیر لەو خەتە ئەكەنەوە.

3- گۆڕان بەرەو كوێ...؟
گۆڕان،لەسەرەتاوە ئومێدێكى گەورەى دا بە جەماوەرو شەقامى كوردى،دۆخێكى وەهاى خوڵقاند كۆنە بەعسیەك بێتە سەرشاشەو داواى یەكگرتنەوەى دەزگاى زانیارى و پاراستن بكا،خەڵك پرسیارى بودجە بكا،شەقامە قیرتاونەكراو و دایكى شەهیدەكانى هێنایە ئاخافتن.بوارى بۆ گەنج ڕەخساند.بەڵام دوو هەڵەى ستراتیژیان كرد،یەكەمیان: جورئەتیان دا بەلایەنە ئیسلامیەكان و ڕێكەوتنیان لەگەڵكردن،دووەمیان:گشت كێشەكانیان لەچەند شەخسێكدا كورت ئەكردەوە.ئەگەر نمونەیەكتان بۆبەیان بكەم،سەردەمێك لەسەراى ئازادى بەندە بە (گۆڕان) ى ووت :نا،گەورەترین كوفرى سەردەم بوو،لاسارى و لادانێكى سەیربوو،بەیاننامەیان دەركرد،بەخۆفرۆش و جاش و جاسوس هاتینە سەركاغەزیان.بەڵام ئێستا وانییە..؟ ڕۆژانە خەڵك دەستخۆشى "نا"یەكى پاردەكات.تێدەگەن ئەوانیش موزایەدەچین.كەواتە لەدواى دامركاندنەوەى خۆپیشاندان گۆرانیش وەك یەكێتى دەنگەكانى كەمى كردووە،بەقەدەر دەسەڵات خەڵك قسەیان لەسەرئەكات،نەبوون بەمینبەرێك بۆگشت دەنگە ناڕازییەكان،ئەمە جگەلەوەى نادیسپلینن و كۆنگرەیان نەبەستووە.

4- ئیسلامیەكان و زیادبونى هەیمەنەیان.
ئەگەرچى عیلمانیەت (لایستى) لەڕۆژهەڵاتدا بەڕێژەیەكى باش سەوز نەبووە،ئێمەش دەوڵەتمان نییە تابزانین عیلمانیەت قبوڵ ئەكات یان نا،بۆیە لێرەدا یەكێتى و پارتى ناولێنانێین هیزى عیلمانى،بەڵكو پێیان ئەڵێین دوو هێزى بزوتنەوەى ناسیۆنالیزمى كوردى،ڕەنگە پڕپێستیشیان نەبێت بەهۆى لادانیان لەهەندێ كارى قەومى.بەهەرشێوەیەك بێت لەغیابى پارتى و یەكێتیدا ئیسلامیەكان گەچشەیەكى بەرچاویان كردووە،تادێت دەنگى دووهێزە سەرەكیەكە كەم ئەكاو هى یەكگرتوو و كۆمەڵیش ڕوو لەهەڵكشانە.
بەبڕواى من ئیسلامى و ئیخوانیەكان لەناوچەكەدا بوون بەدێفاكتۆ و ئەبێت بێن و دەورەى خۆشیان ببینن.لەئێستادا لەهەرێمى باشورى كوردستان ئەگەر پرۆژەیەك هەبێت هى ئەوانە،ئەگەر پشتگیرییەكى ئیقلیمى و ناوچەیی هەبێت بۆئەوانە،جاران شیوعیەكان ئەیانووت"ئەگەر لەمۆسكۆ باران ببارێ ئێمە لێرە چەتر هەڵئەدەین".ئەمجارە هێزى مادى و مەعنەویان زیاترە لەدەرەوەو ناوەوەشدا،كادرو سەركردایەتیەكانیان لەهى یەكێتى و پارتى دڵسۆزترن بۆحزب و زیرەك و هۆشیارترو ئەكادیمى ترن.دەنگە نوێژنەكەرەكانیان بەقەد نوێژكەرەكانیانە.پێشبینى وایە پارتى شتێك دەنگەكانى كەم ئەكات بۆ یەكگرتوو دێت،یەكێتى زۆر كەم دەكات دەنگەكانى هەر بۆئیسلامیەكان یان بەتاڵ دەبێت،گۆرانیش هەركەم ئەكات،دەنگەكانى هەر بۆ ئیسلامیەكانە.بەڵام ئیا قەزیە قەومیەكان چى لێدێت؟ ئیا یەكگرتوو دەوڵەتى كوردى دائەمەزرێنێت؟ ئەگەر داشیبمەزرێنێت دواجار ئەو پەیامەكەى شتێكى ترە.

5- مالیكى و كەركوك وشەڕى تایەفى لەعێراق.
بریمەر لەیاداشتەكانی كەبەعەرەبى ساڵى (2004) نوسراوە سەبارەت بەمالیكى ئەڵێ:" كەسێكى سەربازییە،ڕەنگە لەئایندەدا ببێتە سەدامى شیعەكان".ئێران و ئەمریكا لەشێوازى خواپەرستنیشدا جیاوازن كەچى زۆرجار لەقەزیەى مالیكیدا هاوبەشن،مالیكیەك لەهەڵبژاردن دەرنەچوبێت ببێتەوە بەسەرەكوەزیران،بتوانێت (F16) بكڕێت.شەڕى توركیاو بەرژەوەندییەكانى بكات،هاوكارى ئەسەد بكات،تەنانەت گەڕەكى بەییاع لەبەغدا پێش پرۆسە (75%) ى سووننى بوون،ئێستا یەك سوونەى تیانەماوە،هێزە سیاسیەكانى تر بەكوردیشەوە بخاتە ئەولاوە.مالیكیەك هاشمیەك شاربەدەربكات و وەسیەت بنوسێت،عەللاوییەك بخاتە سەر تیك.هەقوانیە كورد زوو فریاى خۆى بكەوێت..؟.مالیكى لەسەردانەكەی بۆكەركوك و لەسایتى مەجلیسى وزەراش نوسیویەتى"كەركوك شارێكى عێراقیەو سازشى لەسەرناكرێت".لەكەركوك پەنجە ڕابوەشێنى و نەچێتە ئەنجومەنى پارێزگا كەنوێنەرایەتى پێكهاتەكانى شارەكە ئەكات،هێزێكى زەمینى و ئاسمانى بۆشكاندنى كەرامەتى كورد لەگەڵ خۆى بهێنێت،بڕیارى دەركردنى دوو ئاسایشى یەكێتى و پارتى بكات،تەنانەت مالیكى بەقەد هێزەكانى ئاسایشى كوردى لەكەركوك سیخوڕو موعتەمیدى هەیە،سوپایەكى زۆرى لەوێ لەكەیوان و دەوروبەر جێگیرە،سادەترین نمونە:چەندین ئەفسەرى پۆلیسى لەڕابردوودا سزاداوە كە ماڵى سیخوڕەكانى مالیكى و حزبوڵایان لەكەركوك كەشفكردووە.جگەلەمە كەركوك مەیدانى شەڕى ململانێی كۆمپانیاو میتى تورك و ئیتڵاعاتە.لەئێستادا مادەى (140) نەك وەستاوە بەڵكو بۆدواوەش دێت.ڕەنگە ڕێگەچارەیەكى تر نەبێت جگەلە جێگیركردنى هێزى پێشمەرگە.كەچى تاڵەبانى قەلەمێكى گەورەى حزبەكەى ئەكاتە قوربانى مالیكى،ئێمە هیوادارین مالیكى دواى دەركردنى عارف قوربانى مادەى (140) جێبەجێ بكات.!!.ئەمجارە ئەبێت كورد باش بزانێت ئەم شەڕە لەعێراق هى سوننەو شیعەى عێراق نییە بەتەنها،بەڵكو شەڕى (هیلالى شیعیە) لەگەڵ (22) دەوڵەتى عەرەبى.

6- دەستپێكردنەوەى خۆپیشاندان و هاتنى بەهارەكە بۆ كوردستان.
ڕۆژنامەى"گاردیان" ى بەریتانى لەم ڕۆژانەدا نوسیویەتى "ئایابەهارى عەرەبى دەگاتە كوردستان؟".ئەو بەدوورینەزانیوە ئەو دۆخە هەرێمەكەى ئێمەش بگرێتەوە.خۆپیشاندان هەمیشە ئەگەرێكى كراوەیە،لەسایەى هەڵس و كەوتى لەمجۆرەى دەسەڵاتى كوردیدا.لێتانى نەشارمەوە پارتى و یەكێتى لەوە دا شانسیان هەبوو ئەسەد زوو نەڕووخا،چ شەقام و نوخبە چ ئۆپۆزسیۆن ماوەیەكى زۆر چاوەڕێی سوریا بوون بكەوێتە لایەك،چونكە كامێرا و ئاراى دەولى سەرقاڵە بەسوریاوە،ئەگەرچى كۆڵەگەى سەرەكى ئامادەگى گەلە بۆشۆڕش و ڕاپەرین.دەرهەق بەدەسەڵاتى كوردى ئەمجارە خۆپیشاندان ترسناكە..؟بۆ؟ چونكە خەڵك خۆى قسەئەكات،ڕێگە بەموزایەدەكردن و هەڵەكانى پێشوونادات دووبارەببنەوە،ئەوەى لەمیس بینیمان بەمشێوەیە بوو،موخاتەب نەبوو تا موبارەك لەگەڵیان مفاوەزات بكات،بۆیە لەماوەى (18) ڕۆژدا بەهاوكارى جەزیرە سیستەمەكە ڕووخا.بەبڕواى من ئێستا خەڵك لەقۆناغى چین لەسەرچین دانانى ڕق و كینەكانیەتى لەسەریەك،لەكۆمەڵگەدا یان سفرهەیە یان ێەد چینى ناوەند نەماوە،ڕاگەیاندنەكان تەنها تەرفیهیات و ڕووكەش دەرئەخەن،بۆیە ڕەنگە لەدۆخێكدا و لەخاڵێكدا ئەمە بتەقێتەوە،دووریش نییە هاوكارى توركیا یان ئێرانى لەگەڵ بێت.ئەگەرچى ئێران سیناریۆى زۆرە بۆ تێكدانى ناوچەكە بەڵام یەك خەتى باریكى ماوە بگاتە ئەو دەرەنجامە.

7-گۆڕانكارییەكانى ڕۆژهەڵات و ستراتیژى ئەمریكا.
ئەمریكا تەنها لەناو وەزارەتى بەرگریدا،(8) ملیۆن فەرمانبەرو لێكۆڵەرى هەیە،بەقەدەر هەموو وەزارەتى بەرگرییەكانى جیهان بودجە بۆوەزارەتى بەرگرییەكەى سەرف ئەكات،(16) دەزگاى ئیستخبارى گەورە هەیە،یەك دانەیان تەنها بۆ توێژینەوە و دیراساتە.لەدواى (11) ى سێبتەمبەرەوە پرۆژەیەكى گەورەى داهێناو ناوى نا (پرۆژەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستى گەورە) ماوەیەكى زۆر ئەم وەرەقەیەى خستە ژێرمێزەكەیەوە،دواى ئەوەى جیهان تێگەیشت سیاسەتكردن لەسەردەمى (بووش) دا ئەخلاقى تیانەبووە،بەموتڵەقى پشتى بەهێز بەستووە،لەلێدانى قاعیدەو ئەفغانستان،لەگرتنى عێراق بێ ئیجازەى نەتەوەیەكگرتووەكان،لەهەڕەشەكانى ئێران،لەكاتى هاتنى ئۆبامادا چاودێران ووتیان "جیهانى بێ بۆش ئارامترە".بەڵام هێشتا پرسی هەیمەنەكردنى خولێكى نادیارى تر بۆئەمریكا بەرجەستەیە،وەكو "ئیدوارد سەعید" ئاماژەى پێ ئەكا ڕۆژهەڵات كت و مت كردەى ڕۆژئاواییەكانە،واتە ڕەگى ئەم دەوڵەتانەى شەرق لەناوخۆیاندا نییە،وەكو عێراق،سعودیە،میسر،قەتەر،كوەیت،ئەردەن..
ئێستا میسرو تونس هێشتا لەبارى دڵەراوكێ و نائارامی سیاسیدان،جەزائیر ئەگەر ساڵانى (1990-2000) باجى نەدایە دەمێك بوو بەهارەكەى پێگەیشتبوو،بۆیە جارناجارێك پرۆژەیەكى چاكسازى زل ڕائەگەیەنێت تادۆخەكە نەتەقێتەوە،ئوردن و سعودیە پڕبەدڵ مەیلى گۆڕانیان هەیە،سوریا دواى كوشتنى (10000) كەس هێشتا ئەسەد ماوەو ئێران و چین و رووسیاو هیند و شیعەى عێراق پشتگیرى ئەكەن.بەحرەین تائەم ساتە كێشەكانى هەرزیادەكاو خۆپیشاندانیش تیایدا بەردەوامە.قەتەر خەریكى فشەفشەو ئەڵێت:"من گەورەترین كەناڵى ئاسمانى جیهانیم هەیەو هێزى ئابورى و قاعیدەى گەورەى ئەمریكیەكانم هەیە" ئەیەوێ جێگاى میسر بگرێتەوە وەك هێزێكى ناوچەیی.كەچى ئەمە بەبڕواى من كاتیە،چونكە نەبارى جیۆپۆڵەتیكى و نەهێز ژمارەى دانشتوانەكەى وەك میسرە.
هەرچى ئێران و توركیایە،گەورەترین كێشەى ئایندەى جیهان و ناوچەكەن،توركیا دووەم هێزى ناتۆیە،ناچەیەكى جیۆپۆڵەتیكى گرنگە بۆئەوروپاو ئەمریكا،گەورەترین قاعیدەى "ئەنجەرلیكى" ئەمریكى لێیە.بەووتەى ئەردۆغان و ئۆغلۆ" ئەوان نەك پشتگیرى لەگۆڕانكارییەكانى ناوچەكە ئەكەن،بەڵكو بەڕێوەشى ئەبەن".بۆیە هیچ دوور نییە ئەم پشتگیرییەى توركیا لەئایندەدا بۆلێدانى ئێران نەبێت.ئەوەشى ئەمریكا لەسەرەتاى بەهارى عەرەبیەوە لێی ئەترسا،زیاتر ڕۆڵ بینینى ناوخۆیی و خەڵكە لەناوچەكەدا بەهۆى ژێردەستەیی و چەمۆڵى دكتاتۆرەكانەوە،چونكە ئیدى ڕڵى دەرەكى هەواڵگریی كەمدەكاتەوە.

8- قسەى كۆتایی
ئەم شیتەڵە سیاسیە پێمان ئەڵێت:"یەكێتى ڕووى لەئێرانە..پارتى ڕووى لەتوركیا..یەكگرتوو ڕووى لەئیخوان و گشتیانە.".ئەگەر زوو فریانەكەوین تەفرەیەكى گەورە بەڕێوەیە.ڕەنگە لەسەردەمێكدا غەزەبى خەڵك شەفاعەتى هەندێك بەرى پێبگرتبێ بەڵام تازووە پێویستە دەست بدرێتە كۆمەڵێك چاكسازى ناوخۆیی،وەكو كردنەوەى كارگەو دابین كردنى شوێنى نیشتەجێبوون و بەتەنگەوە چوونى ڕۆشنبیران و تەفعیلكردنى داواكارى گشتى و سەربەخۆبوون و لەبێژندانى سەندیكاى رۆژنامەنووسان و جێبەجێكردنى ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى دارایی و ڕاگەیاندنى ئاشتەوایی گشتى و تەكبیرى بێدەنگ و لێپرسینەوەى گەندەڵكاران.ماڵى كورد بەمجۆرە ڕێك ناخرێتەوە..واپێتان ئەڵێین و ئێمەوەك لاوێك تەنانەت لەنوسینى ئەم بابەتە موكافەئەیەكیشمان دەست ناكەوێ.

[email protected]







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە