ئایا ڕیفراندۆم چارەسەری سەربەخۆیی هەرێمى كوردستان دەكات؟

Wednesday, 02/07/2014, 12:00

1613 بینراوە




ریفراندۆم مافێكى سروشتى هەر گەل و نەتەوەیەكە ئەگەر بیەوێ بڕیار لە مافی چارەى خۆنووسینى خۆی بدات.

ریفراندۆم بابەتى گەرمى ئێستای هەڵبژاردەى سەركردایەتى سیاسی كوردە لەمەڕ جاڕدانى سەربەخۆیی بۆ كوردستان یان مانەوە لەچوارچێوەى ئێراق ئەوجا پازدانبێ لە فیدرالیەوە بۆ كۆنفیدرالی.

3/7/2014 لەسەر داوای مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێم لە پەرلەمان وتارێك پێشكەش دەكات سەبارەت بە داهاتووى كەركووك و چارەنووسی هەرێمى كوردستان و بابەتى ریفراندۆم.

ئەوەى جێی سەرنج و تێبینى بێت، ریفراندۆم بۆ ئەوەى گرانایی خۆی هەبێت و جێی خۆی بگرێت، دەبێ كورد ئەم هەنگاوانە بنێ:

1-پەیداكردنى دۆست و هاوپەیمان لەناوەوەى ئێراق و وڵاتانى دراوسێ كە هەست و سۆزیان بۆ لاگیری ئەو پرۆسەیە ئەرێنیبێ، هەرنا دڵنیاكردنەوەیان و دڵنیابوونەوەیان لەوەى لەداهاتوودا رێز لە ئیرادەى یەكتر بگرن.

2-پەڕینەوەى ئەو لاگیریی و هاوسۆزیە بۆ وڵاتە زلهێزەكان كە چەند بازنەى پشتیوانیەكان بەرفراوان بن، ئەوەندە ئەو دەسەڵاتە شەرعیەتى پتر و ئیرادەى بەردەوامى و هاتنە سەرپێ و بەرگری لەبەردەم هەڕەشەكان زیاتر دەبێ، ئەگەر لەم بارودۆخەدا تەنها وڵاتێك بەئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ ئەو پرسە دووپات كردبێتەوە حكومەتى ئیسرائیلە، بەڵام كورد دەبێ بەرچاو ڕوونبێ ئەو پشتیوانیە بەتەنیا بەس نیە چونكە ئیسرائیل لەرووى سنووری جوگرافیەوە لەهەرێمى كوردستان دوورە و قەناعەت هێنان بەوڵاتە عەرەبیەكان دەبێ بەهەند هەڵبگیرێ.

3-خستنەگەڕی تەواوى ڕاگەیاندنەكانى كوردی بەبێ جیاوازى لەمەڕ خزمەتگەیاندن بەو پرسە چڕ بكرێتەوە.

4-بە نیشتیمانى كردن و بەنەتەوەیكردنى ئەو پرسە لەسەرانسەری جیهان بەناردنى وەفدی لایەنەكان بۆ ئەوروپا و یوئێن و ڕۆژئاوا.

5-قەناعەت پێهێنانى رێكخراوەكانى نێودەوڵەتى و سەرپەرشتیكردنى ڕاستەوخۆی UNبۆ ئەو ڕاپرسیە كە زیاتر شەرعیەت بە پرۆسەكە دەدات، وە ئەگینا بەدەر لەو خاڵانەی سەرەوە بەتایبەت دوا خاڵ بە فەرامۆشكردن و بەلاوەنانى وادەكات هێز و باڵانسی ئەو ریفراندۆمە كاریگەریەكى ئەوتۆی لەسەر گۆڕانكاریەكان نەبێت، وەكو چۆن بینیمان ئەو هەزار هەزار دەنگەى لەساڵانى پێشوو كۆكرانەوە بۆ سەربەخۆیی و یەك بست كاریگەری نەبوو، بەو ئومێدەین سەركردایەتى سیاسی كورد و خەڵكى بەشەڕەفی كوردستان بە ئیستیجابەوە پێشوازی هەر هەنگاوێكى گرینگ بكەن كە خزمەت بەدۆزى ڕەوای گەلەكەمان و هەرێمەكەمان دەگەیەنێ.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە