حسێن بەفرین ئەڵێ؛ با چیدی نەفڕین

Monday, 23/04/2012, 12:00

1456 بینراوە


ئەوەی ووتارە دوورو درێژەکەی کاك حسێن بەفرینی خوێندبێتەوە،تەواو تووشی نائومێدی دەبێت. لە ووتارەکەدا ئێمە چاوەڕوانی چەند پێشنیارێك بووین بۆ دەرچوون لەو قەیرانانەی ئەم دوو بنەمەڵە خوڵقاندوویانەوە و بەیارمەتی هەریەك لە: ئۆپۆزیسێۆن، ڕۆشنبیرە دەربار و سوخرەچیەکانی سەر بەم دوو بنەماڵەیە خستوەیەتیانە گەڕ بۆ لێدانی دەنگی ناڕەزایی و کپکردنەوەی توڕەیی شەقام. سەرەنجام کاك حسێن دێت و قفڵێکی گەورە لە دەرگای پێشنیارەکان ئەدا، بە پاساوی ئەوەی ئەم دوو دەسەڵاتە (پارتی و یەکێتی) گوێ لەکەس ناگرن و حساب بۆ کەس ناکەن. کەچی لە هەمووی سەیرو سەمەتر ئەوەیە، کاك حسێن ئەڵێ؛ ئێشتا ئەم باروو دۆخە ئاهێکی تیا ماوە و ئەکرێ جۆرێ لە (پێنە و پەڕۆ) بکرێ تا هیچ نەبێ چارەیەك بۆ ئەم بنبەستیە فەراهەم بکرێ. ئاخر کەم ئاهـ و کام پینە و پەڕۆ، دەسەڵاتێك بە فیشەك وەڵامی خەڵکە ناڕەزاو برسی و هەژار و گەنجە خێر لەخۆنەدیوەکانی بداتەوە ، پێم ناڵێی چاوەڕوانی چی لێ بکەین؟ هەر چەند ڕۆژێك لەمەو پێش ئەم دەسەڵاتە لە ئاسایشدا خەڵکی خۆی خنکاند و تیرۆری کرد و یاسای جەنگەڵی بەکار هێنا، کام پینە و پەڕۆ کەڵکی هەیە؟ جا نازانین باوەڕ بە کام لەم دوو قسەیە بهێنین و لەکام کەلێنەوە بڕوانینە ئەم باسە.

کورد ئەڵێ؛ ئەوەی زۆر بڵێ، باشیش ئەڵێ و خراپیش. ئێمە باس لە شتە باشەکان ناکەین و کاری ئێمە نییە کە خۆمان لەوانە نزیك بکەینەوە بە شان و باڵی کەسدا هەڵبدەین، هەڵبەتە، وەك ڕەخنەگرێك بە پێوستم زانی دەست بخەمە سەر کەموکوڕیەکان و لەهەوڵی چاکردنەوەیان بین، هەم بۆ بەرچاو و ڕوونی خوێنەر، هەم بۆ ئەوەی بتوانین نەوەی نوێ هیلاك نەکەین و تۆپەڵێ شتی هەڵە و کۆمەڵێ هەڵەی مێژوویی بەمیرات نەسەپێنین بەسەریاندا و گێژوو ووێژیان بکەین.

پێشەکی کاك حسێن ئاشبەتاڵ بە نووشت هەژمار ئەکات و نایەوێ وەك خۆی بیناسێنێ. لەچەندین شوێندا خۆی لە قەرەی ووشەی ئاشبەتاڵ، پشتێکردنە خەڵکی، بەشوودانی جەماوەر، دەستێکی تەڕ لە پاشی نەتەوە و میللەت دزیوەتەوە و ئەیەوێ بە نەوەی نوێ بڵێ کە ئەوەی لەساڵی 1975 ڕوویدا، نووشتیە و هیچی تر. کەچی لەبەرانبەردا، دوای ئەوەی سەرای ئازادی لە مانگی ٤ پارساڵدا بە هێزی میلیشیایی جەلال و مەسعود کۆنترۆڵ کرا، ناوی لێ ئەنێ، ئاشبەتاڵ.

لە بەشێکی تری ووتارەکەیدا، باس لە کوردی هاندەران ئەکات و بە سەرچاوەیەکی (فەسادی، گەندەڵی) ئەزانێ و پێی وایە ئەم چینە کورد و کوردستانی نین و نابنە هێزی ڕزگاریخواز بۆ گەلەکەمان، ئەویش لەبەرئەوەی تێیان تەقاندوە و هەریەکەیان بۆ خۆشی و سەفای خۆی کوردس1991 کە لەڕاستیدا ، ئەوە تەنها ئەو بەناو مەسئول و خزمە نزیکەکانی ئەم دوو بنەماڵەیە بوون کە لەجیاتی پاسپۆرتێك، دوان سیانیان لە گیرفاندا بوو، بەرپرسیارێتیان پێ سپێدراو دواتر ئەرز و ئاسمانی کوردستانیان لەسەر خۆیان تاپۆ کرد. ئێدی بۆ بەم شێوە گشتگیریە تانە و تەشار لەو کوردانەی هاندەران بدرێ کە زۆربەیان لە خەمی نەتەوەکەیاندان و بوونیان چ لەوێ و چ لەناوەوە خزمەتکردنی نیستمان و دۆزەکانی بووە. کێین ئەوانەی لەهەوڵی ناساندنی ئەنفال، کیمیا بارانکردنی هەڵبجەو ناساندنی تاوانەکانی جەنگە دژ بە کۆنە بەعس و جاش و مستەشارەکان، مەگەر کوردی هاندەران نین؟.. کێن ئەوانەی توانیان ئەو لەتە نانەی دەستیان ئەکەوت لەگەڵ میللەتەکەی خۆیاندا نەیان کردبێت بە دوو لەتەوە؟ .لەیادمان چوو کە سلێمانی و گەرمیان (سێ جۆر) گەمارۆی لەسەر بوو (هی حکومەتی مەرکەزی، ئێران و تورکیا و پارتی). جا ئەو یارمەتی و پارەیەی ئەو کوردانەی هاندەران نەبوونایە، دڵنیام بار و دۆخەکە بەشێوەیەکی گەلێ خراپتر ئەبوو.

من دڵنیام کە کاك حسێن کابرایەکی بێئاگا نییە لەوەی، ئەوەی لە ١٧ شوبات ڕوویدا خەتای پارتیە نەك جەماوەری سلێمانی، چۆن؟ وەك ئاشکرایە لە هەموو گرتە فیدیۆییەکان کاتێ خەڵکەکە بەبەردەم لقی ٤ ی پارتیدا دێن، لەسەربانەوە بەردباران ئەکرێن و سەری چەند کەسێك ئەشکێنن، دواتر خەڵکی ئەگەڕێنەوە و بەردبارانی ئەمنە زەردەکەن ئەکەن. ئەمە کورتەیەکی ئەو مێژووە نزیکەیە کە لە ئێستاوە کاك حسێن ئەیەوێ بیشێنوێنێ.. ئەوەتا خۆی ئەڵێ؛ پارتی لە سلێمانی وەك پەناهەندەیەك وایە، گەر وایە: لەکوێی دنیادا هەبووە پەناهەندە بتوانێ بەچەکەوە بسووڕێتەوە و بی کەی سی بەرێتە سەر سەربان و تۆڕی جاسوسی و سیخوڕی و لیژنەی ئیغتیالات پێك بێنێ؟ کێ دیوێتی لە پەناهەندەکانی ئێران، تورکیا، یۆنان و سەراپای ئەورۆپا و ئەمریکا مرۆڤ هەروا بەسانایی بێت و بچێ و چەك هەڵبگرێ و خەڵکی قەتڵ و عام بکا؟! ئەی باشە بۆ چی یەکێتی و حزبەکانی تر لە ناوچەکانی پارتی ناتوانن چەك هەڵبگرن و پۆلیسیان بۆ دابین کراوە لەلایەن پارتییەوە بۆ مەبەستی پاراستن و شتی لەو جۆرە.. کەواتە پارتی پەناهەندە نەبووە، بەڵکو ئەوە بۆ چاو بەست وا ئەوترێ.

لەشوێنی تردا باس لە مەترسی شەڕی ناوخۆ ئەکا و پێی وایە ئەم دوو بە ناو حیزبە دان لە یەکتری جیڕ ئەکەنەوە و هەر کاتێ ئەمریکا ووتی فووی پیا بکەن ئەم یەکسەر بێ یەك و دوو زرمە لەیەکتری هەڵئەسێنن.. بۆ ئەمەش پێم وا نییە مەترسی شتێ لەو جۆرە هەبێ، لەبەرئەوەی ئەمانە خاوەنی ملیارات دۆلارن و چی تر پێویستیان بەم جۆرە شەڕانە نییە. بەڵکو نەك هەر ئەوەش، ئێستا ئەو نەوە گێل و نەفامە نەماوە تا خۆیان بۆ ئەو بازرگانانە بەکوشت بدەن.. دیارە کاك حسێن نازانێ کەوا (دکتۆر ئەرسەلان بایز) هەر لەدوای داگیرکردنی هەولێرەوە دەستی لەگەڵ پارتی تێکەڵ کردوە و کادرێکی ئەوانە، ئەگینا شوێن گۆڕکێی وێنەی مەلا مستەفا بە ئەمری مەسعود خۆیەتی و مەبەست لەوەش ئەوەبوو، کە فشارێك درۆست بکەن تا لە کۆی ئەو 50 پەرلەمانتارەی دوای زانیاری و چۆنێتی پارەکەی ئیبراهیم خەلیلیان کردبوو ، واز لەو داوایە بهێنن و  لەبیری خەڵکی بەرنەوە.

کاك حسێن بەفرین ئەڵێ؛ من پارتی نیم و کوردم. کەچی ئەیەوێ لەتەك نەوەی ئەمڕۆوە پەیامێکیان پێبدا بەوەی مەلا مستەفا خاوەنی مێژوویەکی خۆیەتی و نابێ کەس دەستکاری وێنەکەی بکات و گەورە و بچوک ئەبێ ڕێز و تەقدیری بۆ دابنێن، کەچی پێمان ناڵێ بۆ ئەو هەموو پێزانین و ڕێزە کام دەستکەوتی بۆ گەلی کورد فەراهەم کردوە..(ئۆتۆنۆمی، فیدڕاڵی، دەوڵەتی کوردی) یان هیچیان؟  نەوەی نوێ بەم جۆرە پەیامانە ناخەڵەتێ و لە فڕین ناکەوێ..

کاك حسێن بەوەشەوە ناوەستێ و ئەیەوێ ئەو مێژووەی تەنها تەمەنی ٤٠ ساڵێکە ژێراو ژێری بکا و تەخت و تاراجی هەڵوەشێنێتەوە. پێمان ئەڵێ؛ دوای نووشتی ١٩٧٥ چەند گروپێکی وەك (کۆمەڵەی مارکسی لینینی، سۆشیالیست، پاسۆك و قیادە مۆقەتە دروست بوو)، بڕوانە چۆن ئەیەوێ (قیادە مۆقەتە) وەك گروپ و حزبێکی شۆڕشگێڕی دوای ئاشبەتاڵ بکاتە هاوشانی ئەو ڕێکخراوو بزووتنەوانەی دژ بە بەعس دروست بوون و خەباتیان دەست پێکردەوە. دواتر هەر خۆی ئەڵێ لەو ٣ گروپە (کۆمەڵە گۆڕا بۆ یەکێتی و قیادەش بۆ پارتی) ئێدی هەر چۆنێ بێ لە شەڕی ئەوەدایە، کە دروست بوونەوەی قیادە مۆقەتە، کە خۆی لە ڕاستیدا بۆ لێدانی کوردەکانی ڕۆژهەڵات و لەسەر دەستی خومەینی خوێنی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی حەڵال کرد.. ئاوا ئەیەوێ پێمان بڵێ، کە قیادە مۆقەتە بزاڤێکی کوردی شۆڕشگێڕ بوو.

من چۆن دڵنیام کە نەوەی نوێ بەم جۆرە پاسا و بەڵگانە هەڵناخەڵەتێن ، لەهەمان کاتیشدا هیوامان وایە مێروو لەخزمەت مێژوودا بنووسینەوە، نەك لەبەر خاترو خۆتر و بەرژەوەندی ئەم و ئەو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە