لیستى (گۆڕان) یش خۆمان خۆش!!!

Friday, 21/08/2009, 12:00

1198 بینراوە


كشانەوەى نەوشیروان موستەفاو نەبوونى كاندید بۆ سەرۆكایەتى پەرلەمانو كۆبوونەوە بۆ چوونەوە ناو یەكێتى... چى لێ ئەخوێنرێتەوە؟؟؟
بەو هەموو بەزمو ڕەزمەى لیستەكانەوە، كە بە بەرزكردنەوەى چەندین دروشمو هەڵخەڵەتاندنى خەڵكى داماوى كوردستان لە 25/7 دا هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەى كوردستان بەڕێوەچوو، ئەگەرچى ئەوانەمان كە بارودۆخەكەمان جوانتر هەڵسەنگاندبوو بە تایبەت بۆ لیستە هەڵتۆقیوەكەى گۆڕان، چەند جارێك هۆشیارى ئەو سیناریۆیەمان دابوو كە گۆڕان هەر هەمان مەڵبەندى سلێمانى یەكێتى یە و پێویست بە شڵەژان ناكات، بەڵام مەخابن خەڵكى كوردستان وەك سادەییەكەى هەمیشەى بە تایبەت گەنجەكانمان دەنگى خۆیان دایە ئەو لیستەو بەو هۆیەشەوە گۆڕان بوویە خاوەنى 25 كورسى پەرلەمان، بە دڵنیاییەوە خەڵك بە ئێستاشەوە گۆڕانو چاكسازى لە نەوشیروان موستەفاو لیستەكەى دەوێت، بەڵام با سەرنج بدەین بزانین ئایا هەر بە ڕاستى نەوشیروان موستەفا ئەتوانێ گۆڕان بكاتو دروشمو بەڵێنەكانى بكاتە كردارىو ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێكى چالاك لە پەرلەمانى داهاتوو، هەر لێرەشەوە چەند هەڵوێستێكى لیستى گۆڕانو سەركردەكانى ئەخەمەوە بەرچاو بەهیواى ئەوەى گەنجانو لاوانى كوردستان بە تایبەتىو خەڵكى كوردستان بە گشتى چاویان باشتر بكەنەوە:
یەكەم: لیستى گۆڕان لەگەڵ ئەوەدا كە زۆر بە ڕەقى بەرامبەر دەسەڵاتەكەى یەكێتـىو پارتى دا ئەتەقینەوەو لە زارى نەوشیروان موستەفاو مام ڕۆستەمو شاهۆ سەعیدەوە چەندین جار هەڕەشەى فایل هەڵدانەوەیان ئەكردو خۆیان توورە ئەكرد، بەڵام بە تەنها دوو ڕۆژ پاش هەڵبژاردنەكان، لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان بە مەحرووم ئەزانى بەرامبەر ئەو هەموو خروقاتانەى كرابوون، بەڵام هەر خێرا ڕایانگەیاند كە بە ئەنجامەكان ڕازینو نەیانتوانى هیچ نا یەك فزەش بەرامبەر ئەنجامەكان بكەن، كە دیارە ئەوەش سەرەتاییترین هەڵوێستى لاواز بوو لە ئۆپۆۆۆۆزیسیۆنە گەورەكەى كوردستانەوە دەركەوت !!!!؟؟؟.
دووەم: لە دوو مانگى پێش هەڵبژاردنەكانەوە تا ئێستا سەدان ئەندامى یەكێتىو تەنانەت پارتیش لەسەر هاوسۆزییان بۆ نەوشیروان موستەفاو گۆڕان لە كارەكانیان دەركراونو گۆڕان نەیتوانیوە یەك هەڵوێستى بچووكیش بنوێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا سیناریۆیەكى گەورەیان ڕێكخست بەوەى كە هەركەس لە موچەكەى بێبەش كراوە موچەى بۆ ئەبڕنەوە، بەڵام ئێستاو پاش ئەو هەڵبژاردنانە هیچ یەك لەو بەڵێنانەیان لە یاد نەماوەو چاوەڕوانى سەركردایەتى یەكێتین بۆ ئەوەى پێداچوونەوە بكاتو ئەو ئەندامە دەركراوانە بخاتەوە سەر كارەكانى بەڵام ئەمەش بۆ یەكێتى قوڕێكى خەستەو شێلانى هەروا ئاسان نیە چونكە ماقول نیە یەكێتى پارە بداتە خەڵكێك كە حەیایان برد لە سلێمانى كە زیاتر لە 15 ساڵە بە شارە جەلالیەكە ناسراوە.
سێیەم: پێش یەكەمین كۆبوونەوەى پەرلەمان، لیستى گۆڕان ڕایانگەیاند كە لە وتوێژدان بۆ ئەوەى كاندیدى خۆیان بۆ دەستەى سەرۆكایەتى پەرلەمان دیارى بكەن، بەڵام بە تەنها 1 ڕۆژ پێش كۆبوونەوەكەى پەرلەمان واتە لە 19/8 دا كۆبوونەوەیەك لە سلێمانى لە نێوان هەردوو لیستى گۆڕانو لیستى خزمەتگوزارىو چاكسازیدا بەسترا بە مەبەستى دیاریكردنى كاندید بۆ سەرۆكایەتى پەرلەمان، بەڵام زۆر بە ئاشكرا لیستى گۆڕان ڕایانگەیاند كە ئامادە نین كاندیدیان هەبێت بۆ سەرۆكایەتى پەرلەمانو دەنگیش نادەن بە كاندیدەكەى لیستى خزمەتگوزارىو چاكسازى، ئەوەش جارێكیتر خەڵكى كوردستان هۆشیار دەكاتەوە بەرامبەر بەم هەڵوێستە لاوازەى ئۆپۆزیسیۆن كە ئایا چۆن چاوەڕوانى گۆڕانكارىو چاكسازى لە نەوشیروان موستەفاو لیستەكەى بكەن كە ئەمە هەڵوێستى بێت؟؟؟
چوارەم: بە تەنها ڕۆژێك پێش كۆبوونەوەى پەرلەمان لە هۆڵى سەعد لە هەولێر سێ كانیدى سەرەكى لیستى گۆڕان كە پێكهاتبوون لە (نەوشیروان موستەفاو حەمەتۆفیق ڕەحیمو عوسمان بانیمارانى) ئامادەنەبوون یان بە واتایەكیتر نەیانوێرا بچنە ناو كۆبوونەوەى پەرلەمانەوەو دەستلەكاركێشانەوەى خۆیان ڕاگەیاند، لێرەشەوە دیسان چەندین پرسیار قووت ئەبنەوە ئایا ئەگەر كەسێك خۆى ئامادە نەبێت دەست بۆ گۆڕانكارى ڕابكێشێت چۆن ئەتوانێ گۆڕانكارى بە قوتابیەكانى بكات؟ ئایا نەوشیروان موستەفاو لیستى گۆڕان ئەمە هەڵوێستیانە یان بەرنامەى لاوازتریشیان هەیە كە ئەگونجێ ئاماژەى وردیان بۆ بكرێت.
پێنجەم: بە گوێرەى زانیارییەكان ئێستا نەوشیروان موستەفا لە كۆبوونەوەدایە لەگەڵ نوێَنەرى مام جەلال، كە لە دكتۆر بەرهەم ێاڵحو چەند ئەندامێكیترى مەكتەبى سیاسى پێكهاتووە بۆ ئەوەى ڕازى بكەن بەوەى بگەڕێتەوە ناو یەكێتىو دەنگۆى ئەوەش بڵاوبۆتەوە كە نەوشیروان دەبێتە سكرتێرى یەكێتى چونكە مام جەلال بڕیارى داوە واز لە كارى سیاسى بهێنێت، لە بەرامبەریشدا یەكێتى بەڵێنى داوە كە ئیتر هیچ كەس لە كارەكەى دوور نەخاتەوەو هەموو ئەوانەش فەسڵكراون بگەرێنرێنەوە سەر كارەكانیان.
لە كۆتاییشدا جارێكیتر بیرى هەمم لایەكى ئەخەمەوە كە پێویستە زۆر وردبینتر بین بەرامبەر بە داهاتووى خۆمانو نەوەكانمان، چونكە هیچ وێستگەیەك بۆ گۆڕانكارى لە چاوى نەوشیروان موستەفا دا نیەو ئیتر پێویستە زیاتر وریا بینو خۆمان نەخەڵەتێنین. جارێكیتریش دووبارەى ئەكەمەوە وا لیستى گۆڕانیش خۆمان خۆش!!!.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە