مەیدانی ئاسن

Monday, 29/10/2012, 12:00

3570 بینراوە


زۆربەی ڕێبواران لەبەردەم فوارەکەدا دەوەستن . بۆ خۆم ماوەی سێ ساڵە کەم ڕۆژ هەیە لەبەردەم ئەم فوارە نەعلەتیەدا نەوەستم و بەکۆڵانە تاریکەکانی مێژوودا ڕۆنەچم و هەر ڕۆژەی دەرک بەلایەنێکی نهێنێکانی ئەم مێژووە نەکەم ، چونکە لەهەر پێنج بەشەکەی جیهانەوە کچێکیان ناردبوو بۆ نمایش کردن ئەوان نمایندە بوون هەر یەکەیان نمایندەی بەشێکی جیهانی دەکرد . ئەوان ئیتر نەگەڕابوونەوە لەوێ ببوونە پەیکەر و بەدرێژای ڕۆژە ساردو گەرم و پڕ باو بۆران و بەفرو ڕەشەباکە تیژەکەی ئەم شارەی پێ دەناسرێتەوە، ئەوان لەسەر بەردەکان کە لەتەختەی حەمام دەچێ دانیشتوون ، بۆ یە تەختەی حەمام بیر کەوتەوە چونکە کچەکان ڕووتن و خۆیان داوەتە بەرساردو گەرمی ئەم مەیدانە بەردەکانیش لەتەختەی حەمامی" شێخ مارف"* دەچێت کەچاک لە بیرمە جارێکیان زۆر منداڵ بووم لەگەڵ دایکمدا چووم بۆ حەمام ، بەڵام جاری دووهەم خاوەنەکەی نەی هێشت بچمە ژوورەوە ووتیان گەورەبوە . کچە ئەوروپێکە لەشاژنێکی ئەرەستۆقراتی دەچێت کە لەسیمایی دەڕوانێت ئاوێنەیەکی بەدەستەوەیە و وەک چاوەڕوانی هاتنی یەکەمین چرچی دەموچاوی بێت ، کچە ئەفریقێکە بەلەش و لارێکی پڕو مەمکێکی قوتەوە دور لەشتێک دەڕوانێ دەڵێ چاوەڕوانی با پیرە کۆیلەکراوەکەی دەکات تا بگەڕێتەوە و چیرۆکی کۆیلەبوونی بۆیان بگێڕێتەوە ، کچە ئەمەریکایەکە پەیکەری ئاشتی نیۆرکی لەدەست دایەو دەیەوێت تاوانی کوشنی هندیە سورەکانمان بیر نەکەوێتەوەو پەیامی ووڵاتێکی پڕ ئازادیمان بەگوێ دا بدات ئەوەتانێ پەڕێکی وەک هندەسورەکان بەپرچێوە بەستوە ، کچە ئوسترالێکەش لەوەدەچی لەبەرەبابی خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەوێ بێت گیانی هەمووی لەو متوو موروانەیە کە لەباوانێ وە بەمێرات بۆی ماوەتەوە و بەردێکی لەگوێیەوە نزیک کردۆتەوە لە پارچەیەک ئالەتی مۆسیقا غەمیگینەکەی شەڕ دەچێت ، مەبەستمان ئەبلجینێکانە کەئێستا تەنها کاڵاکانیان لەمۆزەخانەکاندا ماوەتەوەو جارناجارێک لەمەیدانەکەی سدنیدا لەپایتەختی ئەوسترالیا دەیبینین کە فودەکەن بەقامیشە ئەستورەکەداو دەنگێکی لەشێوەی گریانی جەنگەڵەکان بەگوێ ڕێبواراندا دەدەن . کچە ئاسیاوێکەش بودا ئاسا دەڵێ لەخەڵوەتدایە و مید یتاشون دەکات و بەدەستێکی مۆمدانێکی هەڵگرتوە پێ دەچێ بیەوێت ئەو مەیدانە تژی بکات لەبۆنی بوغورد و دارچینی . لەناوەڕاستی فوارەکەشدا کەشتیەکی چارەکۆدار کراوە لە هەرچوارلایی کەشتێکەشەوە چوارمار لەشێوەی هێرشدا نەخشێنراوە. بەر لە٣٠٠ ساڵ ئەم مەیدانە لەهەموو بەشەکانی جیهانەوە ڕوویان تێدەکردو ئاسنیان لێدەکڕی و دەیانگواستەوە بۆ ووڵاتەکانیان . .




پەیکەرەکانی ئەم مەیدانە هەزاران جار وێنەیان گیراوە ، ئەم مەیدانە لەهەر چواروەرزەکەدا ژیان وەک خوێن تێیدا سوڕ دەخوات . بەندە شانسی ئەوەی هەیە لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە ڕۆژانە بۆ ماوەیەک لە ناو مەیدانەکە بڕوانم ، هیچ هەست ناکەم سەیری مەیدانێک دەکەم ، بەپێچەوانەوە هەست دەکەم لەفلیمێک دەڕوانم کە هەموو هزری داگیر کردووم فلیمێک هەرگیز کۆتای نایەت وەک چیرۆکی داپیرەکانمان . کەبەفر دەبارێت دارەکان سەرپۆشی سپی لەسەر دەکەن چەند قەلەڕەشێکی بچکۆلە بەسەریانەوە هەڵدەنیشن و لەڕێبوارە خێراکان دەڕوانن کە خۆیان داپۆشیوە و لەهەڵپەی ئەوەدان سواری ترام یان پاسەکان ببن ،باڵندەکانیش چاوەڕوانی ئەو ژن و پیاوە بەتەمەنانە دەکەن کە ڕۆژانە نانی وورد کراو گەنمەشامی هاڕاو بۆ کۆترە شینکەکان و چۆلەکە بزێوەکان ڕۆدەکەن و قەلەڕەشەکان و هەندێک لەڕۆژەکان نەورەسە دەنوک زەردو زلەکانیش دەبنە برابەش لەگەڵیانداو مەیدانەکە پڕدەکەن لەقاوقیژ . کات پایزێکی زووەو ڕەشەبایەک لە دەریا نزیکەوە هەڵی کردوە ، ڕەشەبایەکی هێمن کە زیاتر لەباوەشێنی دەستی ژنێکی چینی دەچێت. بەدیار وەرینی گەلا ڕەنگاو ڕەنگەکانەوە نەک هەرمن ، بەڵکو هەموو ڕێبواران و شوفێری باس و ترام و گەشتیارەکانیش سەرسامی لەنجەی ئەو گەڵایانەن کە دێنە خوارەوە بۆ سەر شۆستەکان و باکەش دەیان هێنێت بۆ بەر دەم پێ ی پەیکە ری کچە نمایندەکانی جیهان . بەیانی یە و بۆ نی نانی تازە لەدوکانی ناو مەیدانەکەدێت بۆنی دارچینی و قاوەی تازە دەمکردوو ، کۆترە بزێوەکان بێ سڵکردنەوە لەڕێبواران هەر خەریکن دەنوکیان لەکەلێنی خشتە بەردەکان وەردەدەن و فرافین دەخۆن ، دووسەد ساڵە شەڕ ئەم نیشتمانەی نەگرتۆتەوە باڵندەکان لەبرسا ڕەویان نەکرەوە و قات و قڕی نەبوە و وەک بڵێن مەیدانێکە بۆ هەموو گیان لەبەرەکان جێگەیەکی ئامان وئارامە . ڕۆژێکی گەرمی هاوینەو زۆربەی زۆری ڕێبوارەکان نیوە ڕووتن و چێشتخانەکان لە دەرەوە میوانەکانی بەخێر دەهێنێت ، زوو زوو چەند گەشتیارێکی یابانی دەبینی بەخۆیان کامێراکانیانەوە ئەوان فوارەو حەوزی ئاو کۆترو باڵەخانەکان و ترام و پاس و دارو بەردی ئەو مەیدانەیان خستۆتە ژێر ڕەحمەتی زومی کامێراکانیانەوە . ژنێکی باڵابەرز منداڵێکی ئاسیایی لە داشقەیەک ناوە لەوە دەچێت تازە هێنابێتی لەسەر یەکێک لەکورسێکان دانیشتوەو وەک دایکێکی میهرەبان خۆراک دەکات بەدەمی منداڵەکەیەوە من دڵنیام ناوێکی سوێیدشی لێ ناوە لە ١٥ یان ٢٠ساڵێکی تردا دەبینین لەیەکێک لەکەناڵی تەلەفیزۆنەکانەوە ئەو منداڵە گەورەبوەو بەدوای دایکی ڕاستەقینەی خۆیدا دەگەڕێت .
پیاوێکی بەساڵاچووی سەر ڕوتاوەی کەمێ ورگن چاویلکە لەچاو پەلی کچێکی بچکۆلەی فلیپینی گرتوە دەڵێ بۆ ئەوەیەتی لەدەستی ڕانەکات ، لەدورەوە لەژمارەی دە دەچن ئەوان ئیستا ژن و مێردن . کچەکە هەمووشتێک دەکات تا مۆڵەتی مانەوەی مسۆگەر دەکات ، هەستی پێ دەکەیت هێشتا چیرۆکەکەیان کۆتایی نەهاتوە . لەسەر یەکێک لەکورسێکان لای فوارەی ئاوەکەوە کە بۆ خواردنەوە دروست کراوەو لەچوار بۆری بچکۆلەوە ئاوپرژێن دەکات دادەنیشم و کتێبەکەی ئۆشۆ (بەقورسی مەگرە) دەخوێنمەوە و جارناجار کەسەر هەڵدەبڕم لەپەیکەی " دان ئەندێشۆن"ی شاعیرو نوسەر دەڕوانم .





ئەو هەموو ئێوارەیەک یەک دوو بیرەی لەو باڕە خواردۆتەوە کەلەمەیدانەکەدا بوە و لەڕۆژنامەیەکی سۆسیال دیمکراتەکاندا ڕۆژنامەنوس بوە بەناوی (کاتی نوێ) پاشان بەرەو ژووری هوتێلەکەی گەڕاوەتەوە ، لەم شارە نا لەشاری ستۆکۆڵم ڵی ١٩٢٠دا لە شەوێکدا گازێکی کشندە ڕۆحی دەکێشێت لەئوتێلێکدا . پەیکەرەکەی پێمان دەڵێ سۆسیال دیمکراتەکان نەیان ویستوە دان ئەندێشۆن لێرە دور کەوێتەوە ، کاتێک گەشت بکەین بەناو هۆنراوە یاخێکانیدا ، دەزانین کە بەدەر نی یە لەم مەید انە ، ئەو کاتەی ئەو لەوڕۆژنامەیە دەینوسی کاتی ڕوودانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو لەڕوسیادا ، باوەڕم وایە تا ئەم مەیدانە هەبێت" دان ئەندێشۆن" یش وەک پەیکەرەکانی تر ئێرە چۆڵ ناکات .
ڕۆژێکی بەهارەو دارەکان چرۆیان کردوە و ڕەنگی پەمەی و سپی و زەردیان هەیە و هەتاوەکە لێیان دەدات لەتابلۆیەک دەچن کە هونەرمەندێکی بەسەلیقە کێشابێتی ، ئای خوایە بۆ باوەڕ بەچاوەکانم ناکەم ؟ چەند کەڵەکە بەفرێکی یاخی کە تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵێ زیخی وردو خوێدا و حەز ناکەن مەیدامەکە چۆڵ کەن ، منیش لەچاوەڕوانی هاتنی پاسەکەدام و ڕۆژنامەیەکی مێترۆ لەناو ساکەکەم دەنێم و بەپۆستاڵەکانم دەکەومە وێزەی بەفرە بۆرەکە ولەو ڕیزە پاسکیلانە دەڕوانم کە دەڵێ بێ خودان و ئەم مەیدانە بەچرکەش چۆڵ ناکەن . لەو بەرەوە پیاوێکی بچکۆلەی ڕیش هاتووی چڵکن سەرنجم بۆلای خۆی ڕادەکێشێت هاڵاو لەدەم و کونە لوتێوە وەک بۆری زۆپا دێتە دەرێ و ساقۆ چڵکنە سەربازێکەی تابەر سکی دەکاتەوە قاپێک کەنازانم چی یە ؟ ڤۆدگایە ؟ئارەقە ؟ یان سەمینۆفە ؟ دەردەهێنێ و قومێکی گەورەی لێ دەدا بەو سەرمایە دەزانی چەندە ی تینوە ن ؟ پاش قاپەکە دوای داخستنی سەرەکەی دەینێتەوە ودەیخاتەوە بنهەنگڵی و تفێک بەقەدەر سەلکی چۆلەکەیەک دەکاتە سەر زەوێکە ، ئای ئەوە بۆ لام هات داوای دوو کڕۆنم لێ دەکات ، منیش دیمەکەم لا نازداربوو دڵیم نەشکاند . ئەویش ووتی پیاو سوپاستان دەکات ، ڕۆی بەرەولای ڕێبوارێکی تر و دووانی تر ، ئەوە دیسان بێماڵەکەیەو
خەڵکی ئەمەریکای خواروەو گۆڤاری (بەڵگە) بە ڕێبواران پیشان دەدات قژێکی درێژی داناوە جگەرەدەکێشێ و خەندەیەکی سەرنج ڕاکێش پەخش دەکاتەوە . ئەو لەنزیکی ئەو جێگەیە ڕۆژانە دەوەستێ کە ڕێبواران دەچن بۆ ئەو بەری شەقامەکە ئەو شەقامەی ناوی شەقامی درێژە . لەوێ هەر دوکانەو لەسیحری خۆیدایە ،چێشتخانەکان : هندی و تایلەندی و چینی و یابانی و لوبنانی ئیتاڵی و ئێرانی ..هتد لەناکاودا چاوت بە جێگەیەک دەکەوت کەخاڵدەکوتن ، دوایی تابلۆی سوریالی بەدیواری دوکانێکدا هەڵواسراوە بۆ فرۆشتن،دوکانێک بەرگی سەربازی و پۆستاڵ و قایش وقروش و فیشەکی بێ بارووت لەشێوەی پشتێنی کەمەردا ، دوای تۆزێکی تر لەدوکانێک سێ مەیمونەکە دەبینی کەبۆتە سمبوڵی گوێ بگرە ،دەمت داخە ، چاوت داخە و خۆت بەقەدەری ژیان پسپێرەو خۆت بەرە دەست چارەنووس . دوای چاوت بە چەند جێگەیەک دەکەوێت کە تەنها بۆ بەتاڵ کردنەوەی هەوەسە سێکسێکانە ،، دوکانی ئەنتک فرۆش و مۆزەخانەی تایبەت و کورسی و مێزی ١٧٠٠ و ١٨٠٠ کانی کۆن و لەناکاودا چاوت بەبارەگای پارتی چەپەکان دەکەوێت ، جاچیت بوێت لەو شەقامە درێژەدا دەیبینی ، بتەوێ وون دەبی بۆنی هەموو شتێک دێت ، هەر لە توتنەوە تا قاوە بوغورد و شتی تریش ، چەند جوانە لەچەند دوکانێکدا کە پەیکەری بوداو داری عود و بوغوردو بەردی نەخشێنراو بەووتەی جوان و پڕمانا دەبینی پەیکەری فیل و خواکانی هیندوسەکان و کراسی چینی و هیندی ، جاچی لێ نی یە ؟
یەکەمین ڕۆژی مانگی مایەو ئەم مەیدانە دەبێتە مەیدانی سوری مۆسکۆ یان پەکین و لەچەند شوێنەوە خیتابی تێدا دەدەن . تژی دەبێ لەئاڵای سور و سەری مارکس و لێنین و گیڤارا ، ئۆتۆمۆبێلی پۆلیس و بڵاوکراوەی سەیرو سەمەرە کە مژدەی جیهانێکی نوێ دەدەن بەخەڵکە کۆبۆوەکەی ئێرە ، ئەو ڕۆژە وابزانم ناخوشترین ڕۆژە بۆ کۆترو باڵندەکانی تر کە ئازادانە ناتوانن هەڵسوڕێن و بەدەنوکەکانیان مەیدانەکە پاککەنەوە و خۆیان تێرکەن ، ئەگەر هەموو ڕۆژەکانی ساڵ وەک ئەوڕۆژە بوایە ئەوە بەدڵنیایەوە باڵندەکان بۆ هەتا هەتایە کۆچیان دەکرد .


دێمەوە مەیدانەکەو لەبەردەم کتێب فرۆشەکە دا دەوەستم ، هەموو ڕۆژێک چەند کتێبی نوێ لەجامخانەکەیدا دادەنێت ، لەم سەرو ئەوسەرەوە دووجێگە بۆ هەڵواسینی پڕووپاگەندە و ڕیکلام کردن دانراوە لەیەکێکیان نزیک دەبمەوە وە پیشيی هەموو ڕۆژێکم . ئەوە وێنەی کچێکی وونبوە لەشەوێکداو زانیارێکان دەخوێنمەوە ، یۆگا کۆرسی تازەی هەیە ،
، هونەری جەنگ ، یان بەرگری کردن لەخۆت ، کاراتی ، ئەمانە و پڕووپاگەندە بۆ کلوب و گۆرانی بێژەکان و دیسکۆ تێکەکان سمینارەکان و شانۆکان . دوو دادەی باخچەی ساوایان دەبینم ڕەوەیەک منداڵی تێکەڵیان پێیەو وەک لەشکرێکی بەدسپلین کە دوو دوو دەستی یەکیان گرتوە و هەریەکەیان ئێلەکێکی زەردی لەبەر دایە بۆ ئەوەی ئۆتۆمۆبیلەکان بیان بینن و لەترافیکەکاندا توشی کێشەنەبن ، ئای لەم لەشکرە کە لەداهاتودا دەبنە خاوەنی ئەم مەیدانە . ڕیزەکەیان تێک نەداو ئەوە بۆشەقامی " ئۆلف پالمێ" دەپەڕنەوە ئەم لەشکرە ی دواڕۆژ دەڵێ دەچن بۆ بارەگای سۆسیال دیمکراتەکان ، ڕەنگە بۆسینەمای هەژدیهاکە بچن ؟.
نازانم ، خۆشم نازانم بۆچی وا هۆگری ئەم مەیدانە بووم ؟ بەڵام لەسەیر کردنی فلیمە بێکۆتایەکەی تێر نابم ، گەرچی من هیچ ڕەگێکم لێرە نی یە کەچی کە دەگەمەئێرە هەست بەئارامی دەکەم و سیەکانم پڕ دەکەم لەبۆنی ئەم مەیدانە ، کە بۆنی هەموو شتێکی لێ دێت ، بۆنی عەتری کچە نازدارەکان کە دەڵێ چەپکە گوڵی باخن و بەلای کورسێکەتدا دەڕۆن کەدانیشتویت لەسەری ، بۆنی ئەو نانانەی بەدەست ڕێبوارانەوەیە ، بۆنی گەڵای وەریوو بۆنی بای دەریا و خەنەو وسمەی کچە کانی ئەفەریقی و هندی ، بۆنی خواردنەوەی خومارەکان کە ژیانیان و چارەنوسیان بەخواردنەوە گرێ داوە ، بۆنی خۆراکی چێشخانەکان دەکەم بەتایبەتی ئەو ڕۆژانەی کە هەست بەبرسێتی دەکەم زراوم بێ وەستان ترشەڵۆکەکە فڕێ دەدات.
نازانم چەندی تر ئەم مەیدانە هزرم داگیر دەکات ؟ بەڵام هەموو ڕۆژێکی لەچیرۆکێ هۆنراوەیەکی نەوتراو دەچێت . زۆرجاران دەڵێم با لەباڵەخانەی پەنجەرەکەوە ئەمڕۆ لەمەیدانەکە نەڕوانم ،چونکە دەزانم دوێنێ لەپێرێ و ئەمڕۆش لەمانگێکی تر دەچیت ، کەچی وانی یە ، لەهەموو ڕوانینێکم زیاتر و زیاتر سەرسام دەبم ئەمڕۆ بۆ یەکەمین جار بوو زەنگی کەنیسە دورەکەم دی لێ ی دەداو ڕاست و چەپی دەکرد بەڵام ژاوەژاوی مەیدانەکە نەیدە هێشت دەنگەکە بژنەوم . هەر ئەمڕۆ ژنە لاوەزە چاوشینەکەی جگەرە دەکێشێ و دوو گوارەی فیلی لەگوێدایە زەردەیەکی بۆ کردم ، هێندەی نەمابوو سڵاو لەیەک بکەین ، دەڵێ ئەویش وەک من هۆگری ئەم مەیدانەبوە بۆیە هەمیشە ڕێبواران و پاسکیل سوارەکان دەخاتە ژێر ڕکێفی چاوە شینەکانێ وە تاوون دەبن ، گەرچی زۆر ئارەزوو دەکەم خۆڵەمێشيکەم بەرنەوە بۆ نیشتمان بەڵام ڕەنگە لەوەسێتنامەکامدا بنوسم تۆزێک لەخۆڵەمێشەکەم لەبن دارێکی ئەم مەیدانەش جێبهێڵن.


* حەمامی شێخ مارف: حەمامێک بوو کە بەیانیان زوو بۆ پیاوان بوو، دوای دەبووە حەمامی ژنان حەمامەکە لە مەیدانی ماست بوو لە سلێمانی .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە